تەماشای سلێمانی بکەن لەیەک کاتدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک و فەرمانبەران  و رەخنەی توندو هەندێکجار توندوتیژی ، لە تەنیشتی ئەمەدا و لەهەمان کاتدا باوەش بۆ پڕۆسەیەکی گەورەیی مێژوویی ئاشتی دەکاتەوە، 

لەلایەک هەناوی دەهەژێت و هەندێک جار توڕەیی تا ئاستی کوڵان دەڕوات ، لەلایەکی دیکەش میهرەبانی و بەسۆزی و ناوبانگی باشی خەڵکەکەی سنوری پارێزگاکەو تەنانەت شارو وڵاتان دەبڕێت،

زۆر جار کەڵبەی نەیارانی لە گەرووی گیر دەبێت ، بەڵام سازش ناکات و بەبەردەوامی دەنگی ئازاد و ئازادی رادەربڕین و ئازادی سیاسی لە هەناویدا شەپۆل دەدات ، 

‏‎لەلایەک ئۆپۆزیسیۆن و دەیان حزبی سیاسی لە منداڵانیدا لەدایک دەبێت ، لەلایەکی دیکەش پێگەی پێکهاتەو ئاینە جیاوازەکان هەر لە هەناوی ئەودا گەشە دەکات ، 
سلێمانی لەیەک کاتدا شوێنی سەلەفی و سۆفی و ئیسلامی و عەلمانی و چەپەکانی تێدا دەبێتەوەو هەموانیش یەکتری قبوڵ دەکەن ، لەلایەکی دیکەش هەر هەمان پێکهاتە پێکەوە لەسەر شەقام دەنگی رەوا و زوڵاڵیان پێکەوە بەرزدەکەنەوە ئەمەیە جیاوازی سلێمانی. 

لە مێژووی درەوشاوەی خۆیدا سلێمانی بەگژ گەورەترین دەسەڵاتی ئینگلیزدا چووەتەوە و هەوڵی داگیرکاری و زەلیلی و دەستەمۆیی رەتکردووەتەوە ، بۆ ئێستاش هەمان ئیرادەو هێزو بازوو بوێری بە دەمارەکانیدا دێن و دەچن بەهەمان بیرو باوەڕەوە لەسەر شاڕێی ئیرادەو  تواناو داهێنان رێدەکات .

ئەم شارە کە پایتەختی رۆشنبیریەو وا نازناوی پایتەختی ئاشتیشی پێ دەبڕێت هەردەم شوێنی دەنگی زوڵاڵ و ئازاد بووە بۆ هەموان  و هەمووکات ئەم شارە تینووی پەلهاویشتنی زیاترەو دەیەوێت لە داهاتوودا مێژوویەکی نوێ بنوسێتەوە ئەوانەی ئومێد بە ئایندەیەکی باشترەوە دەبینن هەموویان لەم شارەوە لەداهاتوویەکی گەشتر دەڕوانن.

  سلێمانی لەپڕۆسەی ئاشتیدا مێژووی نوسییەوە

جیا لەمانە رۆژی ١١ تەموزی ٢٠٢٥ سلێمانی مێژوویەکی دیکەی تۆمارکردو  پڕۆسەی ئاشتی بردە بەرزترین ئاست و قۆناغی خۆی لە مێژوودا ، کاتێک ٣٠ گەریلاو فەرماندەی باڵا لەسەر داوای رێبەرەکەیان چەکەکانیان داناو پەکەکە بەکردەیی پڕۆسەی خۆ هەڵوەشاندنەوەو دەستبەرداربونی لە خەباتی چەکداری راگەیاند،   تەنانەت  وەک سیمبولێکی ئازایەتی و بەرخودان چەکە سوتاوەکانی پەکەکە هەر لە هەناوی شارەکەدا لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەکەی سلێمانی هەڵدەگیرێت و دەپارێزرێت ، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بزانن کە چیرۆکی ئەم شارە جیاوازەو هەموو دەستپێشخەری و سەروەرییەکان هەر لێرەوە سەرچاوەی گرتووە ، رێک وەک ئەوەی  دەستپێکی پڕۆسەی ئاشتی  هەر لەم شارەوەو لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال دەستی پێکرد و هەنگاوی بۆ نرا  و گەشەی کرد تا گەیشتە قۆناغی ئەمڕۆ ،

سلێمانی ئەو شارەی کە لە رابردوودا  پایتەختی میرنشینی بابان بووە و خوڵقێنەرو شاهیدی زۆر رووداوی مێژوو کردبووە و زۆر جار رێڕەوی مێژووی گۆڕیوە و لە هەموو سەردەمێکدا زیندویەتی و جیاوازی خۆی پاراستووە،  
ئەم شارە هەمیشە قسەیەکی هەیە بۆ ووتن ، کردارێکی هەیە بۆ پیادە کردن 
ئەمە سلێمانییە …
کەس لەو ناچێت و کەس هێندەی ئەوی پێ ناکرێت،
 پێم خۆش بوو وێنە گەورەکەی سلێمانی ببینن .