میدیا رەسمییەکانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویانکردەوە، وەفدی دانوستانکاری وڵاتەکەیان بە سەرۆکایەتیی عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوە، تاران-ی بەرەو جنێڤ بەجێهێشتووە، ئەوەش بەمەبەستی بەشداریکردن لە گەڕی سێهەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
پێش بەڕێکەوتنی بۆ جنێڤ، عەباس عیراقچی رایگەیاند، ئێران گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنانە دەستپێدەکاتەوە کە لە گەڕی پێشوودا کراون، جەختیشیکردەوە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەوڵدەدەن لە کورتترین کاتدا بگەنە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بڵاویکردەوە، ئاسۆی لێکتێگەیشتن لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا روونە و هەوڵیانداوە بە رێنماییەکانی رێبەری باڵای ئێران دۆخەکە بە جۆرێک بەڕێوەببەن کە سێبەری شەڕ لە وڵاتەکەیان دووربخەنەوە.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، ئەمریکا هێزێکی دەریایی گەورەی لە نزیک کەناراوەکانی ئێران جێگیرکردووە بۆ هەر ئەگەرێکی وەشاندنی گورزی سەربازی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 19ی ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو، مۆڵەتی 10 بۆ 15 رۆژ دەداتە تاران تا بگەنە رێککەوتن، هەرچەندە جەختیکردبووەوە کە چارەسەری دیپلۆماسی بەلاوە پەسەندە، بەڵام ئێرانی بە بەردەوامیدان بە خواستە ئەتۆمییە "شەیتانییەکانی" تۆمەتبار کرد.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش ئاشکرایکردووە، رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆکان لە جنێڤ بە بەشداریی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردراوانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاندووە، تەواوی ئەو بانگەشانەی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی، موشەکی بالیستی و ژمارەی قوربانییەکانی ئاڵۆزییەکانی مانگی رابردوو دەکرێن، تەنیا دووبارەکردنەوەی درۆی گەورەن
ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی روسیا ئامادەیی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی خۆی راگەیاند، کە تۆمەتبارن بە تیرۆر، ئەندامی رێکخراوی داعشن و لە ئێستادا لە زیندانەکانی عیراقدا راگیراون.
ئاژانسی هەواڵی عیراق بڵاویکردوەتەوە، عەبدولکەریم هاشم مستەفا، باڵیۆزی عیراق لە مۆسکۆ، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیا و بریکاری وەزیری ناوخۆی روسیا، کۆبوەتەوە و هاوکاری نێوان وەزارەتەکانی ناوخۆی هەردوو وڵات یان تاوتوێ کردوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، باڵیۆزی عیراق داوای لە حکومەتی روسیا کردوە، ئەو هاووڵاتییانە وەرگرێتەوە کە ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعشن و لە زیندانەکانی عیراق راگیراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی عیراق، بریکاری وەزیری ناوخۆیی روسیا لاری نەبوە لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە روسییەکان، دوای پشتراستکردنەوەی رەگەزنامەکانیان کە روسین.
جیا لە پرسی زیندانییەکان، باڵیۆز عیراق داوای کردوە ئاسانکاری بۆ رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتییان و بازرگانانی عیراقی بکرێت، کە دەیانەوەێت سەردانی روسیا بکەن و ئەو کارە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ بوژاندنەوەی بازرگانی و گەشتیاری و بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگری عیراق، لە راگەیەندراوێكدا، ماتەمینی خۆی بۆ کۆچی دوایی هەشت سەربازیان لە روداوێکی هاتوچۆدا راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە روداوێکی هاتوچۆدا، لە پارێزگای ئەنبار، هەشت سەربازە، کە سەر بە لیوای 27ی فیرقەی حەوت بوون، گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، جگە لەو هەشت سەربازە لە روداوەکەدا، ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنیش گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی بەرگری جەختیشدەکاتەوە، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی ورد بۆ وردەکاری و هۆکاری روداوەکە دەکەن بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی کرد لە جیزا ئەندریاس ڤۆن گەیر بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەبارەی نوێترین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(25/2/2026) لە هەولێر بە ئامادەبوونی دانیال کرێبەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی رەوشی ناوچەکە.
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا ناوچەکە لەبەردەم هەندێک پێشهات و گۆڕانکاری نوێدایە و رایگەیاند حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدایە.
سەبارەت بە رەوشی عیراق، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق خێراتر بکرێت و جەختیشیان کردەوە دەبێت حکومەتی نوێ لەم رەوشەدا بەرژەوەندی عیراق بخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە و سەروەری و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، هەروەها وڵات لە هەر چەشنە ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەک بەدوور بگرێت.
لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە، بە گرنگییەوە باس لە پێویستی یەکدەنگیی کورد لەم قۆناغەدا کرا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە عیراقدا و هاوکاربێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا.
هەر لەم چوارچێوەیەدا باس لە مەترسیی بووژانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرا، کە هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە و بە پێویست زانرا ئاستی هەماهەنگی و هاوکارییە ئەمنییەکان زیاتر بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە کوردستان و عێراق کرا و قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیای کرد و بە تایبەت هاوکارییەکانی ئەو وڵاتەی لە بواری راهێنان و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند.
وتەبێژێکی دامەزراوەی خێرخوازیی گەیتس، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، کە بیڵ گەیتس دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، لە کۆبوونەوەیەکی گشتی لەگەڵ کارمەندانی دامەزراوەکەیدا بڕیاریداوە "بەرپرسیارێتی تەواوی کارەکانی" سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێفری ئێپستین، سەرمایەداری کۆچکردوو و تاوانباری سێکسی، بگرێتە ئەستۆ.
ئەم لێدوانانە دوای راپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" هات، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو گەیتس داوای لێبووردنی لە کارمەندەکانی کردووە و دانی بەوەدا ناوە، کە بەسەربردنی کات لەگەڵ ئێپستین و تێوەگلانی بەرپرسانی دامەزراوەکە لەو کۆبوونەوانەدا "هەڵەیەکی گەورە" بووە.
هەروەها بیڵ گەیتس داوای لێبووردنی لەو کەسانەش کردووە، کە بەهۆی هەڵەکەی ئەو تووشی کێشە بوون.
لەلایەکی دیکەوە، گەیتس دانی بەوەدا ناوە کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ دوو ژنی روسی هەبووە، کە دواتر ئێپستین ناسیونی، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان قوربانیی دەستی ئێپستین نەبوون.
سەبارەت بەو وێنانەی کە لەگەڵ چەند ژنێک بڵاوکراونەتەوە، گەیتس دانیبەوەداناوە، کە ئەوانە یاریدەدەرانی ئێپستین بوون و بە داواکاری ئەو وێنەی گرتووە، جەختیشیکدوەتەوە کە "هیچ کاتێکی لەگەڵ قوربانییەکان (ژنانی دەوروبەری ئێپستین) بەسەر نەبردووە.
بەپێی زانیارییەکان و بەڵگەنامەکانی وەزارەتی داد، گەیتس و ئێپستین چەندین جار پێکەوە کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە خێرخوازییەکان، بەڵام گەیتس جەختی کردووەتەوە کە پەیوەندییەکەی تەنها لە چوارچێوەی کاردا بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات.
بەپێی کارنامەی بڵاوکراوەی کۆبوونەوەکە، سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، کە بریتین لە؛ پرسی موچە و یەکخستنەوەی هێزکانی پێشمەرگە و درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی رێژەی 20٪ لە سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆن.
لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنەکە بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتەکانی رەوشی دارایی هەرێم و پرسی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکات، هاوکات ئەنجامی کۆبوونەوەکانی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەردوولا دەخرێتە روو.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی ناو وەزارەت و پڕۆسەی رێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەخاتە روو، کە ئامانج لێی دیاریکردنی وردی تایبەتمەندی و ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەو هێزانەیە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پێشنیازێکی وەزارەتی ناوخۆ دەدات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری لێخۆشبوونی رێژەی 20٪ لە سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆ.
بەپێی پێشنیازەکە، بڕیارە ئەم لێخۆشبوونە بۆ ماوەی شەش مانگی تر و تاوەکو رێککەوتی 30ی حوزەیرانی 2026 درێژ بکرێتەوە، بەمەبەستی کار ئاسانی بۆ هاووڵاتییان لە دانەوەی سزاکانیاندا.

پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵتۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە هەڵیکوتا بووە سەر ماڵی پوری و دوای ئازاردان و ئەشکەنجەدانێکی زۆ رو بریندار کردنی، زێرەکانی دەدزێت و هەڵدێت.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، روداوەکە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ رویداوە و تۆمەتبارەکە دەمامکیی کردوە و هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ژنێکی بەساڵاچوو، کە بەتەنها ژیاوە.
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت؛ تۆمەتبارەکە ژنەکە دەبەستێتەوە و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدات تا لەهۆش خۆی دەچێت، دواتر زێرەکانی دەدزێت و هەڵدێت.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، دوای ئەوەی بە بڕیاری دادوەر هێزەکانیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد، سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیربکرێت و دەستیشگیرا بەسەر زێرەکانیدا دزراوەکەدا.
لە کتێبە نوێیەکەیدا بە ناونیشانی "بەو شێوەیە بەرشەلۆنەمان رزگار کرد"، خوان لاپورتا، سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە، وردەکارییەکی تێر و تەسەل دەربارەی پێنج ساڵی سەرۆکایەتییەکەی و ئەو ئانگارییە داراییە گەورانەی رووبەڕووی بوونەتەوە، دەخاتەڕوو.، باس لە هۆکاری نوێنەکردنەویە گرێبەستەکەی لیۆنێل میسیش دەکات.
لابورتا لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستی لیۆنێل مێسی یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین کێشەکان، بە جۆرێک یانەکە پێشنیازێکی جیاوازی بۆ مانەوەی مێسی پێشکەش کردبوو، کە بریتی بوو لە گرێبەستێکی درێژخایەن بە شێوازی خواستن بۆ خولی ئەمریکی، بەڵام رابیتەی خولی ئیسپانی (لالیگا) ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە و مەرجی واژۆکردنی رێککەوتنی سندوقی "CVC"ی بۆ فرۆشتنی مافی پەخشی تەلەفزیۆنی بۆ ماوەی 50 ساڵ بەسەردا سەپاندن، کە لابورتا بە زیانبەخش بۆ داهاتووی بەرشەلۆنە ناوی بردووە.
هەروەها لابورتا ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی ماوەکەی لە پاریس سانجێرمان، هەوڵی گەڕاندنەوەی مێسییان داوە و رەشنووسی گرێبەستێکی بۆ باوکی مێسی ناردووە، بەڵام لە کۆتاییدا خێزانی مێسی بڕیاریاندا بەرەو ئینتەر میامی بڕۆن بۆ ئەوەی لە ژێر پەستانی کەمتردا یاری بکات.
ئەمە لە کاتێكدایە، لە ئێستادا لاپورتا کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەرشەلۆنە و لە سەختترین کێشەکانی بەردەمی لاپۆرتا کە رووبەڕووی بوەتەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لیۆنیل میسییی ئەرجەنتینییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای وتارەکەی لە کۆنگرێس، جارێکی تر ناوی چووە نێو لاپەڕەکانی مێژوی ئەمریکاوە، بەڵام ئەمجارەیان نبۆ بڕیارە سیاسییەکانی نییە، بەڵکو بە زۆرقسەکردن بۆ ماوەیەکی درێژ، کە لەبەردەم کۆنگرێسدا وەستا و زیاتر لە 100 خولەک قسەی بۆکردن.
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا لە وتاری ساڵانەیدا توانی ژمارەی پێوانەیی درێژترین وتاری "دۆخی وڵات" (State of the Union) بشکێنێت، کە ماوەکەی دوو سەعاتی تەواوی خایاند.
بەم دوو سەعات قسەکردنە، سەرۆکی ئەمریکا، نەک هەر ژمارە پێوانەییەکەی پێشوی خۆی شکاند، کە لە ساڵی 2025 دا نزیکەی 100 خولەک قسەی کرد بوو، کۆتایی بە باڵادەستیی بیڵ کلینتۆنیش هێنا، کە لە ساڵی 2000 دا بە وتارێکی 90 خولەکی بۆ ماوەی 25 ساڵ ئەو نازناوەی لای خۆی هەڵگرتبوو.
ئەم درێژترین وتارەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، کە مێژووی وتارە ساڵانەکانی ئەمریکا جیاوازییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە؛ بۆ نموونە ریچارد نێکسۆن لە ساڵی 1972دا خاوەنی کورتترین وتارە، لە مێژووی وڵاتەکەدا، کە تەنها 28خولەک بووە.
ئەم وتارە دوو سەعاتییە تەنها ریزکردنی دەستکەوت و ژمارەکان نییە، بەڵکو پەیامێکی روونی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ جیهان و نەیارە ناوخۆییەکانی؛ پەیامی سەرۆکێک کە هیچی بۆ 'کورتکردنەوە' نییە و دەیەوێت هەموو چرکەیەکی مێژوو بۆ بەرژەوەندیی دیدگا سیاسییەکانی خۆی بەکاربهێنێت.
لە کاتێکدایە دیموکراتەکان بە بێدەنگییەکی ماندووەوە سەیری سەعاتەکانیان دەکرد، لایەنگرانی ترەمپ ئەم درێژەیەی وتارەکەی سەرۆکەکەیان وەک نیشانەی 'وزە و خۆڕاگری' پیاوە تەمەن 80 ساڵییەکە لێکدەدەنەوە.
لە کۆتایدا، ئەوەی گرنگە بۆ ترەمپ، خۆدەرخستن و باڵادەستییەتی، ئەو دەزانێت لە داهاتودا مێژوو باس لەوە ناکات، کە ترەمپ چی وتووە، بەڵکو باس لەوە دەکات، کە چۆن توانی بۆ ماوەی زیاتر لە 100 خولەک هەمووان ناچار بکات گوێی لێ بگرن، لە وتارێکدا، کە وەک درێژترین 'ماراسۆنی سیاسی' لە مێژووی واشنتندا دەمێنێتەوە
یەكێتی ئەوروپا بە نیازە پێداچوونەوە بە سزاكانی سەر سوریادا بكات و لە سزاكانیدا، ئەو گروپە چەكدار و توندڕەوانە بكاتە ئامانج كە بوونەتە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچوونی قۆناغی راگوزەر لەو وڵاتە.
ماڵپەڕی"یۆراكتیڤ"ئاشكرایكردووە، یەكێتی ئەوروپا بە نیازە ئاڕاستەی سزاكانی بۆ سەر سوریا بگۆڕێت بۆ ئاڕاستەیەك كە هاوكار بێت بۆ قۆناغی راگوزەری سوریا و هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەكان لەو وڵاتە.
هاوكات، "تۆڕی هەواڵی شام" ئاشكرایكردووە، یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت لە سوریا سزا بەسەر گروپە چەكدارەكان، توندڕەوەكان، پێشلكارانی مافی مرۆڤ و گەندەڵكاران لەگەڵ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بسەپێنێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، یەكێتی ئەوروپا پێی وایە سیاسەتی ئێستای سزاكانی بۆ سەر سوریا درێژكراوەی سزاكانی سەر رژێمی ئەسەدە و ئەوەش، نیگەرانی لای وەبەرهێنەرانی ئەوروپا دروستكردووە بۆ چوونە ناو بازاڕی سوریا، لە ئەنجامیشدا پێداچوونەوە بە سزاكان رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ یەكێتی ئەوروپا پەیوەندی سیاسی و ئابووری پتەوتری لەگەڵ سوریادا هەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەناو کۆنگرێس و لە دوەم وتاری ساڵانەیدا رایگەیاند، کە لە کاتی دەستبەکاربونی وەک سەرۆک، جیهانێکی پڕ لە "جەنگ و پاشاگەردانی" و ئابورییەکی داڕماوی بە میرات بۆ مابووەوە،، بەڵام تەنها دوای یەک ساڵ توانیویەتی کۆتایی بەو قەیرانانە بهێنێت و وڵات بەرەو گۆڕانکارییەکی مێژوویی ببات.
جارێکیتر هێرشیکردەوە سەر جۆ بایدن و ئاماژەیبەوەکرد، کە ئیدارەکەی توانیویەتی وڵات لە "بارودۆخێکی مردوو"، کە لە ئیدارەکەی جۆ بایدنەوە بۆی بەجێمابوو، دەرباز بکات و ئێستا ئەمریکا بووەتە سەرنجڕاکێشترین دەوڵەت لە جیهاندا.
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت؛ توانیویەتی بە بەهای 18 ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە جیهانەوە رابکێشێتە ناو ئەمریکا و لە ئێستادا وڵاتەکەی لە هەموو رویەکەوە لە لوتکەی هێزی خۆیدایە.
جەختیشی کردەوە، کە چیتر ناگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە سنوورەکان تێیدا کراوە بوون و جیهان لە ئاڵۆزیدا بوو.
دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2026 لە بەغداد، پێشوازی لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی سەید عەبدولعەزیز حەکیم، سەرەخۆشی لە عەممار حەکیم کرد و ئاماژەی بە رۆڵی نیشتمانیی کارای خوالێخۆشبوو کرد لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی بەهێزکردنی ئاسایش، بونیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی کولتوری پێکەوەژیان لە وڵاتدا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە کۆی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی وڵات و پێویستیی خێراکردن لە یەکلاکردنەوەی شایستە نیشتمانییەکان کرا، بەو ئاراستەیەی کە کاروانی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی بەهێزتر بکات و سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی مسۆگەر بکات. هەروەها دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە خرانە رو؛ لەم تەوەرەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە هەڵوێستی عیراق کردەوە کە داوای پەنابردن بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەکات بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەکان، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڕی بارانبارینی 12 سەعاتی رابردووی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە زۆرترین باران لە ناوچەی بارزان باریوە.
بەپێی ئامارەکان، بڕی بارانبارین بەم شێوەیە بووە: لە هەولێر 4 ملم، بارزان 6.2 ملم، حاجی ئۆمەران 2.0 ملم، سۆران 0.6 ملم، خەبات 0.6 ملم، هەروەها لە هەر یەکە لە شەمامک و بازیان 0.2 ملم باران باریوە. لە دهۆک، زاخۆ و ئاکرێ بڕی بارانبارین 0.1 ملم بووە، لە کاتێکدا لە سلێمانی و چەمچەماڵ تەنیا بە شێوەی دڵۆپ دڵۆپ باران باریوە.
کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاوەکو نیوەشەو ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێم بەردەوام دەبێت. هاوکات پێشبینی دەکرێت تەمێکی کەم لە هەندێک ناوچە دروست ببێت و پاشان کەشوهەوا ئاسایی ببێتەوە.
سەید عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران بە پشتبەستن بەو لێکتێگەیشتنانەی لە خولی پێشوودا بەدەستهاتوون، بە پێداگرییەوە بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە کورتترین کاتی گونجاودا، دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لە شاری جنێف.
عیراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە دەرفەتێکی مێژویی لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بێوێنە کە نیگەرانییە هاوبەشەکان بڕەوێنێتەوە و بەرژەوەندیی هەردولا بپارێزێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە لەبەردەستە، بەڵام تەنیا لەو کاتەی کاری لەپێشینە بۆ دیپلۆماسی بێت. عیراقچی دوپاتیکردەوە کە تاران پێشتر سەلماندوویەتی بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی بە ئازایەتییەوە دەوەستێتەوە، ئێستاش بە هەمان ئازایەتییەوە دەچێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ هەر ناکۆکییەک کە هەبێت.
ئەم پەیامانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە وا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە خولی نوێی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە جنێف دەستپێبکەنەوە، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هەوڵی نێوەندگیریی سەڵتەنەتی عومان دێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.
کۆشکی سپی هۆشدارییەکی توند ئاراستەی باندەکانی مادە هۆشبەرەکان لە مەکسیک دەکات و رایدەگەیەنێت، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەمریکی، رووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیداریان دەکاتەوە. ئەم هۆشدارییە دوای کوژرانی گەورەترین سەرۆک باندی مەکسیک دێت کە ناوی (ئێل مێنچۆ)یە.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "باندەکانی مەکسیک باش دەزانن کە نابێت دەست بۆ هیچ ئەمریکییەک بەرن، ئەگەرنا لە سەردەمی ئەم سەرۆکەدا (دۆناڵد ترەمپ) رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر قورس دەبنەوە." لیڤیت جەختی کردەوە کە ئەو ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووەی سوپای مەکسیک بۆ کوشتنی سەرۆک باندەکە، بە پشتیوانی هەواڵگری ئەمریکا بووە و ئەگەر سەرکردایەتی ترەمپ نەبوایە، روداوی لەو شێوەیە نەدەبوو.
نیمیسیۆ ئۆسیگیرا، ناسراو بە (ئێل مێنچۆ) کە تەمەنی 59 ساڵ بوو، سەرۆکی کارتیلی "خالیسکۆ نەوەی نوێ" بوو. لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی سوپای مەکسیکدا بریندار کرا و لە کاتی گواستنەوەی بە فڕۆکە بۆ مەکسیکۆ سیتی گیانی لەدەست دا. ئەمریکا پێشتر بڕی 15 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاری کردبوو بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر بدات.
دوای کوژرانی (ئێل مێنچۆ)، شەپۆلێکی توندوتیژی زیاتر لە 20 ویلایەتی مەکسیکی گرتەوە. چەکدارانی باندەکە چەندین رێگەی سەرەکییان بە ئۆتۆمبێلی سوتاو داخست و بەو هۆیەوە قوتابخانە و بازاڕەکان لە شاری گوادالاخارا داخران. حکومەتی مەکسیک 10 هەزار سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بڵاوکردوەتەوە. تا ئێستا لە پێکدادانەکاندا 25 کارمەندی ئەمنی و 30 چەکداری باندەکە کوژراون.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سوریا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی رۆڵی سەرۆکی یەکێتی دەکات.
تۆم باراک لە ئێکس لە ستایشی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا نوسیویەتی: " تەونێكی گەنجانە و زیندوو لە نوێبوونەوە و هەماهەنگی، كە ریشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەكی ئازا و بوێر. سەرەتایەكی نوێی مەزن و پڕ لە هیوا."
ئەم پەیامەی باراک دوای ئەوە دێت کە لە دەباشان پێکەوە دۆخی سیاسی عیراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی رۆڵی یەکێتی لە قۆناغی داهاتودا کردەوە.