لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژی ژنان، سڵاو دەنێرم بۆ كچه ئازا و ئازادهكانی كوردستان، له پێشمهرگه و فیداكارهكانیان، دڵنیام کە دەتوانن شان بهشانی رۆڵه بهجهرگهكانی ئهم گهله، به زیندووێتی و كارایی و ههست و نهستی بهرزی خۆیان، كۆمهڵگهیهكی داهێنهر، پڕ له گهشه و، نیشتمانێكیی زیندوو، ئاوهدان و ئازاد بۆ هەرێمی کوردستان بهرههم بێنن،
خۆشبەختانە ساڵ لە دوای ساڵ ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و خانمان لە هەرێمی کوردستان کەمی کردوە، ئەمەش بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ژنانی کوردستان و ڕێخراوەکانە کە چالاکیە بەردەوامەکانیان بووەتە هۆکارێک بۆ کەم کردنەوەی تووندو تیژی دژ بە خانمان و ژنان.
هەر چەندە لە ئێستادا توند و تیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام ڕاستیەکی تاڵە کە توندو تیژی بەرامبەر بە ژنان تەنها لە هەرێمی کوردستان نیە و لە هەموو جیهان بوونی هەیە ئەوەتا ئەم سالیش هاوشانی ساڵانی ڕابردوو لەلایەن دەزگاکانی چاودێری بارودۆخی ژنان لە جیهاندا لیستێکی خەمناک دەبینی
ئەو لیستەی پێمان ئەڵێت رۆژانە ٥٩٩ ملیۆن ژن لە هەندێک وڵاتی جیهاندا توشی ئەشکەنجەو لێدان و سوکایەتی ئەبنەوە کە لەو وڵاتانەدا توندوتیژی دژی ژنان (تاوان) نییە. ٧٠٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا پێش تەمەنی شانزە ساڵی بە شوودراون. ١٣٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا خەتەنە کراون. لەهەر دە ئافرەتێک لانی کەم یەکێکیان لە جیهاندا روبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆتەوە. ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار ژن بە تاوانی شەرەف ئەکوژرێن.
لە پانزە وڵاتی جیهان ژنان بەبێ ڕەزامەندی باوک یان مێرد بۆیان نییە نە کار بکەن نە سەفەر. لە حەفتاو نۆ وڵاتی جیهان هێشتا ژنان لەڕووی کارو موچەوە لەگەڵ پیاوان هاوتا نین و مافی هەموو کارێکیان نییە. زیاتر لە ٤٥ ملیۆن ئافرەتی لەشفرۆش لە جیهاندا هەن کە زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان سیانزە تا بیست و پێنج ساڵدایە.
بەردەوامبوونی تراژیدیای توندوتیژی دژی ژنان، دەستدرێژی بە هەموو جۆرەکانیەوە، ناهاوتایی و پێشێلکردنی مافەکانیان لەسەراپای جیهاندا بەتایبەتی لە جیهانە دواکەوتوەکان و ژێر دەستەی دەسەڵاتی نەریتی و دیکتاتۆری و ئایینی و پیاو سالاریەکاندا ئەوە پشت ڕاست ئەکاتەوە کە هێشتا ئەم نیوەیەی مرۆڤایەتی زۆر دوورە لەوەی هاوتای نیوەکەی دی بژی.
نیوەی کۆمەڵ دایک و پەروەردەکار، نیوەکەی دیش کە تاکە خواست و پرسیاری لە پیاو ئەوەیە کەی ئەمیش ئەبێتە خاوەنی جەستەی خۆی؟ دوای سێ سەدو شەستوچوار ڕۆژ لە ماندوویی پێنەزانراوو لەبیرکراوی نیوەکەی دی، هەرگیز یەکسان نەبوونیان بە پیاو، چیان لە پیاوان خواست و بە چ ئومێدێکەوە چاوەڕوانی ساڵێکی نوێیان لێ ئەکەن؟
ژنان بێ ئومێدن کە پیاوان پاش چەندین سەدەی پێکەوە بنیاتنانی شارستانیەتی مرۆڤ ، لە داوا سادەکانی ناخیان بگەن، کە ببنە هاوڕێی ڕاستەقینەی ژیان و بنیاتنەری هاوبەشی خێزانەکانیان و خەم و ئارەزووەکانیان، ئەو پیاوانەی کە جگە لەو ساتانەی شەو نەبێت کە بەتەنیشت هاوژینەکانیانەوە (ڕاستتر ژنەکانیانەوە) پرخەیان دێت، ساتەکانی دی ژیانیان لە دەرەوەی جیهانی هاوژینەکانیانەوە بەسەرئەبەن، تەنانەت هەندێک پیاو دان بە سێسەدو شەستو چوار ڕۆژی تەنیایی و ناهاوتایی و چەوساندنەوەی ژناندا بنێن.
ژنانێک تاکە ئاواتیان ئەوەیە کە خەون بە خاوەندارێتی بوونی جەستەی خۆیانەوە ببینن و ئەو موڵکایەتیە لە کۆمەڵگەو پیاوان بسەننەوە، چونکە هیچ ئازادییەک لە ئازادبوونی جەستە زیاتر مانایەکی نییە بۆ ئافرەت و ئافرەتان قوربانی یەکەمن و جگە لە کوشتنیان ئەکرێنە بابەتی کۆیلایەتی و فرۆشتن و دەستدرێژی بەردەوامی سێکسی.
داواکارم ڕێکاری تونتربگیرێتەبەر بەرامبەر هەرکەسێک دەبێتە هۆی ئازار و عەزیەت دانی دەروونی کچان و خانمان و ژنان، کچان و ژنان و خانمان هەرچی بکەن و گەورەترین تاوانیش ئەنجام بدەن، مافی ئەوەمان نیە نە دەستیان لێ بەرزبکەینەوە، نە بیان کوژین، نە ئازاریان بدەین،
تاکە مافێک کە خواش لە قورعان بۆ هەردوو ڕەگەزەکەی داناوە لە کاتێ نەگونجان تەنها جیابونەوەیە بێ ئەوەی ئازاریان بدەین و سوکایەتیان پێ بکەین!
سەبارەت بە خۆم ٨ ساڵ پێش ئێستا خوای گەورە شانسی ئەوەی پێ بەخشیم کە بڕۆمە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە و ٧ ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیریم بە هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانەوە بە ڕێزەوە ئەنجام دا و بەڕێزەوەش کۆتایمان پێ هێنا، تەنانەت بۆ فەرەنسیەکان کۆتای پێهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری لە بەرزترین ئاستی ڕێزدا بڕواپێنەکراوبوو ! لە ساڵی ڕابردووش سەرباری ناسینی کەسانی بەڕێز، بەڵام بە چەندین شێوە ئازاردراوین و وەڵامی ئازاردانمان هەندێک جار بەبێ دەنگی و هەندێک جار بە بەرگری داوەتەوە ! چوونکە ڕێگە ڕاستەکە لە ڕێزگرتندایە نەک لە تووندوتیژی بەرنگاربوونەوە !
بەگشتی سەرژمێریی سوودی هەیە بۆ دیاریکردنی شوناسی جوگرافی و دابەشکردنی داهاتە نیشتمانییەکان و دیاریکردنی سنورە کارگێڕییەکان و هەڵسەنگاندنی پێویستییەکانی خەڵک. بەڵام بۆ ئێمە کە لەناوخۆدا کێشە و گرفتاریمان زۆرە، مەترسی هەبوو سەرژمێرییەکەی ئەم ساڵ ئەوەندەی تر کێشەکانمان زیاتربکات.
ئەگەرچی هێشتا دۆسییەی گرنگ لەنێوان هەرێم و بەغدا بەتەواوی چارەسەر نەبووە، ئەگەرچی دۆخی موچە و دارایی زۆر خراپە، بەڵام سەرژمێرییەکە، لەلایەک بۆ هەرێم و لەلایەکی ترەوە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان مایەی مەترسی بوو، بە مانایەکی تر وەک چۆن کەمبونەوەی کورد لە کەرکوک مەترسییە بۆ شوناسی کوردستانیانەی شارەکە، بەهەمان شێوەی کەمبونەوەی ئەو ژمارەیەی کە لە هەرێمەوە دەگەڕێنەوە بۆ کەرکوک پەیوەندی هەیە بە کەمبوونەوەی بەشە بودجەی هەرێم و کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمانی عیراقدا.
بینیمان ژمارەیەکی زۆر لە هەرێمەوە گەڕانەوە ناوچە رەسەنەکانی خۆیان، ئەم هەڵوێستە مایەی خۆشحاڵی و جێگای سوپاسە، بەتایبەت کە ئێستا پاش راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستاندا، ژمارەکان تا ڕادەیەکی باش لە بەرژەوەندی خەڵکە و لەسەر بنەمای ئەم سەرژمێرییە دەکرێت بەشەبودجەی هەرێم و تەنانەت نوێنەرایەتی کورد لە پەرلەمانی بەغدا زیادبکات.
لەم ساڵانەی دواییدا، بەشە بودجەی هەرێم کەم کرابووەوە بۆ لەسەدا (12.67) بەڵام بەم ئەنجامانەی ئێستا پێویستە ئەو رێژەیە زیادبکاتەوە لەبەرئەوەی دانیشتوانی هەرێم نزیکەی لەسەدا (14) ی کۆی دانیشتوانی عیراق پێکدەهێنن، ئەمە هیوای زیاتر دەدات بە هەرێم بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی موچە. هەروەها چاوەڕوان ناکرێت، رێژەی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عیراقدا کەم بکاتەوە و بگرە پێشبنینی دەکرێت زیاترببێت، چونکە نوێنەرایەتی شارەکانی هەرێم بەبێ ناوچە جێناکۆک و شارەکانی تری عیراقی زیاتردەکات و ئەمەش هەلێكی زێڕین دەبێت تا کورد بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا، لە دەرەوەی سنوری کارگێڕیی هەرێمی کوردستان، زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت.
سەرژمێرییەکە، لانی کەم تا ئێستا، رەهەندێکی گشتی وەرگرتووە و وەک ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان بەکارناهێنرێت، بەڵام بۆ کورد بەدەر لە مەسەلە نەتەوایەتییەکە، دەتوانین وەک دەرفەتێک تەماشای بکەین بۆ چارەسەری کێشە داراییەکانی خەڵک و بەهێزکردنەوەی پێگەی هەرێم لە عیراقدا.
پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان یەکێکە لەو ئامرازە سەرەتاییانەی کە وڵاتان بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بەکاریدەهێنن. سەرژمێری دانیشتووان داتای ورد و متمانەپێکراو سەبارەت بە قەبارەی دانیشتووان و پێکهاتە و دابەشبوونی جوگرافی دەدات، ئەمەش یارمەتیدەرە لە بڕیاردانی ئاگادارانە لەسەر بنەمای زانیاری ڕاستەقینە.
سەرژمێری یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی دانیشتووان، لەڕووی دابەشکردنی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانەش، بە زانینی قەبارە و پێکهاتەی دانیشتوانی ناوچە جیاوازەکان، دەتوانرێت سەرچاوە دارایی و مرۆییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر و کاراتر تەرخان بکرێت.
ئاماری دانیشتووان زانیاری لەسەر تەمەن و دابەشبوونی جوگرافیای دانیشتووان یارمەتیدەرە بۆ پێشبینیکردنی ڕەوتی داهاتوو وەک گۆڕانکاری لەدابەشبوونی جوگرافیای دانیشتووان (وەک کۆچی ناوخۆیی یان دەرەکی).
حکومەتەکان لە کاتی بڕیاردانی سیاسی گرنگدا، وەک دابەشکردنی ناوچەی هەڵبژاردن یان دیاریکردنی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان، داتای دانیشتووان بەکاردەهێنن. ئەمانەو چەندین سودی تر .....
ئەگەر لەوڵاتێکی ئاساییدا بژین ئەنجامدانی پرۆسەیەکی وەها سودو کەلکەکانی لەژمار نایەن بۆ دانیشتوانی وڵاتەکە، بەڵام لەعیراقدا تێڕوانینەکان جیاوازن، چونکە نەتەوەو گروپی جیاوز لەو وڵاتە دەژین، کەمی متمانەش وای کردووە گومانیان لە هەر پرۆسەیەک هەبێت کە نزیک ودور پەیوەندی بە نەتەوەکانیانەوە هەبێت. لەهەبوونی گومانێکی وەهادا چاکترە نەتەوەی کورد لەعیراقدا کە خاوەنی کیانێک و دەیان ناوەندی ئەکادیمی و سەدان پسپۆری بەتواناو دەیان کەناڵی ڕاگایاندنی کاریگەرە.... لەهەمووان چاکتر خۆی ئامادە بکات، حکومەت بەئەرکی خۆی هەستێ لەهاندانی کوردانی ناوچە دابڕوەکان و بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان و کارئاسانی بۆیان لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە تا بەئاسوودەیی بەشداری پرۆسەکە بکەن، ڕاگایەندنیش بەباشی ئەنجام و مەترسیەکانی پرۆسەکە روونبکەنەوە کە ئەگەر هاوڵاتیان نەڕۆن و بەشدار نەبن، ئەمە وا دەکات وەك دانیشتوی ئەو جێگایانە تۆمار نەكرێن، بەمەش ناویان لەهێچ تۆمارێکی ئەو ناوچانە نابێت، ئەمەش دەبێتە مەترسیی بۆسەر پێگەی كورد لەو ناچانە کە هێشتا کێشەیان لەسەرەو لەدواڕۆژدا ئاستەنگی گەورەمان بۆ دروست دەکات.
بۆیە دەبێ ئەوە ڕوون بێت کە بەشداری نەکردن جارێک زیان لەبوونی نەتەوەی کورد لەو ناوچانە لەڕویی ژمارەوە دەدەن، وجارێکیش زیان بەخۆیان و خانەوادەکانیان دەگەیەنن و لەخێروبێری ئەوناچانە بێبەش دەبن کە پشتاو پشت تێدا ژیاون، ڕەنگە لەدواڕۆژیشدا لەشوێنێکی تری ئەم وڵاتە ببنە غەریبە. بۆیە پێویستە حکومەت و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهەموو چین و توێژەکانیەوە، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەهەموو ڕەنگەکانیەوە، پسپۆران و ئەوانەی توانای شیکردنەوەی دۆخەکەیان هەیە، هاوکارو پشتیوانی کوردانی ناوچە کوردستانیەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم بن، تا بەئاسانی ئاسوودەیی بڕۆن و قۆچانی کوردبوونی ئەو ناوچانە نوێ بکەنەوە.
بە هۆی گۆرانکاریی بابەتیی و خۆییەکانەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم کۆرانکاریی گەورەدایە، بەتایبەتی ناوچەکەی ئێمە رووبەرووی رووداوی چاوەروان نەکراو دەبێتەوە.
ئێمەی خەڵکی کوردستان لە دووڕیانی هات و نەهاتداین، چارەنوسمان شەتەکدراوە بەو ئاڵوگۆڕانەوە، ئەگەر خۆمان لە ئاستی لێپرسراوێتی مێژووییدا نەبین لەوانەیە توشی کارەساتی گەورە ببینەوە.
پێویستە و ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، لە ئاست ئەرکی نشتمانیی و نەتەوەیی خۆیاندابن و بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست رووبەرووی هەر پێشهاتێکی ئەرێنی و نەرێنی ببنەوە.
منیش وەکو تاکێکی ئەم کوردستانە، لەم هەلومەرجەی ژیاندا هەم ئەرکم لەسەرە سەبارەت بە نشتمان و گەلەکەم، هەم مافی ئەوەم هەیە هیوا و داخوازییەکانی خۆم بخەمەڕوو، لەوانە:
-کوردستانەکەمان دوور بێت لە پریشکی ئەم بورکانە و دوژمنەکانیشمان بگرێتە باوەش.
-کابینەی ئەمجارە کابینەی ئاشتبوونەوەی خەڵک و چارەسەری کێشەکانی هەرێم بێت.
-هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ببێتە مایەی خێر و ئاوەدانیی لە کوردستاندا.
-کابینەی نوێ بە جدیی هەوڵی چارەسەرکردنی موچەی خەڵک و بوجەی هەریم بداتم لەگەڵ حکومەتی فیدرالیدا، دوور لە ململانێ و بەرژوەندیی حزبیی.
-مادەی (١٤٠) ی دەستور جێبەجێ بکرێت.
-ئەنجومەنی ئیتحادیی لە عیراقی فیدرالیدا دروستبکرێت.
-هەرێمی کوردستان نەبێتە قۆچی قوربانیی سەرژمێریی ئەم ساڵ.
- یەکێتییەکەمان بە هێزتر و رێبازەکەی مام جەلال پرشنگدارتر بێت.
-هەموو جیهان لە پەتای کوشندە و نەخۆشیی شێرپەنجە دوور بێت.
-ئاشتی و خۆشگوزەرانیی و ئازادیی لە سەرتاسەری جیهان بەرقەرار بێت.
-مرۆڤایەتی دوور بێت لە بەڵای توڕەبوونی سروشت بە هۆی تێکچوونی ژینگەوە.
-ئاخر خێریی بۆ هەمووان دەخوازم و ئاخر شەڕییش بۆ کەس ناخوازم.
-منداڵی دەرۆزەکەری سەر جادەکان نەبینم.
-کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە بنبڕ بکرێت.
ئەمانە و دەیان هیوا و ئاواتی ترم هەن سەبارەت بە نشتمان و یەکێتی و خێزان و خانەوادەکەم.
ساڵی ئایندە بەم هەموو هیوا و ئاواتانەوە دەچمە ناو کەژاوەی حەفتا ساڵییەوە.
نزیکەی حەفتا ساڵ لەمەو پێش لە ژوورێکی تەنگەبەر و لا چەپ و بێ کارەبا و پەنجەرەدا، لەژێر سێبەری دارخۆرماکانی جەلەوە و هاژەی ئەڵوەندا، لە ئێوارە وەختێکی بەهاردا، لە خانووە قوڕەکەی خاڵو فەتحوڵڵادا بە ژان و نارەحەتیی منیان لە بەهەشتی منداڵدانی دایکم گەوهەر، دەربەدەر کرد.
بە بێ ئارەزووی خۆم منیان لە دنیای خاڵیی لە مەینەت و دەردەسەریی و هیوا و ئاواتخوازیی گواستەوە بۆ دنیای پڕ مەینەت و دەردەسەریی و دونیای فانی.
دایکم گەوهەر، بەمشێوەیە یاد و یادەوەرییەکانی دەگێرایەوە، دەیوت: لەدایکبوونی عیماد، لە ئێوارە وەختێکی باراناویدا بوو، ئەڵوەن زیادی کرد و لافاو هەڵسا بوو.
میم تاووس (جدە) بە واتای مامان بوو، هاجەری دایکم و دایکی عەزیز لە ژوورەکە لە گەڵمدابوون، بە زیڕە و گریانێکی زۆرەوە عیماد هاتە دنیاوە. میم تاووس بە دەنگە پڕ لە سۆزەکەی هاواری کرد: هاجەر کوڕتان بوو و لای راستی روومەتی پەڵەیەکی سووری پێوەیە.
دایکی عەزیزیش وتی: ئەم تفڵە زیتەڵەیە، جیاوازە و قەت ئەم کوڕەمان لێ ون نابێت.
بۆ درامای لە دایکبوونم هەر ئەوەندەیان بۆ باسکردووم. منیش لەو ساتە وەختەدا بێ دەسەڵات و بە بەشێک لە کەسایەتییە تایبەتییەکەی خۆم پاوەنکراوبووم.
دەسنیشانی کات و سەعات و رۆژ و مانگ و ساڵەکە بە دەست و ئارەزووی خۆم نەبوو،
ناوەکەش (عیماد ) و هەندێ خەسڵەتی تر لە دەسەڵاتی مندا نەبوون.
دوای ئەم دیمەنانە، درامای ژیانم بە تراجیدیا و کۆمیدیاکانییەوە بەندە، بە جوانیی و ناشرییەکانییەوە و بە خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە بە بێ دەسەڵات و بە بێ هیوا هاتمە دنیاوە لە سووچێک لە خانوویەک لە جەلەوەی خانەقی و کوردستان چاوم بە دنیا هەڵهێنا.
ئێستا دوای نزیکەی حەفتا ساڵ، دنیام فراوانتر بووە و دەسەڵات و هیواشم زیاتر بووە. ئەرکی ئەخلاقیم و نشتمانیم، ئەرکی ئینسانیم و نەتەوایەتیم، ئەرکی شەخسیم و خێزانیم بەر فراوان بوون.
هەروەها هیوایەکی زۆرم هەیە، سەبارەت بەخۆم و خێزان و کەسوکار و هاورێ و دۆستان و سەبارەت بە کوردستان و یەکێتی و بە دادپەروەریی و یەکسانیی و ئازادیی لە هەرێمی کوردستاندا.
بەشێکم بە دیهێناوە، ئەگەر عومر باقی بێت، هەوڵی بە دیهێنانی ئەوانیتریش دەدەم.
بەکورتی و کرمانجیی دەتوانم بڵێم: بەبێ هیوا هاتمە دنیاوە بەڵام بە هیواوە دەژیم
بەپێی گریمانەكان, لەم ناونیشانەدا هێزی قورساییەكە زیاتر دەكەوێتە سەر ژانی گەل,بەڵام,لەهەمان كاتدا,دوو قورسایی تریش بەدی دەكرێن,ئەوانیش سلێمانی وشار.سیمیۆڵۆژیای دەربڕینە هونەری وناوەڕۆكییەكان كێشی ئەم سێ هێزە نزیك دەخەنەوە,بەڵكو یەكسانیان دەكات ودواتر بەهەرسێكیان یەكەیەكی گوتاری دەخوڵقێنن.
ئەم گوتارە لەبونیادیكی جوگرافی دیاریكراوەوە پێدەنێتە گوتارێكی گشتگیری بۆ جوگرافیایەكی گەورەتر.هەر لەبەر ئەمەشە سلێمانی خۆی بۆ خۆی پێناسەیە بۆ چەندین زاراوە, بەنموونەی دامەزراندنی قوتابخانەی ئاینی وزانستی وئەدەبی وفیكری وسیاسی وفەرهەنگی وڕۆشنبیری وشۆڕشگێڕی وكاردانەوە وبەگژداچوون وئێش وئازار وخەبات وتێكۆشان وبانگەواز بۆ ئازادی ویەكسانی نەمانی زوڵم وستەم. ئەم فرە زاراوە وپێناسانە سلێمانی یان كردۆتە چەقی مەسەلە وپرسیار وبڕیارەكان.یان بەردەوامی ئازار وخەبات وتێكۆشانەكان. لەو كورتیلە زەمەنییەی دامەزراندنی سلێمانی دا بەئاشكرا هەست بەدامەزراندنی كلتورێك بۆ كورد دەكرێت.
گەر یونانی كۆن لەزەمەنی سۆكرات وئەفڵاتۆن وئەرستۆ وڕۆمانەكان لەزەمەنی هۆراس توانیبێتیان كلتور وشارستانیەتێك بۆ عەقڵ وڵۆژیك وئەدەب وڕەخنە وفیكر وسیاسەت دروست بكەن ئەوا سلێمانی یش لەو كورتیلە مێژووەدا هەوڵی داوە نەخشە ودیزاینێك بۆ كلتور وڕۆشنگەری كوردستان ڕەنگ بكێشێت.ئەم دامەزراندنە لەڕێگەی عەفەوییەت وڕێكەوتەوە دروست نەبووە,بەڵكو كەسە پێشەنگەكان وتاكەكانی بەهێزێكی عەقڵی وفیكرییەوە لەهەوڵێكی بەردەوامی كاركردن وهەوڵداندا بوون.
لەزۆر دۆخ وحاڵەتدا فیداكارییەكی بێ وێنەشیان داوە.ململانێی بابان وتوركی عوسمانی,مەلیك مەحمود وئینگلیز,شۆڕشی نوێ وڕژیمە دڕندە وتۆقێنەرەكانی عێراق. لەهەمووشی كاریگەرتر ململانێ بێ ماناكانی ناوخۆیە.مێژووی ئەم ململانێ كوشندە ناوەكییە, تازە نیە.ململانێی مەولانا خالید ومەلیك مەحمود وگۆران وبرایم ئەحمەد ودەوروبەریان. شاریش تەنها پێكهاتەیەكی ئەندازەیی نیە بەدروستكردن وڕازاندنەوەی شەقام وكۆڵان وقەیسەری وتەلار وخانوو,بەڵكو لەهەمان كاتدا پێكهاتەیەكی مەعریفی وڕۆشنگەرییە ودەتوانێت بەهۆی كارنامە كاریگەری وئایدیۆڵۆژی وپەیوەندییەكانەوە ببێتە مەڵبەندێكی فیكری ومەعریفی وسیاسی بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی ڕەنگ وشوناس وجێگە.بۆیە سلێمانی هەر لەزەمەنی دروست بوونیەوە ویستوێتی ,بەڵكو هەوڵی داوە ببێتە شارێكی پیرۆز هاوشێوەی شارە پیرۆزەكەی ئەفڵاتۆن .شارێك توانای دامەزراندنی ڕێكخراوە ئەدەبی وسۆسیۆڵۆژی وفیكری وسیاسییەكانی هەبێت.
یان كۆكردنەوەی تاكەكان بەمەبەستی دژایەتیكردنی داگیركەر وگەندەڵی وچەوسانەوە وبێبەشبوون .لێرەدا جێگەی خۆیەتی وزیادەڕۆیی نیە گەر بڵێین سلێمانی سەرچاوەلێگرتنێكی فیكری ومەعریفی گەورە وبەنرخە بۆ دەقە ئەدەبی وشیعرییەكان.وەك نموونە, ژانی گەلەكەی برایم ئەحمەد وكورسی وئێستا كچێك نیشتمانمەكەی شێركۆ تەواو كاریگەرە بەكەسیەتیە كاریزماییەكەی سلێمانی بەتایبەتی لەدۆخە ناجێگیرە فیكری وسیاسی وسۆسیۆڵۆژی وسایكۆڵۆژییەكاندا,وەك ئەوەی گەر بمانەوێت پێناسەی سلێمانی بكەین ئەوا خوێندنەوەی ئەو نموونانە وزیاتریش سەرجەم زانیارییەكانمان دەدەنێ.
ناوەڕۆك و ڕووداوی ژانی گەل لەم شارەدا سەرچاوەی گرتووە بەمەش شارەكە,نەك هەر بۆ خۆی بەڵكو بۆ دەرەوەی خۆشی, ڕۆڵی شانۆگەرییەكی تراژیدیایەك دەبینێت,ئەویش لەپێناو مەسەلە گەورەكان,كوردبوون وكوردستانی .ڕاستە نووسەری ژانی گەل كارەكەی پێشكەش بەگەلی جەزائیر كردووە ,چونكە گەلی جەزائیر,لەزەمەنی دەقەكەدا, گەلێكی داگیركراو وچەوساوە ولەپێناو ڕزگاربوون وسەربەخۆییدا فیداكاریان بەخشی, سلێمانی یش هاوسەنگیەكی بابەتیە لەجۆری تەواوكاری بۆ ئەم گەلە.كەواتە لەهەمان كاتدا كارەكەی پێشكەش بەگەلی كورد بەگشتی وسلێمانی بەتایبەتی كردووە.گەلی جەزائیر سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا ,سلێمانی یش هەتا ئەمڕۆكە لەژێر هەڕەشە جۆراو جۆرە دەرەكی وناوخۆییەكاندا گوزەر دەكات.هەتا ڕێژەی ئازارەكانیشی لەزیادبووندا بێت ئەوا لەلایەكەوە هێزی خۆڕاگری گەورەتر دەبێت ولەلایەكی تریشەوە هێزی بەرەنگاربوونەوەشی توونتر دەبێت.هەموو ئەمانەش ئەوە دەگەیەنن قەدەری سلێمانی لەزەمەنی داگیركەری بێگانە ودوای ئەم داگیركردنەش خۆی لەئێش وئازار وژان وبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وكلیلی چارەسەرەكاندا دەبینێتەوە.
ئەنجامی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەك گۆڕانكاری هاتووە بەسەردا كە لەسەر ئایندەی هەرێم و شێوازی حكومڕانی و چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێ جۆرەها سیناریۆ لە هزری راڤەكاراندا پەنگیان خواردووە و ئاسان نییە بتوانن پشت بە تاكە بژاردە و سیناریۆیەك ببەستن، لەبەرئەوەی هیچ لایەنێك وەكو جاران ناتوانێت بە تەنیا و بە پشت بەستن بە رێژەی (50+1) دیزاینێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ نەخشەڕێژ بكات و فەرموو لە لایەنەكانی دیكە بكات بۆ بەشداریكردن و پەسەندكردنی كابینەكە و كارنامەكەی، بۆیە چاوی چاودێرانی سیاسی و شرۆڤەكارانی رووداوە سیاسییەكان لەسەر جوڵە و هەڵوێستی ئەو لایەنانەیە كە سەركەوتنیان بەدەست هێناوە و هەر یەكێك لەو لایەنانە ئەجێندای تایبەت بە خۆیان هەیە لەسەر ئایندەی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێ و شێوازی حكومڕانی.
ئەگەر بە بەرنامە بێت ، یان بە رێكەوت و سودفە، لە دوای هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، كۆمەڵێ دیدار و كۆنفرانس و بۆنەی جیا لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دران، كە بۆ ئەم قۆناغە گرنگ و كاریگەر بوون، چونكە شەقام و رای گشتی، تەنانەت هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان چاوەڕوانی هەڵوێستی نوێی لایەنەكان دەكەن بۆ ئەوەی بزانن كام لایەن جددی بووە لەو پەیام و بەڵێنانەی كە لە بانگەشەی هەڵبژاردن ئاڕاستەی جەماوەر كران و لە دوای هەڵبژاردنیش كامیان سورە لەسەر جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی خۆی و كامە لایەنیش پەیام و بەڵێنەكانی تەنها بۆ راكێشانی سۆزی جەماوەر و كۆكردنەوەی دەنگی دەنگدەر بووە، هەروەك بۆ ئەوەی بزانن دیدگا و سیاسەتیان چییە لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێ، بۆیە لایەنە سیاسییەكان لەڕێی مایكی ئەو دیدار و كۆنفرانس و بۆنە جیاوازانەوە، پەیامی دانوستانێكی ناڕاستەوخۆیان بە لایەنی بەرامبەر و جەماوەری كوردستان گەیاند، دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەو مانایە دێت كە سەرۆك و سەركردەی لایەنەكان لەڕێی لایەنی سێیەمەوە پەیامی خۆیان بە لایەنی پەیوەندیدار بگەیەنن و زۆرجار بەهۆی دانوستانی ناڕاستەوخۆ زەمینە دەڕەخسێت بۆ ئەنجامدانی دانوستانێكی راستەوخۆیی رووبەروو.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەو مایكانە توانیویانە ئەو زەمینەیە بۆ سەركردە سیاسییەكانی هەرێم بڕەخسێنن، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دانوستانی راستەوخۆ ئەنجام بدەن، بەتایبەتی لەنێوان ئەو لایەنانەی ناكۆكی توندیان هەیە لەسەر شێوازی حكومڕانی و چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێ و نەهێشتنی چەوتییەكانی حكومڕانی؟.
وەڵامی ئەم پرسیارە بە بەڵێ یان نەخێر نادرێتەوە تاوەكو بەرچاوروونیەكی زیاترمان نەبێت لەسەر ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان تا چەند ئەزمونیان وەرگرتووە لە هەڵەكانی رابردوو.
بەرلەوەی بچینە نێو ڕۆمانی ژانی گەل وگرنگییە زەمەنییەكانییەوە، لەڕووی فیكر وستراتیژییەتەوە، باشتر وایە كەمێك بگەڕێینەوە بۆ هۆكارییەكانی ئەرستۆ و ئەو فاكتەرانەی هۆكار دەبن بۆ خوڵقاندنی ئەم بیرۆكەیە. هۆكاری بابەتێكی فەلسەفییە، دەگەڕێت بەدوای پەیوەندی ڕووداو وبەركەوتەكانی، وەك ئەوەی بەركەوتەكانی دەرئەنجامی ڕووداوەكان بن.بەدیوێكی تردا گەر بابەتەكانی ژیان وپێكهاتەكانی بەداخراوی مانەوە وگۆڕانكارییان بەسەردا نەهات ئەوا چەمكی هۆكاریش لەدایك نابێت.
بۆیە گۆڕانكارییەكان هۆكارێكی سەرەكی بیرۆكەی هۆكارییە . هۆكارییەكانیش لەڕێگەی دوو جەمسەری بنەڕەتییەوە خوڵقاون ئەوانیش هەستەكان وئەزموونە لۆژیكییەكانە. بۆ نموونە ڤایرۆسی كورونا (كوڤید ١٩ )هۆكارێك بوو بۆ نەخۆشی و, گەر چارەسەریش نەكرایە ئەوا هۆكارێكیش دەبوو بۆ لەناوچوون ومردن .بەبڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە, هەستێكی ترسناك لەخەڵكی دروست بوو, بەڵكو ئەگەرەكان ئاماژەبوون بەمەترسییەكی كوشندە, لەبەرامبەردا زانستەكان, لەلایەكەوە
دەگەڕان بەدوای هۆكاردا ولەلەلایەكی تریشەوە دۆزینەوەی چارەسەر. ئەمە تەواو لەبۆچوونەكانی گەورە زانای ئەزموونگەرایی , دەیڤد هیوم ( ١٧٦١ - ١٧٧٦ ) جێگەی بۆتەوە .
- ڕۆمانی ژانی گەل , لەنووسینی گەورە نووسەر وشاعیر وبیرمەند ,برایم ئەحمەد ( بلە ), لەساڵی ١٩٥٦ نووسراوە بەڵام بەهۆكاری سیاسییەوە چاپەكەی دەكەوێتە ساڵی ١٩٧٢.لێرەدا ڕووبەری وتارەكە بەپێویستی نازانێت باس لەڕوودا وكەسێتی وپێكهاتە وتوخمەكانی گێڕانەوەكە بكات ,ئەمە بۆ دەرفەتێكی تر, بەڵكو ئەوەی شایانی باسكردنە نەمری وزیندوویی ڕۆمانەكەیە, یان بەردەوامی وكراوەیی بابەتەكەیە. وەك ئاشكرایە لەنێوان زەمەنی نووسین وزەمەنی خوێندنەوە پێنج حكومەت گۆڕاوە ( پاشایی وكۆمارییەكان ), پرسیارە مەراقی وحەزلێكراوەكە ئەوەیە, ئایا ناوەڕۆك ومیتۆدی كاركردن وومیكانیزمەكانی دوای ١٦ ساڵ بەسەر نووسین وبڵاوكردنەوەی وەك خۆیان دەمێننەوە یان بەسەرچوون وكۆتاییان هاتووە؟ چونكە زۆربەی هەرە زۆری بابەت وتەنانەت ڕێبازە ئەدەبی وفیكری وسیاسی وئایدیۆڵۆژییەكان ماوەیەك كار دەكەن ودواتر دەچنە نێو پەڕەكانی مێژووەوە .بۆ زیندوو ڕاگرتنی دەق شتەكان زۆرن , لەوانە كاریگەرییە بەردەوامەكان لەسەر وەرگر وخوێنەر, هەر لەڕووی میتۆدەوە تا دەگاتە شێواز وبابەت وناوەڕۆكەوە .داهێنان وخوڵقاندنی بابەتێكی نەبینراو نەبیستراو ,نووسین لەپێناو مەسەلە گەورەكاندا كەپەیوەندی بەتێكڕای خەڵكییەوە هەیە , هەروەها بابەتێك بێت هەڵگری ناسنامەی بابەتگەرایی وئەزموونگەرایی , ئەمانە وزیاتریش . جگە لەمانە چوار هۆكارییەكەی ئەرستۆش دەرخەرێكی وزەبەخشە بۆ دەستنیشانكردنی دەقێكی نەمر وزیندوو , هۆكارییەكانیش دەرئەنجامی پرسیارە مەراقاوییەكانە بەنموونەی ئەو پرسیارانەی كەپێشتر ئاماژەمان پێدا وەك هیچ شتێك نییە بەبێ پرسیار بەڵكو پرسیارەكان دەبنە كلیلی كردنەوەی وەڵامەكان .هۆكارییەكانی ئەرستۆ بریتین لە :
یەكەم / هۆكارە میتریاڵییەكان, واتە خامەی بابەتەكە لەچی پێكهاتووە .بۆ نموونە پەیكەرێك گەر لەبڕۆنز دروست كرابێت ئەوا تەمەنی ئەم پەیكەرە زۆر زیاتر دەبێت لەپەیكەرێك كەلە (گەچ ) دروست كرابێت. بۆ ڕۆمانی ژانی گەل, مەبەست لەخامە ئەوڕێبازە فەلسەفییەی بابەتەكەی لەسەر بونیاد كراوە, ڕیاڵیزمەكان بەجۆرەكانییەوە: سۆشیاڵیزمی شۆڕشگێڕانە, ڕیاڵیزمی ڕۆمانسیزمانە, ڕیاڵیزمی نوێ.لەڕوانگەی ڕیاڵیزمی ڕۆمانسیزمانە, ڕۆمانی ژانی گەل هاوشێوی ڕۆمانەكانی دوستۆیڤسكی دەرخەری سروشتی مرۆڤ ومرۆڤایەتییە ولەهەمان كاتیشدا جۆرێكە لەبەرەنگاربوونەوە لەنێوان دەسەڵات وچارەنووسی خەڵكیدا, ئازارێكی ڕۆحی وجێگەیی . هەروەها لەسەر هەمان ستراكچەری بەرهەمەكانی ئاین ڕاند (سەرچاوەی كانی ) و فلۆبێر (مەدام بۆڤاری) وهیمنگوای (خواحافیزی لەچەك) كاری كردووە.سەبارەت بە ڕیاڵیزمی نوێشەوە كە ڕیاڵیزمی بونیادگەریشی پێ دەگوتریت, خامەی بابەتەكەی ژانی گەل بەرلەدەركەوتنی ئەم جۆرە لەڕیاڵیزم ,پێش تیۆرەكەی كینس واڵتز( ١٩٢٤ - ٢٠١٣) ی ئەمریكی كەوتووە بەوەی بابەتەكە بەشێوەیەك لەشێوەكان جەخت لەسەر سێ ئاستی سەرەكی دەكات كە واڵتز لەساڵی ١٩٧٩ ئاماژەی پێداوە وكوردیش هەتا ئێستا سوودی لێ نەبینیوە بەڵكو وەك پێویست كاریشی لەسەر نەكردووە,ئەوانیش :
١ - تاكەكان دروستكەری بڕیارەكانن. لەپێناو بەدەستهێنانی مەسەلەكان, تاكەكان لەجەمسەرێكەوە پێویستە هۆشیار بن, لەجەمسەرێكی تریشەوە هەڵگری پەیامە ئایدیاڵیزمەكان , یان پیرۆزكردنی بەها جوانە زاڵەكان.بەمەش هۆكارێك دەبن لەگۆڕینی ئاڕاستەكان .
٢ - بونیادی سیاسی ناوخۆ, ئەم بونیادە گەر بەڕۆحی لێبووردەیی وبرایەتی ویەكگرتن كاری كرد ئەوا دامەزراندن دروست دەبێت, بەپێچەوانەوە مەسەلەكە پێدەنێتە هەڵدێر وداڕمان .
٣ - قواستنەوەی فرسەتەكان .دوای ئەوەی نووسەری ژانی گەل هەستی كرد لەشەڕی بەردەركی سەرادا كورد، بەهۆكاری جیاواز، شكستی هێنا ئەوا شۆرَشی جەزائیر كە نووسەر كارەكەی پێشكەش بەگەلی جەزائیر كردووە فرسەتێكی گونجاوە بۆ ئەوەی كوردیش هەمان سەربەخۆیی وسەركەوتن لەداگیركران بەدەست بهێنێت .لێرەشەوە كورد پێ دەنێتە قۆناغێكی جیاوازی تر.بەڵام هۆَكاری نەقواستنەوە ڕێگر بوو لەم گۆڕانكارییە وبەمەش مەسەلەی دۆزی كوردیش هەتا ئێستا چارەسەر نەكراوە بابەتەكەش گەمەی سەیر دەكات لەنێوان هەڵبەز ودابەزدا وناوەڕۆكی ژانی گەلیش بەكراوەیی وبەردەوامی دەمێنێتەوە.
دوهەم / هۆكارە وێنەییەكان.مەبەست لەم هۆكارە, ئەو شێوەیەی بابەتەكەی لەسەر بونیاد نراوە، بۆنموونە گەر هونەرمەندێكی پەیكەرساز بیەوێت پەیكەری مەلیكی كوردستان (مەلیك مەحمود) دروست بكات ئەوا پێویستە شێوەیەكی كاریگەر هەڵبژێرێت تا وەرگر وخوێنەر بەلای كارە هونەرییەكەیدا ڕابكێشێت .لەڕۆمانی ژانی گەل دا, لەگۆشەیەكەوە چەقی بیرۆكەی ڕۆمانەكە دەبێتە شێوەیەكی كاریگەر, یان مەبەستێتی گوتارەكەی. لەگۆشەیەكی ترەوە هەڵبژاردنی بابەتەكە . بەشێوەیەكی گشتی بابەتە سۆزدارییەكان وفیداكارییەكان زۆرترین كاریگەر لەسەر خوێنەر دروست دەكەن, ئەمەش هۆكارێك دەبێت بۆ نەمری وزیندوڕاگرتنی بابەتەكە. ئەوەتا هەتا ئەمڕۆكە چیرۆكەكانی قەیس ولەیلا ومەجنون ولەیلا وشیرین وخوسرەو وڕۆمیۆ وجولێت بەردەوامیان هەیە بەوپێیەی ناوەڕۆكەكانیان گشتگیرن وپەیوەندییان بەهەمووانەوە هەیە بەجیاوازی زەمەن وجێگە ونەتەوە وكلتورەوە .بەمەش برایم ئەحمەد هاوشێوەی گەورە فەیلەسوفی سۆسیۆڵۆژیای فەڕەنسی, ئێدگار مۆرین ( ١٩٢١ - ) كار دەكات ومرۆڤ دۆستی وپشتگیرییەكانی دەكاتە بەردی بناغەی پێكەوە ژیان. ژانی گەل بەشێك دەبێت لەپڕۆسەی هەستە ئایدیاڵیزمەكان ونووسەر پێشتریش لەكتێبی " كورد وعەرەب - ١٩٣٧ - " ەكەیدا كاری لەسەر ئەم مرۆڤ دۆستی وپێكەوە ژیانەی كردووە .كەواتە هۆكارییە وێنەییەكان هەوڵ دەدات وێنە ڕاستەقینەكان ئاشكرا بكات كەبەلای زۆرینەوە ڕوون وئاشكرا نین وپرسیارەكان دەبنە مۆتیفێك بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕاستیانە , دواتر خوێنەر بەدواداچوون بۆ ئەنجامی ئەو ڕاستیانە دەكات . نووسەر، لەڕێگە وبەیارمەتی هێزی مرۆڤ دۆستییەوە ,دەیەوێت پەیكەرێكی ئاسنینی درێژ خایەن وبۆ هەمیشە دامەزرێنێت, زەمەنە یەك لەدوای یەكەكان كاریگەری نەرێنی لەسەری دروست نەكەن, بابەت ومەسەلەكەش بۆ تێكڕای خەڵكی نامۆ نابێت وپیرۆزە وتوانج وگلەیی لەسەر نابێت,بەڵكو پشتگیری تەواویشی لێ دەكەن,ئەویش گەیشتنە بەئازادی وسەرفرازیی كورد . بەمانایەكی تر, نووسەر لەوە تێگەیشتووە مەسەلەی كورد, بەهۆكاری جیاوازی ناوەكی ودەرەكی بەئاسانی ناگاتە مەبەستێتی خۆی، ئەمە وای لێ كردووە بناغەیەكی پتەو دامەزرێنێت تا نەوەكانی دوای خۆی، هاوشێوەی زەمەنی ڕابردوو، كاری لەسەر بكەن .
سێهەم / هۆكارە كاریگەرییەكان . ڕێژەی كاریگەرییەكان هۆكارێك دەبن بۆ گەشەی دەق وفیكر وئایدیا , یان فراوانكردن وكردنەوەی ڕاڤەكان , ئەمانەش هۆكارێك دەبن بۆ بەردەوامی دەقەكان .بە دەربڕینێكی تر, كاریگەریی نموونەكانی ڕابردوو هۆكارێك دەبن بۆ خوڵقاندنی دەقێكی ئێستا وكۆكردنەوەی زەمەنی هەردوو دەق لەبازنەیەكی هەڵوێستەیی وبابەتیێكی هاوشێوە .شەڕی بەردەركی سەرا ( ١٩٣٠ ) وشۆڕشی جەزائیر دوو فاكتەری هەرە گرنگی كاریگەرییەكانە , بەڵكو هۆكارێك بوون بۆ لەدایك بوونی ژانی گەل چونكە هەردوو فاكتەرەكە لەسەر بنەمای زوڵم وستەمی داگیركەران وبانگەواز بۆ سەربەخۆیی وئازادی وبرایەتی دامەزراون .واتە ڕووداوەكانی ئێستا پێویستی بەسەرچاوەلێگرتنەكانی (مرجع ) ئەو دوو فاكتەرە بوو, پێچەوانەكەشی هەر دروستە بەوەی ئەو دوو فاكتەرە هۆكارێك بوون بۆ ورووژاندنی نووسەری ژانی گەل .بەمەش هێزی كاریگەرییەكان ڕۆڵی كەسێتییەكی سەرەكی بۆ ڕۆمانەكە دەبینێت و جگە لەبەشدارییە كارامەییەكانی , هەڵدەستێت بەكۆكردنەوەی جەماوەر لەدەوری بابەت وناوەڕۆكەكە وخۆئامادەكردن بۆ جەنگی ئازادی وسەربەخۆیی .
چوارهەم / هۆكارە ئامانجییەكان.ئامانجگرتن ( تیڵۆڵۆژیا ) تیۆرێكی فەلسەفییە, ئەركەكەی بریتیە لەدەستنیشانكردنی ئامانجی شتەكان بەوپێیەی لەپشت هەر شتێكەوە پێویستە ئامانجێك یان چەند ئامانجێك هەبێت، هەروەك ئامانجی دروستكردنی كورسی دانیشتنە. لەگەڵ ئەمەشدا,زۆربەی جار ئامانجەكان ڕوون نین وشاراوەن وخوێنەری بەئەزموون دەتوانێت ئاشكرایان بكات .لە ژانی گەل دا كۆمەڵێك ئامانج لەپشت ڕۆمانەكەوەیە، بەنموونەی :
- جووڵە بەكردارە سیاسی وشۆڕشگێرییەكان ئەمەش دوای شكستەكانی شۆڕشی شێخ مەحمود وسەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی بەردەركی سەرا . جووڵەكەش دەرئەنجامی جەنگی جیهانی دوهەم ولێكەوتەكانییەوە هاتە كایەوە, بەتایبەتی گۆڕانكاری لەنەخشەی سیاسی وفیكری لەجیهان بەگشتی ودەركەوتنی هێزی نەتەوایەتی لەجیهانی عەرەبی وڕۆژهەڵاتی وبانگەواز بۆ یەكسانی وسەربەخۆیی وئازادی گەلان .
- هاوشێوەی گەلانی چەوساوە وداگیركراو ,هوشیاركردنەوەی تاكی كورد بەرامبەر بەمەسەلە چارەنووس سازەكانیدا .
- دامەزراندنی گوتارێكی فیكری وسیاسی یەكگرتوو , هەمووان بەشدار بن لەپڕۆسەی ئەو گوتارەدا، تا دەبێتە دەستوور ومانیفێستۆیەك بۆ دۆزی كورد وكوردستان .
- كۆڵنەدان لەخەباتی چەكداری وبەردەوامبوون لەبەرەنگاربوونەوە دژ بەداگیركەران .
- دووركەوتنەوە لەچەمكە سۆسیۆڵۆژییەكان وگرنگیدان بەگوتارە فیكری وسیاسییەكان چونكە بازنەی سەربەخۆیی وئازادی پێویستی بەو گۆڕانكارییە بوو .واتە گەرچی، بابەتی ڕووداوی ڕۆمانەكە بەمەسەلەیەكی سۆسیۆڵۆژی وسۆزداری دەستیپێكرد بەڵام نووسەر هەر زوو ئەم قۆناغەی تێپەڕاند وچووە نێو قۆناغێكی زۆر جیاوازەوە, خۆپیشاندان وپەلاماردان وفیداكاری وگرتن وكوشتن .
هەموو ئەمانە پەیوەندی بەتێكڕای خەڵكییەوە هەبووەو هەیە، دوورن لەداواكارییە خۆویستییە تایبەتەكانی نووسەر ,ئەمەش هۆكارێكە بۆ نەمری وبەردەوامی دەقەكە وخاوەنەكەی, وە هەتا مەسەلەی كورد لەچوارچێوەی داگیركاریدا بمێنێتەوە وچارەسەر نەكرێت ئەوا دەقەكەش بەزیندوویی دەمێنێتەوە وكاری لەسەر دەكرێت, بەپێچەوانەوە گەر مەسەلەكە چارەسەر كراو وكورد مافەكانی خۆی وەرگرت ئەوا ئەوسا هێزی دەقەكە تەنیا خۆی لە نێو بابەتێكی مێژووییدا دەبینێتەوە .
تێبینی :
ئەم نووسینە، دەرئەنجامی مێزگرتێكی فیكری وئەدەبییە , بەبۆنەی تێپەڕبوونی زیاتر لەنیو سەدە لەبڵاوبونەوەی شاكاری ڕۆمانی ژانی گەل ی نووسەر وشاعیر وبیرمەند برایم ئەحمە (بلە ) قسەی لەسەر كراوە , بۆردی وێب سایتی گەلاوێژ بەهاوكاری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان مێزگردەكەی لەئەستۆ گرت، بەبەشداری كۆمەڵێك ئەكادیمی نووسەر, ڕۆژی یەك شەممە ٢٥ /٨ / ٢٠٢٤ .
لە گفتووگۆی سەرۆکی یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نێچیرەڤان بارزانی؛ دەرگای دیالۆگی بێ مەرج بەرووی پرۆسەی سیاسی هەرێم کرایەوە و هەردوولا لەگەڵ کاری پێکەوەیی بوون .
"واقع حکوم دەکات"
بافڵ تاڵەبانی پێچەوانەی رووە سەربازییەکەی مەدەنیانە دەرکەوت و راشکاوانە قسەی دڵی خۆیکرد؛ لە هەولێری پایتەختەوە پەیامەکانی خۆی گەیاندە بەرامبەرەکەی.
بافڵ تاڵەبانی سەرباری ئەوەی مایکەکەی دووبارە فڕێدایەوە بەڵام لەگەڵ قبوڵکردنی رەنگە جیاوازەکان بوو دانی بە بوونی هێزە سیاسییە تازەکان نا؛ لە پرۆسەی بانگەشەدا باسی لە معاناتی هێزە سیاسییەکانی ترکرد لە کاتی بانگەشە لە زۆنی زەرد کە دووچاری ئازاردان ببوونەوە؛ بەروونی گووتی: هەڵە بەهەڵە چارەناکەم؟!
لە درێژەی باسەکەیدا لەگەڵ ئەوەبوو بەدەستە جەمعی کاری پێکەوەی بۆ ئایندەی سیاسی هەرێمی کوردستان بکرێت لە ئاستی ناوخۆو دەرەوەش کاری پێکەوەیی گشتگیر بکرێت.
ووتی: دووساڵە یەکێتی رێرەوەکەی راستکردۆتەوە؛ توانی لەم ماوەکەمەدا هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە.
بەروونی ئەوەشی وت: کە خەڵک متمانەیان بەدامەزراوەکان نەماوە.
ئەوەی گرنگ بوو لە گفتووگۆکانیدا دەرگای دیالۆگی سیاسی بە کراوەی جێهێشت و باسی کۆتایی سەردەمی ٥٠+١ کرد.
ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی جیھان بە گشتیی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتیی، بەو پێیەی ھەر گۆڕانکارییەک لە سیاسەت و سیستمی ئەو ولاتە ڕووبدات راستەخۆ کاریگەریی لەسەر وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
ئەمریکا لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەستیکرد بە سەپاندنی ھەژموونی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەمیشدا دەیان بنکەی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە دامەزراند بە تایبەت لە وڵاتە ھاوپەیمانەکانییدا.
لە دوای کۆتایھاتنی جەنگی جیھانیی دووەم، ئەمریکا پەیوەندیی دیپلۆماسیی و سەربازیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە گەشەپێدا بەتایبەتی دوای دروستکردنی ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٤٨)، لەو کاتەوە ئەمریکا بەردەوام لە فراوانکردنی ھەژموونی خۆیدایە، فراوانخوازییەکە بە جۆرێکە لە ئێستادا ئەمریکا (٦٠ بۆ ٨٠) ھەزار سەرباز و راوێژکاری بە پلەی جیاواز لە ناوچەکەدا جێگیرکردووە، لەوانەش عێراق، سوریا، کوەیت و قەتەر.
ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چەند ئامانجێکی بنەڕەتیی و سەرەکی ھەیە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش بۆ ھێنانەدی ئەم ئامانجانە دادەرێژرێت، کە بریتین لە:
• زامنکردنی ئاسایشی وزە، پاراستنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی نەوت و گازی سروشتی لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
• پاراستنی ئاسایش و ئارامی ئیسرائیل.
• فراوانکردن و بەردەوامیدان بە ھەژموونی خۆی لە ناوچەکە.
ئەم سێ ئامانجە، ئامانجی نەگۆڕن، بە گۆڕانکاریی لە سەرۆک و حکومەتەکان ھیچ گۆرانکارییەک یان سازشێک لەسەر ئەم ئامانجانە ڕوونادات، بەڵکوو تەنھا میکانیزمی کارکردن بۆ ھێنانەدیی ئەم ئامانجانە گۆڕانکاریی بەسەردادێت، لێرەوە جیاوازیی لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان درووستدەبێت لە شێوازی کارکردن بۆ ھێنانەدی ئەم ئامانجانە، کە ھەردوو حزب لە ئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا خاوەنی سیاسەت و ستراتیژی تایبەت بە خۆیانن.
پارتی دیموکرات کۆنترین پارتی سیاسی ئەمریکایە و لە کۆنترین پارتە سیاسییەکانی جیھانە، لە ساڵی ((١٨٢٨ بە فەرمی دامەزرا، لە مێژووی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە کۆی (٤٦) سەرۆک (١٤) سەرۆک لە دیموکراتەکانن، یەکەم سەرۆک لە دیموکراتەکانی ئەمریکا "ئەندرۆ جاکسۆن" بوو لە ساڵی (١٨٢٩)، دواین سەرۆک "جۆ بایدن"ە.
پارتی کۆماریی ئەمریکا لە ساڵی (١٨٥٤) لەلایەن چالاکوانانی دژە کۆیلایەتی دامەزراوە، بە درێژایی مێژووی تەمەنی خۆی لە کۆی (٤٦) سەرۆکی ئەمریکا (١٩) سەرۆک لە کۆمارییەکانن، یەکەم سەرۆک "ئەبراھام لینکۆڵن" بوو لە ساڵی (١٨٦٠)، دوایەمین سەرۆک "دۆناڵد ترەمپ"ە.
ئەم دوو پارتە بەردەروام لە کێبرکێی یەکتریدان، بەدەر لە تێڕوانینیان بۆ سیاسەتی ناوخۆیی، لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەش جیاوازییەکی بەرچاویان ھەیە، دیموکراتەکان پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەن بەڵام جەخت لەسەر ڕێبازێکی ھاوسەنگ دەکەنەوە بۆ پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەکی ھەستیار مامەڵە دەکەن لە پشتیوانیکردنی ئەو ڕژێمانەی کە تۆماری مافی مرۆڤیان خراپە، وەک سعودیە کە ھەرچەندە ھاوپەیمانی ئەمریکایە بەڵام ڕەنگە بانگەشە بۆ چاکسازی یان پشتیوانی مەرجدار بکات، بەڵام کۆمارییەکان لە پاڵپشتییکردنی ئیسرائیل زیاتر لەگەڵ ھاوکاری سەربازیی راستەوخۆدان، پشتگیری لە ناساندنی "قودس" دەکەن وەک پایتەختی ئیسرائیل، ئەم ھەڵوێستە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لە ساڵی ٢٠١٧ زیاتر کاری لەسەر کرا، لەگەڵ ئەوەن توانا بەرگرییەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێ و ئەکتەرە نا دەوڵەتییەکان بەھێزتر بکەن.
دیموکراتەکان جەخت لەسەر چارەسەرە دیپلۆماسییەکان دەکەنەوە و ڕەنگە زیاتر وریا بن لە دەستتێوەردانە سەربازییەکان، پێی باشترە فشاری ئابووری و سیاسی بەکاربھێنێت تا ڕادەیەک میانڕەوترە، بەڵام کۆمارییەکان بەوە ناسراون بە بەراورد بە دیموکراتەکان سیاسەتێکی تا ڕادەیەک تووندیان ھەیە، جەختیان لەسەر ئامادەیی سەربازی بەھێز و ھاوپەیمانی ستراتیژی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووەتەوە.
پەیوەست بە ئێران، پارتی دیموکرات پشتگیری لە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەکات، لەوانەش دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەتۆمییەکان و ڕەفتاری ناوچەیی. بەڵام کۆمارییەکان ئێران وەک ھەڕەشەیەکی مەترسییداری ناوچەیی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا سەیردەکەن، بۆیە ھەڵوێستییان لەبەرامبەر ئێران توندڕەوانەترە تیشک دەخاتە سەر گەمارۆ ئابوورییەکان و فشارە سەربازییەکان.
دیموکراتەکان زیاتر جەخت لەسەر مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی دیموکراسی دەکەنەوە وەک بەشێک لە سیاسەتی دەرەوە، پشتیوانی لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەن و رەخنە لە سیاسەتی پاوانخوازیی دەگرن، بەڵام کۆمارییەکان لەگەڵ سەقامگیری ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرن بۆ چەسپاندنی مافی مرۆڤ، بە گرنگیدان بە سەقامگیرکردنی ئاسایشی ھاوپەیمانانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنانەت ئەگەر تۆماری مافی مرۆڤیان جێی پرسیار بێت، بە بەراورد بە دیموکراتەکان کەمتر جەخت لە گەشەپێدان و چاکسازییە دیموکراسیەکان دەکەنەوە.
زۆرجار کۆمارییەکان پشتگیری لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ دەکەن لەو ململانێیانەی کە وەک ھەڕەشە ھەستیان پێدەکرێت، لەکاتێکدا دیموکراتەکان ڕەنگە ھەوڵە فرە رەھەندەکان و ھاوکارییە مرۆییەکان بکەنە کاری لە پێشینەیان.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، با ئاراستەی ھێنانەدی ئامانجە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەرێژرێت، جا کۆماریی بن یان دیموکرات، وتەکەی سەرۆک "ریچارد نیکسۆن" وەکو بنەمایەکی سەرەکی دادەنرێت لە دارشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە دەڵێت: "ئەمریکییەکان ناچنە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بۆ بەرگرییکردن لە دیموکراسی و شەرعیەت و دژایەتیکردنی دیکتاتۆریی، بەڵکو ئێمە بۆیە دەچینە ئەو شوێنانەو، چونکە ناھێڵین بەرژەوەندیییەکانمان بکەوێتە مەترسیییەوە".
رون و راشکاوبین رێگەی ئاشتی چەندە دووربێت، باشترە لە رێگەو میکانیزمی شەڕو خوێن رشتن و کاولکاری.
لە تورکیا دا دەوڵەت لەسەر بنەمای یەک ئاڵاو یەک نەتەوەو یەک زوبان خۆی دروستکردووە.
پەروەردەی ئەودەوڵەتە لەسەر ئەوبنەمایەیە. جگەلەوەش تورک وەک نەتەوە لەسەر بیرۆکەی رەگەزپەرستی راھێنراون.
ھەستیاری گەورەیان بە کوردو دۆزەکەی ھەیە.
جاران دەیان وت: کورد تورکی شاخاوین دواتر دەیان وت: کوردەکان کلکیان ھەیە. کوردبوون لە تورکیا وەک عەیبەیەک نیشاندرابوو.
زۆر خێزان لە تورکیا ھەن کە بەرەچەڵەک کوردن، بەڵام بەھۆکاری سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن؛ شوناسی خۆیان گۆڕیوەو ئینکاری لە کوردبوونیان دەکەن.
لەتورکیا بەقوڵی دەوڵەت ھەستیارە بەرامبەر بەدۆزی کوردو رەوایدان بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی تورکیایەکی جیاوازدا.
بە ئێستاشەوە ھەزاران کەس بەھۆکاری کوردبوونیان گیراون.
زیندانەکان لە تورکیا پڕن لە کورد، لەسەر جل و بەرگ و ھەڵپەڕکێ و گۆرانی وتن بە کوردی خەڵک زیندانی کراون و دۆسییەی کەجەکەیان بۆ کردونەتەوە.
تورکەکان قسەیەکیان ھەیە دەڵێت: کە دژی دەوڵەتی کوردیشین ئەگەر لە ئەفریقاشبێت. ئەوەی ئێستا بەرھەم ھاتووەو خەریکە دان بە مافی کورد وەک نەتەوە دەنێن دیووی پشتەوەی تائێستا دیارنییە؟! ئەوەی وەک دیفاکتۆ بەدیھاتووە بەرھەمی خەباتی بێوچانی نەتەوەی کوردە.
ساڵی ١٩٩٣ لەسەردەستی سەرۆک مام جەلال و بەھەماھەنگی لەگەڵ تورکت ئۆزال سەرۆکی ئەوکاتەی تورکیا. پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند.
خەونی گەورەھەبوو بۆ سەرگرتنی ئاشتی لەتورکیاو دەستپێکردنی گەری دانوستاندنە رەسمییەکانی دەوڵەت و پەکەکە.
بەڵام لەرووداوێکی گوماناویدا ئۆزال مردوو چالاکییەکی ناروونیش دژ بە سوپای تورکیا وایکرد ریسەکە ببێتەوە بە خوری و جەنگ دووبارە دەستی پێبکاتەوە.
لە گەرێکیتردا ساڵی ٢٠١١ لە ئۆسلۆ دیالۆگ لە نێوان پەکەکەو دەوڵەت رویدا؛ ئەنجام پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ٢٠١٢ دەستیپێکردوو رێککەوتنی دۆڵمەباخچەی لێکەوتەوە کورد خەریک بوو ئاھێکی بەبەربێتەوە؛ بەڵام ئەوەش بەدەردی دەرفەتی ئاشتی ساڵی ١٩٩٣ لەباربراو شەر دەستی پێکردەوەو سیاسەتی قەیووم جێگەی دیموکراسی گرتەوەو دەوڵەت بەقورسی کەوتەوەناو جەنگ.
ئەم دەرفەتەی ئێستا کە ئیمرالی بە موخاتیب وەرگیراوە؛ جیاوازە؟!
دۆخی ناوچەیی لەسەروبەندی تەقینەوەی بورکانەکەدایە کە نەخشەی رۆژھەڵاتی کردۆتە ئامانج و ترس لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە ھەیە کە تورکیاشی لێ بێبەری نییە.
ئێستا تورکەکان بە دیموکراس و رەگەزپەرستەوە، داوای چارەسەری ناوخۆ دەکەن؛ مەرامیانە وڵاتەکەیان بەھۆی کوردەوە پەرت نەبێت و بەروونی دەڵێن دەمانەوێ لەناوخۆ ئەوکێشە مێژووییە چارەبکەین.
تورکەکان چاویان لەوەیە کە بە ھەرشێوەیەک بێت؛ تورکیا وەک کیان بپارێزن و دووری خەنەوە لە کێشمەکێشی ناوخۆیی و ناوچەیی.
ئەوەی بۆ کورد گرنگە وەک نەتەوە سود لەم دەرفەتە ستراتیژییە وەرگرێت و بە زیرەکانە کەیسی ئاشتی لەبەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە.
نەک وەک دەوترێ ئەوەی کورد بە چەک بەدەستی ھێناوە بە دانوستاندنی سەرمێز لەدەستی دەوەتەوە.
ئەوەی دەوترێ دەبێ جێ بەجێبکرێت؛ ئەم شارە دەنگی خۆیدا، ئەم شارە هەلی خۆیدایەوە، کە عەیامێکە لەسەر خەت نەماوە؟!
ئەم شارە لەگەڵ دەستووبازووی بەهێز بووە تین و تاوی ئەو شۆڕشەی کە هەڵگیرساوە، ئەم شارە پێویستی بەخزمەتی زیاترە، پێویستییەتی.
ئەم سلێمانییە پێویستی بە رێگەوبانی باش و بریقەدارە.
پێویستی بەخزمەتگوزاری و ئاوەدانیی زێدەترە، لەگەڵ ئارامیدا، پێویستی بەهەلی کارو خزمەتی بنچینەییە.
ئێرە سلێمانییەو مەرکەزی کڵپەو ئاورو تۆمارکردنی ئازایەتییە ئێرە مەدینە سەعبەیەو؛ رێک ئەو شارەی جیهانە؛ کە دەستەمۆ ناکرێت و بەقسەی خۆش دێتەوە سەرهێڵ.
ئێرە شاری شارانە؛ ئێرە خاوەن خەونی رەنگاو رەنگی ژیان دۆستییە؛ ئێرە پێویستی بە هزری مەدەنیانەیەو حەزی لە هاوبەشییە حەزی لەوەیە لەگەڵی بیت و لە باش و خراپ پرسی پێبکەیت.
لەم شارە هەمووشت دەکرێ.. بەزمانی چەپکەگوڵەکەی مام جەلال راهاتووە.
ئێرە ئیتر پێویستی بەدەستی خێرو گەشەسەندنە ئێرە سلێمانییەو مەرکەزی سیاسی ئەم شۆڕشەیە کە هەڵگیرساوە.
سلێمانی ئەمرۆ زیاتر لە جاران گەشاوەتەوە
ئاسمانی ساف و جوانە و رووی لەگەشانەوەی زیاتریشە.
ئیتر سلێمانی لە باوەشی یەکێتیی و یەکێتیش لە باوەشی سلێمانیدا دیمەنی دیاری داهاتووی کوردستانن.
ئیتر سلێمانی وەکو جاران دەبێتەوە پایتەختی شۆرشگێری کوردستان ، پایتەختی سیاسەت و بڕیاردان و ڕەنگرێژی ئایندەی کوردستان.
ئیتر سلێمانی لە تێکۆشانی جاویداندایە هەموو کوردستان وەک سلێمانیی لێ بکات. لەگەڵ یەکێتیی ئاوێتەبۆتەوە تا دەستی لە هەموو کوردستان بڕوات.
کەمێک کەمێکی ئاسایی زام و دومەڵ ماون ، بەڵام هەردوولا سلێمانی و یەکێتیی تەگبیری هاوبەشی لێ دەکەن.
هەر بمێنی سلێمانی، لە هەڵمەت و قوربانیداندا، لە زویری و گلەیی و نازدا، لە ئاشتبوونەوە و تێهەڵچوونەوەی نوێشدا.
لەسەر هەقی و لەگەڵ هەقی . بە چاوی دڵ و بە ژیری و عەقل بیردەکەیتەوە و بڕیار دەدەیت.
یەکێتی بەم داوەریەت رازییە ، چونکە یەکێتیانەی دەنوێنی.
گومانی تێدانیە خەباتی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان لە رۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمرۆکە لە پێناوی دیموکراسی بۆ سەرتاسەری عیراق و مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی کوردستان بووە. بێگومان سستەمی پەرلەمانییش لە حوکومرانیدا، کۆڵەکەیەکی سەرەکیی دیموکراسی و بنیاتنانی حوکمڕانیی باش و دادپەروەرە. دیارە بۆ بەدیهینانی ئەم ئامانجەش یەکێتی وەک ھێزێکی سۆشیال دیموکرات، لەسەرەتاکانی ئەم ئەزموونەوە بۆ ئێستا ھەردەم پێشەنگی کاروانی ئەو خەباتە بووە.
ئاشکرایە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە زۆر رووەوە جیاوازە لە خولەکانی تر ، چ لە رووی گۆڕان لە تەرازوی هێزی لایەنە سیاسییەکانی سەر گۆرەپانی کوردستان و چ لە رووی گۆرانکاری لەشێوە و شێوازی هەڵبژاردن بەتایبەتی کە ئەمجارە فۆڕمی ھەڵبژاردنەکە بە چەشنێکە لە قازانجی بەشداریی زیاتری خەڵکدا دەبێت و رەنگە جۆرێک لە یەکسانی لە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر ناوچەکانی کوردستاندا بھێنێتەکایەوە. هەروەک چۆن کەمبوونی دەرفەتی دەستێوەردان لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن و زۆریی لیست و گەرموڕیی بانگەشەی هەڵبژاردن، ھەستکردنی ھەمووان بە بوونی مەترسیی راستەقینە لە سەر قەوارەی هەرێم چ لە
ناوخۆ چ لە دەرەوە، رۆڵیان دەبێت.
ئەرکی قورسی ئەم خولەی پەرلەمان، ئەنجامدانی گۆرانکاریی بنەرەتییە لە سیستەمی حوکمڕانیی لە هەرێم و بەگژداچوونی راستەقینەی پەتای گەندەڵییە کە بووە بە ھەڕەشەی جدی لەسەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان. بێگومان ئەرکێکی دیکە
چاککردنی ریشەیی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا دەبێت لە سەر بناغەی دەستور و بەرژەوەندیی هاوبەش. لەپاڵ ئەمانەشدا ئەرکێکی دیکەی سەرەکی پەرلەمان بریتی دەبێت لە دۆزینەوەی میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ ڕێگرییکردن لە دەستێوەردانی دەورو بەر لە کاروبارەکانی هەرێمدا.
رەنگە ئەرکی لە هەموو ئەمانەش گرنگتر زامنکردن و شەفافکردنی داهات بێت لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستاندا و نەهێشتنی تەخشان و پەخشان بێت لە رێی رێگریی کردن لەو زیادەڕۆییەی لە خەرجیەکاندا دەکرێن، بە ئامانجی
مسۆگەر کردنی موچەی کارمەندان و فەرمانبەران و خانەنشینانیهەرێم و دەسپێکردنەوەی وھەڵمەتەکانی بووژاندنەوە و ئاوەدانی و بیناسازیی ژێرخانی کوردستان.
لێرەدا پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار بوو لەم پرۆسەیەدا لە ئاستی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و ئەخلاقی ئەم ئەرکە دیموکراسییەدابن و بنەماکانی کامپەینێکی نەرم و ھاوچەرخانە پەیڕەو بکەن و دووربکەونەوە لە زمانی زبر و ختوکەدانی سۆزی خەڵک و تەخوینکردنی یەکتری.
بێگومان یەکێتی خاون دید و روئیا و بەرنامەی نیشتیمانیی تایبەت بە خۆیەتی، بەتایبەتی بۆ دوای دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەمجارە کە ئەمەش پشت ئەستور بە رێبازی مام جەلال و بە پشتیوانیی کەسوکاری شەھیدان و تێکۆشەرانی دێرین و گەنجان و لاوان و ژنان و جەماوەری قووربانیدەر کە ھێزی ھەردەم و نەگۆڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانن.
لەم روانگەیەوە، ئەرکی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان قورستر بووە چونکە ھێزێکە خاوەنی خەباتێکی دوور و درێژە، روبارێک خوێنی لەپێناوی بنیاتنانی قەوارەی هەرێمدا بەخشیوە و بەکردەوەش نزیکەی لە سێ دەیە و نیوی رابردوودا ئەرکی پاراستنیشی لە ئەستۆ گرتووە کە ئەمەش وا دەخوازیت یەکێتییەکان لە هەموو ئاست و بوار و ناوچەکاندا قۆڵی ھیمەت و مەردایەتی لێ هەڵکەن بە ئامانجی سەرخستنی یەکێتی کە سەرکەوتنی کوردستانە لەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازەدا، لە پێناو ی بەدیھێنانی گۆرانکاریی بنەڕەتی لە جۆری حوکمرانی و سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا کە داخوازیی تاک بەتاکی خەڵکی کوردستان و جەماوەری یەکێتیشە.