ئەمڕۆ نیو سەدە بەسەر خەباتی یەکێتی تێدەپەڕێت؛ شۆڕشێک هەوێنەکەی  کوردایەتیە کە بەڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە  رەوانشاد سەرۆک مام جەلال سەرۆکایەتی دەکرد. ی.ن.ک توانی کورد لە عێراق بگەیەنێتە لوتکەی دەسەڵات. 


ئەو فیدراڵییەی بۆ کورد بەدیهێنرا بەرهەمی خەباتی نەپساوەی سەرۆک مام جەلال و یەکێتییە. لەخەباتی ئەم یەکێتییەدا ناوێک نازناوێک کەسایەتییەکی بەرهەمدار وەک ئەستێرە دەدرەوشێتەوە، ئەو کەسایەتییە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە کە خولقێنەری ئیرادەی بەهێزی ژنی کوردە لە شاخ. 


هێرۆخان و یەکێتی لەیەک جیاناکرێنەوە. 
شان بەشانی سەرۆک مام جەلال نەحەسانەوەی لە پێناو گەلەکەی خۆی هەڵبژارد، لەشاخ هێرۆخان مۆدێلێکی نوێگەری خەباتکارانەی ژن بوو. 


بە ئیلهامی کەسایەتی هێرۆخان ژن هاوبەشی راستەقینەی شۆڕشی نوێ بوو. 
شۆڕشی نوێ لەکەسایەتی ژندا گەورەتربوو خەباتەکەی دەوڵەمەنتربوو. 
لەشاخ هێرۆخان وەک میدیاکارێک دوور لە ژیانی پراکتیکی شاژنی ژیاو بە کامێراکەی دەستی توانی ئەرشیفێک بۆ ئەم گەلە دروستبکات؛ کامێراکەی شانی هێرۆخان گەواهیدەری سەرکەوتن و قارەمانێتی داستانەکانی پێشمەرگەو شاهیدی زوڵم و ستەمی بەعس بوو کە چلۆن بێ گوێدانە یاسا مرۆییەکان گوندو ماڵ و حاڵی هاوڵاتیانی سڤیل دەکردە قەرەبرووت. 


هێرۆخان بۆ ژیانی مەدەنی شاریش ئیلهام بەخشی دیموکراسی و ژیانی مەدەنی بوو. رۆڵی گەورەی لە پاراستنی سەروەرییەکانی یەکێتی هەبووە. لەدوای راپەڕین توانی خزمەتی بەرچاوبکات منداڵ پارێزو کوردسات و خاک و ئەمنە سورەکەو خەڵوەتگەی پیری و نۆژەنکردنەوەی معالیمەکانی سلێمانی و سەنتەری گەنجان و دەیان و سەدان کاری گەورە بەنهێنی بەرهەمی دانایی و ژیری هێرۆخان بووە. 


بۆ یەکێتی هێرۆخان زامنی مانەوەی یەکێتی ناو یەکێتی بوو. بەتایبەت دوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال هێرۆخان توانی بەر بە پیلانگێڕی و لاوازکردنی یەکێتی بگرێ بەهەر نرخێک بێت هێرۆخان توانی شانبداتە بەر قۆناغە سەختەکەو سەرکەوتووبوو. 


لەم یادەدا جێگەی خۆیەتی مەزنی هێرۆخان و دادەی کوردایەتی بەبیربهێنینەوە، 
ئێستا رێگەو رێبازی سەرۆک مام جەلال بە رابەرایەتی سەرۆک بافڵ گەش و رووناکە.