بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا لەگەڵ کەسوکارمان دەوەستین و یادی هەموو ئەو ئازیزانەمان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی و یادەوەرییان بەرز رادەگرین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، داگیرکردنی شەنگال و کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزدییەکان زامێکی لەبیرنەکراوە و هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا لەگەڵ کەسوکارمان دەوەستین و یادی هەموو ئەو ئازیزانەمان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی و یادەوەرییان بەرز رادەگرین.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دەوروبەری و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە ئاستی ئەو زامە قوڵەی ئێزدییەکان نییە. هیوادارین ئەم ساڵیادە هاندەری هەموو لایەک بێت بۆ یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان تاوەکو لە ئاست دڕندەیی ئەم تاوانەدا، ئاوڕی جدیتر لەو ناوچەیە و خەڵکەکەی بدرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام لە خەمی شەنگالدایە تاوەکو لە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ئەو تاوانە و ببینە هیوا بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆیان.
12ساڵ بەسەر كارەساتی شەنگال تێدەپەڕێت، تاوانێك كە بە بەرچاوی جیهانەوە لەلایەن یەكێك لە دڕندانەترین گرووپی تیرۆریستییەوە دژی پێكهاتەی ئێزدییەكان ئەنجامدرا.
دوای 53 رۆژ لە كەوتنی موسڵ، بەرەبەیانی رۆژی 3ی ئابی 2014، تیرۆریستانی داعش هێرشیانكردەسەر شەنگال و ناوچە ئێزدی نشینەكانی سنورەكە و داگیریان كردن.
دوای داگیركردنی قەزاكە، هەزاران كوردی ئاوارەی ئێزدی پەنایان بۆ چیای شەنگال برد و دوای 10 رۆژ مانەوە، توانرا رێگەی دەربازبوون بۆ ئەو هاووڵاتیانە بكرێتەوە و بەشێكی زۆریان گەیەندرانە رۆژئاوای كوردستان و بەشێكیان لە رێگەی دەروازەی سێمێلكاوە گەیەندرانەوە هەرێمی كوردستان.
لەو هێرشەدا تیرۆریستانی داعش زیاتر لە شەش هەزار و 500 ژن و منداڵی ئێزدییان رفاند و زیاتر لە 350 هەزار كەسی تریش ئاوارەی كەمپەكان بوون لە هەرێمی كوردستان، تا ئێستاش چارەنووسی هەزاران ئێزدی نادیارە.
پەلامارەكەی داعش تەنها ئێزدییەكانی نەگرتەوە، بەڵكو ژمارەیەك مەزارگەی ئایینی و سەدان ماڵیش تەقێنرانەوە.
بەپێی ئامارە رەسمییەكان بەهۆی ئەو پەلامارەی داعشەوە بۆسەر شەنگال و دەوروبەری هەزار و 293 كەس كوژران و 400 پیاویش لە گوندی كۆجۆ گوللـەباران و زیندەبەچاڵكران.
رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2015 هێزەكانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپراسیۆنێكیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شەنگال دەستپێكرد و لە 24 سەعاتدا، ناوچەكە لە داعش پاك كرایەوە.
فەرمانگەی رزگاركردنی كوردانی ئێزیدیش لە دەستی داعش رایگەیاندووە، تائێستا 119 گۆڕ كە 82 گۆڕی بەكۆمەڵ و 37 گۆڕی تاكەكەسی كوردانی ئێزیدی لە شنگال دۆزراونەتەوە و ژمارەی ئەو كەسانەشی لەلایەن داعشەوە رفێندراون، شەش هەزار و 417 كەس بوون و تائێستا سێ هەزار و 570 كەسیان رزگاركراون كە هەزار و 208 كەسیان ژن و 339یان پیاو و هەزار و 66 كچ و 957یشیان كوڕ بوون.
ژنان و كچانی ئێزدی لەلایەن تیرۆیستانی داعشەوە بە شێوەیەكی سیستماتیك وەك كۆیلە كڕین و فرۆشتنیان پێوەكرا و منداڵانیش ناچاركران بۆ مەشقە سەربازییەكان بەكاربهێنرێن.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش جەختیكردووەتەوە، داعش تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە و پەرلەمانی ئەوروپا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و كەنەدا و ئوسترالیاش كارەساتەكەیان بە جینۆساید ناساندووە.
سەرەڕای تێكشكاندنی داعش لە ساڵی 2017 و رزگاركردنی زۆربەی ناوچەكان، تائێستاش رەوشی شەنگال و ئێزدییەكان ناسەقامگیرە و ژێرخانی قەزاكە بە تەواوی وێرانبووە و پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە هەیە.
پێنج ساڵ دوای كارەساتەكەش، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنێكی نائاساییدا، رۆژی 3ی ئابی وەك ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەكان پەسەندكرد.
شەنگال لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و نزیكەی 120 كیلۆمەتر لە ناوەندی موسڵەوە دوورە، بە دووەم گەورەترین قەزای عیراق دادەنرێت و 85%ی دانیشتوانەكەشی ئێزیدین.
دوای پچڕانی بۆ ماوەی 10 رۆژ، بەهۆی رنووی بەفر و بەستەڵەک لە چیای حەساری سەکران، تیمەکانی چاککردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چۆمان توانییان ئاوی خواردنەوە بۆ سەنتەری قەزاکە و نۆ گوندی دەوروبەری بگەڕێننەوە.
سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان رایگەیاند، تیمەکانیان بۆ ماوەی سێ رۆژی بەردەوام لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا لە ناو بەفردا کاریان کردووە تاکو توانیویانە کێشەی پرۆژەی ئاوی 'پڕژێ' چارەسەر بکەن و ئاو بۆ تۆڕەکانی دابەشکردن بگوازنەوە، کە بەهۆی رنووەکەوە زیانی مادی بەر خەزانە سەرەکییەکانی پرۆژەکەش کەوتبوو.
پرۆژەی ئاوی پرژێ، کە وەک شادەماری دابینکردنی ئاوی قەزای چۆمان دادەنرێت، لە ساڵی 2008ـەوە دروستکراوە و بەهۆی هەڵکەوتە شاخاوییەکەیەوە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی کەشوهەوادایە؛ بە جۆرێک تەنها لەمساڵدا ئەمە سێیەم جارە بەفر و سەرمای زۆر ببێتە هۆی بڕانی ئاوی خواردنەوەی نزیکەی شەش هەزار هاوبەشی ناوچەکە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" ئاشکرایکرد، لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی رابردووەوە، هێزەکانیان بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا و کۆمەڵێک رێکاری مەیدانییان دژی جووڵەی دەریاوانیی پەیوەندیدار بەو وڵاتەوە گرتووەتەبەر.
سێنتکۆم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، تا 2ی ئاب، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوی 35 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، جگه لە پەکخستنی دوو کەشتی و پشکنینی دوو کەشتیی دیکە بۆ پێداچوونەوە لە پابەندبوونی تەواویان بە رێکارەکانی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە، سوپای پاسدارانی ئێران هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ دیاریکردنی رێڕەوی دیاریکراو بۆ جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمزدا، جەختیشی لەوە کردەوە کە گەرووەکە رێڕەوێکی ئاوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتییە.
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئەمرۆ گەڕێكی نوێی دانوستانەكان لەگەڵ ئێران دەست پێ دەكات و جەختیشی كردەوە كە تاران نایەوێت رووبەرووی هێرشی سەربازی ببێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە گەڕێكی نوێی گفتوگۆكان لەگەڵ نوێنەرانی ئێران دەست پێبكات.
ترەمپ ئاشكرایكرد، كە لە دوا خولەكدا پلانێكی بۆردومانی زۆر گەورەی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە وێنەی نەبووە، ئەوەش دوای داواكاریی هەریەكە لە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر و خودی ئێران.
لەلای خۆشییەوە، مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، ئەو رەشنووسی تێگەیشتنەی لەگەڵ ئەمریكا هەیانە، دەبێتە تەوەری سەرەكیی پەیوەندییە دەرەكییەكانی تاران لە داهاتوودا و ئاسایشی ناوچەكە بەهێزتر دەكات.
وەزیری جەنگی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئەمریکا لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان و بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ دواخستنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئاستی ئامادەیی سەربازیی نەبووە.
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بەو ئاستەی لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە نەبینراوە، ئامادەکاریی کردووە و سوپا لە هەموو روویەکەوە ئامادەیە، پێش ئەم لێدوانەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی ئێران ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە بە شێوەیەکی کاتی هێرشە نوێیەکانی بۆ سەر ئێران هەڵپەسارد.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی گەڕانەوەی لە نیوجێرسی بۆ واشنتۆن لەناو فڕۆکەکەیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، بڕیارە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچن، بە بێ ئەوەی شوێن، ماوە، یان ناوی بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرا بکات.
هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا دووبارە جەختی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی پلانی بۆ هێرشێکی بەرفراوان و نوێی بۆ سەر ئێران هەبووە، بەڵام لە کۆتا ساتدا و لەسەر داوای بەپەلەی سعودیە، ئیمارات، قەتەر و تەنانەت خودی ئێران، هێرشەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، ئێران و ئەمریکا گەیشتبوونە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردبوو.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکیدا لە ئێکس، رایگەیاند ئە رێککەوتنەی ئیمزای لەسەر کراوە، لەگەڵ ئەمریکا دەبێتە چەقی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان لە داهاتودا.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکردوە، ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، بەرهەمی ژیری و بڕیاری بەکۆمەڵی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییە و تەواوی ئەندامان هاوڕا و هاوسۆزن لەسەری.
مەسعود پزیشکیان، ئەوەشیخستوەتەڕوو، باوەڕی وایە ئەم رێککەوتنە دەبێتە ناوەند و چەقی قورسایی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان لە داهاتودا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دەبێت هەوڵ بدەن دوژمن ناچاربکەن پابەند بێت بەوەی ئیمزای کردووە.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت؛ بەم رێککەوتننامەیە ئاسایشی وڵات، ناوچەکە و هاوپەیمانەکانیان دەپارێزرێت و پەیوەندییەکانیان بەهێز تر دەبێت.
بەڕێوەبەرايەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی دەربارەی کارتی ئەلیکترۆنیی سوتەمەنی بڵاوکردوەتەوە و رایدەگەیەنێت، کڕین، فرۆشتن و بەکرێدانی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئاگادارییەک ئاڕاستەی هاووڵاتییان کردوە و تێیدا هاتووە؛ بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن یان بە کرێدانی کارتی سوتەمەنی قەدەغەیە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردوەتەوە، هەر هاووڵاتیەک سەرپێچی بكات و رەفتار بە کارتەکەیەوە بکات، دەستبەجێ کارتەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و لە کار دەخرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کارتانەی کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکڕیت؛ لە کار دەخرێت ئەو سەرپێچیکارانە لە داهاتودا بە تەواوی لە وەرگرتنی گشت جۆرەکانی سوتەمەنی بێبەش دەکرێن.
سەرۆکایەتی شارەوانیی حاجیاوا رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە بەڕێوەبچێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی حاجیاوا، رۆژی چوارشەممە، 5ی ئابی 2026)، سەعات 9:00ی بەیانی لە هۆڵی (ڕۆیانا) لە سنوری حاجیاوا، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات. پرۆسەکە وەکو قۆناغی یەکەم و لە رێگەی تیروپشکەوە بۆ ئەو فەرمانبەرانە ئەنجام دەدرێت کە پێشتر ناوەکانیان لە لیستێکدا بڵاوکراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، شارەوانیی حاجیاوا داوا لەو فەرمانبەرانە دەکات کە ناویان لە لیستەکەدا گەڕاوەتەوە، ئەگەر هەر سەرنج و تێبینییەکیان لەسەر ناوەکانیان هەیە، پێویستە لە رۆژانی پێش بەڕێوەچوونی تیروپشکەکەدا سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی بکەن بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە راستی و دروستی ناوەکانیان.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە بۆنەی یادی جینۆسایدی ئێزدییەکان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە؛ لەم یادەدا هەمیشە پشتیوانی و پشتگیری بۆ پاراستنی سەروماڵی خوشك و برایانی ئێزدی دووپاتدەكەینەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژەی بەوەکراوە، ئەم یادە ئازارێكی بە سوێیە هەرگیز لە یادمان ناچێت و لە مێژووی گەلەكەشماندا پەڵەیەكی شەرمەزارییە بە نێوچەوانی بكەرانی.
دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
یادی پڕ لە خەمی جینۆسایدی ئێزدیەكان لە شەنگال ئازارێكی بە سوێیە هەرگیز لە یادمان ناچێت و لە مێژووی گەلەكەشماندا پەڵەیەكی شەرمەزارییە بە نێوچەوانی بكەرانی داعش و ئەوانەشی بە كەمتەرخەمی و بێباكی بوونە هۆكاری ئەم تاوانە .
لەم یادەدا هەمیشە پشتیوانی و پشتگیری خۆمان بۆ پاراستنی سەروماڵی خوشك و برایانی ئێزدی دووپاتدەكەینەوە لە پێناو ژیانێكی ئاسودە و سەربەرزانە كە لە سەر زێدی رەسەنی باو و باپیرانیان بیبەنەسەر .
بۆ سڕینەوەی شوێنەوارە ئازاربەخشەكانی تاوانی جینۆسایدی ئێزدیەكان ،شەنگال و دەوروبەری پێویستی زیاتریان بە ئاوەدانكردنەوە و قەرەبووی زیانلێكەوتوانە كە لە رێگەی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵی عێراقەوە بۆیان جێبەجێ بكرێت.
درود وسڵاو بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی ئەم تاوانە
سڵاو بۆ كەسوكاری شەهیدان و قوربانیان و زیانبەركەوتوانی دەستی غەدری جینۆسایدی شەنگال
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
داتا و زانیارییەكانی سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بە مەبەستی دامەزراندنیان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە نوسراوێكدا داتا و زانیاری سەرجەم سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم كە دەرچووی ساڵانی 2017 تا 2025ن، لەگەڵ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا كە تائێستا دانەمەزراون، ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كرد، بە مەبەستی دابینكردنی میلاك و بودجە بۆیان لە بودجەی ساڵی 2027ی عیراق.
د. توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كارگێریِی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، سێ یەكەمەكان ژمارەیان 16 هەزار و 282 كەسە و پێویستیی مانگانەیان بۆ دامەزراندن 11 ملیار و 900 ملیۆن دینارە.

وەزارەتی دارایی هەرێم، لە بودجەی ساڵی 2027 دا، داوای موچە فەوتاوەکانی موچەخۆرانی هەرێم و شایستە داراییەکانیان لە بەغداد دەکات.
دارایی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران و بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2027ی حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرز لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بەڕێوەچوو.
کۆبونەوەکە بەسەرپەرشتی وەزیری دارایی و بە ئامادەبوونی وەزیرانی پلاندانان و کارەبا، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان سازکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم کرایەوە لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا و دواین داتاکانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان.
هاوکات بڕیاردرا لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان ئەنجام بدرێت تاوەکو خواست و پێداویستییەکانی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو لە بوودجەی عیراقدا جێگیر بکرێت.
ئەم ئامادەکارییانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ماوەی چەند مانگێکە دەستیپێکردووە و ئامانج لێی خەمڵاندنی بودجەی پێویستە بۆ موچە، خەرجی بەکارخستن، وەبەرهێنان، داواکردنی میلاکی پێویست، هەروەها کارکردن بۆ گەڕانەوەی شایستەی دارایی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە بۆیان خەرج نەکراوە.
سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و بە بۆنەوە دووەم ساڵی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و دەڵێت؛ چەکداماڵینی حەماس، هیچ لە رەوشەکە ناگۆڕێت و پێشتر شکستی هێناوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردوە، کوشتنی ئیسماعیل هانیە لە تاران تاوانێکی گەورە بوو، پێشێلکردنی گەورەی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان بوو.
سوپای پاسداران دەشڵێت؛ چەکدانانی حەماس هیچ لە رەوشەکە ناگۆڕێت، سەرکەوتنی کۆتایی فەلەستین لەوە نزیکترە، کە دوژمنان خەیاڵی دەکەن.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاشتی گەیشتووەتە رێککەوتنێک بۆ داماڵینی چەکداریی تەواوەتی حەماس و گروپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستینی لە غەززە.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و لەگەڵ پێشکەوتنی پرۆسەی داماڵینی چەکدا، هێزەکانی ئیسرائیل وردە وردە لە غەززە دەکشێنەوە.
لە سەروبەندی هەڵگیرسانەوەی شەڕی ئەمریكا و ئێران، سەرۆك وەزیرانی عیراق رێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتەبەر بۆ رێگریكردن لە هێرشی گروپە چەكدارەكان و پەلكێشكردنی عیراق بۆ ئەو شەڕە.
گەورە لێپرسراوێكی سەربازی عیراق بۆ ماڵپەڕی " عەرەبی جدید" ئاشكراكردووە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رێنمایی دەركردووە بۆ پێداچوونەوە بە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری وڵات، هەروەها جێگیركردنی هێزە ئەمنییەكانی تر لەگەڵ حەشدی شەعبی و جێگیركردنیان لەسەر سنوور، ئەوەش بەمەبەستی رێگریكردن لە هەر هێرشێكی گروپە چەكدارەكان لە خاكی عیراقەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، عەلی زەیدی هۆشداری توندی داوە لەوەی، هەر هێرشێكی گروپە چەكدارەكان لە سنووری فەرماندەییەكەوە ئەنجامبدرێت، ئەوە ئەو فەرماندەیە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
ئەو لێپرسراوە دەشڵێت، لەمەودوا بە درۆنی چاودێری، چاودێری سنوورەكانی عیراق و بە دیاریكراوی ئەو ناوچانە دەكرێت، كە گروپە چەكدارەكانی تیادان بۆ چاودێریكردنی جموجۆڵە سەربازییەكانیان و رێگریكردن لە هەر هێرشێكیان.
بەهۆی بەرزبوونەوەی زۆری پلەکانی گەرماوە، بڕێک چەک و تەقەمەنی لە ناو سەربازگەی تاجی تەقینەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە کە بەهۆی گەرمای توندەوە، تەقینەوە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە سەربازگەی تاجی رووی داوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە شوێنی روداوەکەن و کار بۆ کۆنترۆڵکردنی بەپەلەی ئاگرەکە دەکەن.
فاتیمە مهاجیری، وتەبێژی حکومەتی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، وەک حکومەت خۆشمان لە ئاستی رەوشی ئابوری رازی نیین و لە ساڵی (2025)ـوە هیچ رۆژێکی ئارامیان نەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وتەبێژی حکومەتی ئێران بە ئاژانسی ئێسنای وڵاتەکەی راگەیاندوە، تەنها میلەت نییە لە رەوشی ئابوری نارازییە، ئەوانیش وەک حکومەت خۆشیان لەو رەوشەی ئێستا رازی نین.
ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە، ژمارە و ئامارەکان خۆیان راستییەکان دەردەخەن و خەڵکیش باش لەوە تێدەگەن و دەزانن وڵات لە رەوشێکی جەنگیدایە.
وەک ئاماژەیەکی راشکاو بۆ ئەو ئاستەنگانەی روبەڕووی کابینەکەیان بووەتەوە، وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاندوە، لە ساڵی 2025 وە هیچ رۆژێکی ئارام بەسەر دەوڵەتدا تێنەپەڕیوە.
ئەو زیاتر جەختی لە شکست و خراپی رەوشی وڵاتەکەی کردوە و دەڵێت؛ ئەگەر سەیری رۆژمێری ساڵی 2025، بکرێت قەیرانێکی زۆر روی لە وڵاتەکەیان کردوە، کە لە روداوەکەی بەندەری رەجایی لە مانگی نیسانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە جەنگی سێیەم لە 9ی شوباتدا و تا ئێستا بەردەوامە.