هۆکارەکەی دیار نییە؛ لە سنوری ناحیەی عەربەت داربەڕویەکی 400 ساڵە شکاوە
بڵند
٤ی ئابی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، بڵاویکردوەتەوە، داربەڕویەکی 400 ساڵە بەشێکی شکاوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییان لەسەر روداوێکی شکان و زیانگەیاندن بە دار بەڕویەکی بەتەمەن، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دار بەڕوەکە تەمەنی 400 ساڵە ودەکەوێتە سنوری گوندی داربەڕو، دوای چونە شوێن روداوەکە دەستبەجێ رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی ئەم سەروەتە سروشتییە.
پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەشڵێت؛ پەراوی لێکۆڵینەوەیان کردوەتەوە و تیمەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچونی مەیدانی و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ دیاریکردنی ئەوەی، کە ئایا شکانەکە هۆکاری سروشتی (وەک با یان کۆنیی بونیاد) بووە، یان دەستکاری و هۆکاری مرۆیی لەپشتەوە بووە.


