وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەردەوامبوونی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران رادەگەیەنێت و ئاشکرای کرد کە رەشنووسی رێککەوتنێکی کورتخایەن لە نێوان لایەنەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بەبێ ئەوەی لە ئێستادا هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لە ئارادا بێت.

ماجد ئەلئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن رایگەیاند: دەتوانین دووپاتی بکەینەوە کە هەوڵەکان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا بەردەوامن.

 ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا سەرنج لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێکی کورتخایەنە بۆ یارمەتیدانی بووژاندنەوەی دانوستانەکان و گەڕانەوەی تەواوەتی بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیری.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاشکراشی کرد کە بەندەکانی پەیوەست بە رێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا داڕێژراون و لە ئێستادا رەشنووسی رێککەوتنەکە لە نێوان لایەنەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە لە ئێستادا هیچ رێکخستن یان پلانێک بۆ ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە.