وتاروتار

کەمجار وەک ئەم بابەتە لە بەردەم نووسینی وتارێکدا راوەستاوم؛ لێرەدا هەست بە قورسایی بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەم. وەک کەسێک کە بۆ بینینی وردەکارییەکان، جارێک چاویلکەکەی دادەنێت و جارێک لایدەبات، منیش لەنێوان تێڕامان و واقیعدا گەڕام، تا وشەکانم راستگۆیانە و مانائامێز بن.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە مێژوو بەپەلە خۆی دەنووسێتەوە. جەنگ وەک دیاردەیەکی مێژوویی، تووشی گۆڕانکاریی ریشەیی بووە. ئەگەر جاران دەنگی تەقە و تۆزی مەیدان ناسنامەی شەڕ بووبێت، ئێستا جەنگ لە ئاسمانەوە دەست پێ دەکات؛ لەو شوێنەی مرۆڤ نابینرێت، بەڵکوو «ژیرییەکی بێ‌ رۆح» بڕیار لەسەر مەرگ و ژیان دەدات.
ئەمە تەنها گۆڕینی ئامراز نییە، بەڵکوو گۆڕانی فەلسەفەی جەنگە. ململانێ لە «هێزی جەستە»وە گۆڕاوە بۆ «ژیریی دەستکرد و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا» و لە «رووبەڕووبوونەوەی سەربازەکان»ەوە بۆ «بەرەوڕووبوونەوەی درۆن و موشەک». لەم هاوکێشەیەدا، کوشتن ئاسان و مەرگ بێ‌ شۆناس دەبێت؛ یەکێک لە دوورەوە خەڵک دەکوژێت و ئەوی تریش نازانێت مەرگ لە کوێوە رووی تێکردووە. ئەم دۆخە هەستی بەرپرسیارێتیی مرۆیی کەم دەکاتەوە و مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ تەنها ژمارەیەک لەسەر شاشەیەکی سارد.
ئەگەر هۆلاکۆ بە چل ساڵ جەنگ، لە مەنگۆلیاوە گەیشتبێتە بەغدا بۆ رووخاندنی خەلافەت، ئێستا موشەکێکی «فرتە دەنگ» لە چەند خولەکێکی کەمدا هەمان وێرانکاریی ئەنجام دەدات. لەناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، هەرێمی کوردستان بەبێ ویستی خۆی بووەتە مەیدانی جەنگێک کە نە بڕیاردەری بووە و نە دەسپێکەری. ئاسمانی ئەم وڵاتە بووەتە رێڕەوی تێپەڕبوونی درۆن و موشەک و تاقیگەیەک بۆ نمایشکردنی هەژموونی هێزەکان.
ئەوەی جێی داخە، هەڵگەڕانەوەی خێرای هاوکێشە سیاسییەکانە؛ دۆستی دوێنێ دەبێتە نەیاری ئەمڕۆ. سیاسەت زۆرجار لە جەنگ گەرمترە و لەپشت پەردەی بەرژەوەندییەکاندا، برینی نوێ دەکولێنێتەوە. مێژوو سەلماندوویەتی کە کوردستان هەمیشە باجی «جەنگخوازەکان» دەدات؛ ئەوانەی بۆ دەسەڵاتی خۆیان دەجەنگن، نەک بۆ ئاشتیی گەلان. لەم نێوەندەدا، دڵەراوکێ دەبێتە هاوڕێی رۆژانەی هاووڵاتی و قەیرانی دارایی و بودجە و مووچە دەبنە قوربانیی جەنگێکی بێهوودە.
هاوکات هەندێک هێز دەیانەوێت بە زۆر و بە ناهەق بمانکەنە لایەنگری جەمسەرێکی دیاریکراو. ئەمە غەدرێکی تری مێژووییە، چونکە مێژوو تەنها رووداوەکان تۆمار ناکات، بەڵکوو ئەوەش دەنووسێتەوە کە کێ ناچار کرا ببێتە سووتەمەنیی گەمەکان.
کوردستان هێشتا باجی جوگرافیاکەی دەدات؛ کەوتووەتە ناوەندی گەردەلوولی جەنگە گەورەکان بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی تەواوی بەسەر چارەنووسی خۆیدا هەبێت، بەڵام لەناو ئەم تەمومژەدا، هێشتا دەنگی مرۆڤە سادەکان بەرزە؛ دەنگێک کە تینووی ئاشتی و دادپەروەرییە و هیوای نەمرداوە.
لە کۆتاییدا، پێویستە هەرێمی کوردستان لە نێوان ئەم ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییانەدا، پارێزگاریی لە هەڵوێستی سەربەخۆ و ئەقڵانیی خۆی بکات. نابێت ببینە پاشکۆی ستراتیژیی ئەوانی تر و پێویستە خۆمان لە ئاگری جەنگە نێودەوڵەتییەکان بەدوور بگرین. پاراستنی خاک و هاووڵاتی و بونیادنانی یەکڕیزیی ناوخۆیی، تاکە بنەمای سەرکەوتنە، چونکە لە کاتی جەنگدا گەورەترین هێز تەنها چەک نییە، بەڵکوو «یەکڕیزی و ژیریی سیاسییە».
ئەگەر ئەم رێبازە بگرینە بەر، ئومێد هەیە کوردستان لە پێگەی «قوربانییەکی بەردەوام»ەوە بگۆڕێت بۆ «کارەکتەرێکی کاریگەر»؛ کارەکتەرێک کە نە تەنها خۆی دەپارێزێت، بەڵکوو دەبێتە کلیلی هاوسەنگی و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

‎لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو ئاڵۆزییەکی قووڵ و شەڕێکی دژوار هەنگاو دەنێت. ململانیەو جەنگی  نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، وەک سێ لایەنی سەرەکی هێزی ناوچەیی و جیهانی، بووەتە هۆکاری زیادبوونی مەترسی و هەڕەشەی شەڕێکی فراوانتر و ئایندەیەکی ناڕوونی پڕ لە ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا ، لەم نێوەندەدا باشوری کوردستان وەک بەشێک لە ناوچەی هەستیار، پێویستی بە هەڵوێستێکی هۆشیار و ستراتیژییەکی ڕوون هەیە بۆ پاراستنی لە پریشک و کاردانەوەکانی ئەم شەڕە کە واخوێندنەوەی بۆ دەکرێت رەنگە پەل بهاوێت بۆ ئاڵوزی و بارگرژی زیاتر و بەدووریش نازانرێت وڵاتانی دیکە ببن بە بەشێک لەم جەنگە و بە جۆرێک لە جۆرەکان تێوە بگلێن و جەنگەکە بۆ چەند جەمسەرێکی دیکە دابەش بێت.

‎لۆژیکی هەڵوێستی کورد
‎هەڵوێستی کورد دەبێت لەسەر بنەمای سێ پرەنسیپی سەرەکی دابمەزرێت:
یەکەم، پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوخۆ؛ 
‎دووەم، خۆ نەبەستنەوە بە هیچ لایەکی شەڕەکە واتە خۆ دوورگرتن لە باش و خراپی ئەوەی روودەدات تەنیا هۆکارێکی خێر بێت ئەگەر رۆڵی هەبوو یان داوای رۆڵی لێکرا
‎سێیەم، پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
‎لە ڕووی مێژووییەوە، کورد زۆرجار بووەتە قوربانی و قۆچی ملمڵانێی زل هێزەکان، بێ ئەوەی خۆی بەشداربێت لە بڕیارە سەرەکییەکان. بۆیە، لۆژیکی سیاسی ئێستا پێویست دەکات کورد بە دووری لە هەڵچوون و هاوپەیمانێتییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەر یەکێک لە ئێران و ئەمریکا ، هەوڵ بدات خۆی لە شەڕەکە دوور بخاتەوە.
‎مەترسییەکان و ڕەنگدانەوەکان
‎هەر شەڕێکی ناوچەیی لە نێوان هێزە گەورەکان، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ناوچە بچووکەکان هەیە. کوردستانیش لەبەر شوێنی جۆگرافی و سیاسی، دوور نیە ببێتە مەیدانی پێکدادان یان گواستنەوەی شەڕ. کە ئەمەش دەبێتە هۆی:
* تێکچوونی ئارامی و سەقامگیری ناوخۆ
* زیانگەیاندن بە ئابووری
* هەڕەشەی سەربازی و ئاسمانی
* لەئەگەر گەورەبونی جەنگەکەش دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی هاوڵاتیان 
* ئەمەش بەمانای تێکچوونی تەواوەتی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان دێت کە بەدوور دەزانرێت دۆخەیە بگاتە وەها ئاستێک بەڵام لە ئێستادا کە کورد بڕیارێکی ژیرانەی داوە بە خۆدوورگرتنی لەم جەنگەو نەبوونی بەبەشێک لە ململانییەکان گرنگە پێداگیری لەسەر ئەم هەڵوێستەی بکات و خۆی لە هەر بارگرژییەک بپارێزێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارام بمێنێتەوە .
‎چۆنیەتی خۆپاراستن
‎بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە، پێویستە کورد ستراتیژییەکی فرەڕەهەند بگرێتەبەر

1. بەهێزکردنی یەکڕیزی ناوخۆیی و کۆدەنگی نێوان لایەنە سیاسیەکان
یەکێتی نێوان هێزە سیاسییەکان، بنچینەی سەرەکی پاراستنی هەر ناوچەیەکە. هەر جیاوازییەکی ناوخۆ دەتوانێت بە ئاسانی بکرێتە کەلێنێک بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و دروستکردنی درز و کەلێن بۆ هەر ئاڵۆزییەکی چاوەڕوانکراو .
2. سیاسەتی هاوسەنگی
کورد دەبێت سیاسەتێکی هاوسەنگ بگرێتەبەر لەگەڵ هەموو لایەک ، بەجۆرێک کە نەبێتە بەشێک لە کێشەکە، بەڵکو بەشداربێت لە پاراستنی ئارامی و پردێک بێت بۆ چارەسەر و هێوربوونەوە .
3. پاراستنی سنوور و ئاسایشی ناوخۆ
بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان و چاودێری سنوورەکان، گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی شەڕ لە ناوچەکە  ئەویش بەهەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق.
4. ئامادەکاریی مرۆیی و خزمەتگوزارییەکان
دەبێت پلانی تایبەتی بۆ بارودۆخی نائاسایی، وەک ئاوارەبوون یان کەمبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، ئامادە بکرێت چونکە لە کاتی تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان هەموو ئەگەرێک چاوەڕوان کراوە.
5. دیپلۆماسیەتی هاوسەنگ و کارا
پەیوەندییە باشەکان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانیەکان، دەتوانێت بەشێک بێت لە پاراستنی ناوچەکە لە فشاری شەڕ و ئاڵوزییەکان.

‎لە کاتێکدا ناوچەکە بە شێوەیەکی خێرا بەرەو ئاڵۆزییەکی نوێ دەچێت، هەڵوێستی کورد نابێت سەرەتا بە سۆز یان هەست دیاری بکرێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای لۆژیک، بەرژەوەندی و خوێندنەوەی وردی بارودۆخ بڕیارو هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکرێت. خۆپاراستن لەو شەڕەدا تەنیا بە دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییەکان ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ستراتیژییەکی وورد و کارامە هەیە کە بتوانێت کورد و ناوچەکەی لە مەترسییەکانی داهاتوو بپارێزێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کوردستان… ئەم وشەیە کاتێک لە گەروو دێتەدەرەوە، هەر ئاماژەیەک نییە بۆ سنوورێکی جوگرافی؛ بەڵکو هەناسەی دایکێک، گەرمیی نیشتمانێک و لێدانی دڵێکی عاشقە کە لە ناخی هەر کوردێکدا رەگی داكوتاوە. لای ئێمە کوردستان تەنها خاک و بەرد و ئاو نییە، بەڵکو رۆحێکی زیندووە؛ مێژوویەکی بەردەوام و بیرەوەرییەکی نەمرە کە کۆڵەکەی بوونمان پێکدەهێنێت.

لە روانگەی مێژووی ئەدەبەوە، ئەم خاکە هەمیشە ناوەندی ناسنامەی کەلتوریمان بووە. ئەگەر شەرەفخانی بەدلیسی لە “شەرەفنامە”دا بە دیدێکی زانستی و رێکخراو مێژووی ئەم گەلەی تۆمار کردبێت و سەلماندبێتی کە کوردستان قەوارەی نەتەوەیەکی خاوەن بەهایە، ئەوا مەلای جەزیری بە عیرفان و ئەدەبە قووڵەکەی، عەشقی ئیلاهی و خوداناسی و نیشتمانپەروەری لەیەک خاڵدا کۆکردووەتەوە و کوردستانی کردووە بە پەرستگای جوانی و مانای ژیان.
کوردستان وەک دایک، هەم گەرمیمان پێدەبەخشێت و هەم وانەمان فێر دەکات. لە کاتی باراندا، دەشت و دۆڵەکانی دەبنە مژدەی ژیان و لەکاتی تەنگانە و وشکەساڵیشدا، وانەی خۆڕاگریمان پێدەڵێتەوە. شاخەکانمان بە هەموو شکۆ و سەربەرزییانەوە وەک پیاوە مەزنەکانمان راوەستاون؛ دەشتەکانمان بە نەرمی و میهرەبانییانەوە وەک دڵی دایکێکی دڵسۆز دێنە بەرچاو. گژوگیا و رووبارەکانی ئەم خاکە، شیعرێکی سروشتی دەخوێنن کە تەنها دڵی کورد لە کۆد و مانا قووڵەکانی تێ دەگات.

ئەم خاکە تەنها جوانیی سرووشت نییە، بەڵکو لانکەی پیاوان و ژنانی کاریگەریشە. لە هەر قۆناغێکی مێژوودا، کوردستان خەباتکار و تێکۆشەری هەبووە کە لە پێناوی ئازادییدا رووبەڕووی مەترسییەکان بوونەتەوە. لەم رێگایەدا، خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک فیداکارییەکی بەردەوام، رۆڵی هەبووە لە پاراستنی ئەم خاکە و گەشاوە هێشتنەوەی هیوای گەل.

خوێنی شەهیدان کە وەک رووبارێکی سوور لەناو مێژووی ئێمەدا هەڵدەقوڵێت، تەنها یادەوەری نییە، بەڵکو پەیمانێکە،  کە دەڵێت: کوردستان نەمرە و نامرێت. ئەمڕۆ لەناو ئاڵۆزییە سیاسییەکان و هەڕەشەکاندا، ئەرکی سەر شانمانە بە دانایی، یەکگرتوویی و ستراتیژێکی تۆکمە، ئەم خاکەمان لە هەر بەڵایەک بپارێزین.

کوردستانەکەم…

تۆ دایک و نیشتمان و عەشقی هەمووانیت کوردستان. لە تۆوە دەست پێدەکەین و بۆ تۆش دەگەڕێینەوە. ئەرکی ئێمە تەنها پاراستنی سنوورەکان نییە، بەڵکو پاراستنی رۆحی کوردستانە؛ پاراستنی زمان، کەلتوور و ئەو هیوایەیە کە لە دڵی هەموو کوردێکدا دەژی.گۆرانی شاعیر دەڵێت:
"کوردستان، کوردستان
نیشتمانی جوان
هەر بژی بە شادی
سەربەستی و ئازادی
هەر بژی! هەر بژی! هەر بژی!

لە کۆتایشدا ئەزموونی سەختی خەبات بەردەوام فێری کردووین کە ئەگەر رابردوو بە خوێن نووسرابێت، ئەوا ئایندە دەبێت بە ئەقڵانییەت، دانایی و یەکگرتوویی بنووسرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان تێکچوونی هاوسەنگی و دروستبوونی هاوکێشە نوێکاندا دەجووڵێت. عیراق و هەرێمی کوردستان، ناتوانن خۆیان لە کاریگەرییەکان دابڕن. زیادبوونی ململا‌نێ ناوچەییەکان، ئاڵۆزیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کێشە و ناڕوونیی ناوخۆ، هەموویان پرسیارێکی بنەڕەتی دەخەنە بەردەم تاکی کورد ئەویش ئەوەیە: ستراتیژێکی دروست بۆ مانەوە و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام بە دیدی ئێمە وەک کادری دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خزمەتکاری وڵات؛ تەنها سیاسەتی نەرم و  دیالۆگ و زانینی تەرازووی هێز و خوێندنەوەی گەشەکردنی بەردەوامییە. سیاسەت هونەر و داناییە، ئەگەر لە بنەڕەتدا بەرچاوروون نەبێت، دەبێتە پاشکۆ. ئەوەی ئێمە لە ئێستادا جێبەجێی دەکەین، سنووری ئاییندەمان دەکێشێت.


لەم بارودۆخەدا، هێمنی و دووربینی و دیالۆگ دەرمانی هەموو دەردێکە، ئەمانەش تەنها وشەیەکی سیاسی نین، بەڵکو پێویستییەکی چارەنووسسازن. ئەو قەوارانەی ناتوانن لەنێوان هێز و ئەقڵ، ململا‌نێ و هاوسەنگی، هاوبەش و بەرژەوەندیی نیشتمانی هاوتا بکەن، بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەریی یارییە گەورەکان. وەک هینری کیسنجەر ئاماژەی پێداوە، سیاسەت لە کاتی قەیراندا مانای راستەقینەی خۆی دەردەخات؛ چونکە لەو کاتانەدا میللەتان ناچار دەبن لەنێوان ئەوەی دەیانەوێت و ئەوەی دەتوانن، یەکێکیان هەڵبژێرن. لەم چوارچێوەیەدا، گەڕانەوە بۆ قوتابخانە سیاسییەکەی سەرۆک مام جەلال تەنها باسکردنی رابردوو نییە، بەڵکو پێویستییەکی ئێستایە. قوتابخانەی رەوانشاد مام جەلال فێرگەیەکی سیاسەتی نەرم نەبوو، بەڵکو فێرگەیەکی ستراتیژیی زیرەکانە بوو؛ لەوێدا دیالۆگ و هێز و هاوسەنگی بڕیار بوو.


مام جەلال فێری کردین کە سیاسەت هونەری سەپاندنی سەرکەوتن نییە، بەڵکو هونەری بەڕێوەبردنی جیاوازییەکانە. لە سیاسەتدا سەرکەوتن هی ئەوانەیە کە خۆیان و دژەکانیان دەناسن، نەک ئەوانەی « شەلمکوێرم کەس نابوێرم »رەفتار دەکەن. یەکێک لە گرنگترین تاقیکردنەوەکان، پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدایە. بەغدا تاقیگەیەکی بەردەوامە بۆ پەیوەندییەکانی هەرێم؛ لێرەدا هەڵەکان نرخیان زۆر گرانە. ئەزموونی رابردوو نیشانمان دەدات کە پچڕانی پەیوەندی چارەسەر نییە، بەڵکو قووڵکردنەوەی کێشەکانە. پەناش بۆ دەستوور «سەکی غوفران»نییە، چونکە هیچ دەستوورێک بۆ خۆی چارەسەر نییە، ئەگەر ئیرادەی سیاسی نەبێت.


بۆیە، گەڕانەوە بۆ دەستوور دەبێت هاوبەش بێت لەگەڵ ویستی راستەقینەی دیالۆگ و سازان.
لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا دیالۆگ هەڵبژاردە نییە، بەڵکو چارەنووسە. بێلایەنیی راستەقینە ئەوە نییە کە لە هەموو شتێک دووربیت، بەڵکو ئەوەیە کە لە هەموو لایەنەکان نزیک بیت بەبێ ئەوەی خۆت لەدەست بدەیت. ئەوانەی کە خۆیان دەکەن بە بەشێک لە ململا‌نێ و کەوا سووری بەر لەشکر، لەکۆتاییدا دەبن بە ئامرازێک لە دەستی ئەوانی تردا.


ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وەک هێزێکی گەورە و خاوەن پێگەیەکی تایبەت لە گۆرەپانی کوردستان و میراتگری رێبازی سەرۆک مام جەلال، لە تاقیکردنەوەیەکی نوێدایە. نیشتمانپەروەریی کاتێک مانای دەبێت،  لەکاتی قەیراندا بڕیاری راست و دروست بدات، ئەو سیاسەتەی کە خزمەتی ئەمڕۆ نەکات، داهاتوو دەدۆڕێنێت. میراتگری ئەو قوتابخانەیە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی سەر شانمانە. ئەم بەرپرسیارێتییە تەنها پاراستنی رابردوو نییە، بەڵکو دروستکردنی ئاییندەیە.


مێژوو هەمیشە لەگەڵ ئەوانەیە کە بڕیار دەدەن، نە لەگەڵ ئەوانەی کە تەنها چاوەڕوانن. قەیران هەمیشە مەترسی نییە،بەڵکو هەندێکجار دەرگای بڕیارە گەورەکانیشە.
لە کۆتاییدا، بە کوردی و کرمانجی دەڵێین: ستراتیژی راستەقینە ئەوە نییە کە تەنها وەڵامی قەیران بداتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت داهاتوو دروست بکات. ئەو نەتەوەیەی کە ئاییندەی خۆی دیاریی نەکات، نەیارەکان بۆی دەنووسن.
ستراتیژیی دروستکردنی داهاتوو ئەوەیە کە بتوانێت ڕێگای داهاتوو بگۆڕێت. میللەتان لە قەیراندا نامرن، بەڵکو لە بێ‌ بڕیاری و بێ‌ رێبازیدا لەناو دەچن. مانەوە بە هێزیی بابەتی بوون نییە، بەڵکو بە ئەقڵ و ڕوونبینییە کە کات و شوێن دەناسێت. ئاییندە هی ئەوانەیە کە خۆیان دروست دەکەن، نەک تەنها چاوەڕوانی رووداوەکانن، ئەوەی ئێمە لە ئێستادا هەڵیدەبژێرین، سنووری ئاییندەمان دەکێشێت. ئایندە بۆ ئەوانەیە کە هێزی بڕیاردانیان هەیە، نەک تەنها هی ئەوانەی کە هێزیان هەیە. 
مام غەفور (مامە غەفە) رۆحی شاد بێت، هەموو جارێک دەیوت: ئەوەی بە گەردەلوول بژێوی پەیدا بکات، با دەیبات!!

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێشمەرگە تەنها ناوێک نییە بۆ هێزێکی چەکدار، بەڵکو چەمکێکی قووڵی نەتەوەییە کە لە ناخی مێژووی کوردستاندا رەگی داکوتاوە. ئەو رۆحی خۆڕاگری و فیداکارییەیە کە لەسەر شاخەکان گەشاوەتەوە و بووە بە قەڵغانی پارێزگاری لە سەربەخۆیی و کەرامەتی مرۆڤی کورد. بە درێژایی خەبات و شۆڕشی کوردستان، پێشمەرگە رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە بەرگریی لە خاک و ناسنامە. ئەم هێزە نەک تەنها لە مەیدانی شەڕدا سەرکەوتوو بووە، بەڵکو بووەتە هێمایەکی بەرز بۆ رۆحی کوردایەتی؛ رۆحێک کە لە فیداکاری و خۆبەخشیندا خۆی دەبینێتەوە.
لە دید و بۆچوونی رەوانشاد مام جەلال دا، پێشمەرگە تەنها هێزێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو هێزی ویست و باوەڕە. ئەو پێی وابوو کە پێشمەرگە دەتوانێت بە یەکگرتوویی و بیرکردنەوەی سیاسیی راست و دروست، خاک بپارێزێت و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەتەوەکەی دروست بکات. ئەم دیدە هێشتا پەیامێکی گرنگە بۆ ئەمڕۆ، کاتێک ناوچەکەمان گۆڕانکارییەکی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت.
پەیوەندیی نێوان پێشمەرگە و کەلتوری کوردی لە هێمای نەورۆزدا بە شێوەیەکی روون دەردەکەوێت؛ ئاگری نەورۆز وەک ئاگری ئازادییە و هێزی پێشمەرگە گڕی ئەو ئاگرەیە. هەروەها پێشمەرگە بە بەخشینی ژیانی خۆی مانا بە ژیان دەدات، چونکە فیداکارییەکانی تەنها هەر نیشانەی پاکیی نین، بەڵکو بەرپرسیارییەتییەکی بەرزی ئاکارییشن.
لە ئێستادا، پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی ئەم رۆڵە، پێویستە سەرنج و بایەخپێدانێکی زیاتر بدرێت بە ژیانی پێشمەرگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە بواری موچە و دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێویستییەکانیاندا بە شێوەیەکی گشتی، ئەویش لە پێناوی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان، هەروەها خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدەکان. ئەمەش تەنها ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەنەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستان و کۆمەڵگەیە. لەهەمان کاتدا، پێویستە پێشمەرگە وەک “سیمبولی نەتەوەیی” ببینرێت، نەک وەکو ئامرازێک بۆ ململانێی ناوخۆیی. دوورخستنەوەی ئەم هێزە لە کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان، رێگا واڵا دەکات بۆ داهاتوویەکی گەشتر بۆ ئەم هێزە نیشتمانییە.
پێویستە بگوترێت؛ لە کاتی بەهار و گەڕانەوەی ژیان بۆ سروشت، کاتێک ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و رۆحی نوێبوونەوەی هیوا دەکەوێتە دڵان، دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم ئازادیی و دەسکەوت و ژیانە بە فیداکاریی پێشمەرگە و شەهیدەکانمان هاتۆتە دی و پارێزراوە. پێشمەرگە هێشتا هێزی ئێستا و هیوای داهاتووە؛ ئەگەر بە یەکگرتوویی و بایەخەوە لێی بڕوانین، ئەوا دەتوانێت هەمان رۆڵی مێژوویی هەبێت لە دروستکردنی کوردستانێکی ئازاد و ئارام و سەربەرزدا.
لە کۆتاییدا دەڵێم: داخەکەم دەست و پەنجەی شێوەکار «جاک لویس دیڤید»ـم نییە، تا تابڵۆی کاتی شەهیدبوونی پێشمەرگە بنەخشێنم، وەک تابلۆی «مردنی سوکرات»کە لە ساڵی 1787دا دروست کراوە؛ بەڵام دەتوانم ئەم چەند دێرە لەسەر رۆژەی پرشنگداری دڵم دابتاشم:
پێشمەرگە کاتێک دڵی دەسووتێت
ئاگرێک لە لوتکەی شاخەکان هەڵدەگیرسێت،
کاتێک رۆحی بە ئاسمانی نەمراندا دەگوزەرێت
چەخماخەیەک لە ناخی مرۆڤایەتیدا 
دروست دەکات.
کاتێک پێشمەرگەیەک
 لەباوشی پێشمەرگەیەکی دیکەدا
گەردنئازادیی دەکات و رۆحی سەفەر دەکات،
ئاوی زەڵم باوەش بە شاخی کەرەجاڵدا دەکات.
کاتێکیش چاوەکانی دەگرین،
بارانێک لە ئاسمانی نیشتمانەوە دادەبارێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییدا.. یاسا چۆن دەتوانێ رێگری لەم فەوزا میدیاییە بکات؟


بڵاوكردنەوەی دیمەنی هێرشە درۆنیی و مووشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، لەلایەن بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەرووداوەکانی شەوی رابردوو هەروەها چەند حاڵەتێکی دیکەدا لەلایەن ژمارەیەك راگەیاندنكار و بەشێك لەو كەناڵە بیانیانەی ئۆفیسیان لە هەرێم هەیە،  مەترسیدارە و هەموو سنوورێكی یاسایی و پیشەیی بوونی تێپەڕاندووە لەبەردەم هەڕەشەیەکی جددی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییداین.


هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتیی ڕووبەڕووی دۆخێكی هەستیاری نا پارێزراوی ئاسایشی كۆمەڵایەتیی بووەتەوە، لەم جەنگەدا، پاراستنی زانیاری و مامەڵەکردنی بەرپرسیارانە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداوەکان، یەكێكە لە بنەما سەرەکییەکانی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی.
 دامەزراوە میدیاییەکان و رۆژنامەنووسان، بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لە گواستنەوەی زانیاریی هەیانە، بەرپرسیارییەکی گەورەی یاسایی و ئەخلاقییان لەسەرە، کە پێویستە بڵاوکردنەوەی هەواڵ بە شێوەیەک بێت کە زیان بە سەلامەتی هاوڵاتییان و ئاسایشی گشتیی نەگەیەنێت.


كەچی لەسەرەتای دەستپێكی ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان، تا هێرشەکانی شەوی رابردوو، رۆڵی بەشێك لەمیدیا و رۆژنامەنووسان زۆر خراپ و دوور لە یاساكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بوونە، بەتایبەت لەشوێنی بەئامانجگرتنی مووشەك و درۆنەكان و پێشاندانی دیمەنەكان، هاوكارێكی سەرەكین بۆ دوژمن، كە بەشێكی زۆریان لەبێئاگایی دەرئەنجامەكانی، تەنها لەبەر لایك و ڤیۆ ئەم كارانە دەكەن، كە دەكرێت میدیای لەسەر دابخرێت، یاخود میدیاكاری لەسەر دەستگیربكرێت، ئەگەر بێت و یاساكان جێبەجێ بكرێن. 

 

بەپێی یاسای ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان ژمارە (35) ساڵی 2007، ئازادیی ڕاگەیاندن مافێکی بنەڕەتییە کە پارێزراوە، بەڵام ئەم ئازادییە سنووردارە کاتێک کە بەکارھێنانی ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتیمانی یاخود سەلامەتی گشتی یان بەرژەوەندیی وڵات. هەمان یاسا جەخت دەکاتەوە کە میدیا پابەندە بە ڕێزگرتن لە سنوورە یاسایی و پیشەییەکان کاتێک هەواڵ و زانیاری بڵاودەکاتەوە.


لە هەمانکاتدا، لە دەستووری عێراقدا، كە لە ماددەی (38) دا هاتووە، مافی ئازادیی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی دەپارێزێت، بەڵام لە هەمان ماددەدا جەخت دەکاتەوە، کە ئەم مافە دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا بەکاربهێنرێت و نابێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی ئاسایش و ڕێکخستنی گشتی.


هەروەها بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111) ساڵی 1969، هەندێک ماددە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و نهێنییە سەربازییەکان، لەوانەش ماددەکانی (156، 157، 160، 164)، کە دەڵێتــ ، هەر کەسێک بە هەر شێوەیەک یارمەتی دوژمن یان کردارێک بکات کە بتوانێت سوود بە دوژمن بگەیەنێت، بەرپرسیاری یاسایی لەسەر دەکەوێت.


بڵاوکردنەوەی زانیاری یان نهێنییەکانیش کە پەیوەندیدارن بە ئاسایشی وڵات و دەتوانن سوود بە لایەنێکی دوژمن بگەیەنن، بە تاوان هەژمار دەكرێت و سزا بۆی دیاریکراوە.
هەروەک بەروونیش لەماددەی (164) هاتووە: بڵاوکردنەوەی هەواڵ یان زانیارییەک کە بتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی ئاسایش و ئارامی گشتی، دەتوانێت ببێتە هۆی لێپرسینەوەی یاسایی.

لەبەر ئەمە، بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ یان زانیاریی ورد لەبارەی شوێنی كەوتنی مووشەك یان هێرشە سەربازییەکان، بە تایبەتی ئەگەر شوێنی ورد، ناونیشان یان نیشانە جوگرافییەکان تێدا دیاربن، دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتی بدات، بە لایەنە هێرشبەرەکان بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانی تریان. ئەمە نەک تەنها مەترسی بۆ سەلامەتیی هاوڵاتییان دروستدەکات، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی یاسا و دروستبوونی بەرپرسیارێتیی یاسایی بۆ ئەوانەی لە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە زانیارییانەدا بەشدارن.
هەر لەبەر ئەوە، پێویستە حكومەت و سەندیكای رۆژنامەنووسان، فشارەكانیان چڕتربكەنەوە بۆ سەر دامەزراوە میدیاییەکان و ڕۆژنامەنووسان و بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە ڕووداوانە دەکەن، پابەند بن بە ، رووماڵنەکردنی شوێنی وردی كەوتنی مووشەك یان هێرشە سەربازییەکان.
یاخود بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیەک کە بتوانێت شوێن یان ئامانجی هێرشەکان ئاشکرا بکات.
زۆر گرنگە میدیاكان، تەنها پشتبەستووبن بە سەرچاوە فەرمییەکان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەوحاڵەتانەدا.
لە کۆتاییدا، پێویستە هەمووان بزانین کە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیی تەنها بەرپرسیاری دامەزراوە ئاسایشییەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارییەکی هاوبەشی هەموو دامەزراوەکان و تاکەکانە، بەتایبەتی میدیا کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڕایگشتی، میزاج و دەروونی خەڵكەوە هەیە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەكان. 
بۆیە، مامەڵەکردنی بەرپرسیارانە لەگەڵ زانیاری، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتییان و پاراستنی ئاسایشی وڵات.

سزای یاسایی هاوڵاتییان لەو وڵاتانەی جەنگی تێدا روو دەدات چۆنە؟ 

بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین، كات وڵاتەكە ئەگەری هێرشكردنە سەری هەیە، یاسای وڵاتەكە تووندە بۆ ئەو كەسانەی دیمەنی مووشەك و جەنگ بڵاوبكەنەوە. 

لە ئیسرائیل کاتێک شەڕ یان هێرشی مووشەکی هەبێت، یاسا و ڕێنماییەکانی سانسۆری سەربازیی هەن، ئەم یاسایانە دەڵێن هەر کەسێک (میدیـا یان تاك) ئەگەر ڤیدیۆ یان وێنەی شوێنی کەوتنی مووشەک یان زیانی هێرش بڵاوبکاتەوە، بێ ئەوەی پێشتر مۆڵەتیی وەرگرتبێت، سزا دەدرێت و بە تۆمەتبارکردن و دادگایی دەكرێت و هەندێكجار ئەگەر لەكاتی شەڕدابێت، سزاكەی دەگاتە زیندانیكردنی ٢٠ تا ٣٠ مانگ، بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی مووشەک یان شوێنی هێرش. 
هۆکاری ئەم یاسایەش ئەوەیە کە ڤیدیۆکان دەتوانن زانیاری بدەن بە دوژمن (بزانن مووشەکەکانیان لە کوێ کەوتووە یان سیستەمی دژەمووشەک چۆن کار دەکات).
نموونەی هەندێ وڵات کە هاوشێوە یاسای هەیە
رووسیا
بڵاوکردنەوەی زانیاری یان ڤیدیۆی هێرشە سەربازییەکان، سزای یاسایی دەتوانێت بگاتە ١٥ ساڵ زیندانیكردن. 

ئۆكرانیا
لە شەڕی ڕووسیا، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی شوێنی کەوتنی مووشەک قەدەغەیە كراوە و سزا یاساییەكەی تا هەشت ساڵ زیندانیكردنە، چونکە بڵاوكردنەوەی بە هاوکاری دوژمن دادەنرێت.

ئیمارات
دادوەرای گشتیی ئەو وڵاتە ئاگاداری داوە بەهاوڵاتییان، تۆماركردنی ڤیدیۆیەك و بڵاوکردنەوەی هێرشەکان تاوانە، سزاكەی دەتوانێت بگاتە زیندان و جریمەی دارایی زۆر. 

بەحرەین
لەچەند رۆژی رابردوو چوار کەس دەستگیرکران، بەهۆی ئەوەی ڤیدیۆی شوێنی هێرشی سەربازییەکانی ئێرانیان تۆماركردبوو، لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و بڵاویانكردبووەوە، حکومەتی ئەو وڵاتەش وتی، ئەمە ئاسایشی وڵات تێکدەدات، بۆیە بە تاوان دادەنرێت و دەستگیرکراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سلێمانی و ڕەمزە نەتەوەییەکان
شاری سلێمانی، وەک مەڵبەندی ڕۆشنبیری و هەڵگیرسێنەری شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کورد، هەمیشە شوێنی پێگەیاندنی ئەو سەرکردانە بووە کە مێژوویان گۆڕیوە. بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ «فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی»، تەنها گۆڕینی ناوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵە لە پێزانین بۆ ژیان و تێکۆشانی مرۆڤێک کە تەواوی تەمەنی خۆی لە پێناو ئازادی، دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلەکەیدا بەخشی.


مام جەلال: ئەندازیاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
کاتێک باس لە فڕۆکەخانە دەکەین، باس لە دەروازەیەک دەکەین بۆ پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە. سەرۆک مام جەلال، وەک دیپلۆماتکارێکی بێوێنە و یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە مێژووی عێراقدا، ئەو کەسایەتییە بوو کە پردی پەیوەندی لەنێوان کورد و وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا دروستکرد. ئەو فڕۆکەخانەیەی کە ئەمڕۆ ناوی ئەوی لێدەنرێت، هێمایەکە بۆ کرانەوەی کوردستان بەڕووی جیهاندا؛ هەمان ئەو کرانەوەیەی کە مام جەلال بە حیكمەت و سیاسەتی "چەپکە گوڵەکە" بۆی فەراهەم کردین.


شوێنگەی مێژوویی و سیاسی بڕیارەکە
ئەم هەنگاوە لە ڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە چەند ڕەهەندێکی گرنگ لەخۆ دەگرێت:
*پاراستنی یادەوەری نەتەوەیی: ناونانی دامەزراوە ستراتیژییەکان بە ناوی سەرکردە مەزنەکان، وادەکات نەوەکانی ئێستا و داهاتوو هەمیشە لە پیوەندییەکدا بن لەگەڵ مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلەکەیان.
*پێگەی سلێمانی: سلێمانی شارەکەی مام جەلالە، ئەو شارەی کە هەمیشە پشتیوانی یەکەمی خەباتە سیاسییەکەی بووە. بۆیە شایستەترین شوێن بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی ئەو، دەروازە ئاسمانییەکەی ئەم شارەیە.
*پەیامی ئاشتی و تەبایی: ناوی جەلال تاڵەبانی لە هەموو جیهاندا وەک سیمبوولی کۆکەرەوەی دەنگە جیاوازەکان و پارێزەری ئاشتی دەناسرێت. فڕۆکەخانەیەک کە ئەم ناوەی هەڵگرتبێت، پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کورد بە گەشتیاران و میوانە بیانییەکان دەگەیەنێت.


مام جەلال وەک قوتابخانەیەکی سیاسی
ئەوانەی بەم فڕۆکەخانەیەدا گەشت دەکەن، تەنها ناوێکی سەر دیوارەکان نابینن، بەڵکو یادی کەسایەتییەک دەکەنەوە کە توانی نەیارە سیاسییەکان لەسەر مێژێکی گفتوگۆ کۆبکاتەوە. مام جەلال توانی ناسنامەی کورد لە ناوچەییەوە بگوازێتەوە بۆ جیهانی. فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی دەبێتە دەروازەیەک کە مێژووی خەباتی شاخ و دیپلۆماسییەتی شار پێکەوە دەبەستێتەوە.


ناوێک بۆ هەموو سەردەمەکان
لە کۆتاییدا، ئەم بڕیارە نیشانەی وەفادارییەکی بێپایانە بۆ رێبەرێک کە خەمی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی کوردستان بوو. ناونانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ناوی جەلال تاڵەبانی، مانای ئەوەیە کە ناوی ئەو هەروەک چۆن لە دڵی خەڵکدا زیندووە، لە ئاسمانی کوردستانیشدا بە بەرزی دەمێنێتەوە. ئەمە کەمترین شتە کە بتوانرێت بۆ شکۆی مرۆڤێک بکرێت کە مێژوویەکی بۆ ئێمە دروستکرد تا بتوانین بە سەربەرزییەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سیاسەت لە کوردستان ناونیشانی زۆرە، حزب و مینبەر و ئاماژە و بۆنەش هەروەتر. وا ‏ئاڵۆز و باڵۆزە بەقەدەر ئاڵۆزی خودی سیاسەت و بەرز و نزمی تۆبۆگرافیای کوردستان لق ‏و پۆپی لێ دەبێتەوە. سەد ساڵ زیاترە خەریکە ناوەرۆکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بەخۆوە ‏دەگرێت کە مەسەلەی کوردە، بەڵام لەزۆر وێستگەی ئەم سەد ساڵەدا ناونیشان و ئایدیا و ‏مەبەستی جۆراوجۆر خۆیان تێکەڵی ئەم مەسەلە کردووە و قسەی لەسەر دەکەن و قسەیان ‏لەسەری هەیە، ئەمەش دەرکەوتێکی نۆرماڵە چونکە رووداوەکانی مەسەلەی کورد وەک هەر مەسەلەیەکی ‏نەتەوەیی، هی هەر میللەتێک، لەسەر زەمینی واقیع دەقەومێن، کار و کاردانەوەی بەرامبەر ‏هەیە. هەژموونی مەسەلەی کورد یان کوردێتی سیاسەت لە کوردستان بە جۆرێکە خاوەن ‏ئایدیاکانی تریش خەباتی خۆیان هەر بەناوی کوردایەتییەوە ناوزەد دەکەن و لەمەشدا ‏خراپیان نەکردووە، مادام ئەسڵ ئەوەیە جولە هەبێ و لە کۆتایی مەنزڵدا کورد سەربەرز و ‏کوردستان پایەدار بێت.‏


مەسەلەی کورد بە هەموو دامەزراوەکانی لە خزمەتیدان و بۆنەی پێکهاتنیان ئەستوورکردنی ‏باسکێتی، تا دەرەقەتی ئەرکەکانی قۆناغ بێت، سەدان کتێب و شانامە و ئەدەبیاتی لەسەر ‏نووسراوە و بۆ نووسراوە، گشتیان باشن و پێویستن و جێ دەگرن، بەڵام هیچیان ناکاتە ‏ئەوەی لە ساتەوەختی پێویستیدا، وەختێ دێتە بەردەم بڕیار و پێویستی هەڵسەنگاندنی ‏دەسبەجێ، دەخوازرێ باش بکرێت و چاک قرساندنی بۆ بکرێت. ئەم ساتەوەختە گرەوی ‏گەورەیە کە ئەزموون و دەسکەوتی کەڵەکە دێنێتە زمان. ئەگەر ساتە وەختەکە باش ‏نەپێورێت ئیشەکەمان تێکەڵ و پێکەڵ دەبێ و ڕیسی بەکاوەخۆ و لەسەرخۆییمان لێ ‏دەبێتەوە بە خوری و ئەوی هەشمانە هەڵدەوەشێتەوە.‏


روویداوە و روودەدات کە لەبەر گوشاری زۆر و هەمەلایەنە لەسەر کوردایەتی ناچاربین لە ‏قۆناغێکدا تەنها بۆ یەکسانی کار بکەین، جا بە گۆڵی بەرامبەر بێت یان بێ گۆڵ، واتا ‏تۆڕی هەردوولا بە پاکی لێی دەربچن. گرنگ ئەوەیە ئومێد هەر هەبێ و دەستبەردار نەبین.


‏لەم سەد ساڵە کەم نین ئەو جارانەی هەموو ئیشی حەریفەکانی کوردایەتی کارکردن بووە ‏بۆ پاراستنی دامەزراوەکە و هێز و باسکەکانی، تا دەورانێکی کورت یان درێژ، کە زەمینە ‏لەبارترە بۆ تێهەڵچوونەوە و تۆمارکردنی خاڵ و گۆڵ و بەدەستهێنانی پانتایی فراوانتر. ‏


کوردایەتی دەربەست هەر دەبێ وابێ، ئەگینا دیاردەکە وەک بە هەدەردان و بەفیڕۆچوونی ‏سەرمایە دەقەبڵێنرێت. ‏
رێک بە حوکمی ئەزموونی سەد ساڵەی ئاماژە بۆکراو دەزانین بە هەدەرداران هەر ئەوانەشن ‏کە پشتیان لە رێبازی میللەتەکەمان کردووە، پشتیان لە کوردایەتی ڕاستەقینە کردووە و پشتیان پێوە نەیەشاوە، ئەمەش توانج نییە لەم نەوە یان ئەوی تر، بەقەدەر ئەوەی ‏دەستنیشانکردنی ئاڕاستەکانن، جا کوڕ و کچی هەر نەوەیەک بن. وردەکاری هەر پرسێک و ‏وردبوونەوە لەهەر پێشهاتێک پێمان دەڵێت گرژی و جەمسەرگیری و هەڵچوونی تاکەلایەنە ‏و بێ بنەما زیانە لە کوردایەتی و بەڵگەشە لەسەر ئەوەی وانەکانی پانزە ساڵی رابردوو ‏هیچی لێ شین نەبووە و کارێکی نەکردووە کە بێ زیان و تەلەف ، هەر بە ژیری و ‏لێوەشاوەیی، ئەزموون وەربگرین و پەند و وانە فێربین بێ ئەوەی ببین بە پەند.‏


جا جیاوازی نێوان پەند وەرگرتن و بوونە پەند رێک دوو ئاراستەی پێکان (ئەنگاوتن) و ‏پێکان( زامداری و کەوتن) نیشان دەدەن. ‏
هەر دەبێ نیاز و تەمەننامان بێت کە بژاردەی یەکەم بین بۆ ئەوەی کوردایەتی بپەڕێتەوە بۆ ‏کەنارەکەی تر کەناری ئارامی و ناوەڕاستی تێهەڵچونەوەی باشتر بۆ ئەرکەکانی لەوەوپاش.‏


ئێمە ئێستا لە دۆخە هەرە هەستیارەکە دەژین کە دونیا و دەوروبەر جەنگی مەغڵوبەیان ‏بەرپا کردووە. بۆیە جگە لە حەریف و دەستەبژێرەکانی کوردایەتی، بە دامودەزگا ‏جیاجیاکانیانەوە، میدیا و سەکۆکانی سۆشیال میدیاش، بیانەوێ یان نا، ئەوانیش ‏بەرپرسیارن و چمکێکی ئەرکەکەیان دەکەوێتە سەر شان. ئەوانیش گەرەکە رامانی ‏کوردانەی سەنگینیان هەبێ کە نە خەڵک بترسێنن و نە هەموو شتێک بە نۆرماڵی ببینن و ‏جۆرێک لە خەپاندن و گێلسازی پەیڕەو بکەن. بابەتەکە ورد و هەستیارە، یاری ماڵە ‏باجێنە، یان تەنانەت گەمەی ریاڵ و بەرشەلۆنەش نییە، بەڵکو شەڕ و بەریەککەوتن و ‏کوشتارە و چەند خۆ بپارێزین و بێ لایەن بین پریشکمان هەر بەردەکەوێت. گرەوەکە ‏ئەوەیە کەمترین بێت ، گەمارۆی لێکەوتەکانی بدەین و رۆژی دواتر ببینین و ‏هەڵیبسەنگێنین تا ئەوەی کاری دواتر ڕاپەڕێنین.‏

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نازانم ئێمە کاڵەکخۆرین، یان بێستانڕنن؟ لە ئەنجامی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل - ئێران، حکوومەتی فیدراڵی پێویستی بە هاوئاهەنگیی پتر و بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
ئایا لەم کاتە ناهەموارەدا، دەبێ ئێمە زیاتر لە بەغدا بچینە پێش و هەوڵ بدەین بە دیالۆگ مافەکانمان بەدەست بهێنین، یان ناکۆکییەکان قووڵتر بکەینەوە؟
داوای ماف و داخوازیی ڕەوا کارێکی باش و ئەرکە، بەڵام بە دانانی مەرج، نەک هەر کێشەکان چارەسەر نابن، بەڵکوو قووڵیشیان دەکەینەوە.
پێویستە حکوومەتی هەرێم دواڕۆژ و لێکەوتەکانی ئەم جەنگە باشتر لەبەرچاو بگرێ، چونکە:
*   جەنگەکە کاتییە و زۆر ناخایەنێت  و کۆتایی دێت.
*   هێشتا لێکەوتە و ئەنجامەکانی دیار نین.
*   کارتەکانی دەستی بەغدا لە کارتەکانی دەستی هەرێم بەهێزتر و کاریگەرترن.
*   بە قووڵبوونەوەی کێشەکان، بەرەی دژە هەرێمی کوردستان لەناو دەستەبژێری سیاسی و دەسەڵاتی بەغدا بەهێزتر دەبێ.
*   شەقامی عێراقیی عەرەبی دژی کوردستان دەوروژێنرێ.
*   مەترسیی تۆڵەکردنەوەیەکی ناڕەوا دروست دەبێ.
*   هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کوردستانەوە، کێشە ئابووری و داراییەکانی هەرێمیش چارەسەر دەکات و بەپێچەوانەشەوە بەرۆکی هەردوولا دەگرێ.
*   ئەگەر هەماهەنگی لەنێوان بەغدا و هەرێم هەبێ، ڕۆڵی هەرێم لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرتر دەبێ.
بە کورتی و بە کوردی؛ دەوڵەتداری، پشوودرێژی و خوێندنەوەی دروستی واقیعیانەی بارودۆخ و هەلومەرجە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دەوێت. بەندە بە باشی دەزانم بەبێ دەستبەرداربوون لە مافەکانمان، هەرێم بەغدا قەرزدار بکاتەوە، نەک بیانوو بداتە دەست؛ چونکە جارێ دیار نییە بارودۆخەکە بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
سێگۆشەی خڕ
كای كۆن و شەڕی كۆنەقین
 
‎ئەم عیراقە تاكە دەوڵەتە لەم سەرزەمینەو لە مێژووشدا، بە رەسمی لە جەنگدا نەبێت و هەردوولایەنی جەنگەكەش شەق و لەقە و جوتەی لێبوەشێنن، درۆن و موشەكی ئێران وەك تەرزەو باران بەسەرماندا دەبارێت، بۆردومانی فرۆكە و موشەكی ئەمریكا و ئیسرائیلیش هەموو ئاسمانی وڵاتەكەی تەنیوە.. لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە كە ئەم وڵاتە نەچوەتە ناو هاوكێشەی جەنگەكەو نەبوەتە لایەنێكی شەڕكەر و لەسەر زاری سەرۆكی حكومەت و سەرۆك كۆمارەوە بێلایەنی خۆیی پاراستوە..
 
لە ئیدیۆمی كوردیدا دەوترێت:
(كای كۆن بە با كردن) یان (شەڕ بە كۆنەقین دەكرێت) ئێستا ناوچەی جوگرافیای شەڕ بە رەسمی خاكی ئێران و خاكی ئیسرائیلە، پریشكی شەڕ لەلایەن ئێرانەوە بەری ئیسرائیل و عیراق و چەند دەوڵەتێكی كەنداو و توركیا و ئازەربایجان كەوتوە، ئێرانیش لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە موشەك باران و بۆردومان دەكرێت، چەردەیەك لەم موشەك و بۆمبانەی ئەمریكاو ئیسرائیلیش دەنرێن بە عیراقەوە، بەس بۆچی عیراق؟؟.. جوگرافیاو شوێنی شەڕەكە ئاشكرا و روونە و بەرەكانی شەڕیش ئاشكراترن، شێوازی چەك و تەقەمەنی بەكارهاتووش وەك ریكلامی جەنگ زۆر بە بێ پەردە نیشاندەدرێن و چەندین ناوو ماركە و قەوارەی چەك باسیان لێدەكرێت، لەملاوە حیدر و خرمشهر و فتاح و خیبرشكن وووووو لەولاشەوە B2 و B52 و F35 و لینكۆڵن و دایكی بۆمبەكان و باوكی لێزەر و وووو.
 
ئەمریكا بۆ ئەم ریكلامانە نەهاتوە، بێگومان ئەویش بە كای كۆن و كۆنە قینەوە هاتوە، شۆڕشی موسەدەق و خۆماڵیكردنی نەوتی ئێران لە ساڵی 1951 و كودەتای بەریتانیاو ئەمریكا لە دژی ئەم سەرۆك وەزیرانە ساڵی 1953 بە دەستیCIA و MI6.. كۆنەقینێك بوو، كای كۆنێكی تریش ساڵی 1979 بوو كە باڵوێزخانەی ئەمریكا لە تاران دەستی بەسەردا گیراو 52 دیپلۆماتی ئەمریكا بۆ ماوەی 444 رۆژ لە ئێران دەستبەسەر كران، شكستێكی دیپلۆماتی و سەربازی گەورەبوون بۆ ئەمریكا، چونكە بە پرۆسە ی سەربازی نەیتوانی رزگاریان بكات و دیبلۆماسیەتیش لەو شكست تربوو..
 
منیش و ئێوەش لە مەبەست و ئارەزوو دەستكەوتەكانی جەنگەكە تێدەگەین، بەڵام تێناگەم عیراق بۆچی بوو بە جوگرافیای شەڕ؟ خۆ نزیكەی 10 دەوڵەتی تر دراوسێی كۆماری ئیسلامین بۆچی ئەوان وەك عیراقیان بەسەرنەهاتوە؟
 
پرسیارێكی سەیرە!! وەڵامێكی سەیرتری دەوێت ئەویش ئەوەیە لای هەردوو بەرەی جەنگەكە عیراق هەر ئەو وڵاتەیە كە جەنگی كەنداوی یەكەم بە 8 ساڵ لەگەڵ ئێران و جەنگی كەنداوی دووەم ساڵی 1991 بە داگیركردنى كوەیت و جەنگی كەنداوی سێهەم 2003 بە لەناوبردنی دەسەڵاتی بەعسیەكان كۆتایی هات، بەم سێ جەنگە هەرچی داتاو ئامارو نەخشەو پلانی عیراق هەبوەو هەن، لەبەر دەستی شەڕكەرەكان بە تۆماری ماونەتەوە و پیاكێشانی لەقەو جوتەیەك بۆ ناوشانی ئەم وڵاتە كە تاكە وڵاتێكە سەروەری خاك و ئاسمان و دەریای پارێزراو نیە، لەكاتی شەڕ و ئاشتیدا بۆ هەر لایەك هەیە كە موشەك و درۆن و تۆپە دوورهاوێژەكانیان بگرنە دەزگا و سەربازگە و كارگە و كۆمپانیاكانی عیراق و بانگەشەی شەڕیش نەكەن، كەواتە كۆنەقین و كای كۆن بە با كردن لەگەڵ عیراق گونجاوە و كەسیش نیە لەسەری بە جواب بێت، ئەگینا بە كام لۆجیك لە دنیادا هەبوە وڵاتێك لە جەنگێكدا نەبێت و لە دوولایەنی جەنگەكەوە لێی بدرێت و هەموو دنیاش وەك تەماشاكەر سەیری بكەن.
ئەمەش لەسێگۆشەی خڕ دەچێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەم فەزای پڕ لە شەڕ و ئاژاوەیەی لەناوچەکە هەیە، لەئەنجامی جەنگی نێوان (ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران)دا بەتایبەت لەسەر هەرێمی کوردستان ناجێگیری هەموو بوارەکان و بەتایبەت دەروونی هاوڵاتی، لەم دۆخەدا  گرنگە کەسایەتییە سیاسی و بەرپرسان نزیکتر لەهاوڵاتی بن.

قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت چەند ڕۆژێکە لەسلێمانی جوڵەی هەیە سەردان و بەسەرکردنەوەی هەیە دەچێتە سەهەۆڵەکە و لەگەڵ خەڵک و کاسبکار دادەنیشێت و چایەک دەخواتەوە. لەئێستادا ئەمە ئەوپەڕی بەرپرسیارییە، کاریگەری ئەرێنی جدەهێڵێت لەسەر دەروونی هاوڵاتی نمایشی پیشاندانی ئارامی و جۆرێکە لە دڵنیایی، ئەم جۆرە مانۆڕانە لەئێستادا مەیدانی کاریگەری چەندان پەیام و نوسینی دەبێت.

خواردنەوەی چایەک لە سەهۆڵەکە گفتووگۆیەکی سەرپێیانەی سەرشەقام و سڵاوێکی ڕاگوزەر لە گەنجێکی کاسبکار بەدڵنیایی ڕەوینەوەی سترێس و فشاری دەروونییە لەسەر هاوڵاتی 
لە وەها دۆخێکدا کە ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەکات، گرنگە بەرپرسان مەیدانی بەناو شەقام و کوچە و کۆڵانەکاندا بگەڕێن بۆ گەڕانەوەی دڵنیایی و ئارامی دەروون بۆ هاوڵاتیان،

سەردان و کۆبوونە و خواردنەوەی چایەک پێمان دەڵێت نەک ژیان لەجەنگدا ناوەستێت، و دامەزراوەکان پەکیان نەکەوتووە، ڕاستە ئێمە لەنێوان بەرداشی جەنگداین بەڵام پێویستە بەردەوامبین وکاری خۆمان بکەین.

هەموان دەزانین لەدۆخێکی وادا زۆرجار بازاڕ دەبێتە دەستکەلای دەست کۆمەڵێک مشەخۆر وەک دەڵێن دز بازاڕی شێواوی دەوێت. ئەم جوڵانەی قوباد تاڵەبانی پەیامە بۆ بازاڕ و جێگری نرخ و ئاسایشی خۆراک بەدیوێکی تردا گەڕانی قوباد تاڵەبانی جۆرێکە لە چاودێری و لە نزیکەوە ئاگاداربوون وەگەڕخستنەوەی توانا و جوڵە جۆربەجۆرەکانی کایە جیاوازەکانە تەمویل و جۆشدانەوەی دامەزراوە و جوڵەی ئاسایی هاوڵاتییە.

ئەم جۆرە سەردان و بەسەرکردنەوانە بەشداری بەرپرسە لە ئاساییکردنەوەی بازاڕ و جوڵەی هاوڵاتی وپەیامی ئارامی شارە، کە ئەم مانۆڕانە لەم دۆخەدا یەکجار گرنگن ....

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، شاخوێنبه‌ری ووزه‌ی جیهان

لە جیهانی هاوچەرخی ‌پڕململانێدا، ئابووری وەک بزوێنەرێکی سەرەکی ئاڕاستەی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دیاری دەکات. لەم بارودۆخه‌ ئاڵۆزەدا، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها جوگرافیایەکی دەوڵەمەند نییە، بەڵکو سەنتەری هاوسەنگیی دارایی و بازرگانیی جیهانییه‌. هەر جۆرە ته‌نگه‌ژه‌و قه‌یرانێك لەم ناوچەیەدا، هەوێنی قەیرانێکی گه‌وره‌یه‌ لە بازاڕەکانی وزە لە ئەوروپا، كارگه‌كانی بەرهەمهێنان لە ئاسیا و بۆرسەکان له‌ئەمریکا.

گرنگیی ئەم ناوچەیە لە سێ رەهەندی سەرەکیی ستراتیژیدا کورت دەبێتەوە:

یه‌كه‌م: ئاسایشی وزە: کلیلی گەشەی پیشەسازی

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک گەورەترین كۆگای وزەی جیهان ئه‌ژمارده‌كرێت. بەپێی نوێترین داتا ئابوورییەکان، ئەم ناوچەیە خاوەنی نزیکەی 48%ی یەدەگی سەلمێنراوی نەوت و 40%ی یەدەگی گازی سروشتییە لە جیهاندا. بەرهەمهێنانی 41%ی کۆی نەوتی جیهان لەم ناوچەیەدایه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ وای کردووە کە هەر جۆرە پچڕانێک یان ناسەقامگیرییەک لە دابینکردنی وزەدا، ببێتەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و هەڵاوسانی نرخەکان لە سەرانسەری جیهاندا. ئەمە دەریدەخات کە ئەم ناوچەیە وەک دڵ و بزوێنەری پیشەسازیی جیهانی کاردەکات، بۆ نمونه‌ به‌هۆی شه‌ڕی ئێران_ ئه‌مریكاو ئیسرائیله‌وه‌، نرخی نه‌وت به‌رزبوویه‌وه‌ بۆ 120 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، پاشان به‌هۆی خستنه‌ڕووی نه‌وتی كۆگاكانه‌وه‌، نرخی نه‌وت دابه‌زی بۆ نزیكه‌ی 84 بۆ92 دۆلار بۆ هه‌ربه‌رمیلێك، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا عێراق، به‌رهه‌مھێنانی نه‌وتی به‌ڕیژه‌ی 60%ی كه‌مكردووه‌ته‌وه‌ و ناتوانێت نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده‌ بكات، هه‌ر بۆیه‌ به‌غدا داوای كردووه‌، نزیكه‌ی 100هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه‌ی كێڵگه‌كانی كه‌ركوك، له‌ڕێگای بۆری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی به‌نده‌ری جیهانی توركی بكات، وادیاره‌ تائێستا ڕێكه‌وتن نه‌كراوه‌.

له‌هه‌مانكاتدا نرخی گازی سرۆشتی به‌ڕێژه‌ی 15-20% به‌رزبووه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا، چونكه‌ ئه‌وروپییه‌كان له‌ئێستادا گازی ڕووسییان كه‌متر پێده‌گات، زیاتر پشت به‌ گازی قه‌ته‌ر ده‌به‌ستن.

دووه‌م: ڕێڕەوە ئاوییەکان: دەەروازەی بازرگانیی نێودەوڵەتی

جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک "پردی پەیوەندی" نێوان سێ کیشوەرە گرنگەکە (ئاسیا، ئەوروپا، ئەفریقا) کاردەکات. دوو خاڵی ستراتیژی لێرەدا هەن کە چارەنووسی بازرگانیی جیهانییان لەسەر وەستاوە:

·  گه‌رووی هورمز: گرنگترین ڕێڕەوی دەریاییە کە ڕۆژانە نزیکەی 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت (واتە 20%ی بەکاربردنی جیهانی). هه‌روه‌ها گازی قه‌ته‌ریش هه‌ر به‌م گه‌رووه‌دا تێده‌په‌ڕیت.

· کەناڵی سوێس: کە نزیکەی 12%ی کۆی بازرگانیی جیهان و 30%ی هاتوچۆی کانتێنەرەکانی پێدا تێپەڕ دەبێت. هەر ئاڵۆزییەکی ئەمنی لەم ڕێڕه‌وانه‌دا، تێچوونی دڵنیایی و گواستنەوە بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز دەکاتەوە و زنجیرەی دابینکردنی کاڵا پەک دەخات.

سێیه‌م: سندوقە سیادییەکان: هێزی نەختینەی جیهانی

لە دەرەنجامی ساڵانێکی زۆر لە هەناردەکردنی وزە(نه‌وت وگاز) وڵاتانی ناوچەکە (بەتایبەت وڵاتانی کەنداو) بوونەتە خاوەنی گەورەترین سندوقی وەبەرهێنان لە جیهاندا. کۆی سەرمایەی ئەم سندوقانە لە 4 تریلیۆن دۆلار تێپەڕ دەبێت. ئەم هێزە داراییە تەنها ژمارە نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا، بانکە نێودەوڵەتییەکان و پڕۆژە ستراتیژییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەمەش وای کردووە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ببێتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی "نەختینە" بۆ سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی.

سەرەڕای هەوڵە جیهانییەکان بۆ پشتبەستن بە وزەی نوێبووەوە، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە تا چەندین دەیەی تریش، جیهان ناتوانێت دەستبەرداری شاخوێنبەرە سەرەکییەکەی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بێت، ئەمەش وادەکات ناوچەکە هەمیشە لە چەقی بایەخی هێزە گەورەکاندا بمێنێتەوە.

گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئابووریی جیهان، تەنها لە "هەبوونی سامان"دا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە ئەم ناوچەیە سەنتەری هاوسەنگییە. هەر بۆیە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی ئه‌م ناوچه‌یه‌، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانی دارایی جیهانی. پەرەپێدانی ژێرخانە ئابوورییەکان و پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان لەم ناوچەیەدا، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێودەوڵەتییە و کلیلی گەشەی ئابوورییە لە داهاتوودا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا دەنگی تەپڵ و زه‌نگی شەڕ لە نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب له‌لایه‌ك، تاران و هێزه‌كانی سه‌ر به‌ تاران وه‌ك حیزبوڵای لوبنان و به‌شێك له‌هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌كی تره‌وه‌، بەرز دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبینێتەوە. ئێمە وڵاتێکین کە سفرەکانمان بە شمه‌ك و کاڵای وڵاتانی دەوروبەر دەڕازێتەوە و ئاسایشی خۆراکمان بەستراوەتەوە بە ئارامیی مه‌رزو سنوره‌كانه‌وه‌. پرسیارە سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئەوەیە: ئەگەر سنوورەکان بەهۆی شەڕەوە داخران، هەرێم چەندە بەرگەی ئەم بارودۆخه‌ دەگرێت؟

مەترسییەکە لێرەدا تەنیا دەنگی تەقینەوە نییە، بەڵکو تێکچوونی ئەو زنجیرەی دابینکردنەیە کە بژێوی نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن کەسی پێوە بەستراوەتەوە. کاتێک ئابوورییەک زیاتر لە 90%ی پێداویستییەکانی لە دەرەوە هاورده‌ بکرێت، ئەوا ئاسایشی نەتەوەییەکەی لە گیرفانی خەڵکانی تر و لە پشت سنوورەکاندایە.

ڕاسته‌ كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌رێگه‌ی سێ مه‌رزی سه‌ره‌كییه‌وه‌( حاجی ئۆمه‌ران، باشماخ، په‌روێزخان) چه‌ند مه‌رزێكی تری لاوه‌كییه‌وه‌، نزیكه‌ی 30%ی پێداویستی هه‌رێم دابین ده‌كات، به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌شه‌ڕه‌، شه‌ڕیش ڕه‌هه‌ندی زۆری هه‌یه‌، گرنگترینیان ڕه‌هه‌ندی ئابوورییه‌.

به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی زیاتر له‌30 ساڵی حكومه‌تی هه‌رێم و سیاسییه‌كانه‌وه‌، خاڵی هەرە لاوازی هەرێم ئەوەیە کە 'بەرهەمهێنان' کراوەتە قوربانیی 'هاوردەکردن'. لە هەر كاتێك شه‌ڕ له‌ناوچه‌كه‌ پەرە بستێنێت، بازاڕی ئێمە تووشی لەرزە دەبێت. چونکە ئێمە تەنیا کاڵا هاوردە ناکەین، بەڵکو 'قەیرانیش' هاوردە دەکەین. پشتبەستنی ڕەها بە دەروازە سنوورییەکان وەک تاکە شادەماری ژیان، وای کردووە کە نانی هاوڵاتی هه‌رێم، ببێتە بارمتەی بارودۆخی سیاسی وڵاتانی دراوسێ. ئەمە ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە دەبێت دەسەڵاتی سیاسی و ئابوریی هەرێم لێی تێبگەن: وڵاتێک نەتوانێت نانی خۆی بەرهەم بهێنێت، ناتوانێت بڕیاری سەربەخۆی خۆی بپارێزێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا، هه‌رێم خاوه‌نی باشترین زه‌وی كشتوكاڵی و ئاووهه‌وای گونجاو و بڕی بارانبرینی باشی هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌ستی كاری كشتوكاڵی و جوتیاری نمونه‌یی هه‌یه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بریاره‌ ستراتیژییه‌كه‌یه‌، كه‌ئیتر به‌س بێت هاورده‌كردن و كاتی به‌رهه‌می ناوخۆییه‌.‌

پێویستە ئەم قەیرانە وەک دەرفەتێک بەکاربهێنرێت بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئابووری، لە پشتبەستن بە هاوردەوە بۆ بوژاندنەوەی ناوخۆ.

ئامارەکان ڕاستییەکی تاڵمان پێ دەڵێن؛ کاتێک ساڵانە زیاتر لە 12 ملیار دۆلار لە سەرمایەی ئەم نیشتمانە بۆ کڕینی سادەترین پێداویستییەکان دەچێتە دەرەوە، ئەمە واتای ئەوەیە ئێمە ئابوورییەکی 'بێبەرگریمان' هەیە. پشتبەستنی 90% بە هاوردەکردن تەنها ژمارە نییە، بەڵکو هێڵێکی مەترسیدارە. لە کاتی هەر پێکدادانێکی سەربازی لە ناوچەکەدا، تەنها بەستنی مەرزەکان بەسە بۆ ئەوەی بازاڕی هەرێم تووشی قه‌یرانێكی گەورە بێت، ئه‌وه‌ش له‌ئێستادا به‌چاوی خۆمان ده‌یبینین، به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ ته‌نانه‌ت نرخی سه‌وزه‌كانیش به‌رزبوونه‌ته‌وه‌!

سه‌ره‌ڕای هه‌موو بارگرانییه‌كان له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم، زۆر گرنگه‌و پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ئه‌م دوو كه‌رته‌گرنگه‌ی ئابوری هه‌رێم ببێت.

یه‌كه‌م: پشتگیریی کەرتی کشتوکاڵی: به‌هه‌موو سێكته‌ره‌كانییه‌وه‌ (به‌رومبومی دانه‌وێڵه‌و ئاژه‌ڵداری، هتد)  کەمکردنەوەی ڕسومات لەسەر جوتیارانی ناوخۆ بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ جێگەی هاوردە بگرێتەوە. هه‌روه‌ها هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بكرێت له‌پێدانی بنه‌تۆو ده‌رمانی قڕكردنی مێرووه ‌زیانبه‌خشه‌كان و پاشان ئاسانكاری له‌ به‌بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌خۆماڵییه‌كان به‌ئاسانترین و كه‌مترین تێچوون بگاته‌ ده‌ستی به‌كاربه‌ران.

دووه‌م:  هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاورده‌كردن: کارکردن بۆ هێنانی کاڵا و شمه‌ك لە وڵاتانی تر وه‌ك (ئوردن، توركیا، میسر، یان سعودیە) لە ڕێگەی عێراقەوە، بۆ ئەوەی تەنها پشت بە یەک یان دوو مەرزی بازرگانی نەبەسترێت.

به‌هیوای ئه‌وه‌ی پریشكی ئه‌م جه‌نگه‌ زۆر كاریگه‌ری نه‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و لایه‌نی ئابوری به‌تایبه‌تی، هیواخوازین، ئه‌م قه‌یرانه‌ ببێته‌ هۆی هه‌ستانه‌وه‌ی ئابوری هه‌رێم به‌گشتی و كه‌رتی كشتوكاڵ به‌تایبه‌تی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
سێگۆشەی خڕ
 
‎قەرزدەر و قەرزخۆر
 
لە جەنگی یەكەمی كەنداودا كە بە شەڕی ئێران عیراق ناسرابوو، دەوڵەتی كوەیت بڕی زۆری تێچوی جەنگەكەی عیراقی لەئەستۆ گرتبوو، دوای تەواوبوونی جەنگەكە داوای قەرزەكانی لە عیراق كردەوە، كەچی عیراق وڵاتەكەی داگیركردن.. منیش لەوەتەی هەم لەبیرم نایەت كەسێك قەرزێكی دابێت و لەكاتی خۆیی و بەبێ كێشە وەریگرتبێتەوە، بە خۆشمەوە!!
 
ئەمە تیۆری ژیانە، تەنها لای ئێمە وانیە، چونكە هەموو كەسان و دەوڵەتان بە نیەتی چاكە و یارمەتی و هاوكاری كردنی خزم و كەس و هاوڕێ سیستمێكی ئابوری كۆمەڵایەتیان لەناو خۆیاندا داناوە پێی دەڵێن (قەرز) شێوازەكەی وایە كەسێك یان وڵاتێك بڕێك قەرز دەداتە لایەنی بەرانبەر یان بە پیاوەتی یان بە (سوو، ریبا، قازانج، مەرج... هتد) ئنجا لەكاتی داواكردنەوەیدا یان داگیرت دەكەن یان پیاوخراپ!!!
 
لەنێوان دەوڵەتانیشدا هەروەك مرۆڤەكان، بەسەرهاتی زۆر لەسەر قەرز قەوماوە، زۆرجار قەرزی یەكتر دەخۆن، لەوانە ئێران ساڵی 1979 بڕی 12 ملیار دۆلاری سەردەمی حەمەرەزا شای لە بانكەكانی ئەمریكادا هەبوو، ئەمریكا نیوەی بە سەوزی خوارد و هێشتا ئێران نیوەكەی تری وەرنەگرتوەتەوە، عیراق لە ساڵی 1991 بۆ پاراستنیان لە بۆردومانی هاوپەیمانان 128 فڕۆكەی جۆراوجۆری ناردە وڵاتی ئێران، بەڵام چاوی بە هیچیان نەكەوتەوە.. وڵاتی میسر لەسەردەمی خدێوی ئیسماعیلدا، بۆ هەڵكەندنی نۆكەندی سوێس قەرزێكی زۆری بەریتانیای كەوتەسەر، ئەوەبوو لە ساڵی 1882 بەریتانیا میسری داگیركرد.. تونس قەرزاری فەرەنسا بوو دەرئەنجام لە ساڵی 1881 ئەویش داگیركرا، روسیا لەبەر زۆری قەرزەكانی بە 7.2 ملیۆن دۆلار ناوچەی ئالاسكای بە ئەمریكا فرۆشت، لەسەدەی نۆزدەهەمدا دوای جەنگی ئەفیون چین دەستبەرداری هۆنگ كۆنگ بوو بۆ بەریتانیا، لە ئەنجامی ئەو قەرزانەی كە پێشتر خرابوونە سەر دەوڵەتی عوسمانی، لەساڵی 1926 ویلایەتی موسڵ خرایە سەر عیراق، حاڵی میرنشینە كوردیەكانیش بەدەست قەرزو قۆڵەو باج و خەراجی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانیەوە لە حاڵی ئەم دەوڵەتانە باشتر نەبوو..
 
بەسەرهاتی ئەم قەرزدەر و قەرزكەر و قەرزخۆرانە تەنها لە من نەقەوماوە، بەڵكو دەوڵەتانیش شەڕو داگیركاریەكانیان لەسەر پارەو پول بوە، بۆیە دۆستایەتی پارە و برادەرایەتی لەنێوان وڵاتان و خزمەكان و هاوڕێكان تەنانەت ژن و مێردەكانیشدا خێری لێ ناكەوێتەوە، باشتر وایە سیستمی قەرزوقۆڵەو دانەوە و نەدانەوە بەهەموو شێوازەكانیەوە بە نوسراو و بە یاسا و رێسای نوێ رێك بخرێتەوە تا وەك من و وڵاتی كوەیت یان لێنەیەت، چونكە نیەتی بانك و رێكخراوی نەختینەی نێودەوڵەتی نیەتی بێ مەڵامەت نین، قەرزی نێودەوڵەتی ئەوەندەی دەستكەوتێكی نەختینەیە، ئەوەندە هاوكاری كردنی بەرانبەر نیە، لێخۆشبوونی نیە و دەست بەسەر ماڵی بەرانبەر دەگیرێت، (تەماشای روداوەكەی داگیركردنی كوەیت وەك حاڵەتێكی شاز بكەن) چونكە كوەیت قەرزدەر بوو كەچی داگیریش كرا، هەموو لەبیرمانە چۆن لە شەڕی 8 ساڵەی كەنداودا سەدان ملیار دۆلاری بە قەرز و فەرز دابوە عیراق، كاتێك ئەم كوەیتە داوای قەرزەكانی كردەوە، لەبری پێزانین، هەروەك قەرزەكانی من و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانم، لەبری سوپاس و پێزانین لە هەموویاندا پیاوخراپ بووم، بۆیە كوەیتیش ئێستا بیری كەوتوەتەوە كە پارە و قەرزەكانی بوون بە مایەی زەرەر بۆ خۆیان و نەوەكانی داهاتوویان، (هەرچەندە هەموو قەرزەكانیشیان بە زیادەوە وەرگرتەوە)، بەڵام درەنگوەخت بوو، بۆیە ئێستا كوەیت دەڵێت عیراق داگیر دەكەین؟!؟؟
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ؛ 
لە چایخانەیەکی خانەقینەوە بۆ وانەیەکی سیاسی

لە کاتێکدا ناوچەکە و کوردستان و عێراق بە ئاڵۆزییەکی قووڵی سیاسی، ئابووری و ئاسایشیدا تێدەپەڕێت، گەڕانەوە بۆ بیرەوەرییەکان تەنیا هەستیارکردنی مێژوو نییە؛ بەڵکوو هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی وانەیەک کە بتوانێت رێگامان نیشان بدات. هەندێک جار ئەم وانەیە لە زانکۆ و  پەیمانگە و کۆنفرانسەکانەوە پەیدا نابن، بەڵکوو لە چایخانەیەکی گەرموگوڕ، یان لە جەرگەی شارێکی سنووریی کوردستاندا سەرهەڵدەدەن.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لە چایخانەی حەسەنە شەل لە خانەقین، ژیان بە سادەیی خۆی دەڕۆیشت؛ بۆنی چایی و تووتن، دەنگی تەختە و پیاڵە و گفتوگۆی نیوان دوو پیاوی دنیا دیدە کە هەر یەکەیان دنیایەکی تایبەت بە خۆی هەبوو. لەو رۆژانەدا، کلای عەلی خانی قسە خۆش و دانسقە و مەشەی داودی باوکی سێ شەهیدی دەستی نازم گزازی خوێنرێژ، دانیشتبوون و باسی شەڕفرۆشیی ئەبو هانی، پیاوی ئەمنییان دەکرد. کلای عەلی خان  بە فسکەیەک وتی: «بە سیاسەت دەتوانین لە بەڵای ئەبو هانی خۆمان لابدەین.»
مەشەی داود بە سادەیی وەڵامی دایەوە: «من لە سیاسەت نازانم.»، کلای عەلی خان وتی: «لەگەڵ شەڕفرۆش شەڕمەکە. هەموو کارێک بە تەکبیر و دانایی، لە کات و شوێنی خۆیدا بکە… تەقدیری مەوقف، بزانە.» تەقدیری مەوقف لە ناو دەنگی پیاڵە و ژێرپیاڵە و بۆنی چایی و دووکەڵی جگەرەدا هاتەئاراوە، بەڵام لە ناو مێشک و هۆشمدا تا ئەمڕۆ جێگیر بووە. «تەقدیری مەوقف» بەواتای لەبەرچاوگرتنی  بارودۆخ، واتاکەی سادە بوو: هەموو راستییەک دەبێت لە کاتی خۆیدا بوترێت، هەموو هەنگاوێک دەبێت لە شوێنی خۆیدا بنرێت. سیاسەت تەنیا بڕیار  و دروشم نییە؛ سیاسەت زانینی کات و شوێن و هاوسەنگیی هێزە.
بۆ زانیاریتان لە دەڤەری گەرمەسێر، ئەوەی بچێت بۆ کەربەلا و نەجەف پێی دەڵێن (کەلای)، ئەوەش کە بچێت بۆ مەشهەد پێی دەوترێت (مەشەی)، (حاجی)یش دیارە کێیە.
دوێنێ شەو لە خەونمدا مولازم عومەر عەبدوڵا-م بینی، لە شارباژێر لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی دێرین لە سەیران بووین. خەوەکان زۆرجار دەرگایەکی کراوەن بەسەر رابردوو دا. لە خەونەکەمدا، مولازم عومەر بە هەمان خەندەی جوان و چاوانی پڕ لە خۆشەویستی، لەسەر بەردێک دانیشتبوو، قسەی بۆ دەکردین. بەڕاستی لە ناو شۆڕش و مەجلیس و قۆناغە هەستیارەکاندا، ئەو هەمیشە پیاوێکی خۆشمەعشەر و رەفیقدۆست و خاوەنهەست بوو.
ئۆقرەم نەگرت، بۆ بەیانی لەکاتی پێشنیوەڕۆدا تەلەفەنم بۆ کرد، لە ئەحواڵیم پرسی و باسی خەونەکەم بۆ کرد و پرسیاری حیکایەتەکەی رەوانشاد فوئاد عارف-م لێکرد، بەسوپاسەوە جارێکی دیکە بۆیگێڕامەوە، لە گفوگۆکەمانەوە زانیم شوکور تەندروستی باشە و دەنگی زووڵاڵە.
ساڵی 1985، لە سەردەمی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، زۆر کەس پێیان وابوو توندوتیژیی چارەسەرە، بەڵام مولازم عومەر و هەندێک هاورێی تر، برای بەرژەوەندیی گشتی بوون. ئەگەر لەو کاتەدا هەموومان بە هێمنی و بە هەستکردن بە لێپرسراوەتی بڕیارمان بدایە، ئێستا نە دابرانەکە بەم شێوەیە دەبوو، نە یەکێتییەکەشمان. گەورەترین ئازایەتی ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت لە کاتی قەیران و ناکۆکیدا بە هێمنی و دووربینی بڕیاربدات.
لەیەکێک لە دانیشتنەکاندا، مولازم عومەر باسی وریایی و وردیی فوئاد عارفی  بۆ کردین. کاک فؤاد  پیاوێکی سیاسیی کورد بوو کە لە چەندین سەردەمی جیاوازدا توانای پاراستنی پێگەی خۆی هەبوو؛ بە سازش نا، بەڵکوو بە زانینی کات و شوێن و بارودۆخ. لە سەردەمی پاشایەتی و شۆڕشی 14ی تەمموز، دوای عبدولکەریم قاسم، تەنانەت لە سەردەمی سەدامدا، ئەو بە دروستی هەستی بە ئاڵوگۆڕی قۆناغەکان دەکرد. کاتێکیش مولازم عومەر پرسیاری لێ دەکات، چۆن ئەم هەموو گۆڕانکارییانەی بەسەر خۆیدا تێپەڕاندووە.؟ لە وەڵامدا وتبووی: «بەردەوام تەقدیری مەوقف، دەزانی.»
ئەمڕۆکە هەرێمی کوردستان لە بەردەم فشارە ئابوورییەکان، ناکۆکییە سیاسییەکان و ئاڵۆزییە ناوچەییەکاندا وەستاوە، هەمان وانە دووبارە دەبێتەوە. پەیوەندییە ناوخۆییەکان و پەیوەندی لەگەڵ بەغداد هەستیارن. عیراق خۆی لەناو ململانێی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەسوڕێتەوە و هەمیشە مەترسی دەرەوەی  لەسەرە. لە ناوخۆشدا، نەبوونی یەکدەنگیی و بێ‌ متمانەیی دەتوانێت زیاتر لە هەر هێزێکی دەرەوە زیانمان پێ بگەیەنێت.
مەترسییەکانی ئەم قۆناغە دوو جۆرن، یەکەم: هەڵوێستی توند و بڕیاری خێرا کە لە هەستەوە سەرچاوە دەگرێت؛ دووەم: سازشی بێ‌ بنەما، یان بێدەنگیی. تەقدیری مەوقف واتا هاوسەنگیی نێوان ئەم دووانە؛ بزانیت چ کاتێک پێویستە بجووڵێیت و چ کاتێکیش پێویستە رابوەستیت.
چایخانەیەکی بچووک لە خانەقین، فەلسەفەیەکی گەورەی لێوە سەرچاوەی گرت: سیاسەت تەنیا مەیدانی دروشم و هەست نییە؛ مەیدانی بیرکردنەوە و ئەندیشە و پێشبینییە. ئەگەر لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق بتوانن لەم قۆناغەدا بە حیکمەت و یەکریزیی و یەکدەنگی هەنگاو بنەن، دەتوانن گۆڕانکارییەکان بکەن بە دەرفەت، بەڵام ئەگەر هەڵسەنگاندنی بارودۆخ (تەقدیری مەوقف) لەدەست بدەن، دەرفەتەکان دەبن بە مەترسی.
لە کۆتاییدا دەڵێین: ئازایەتی گرنگە، بەڵام دانایی و زانایی گرنگترن. ئەوەی داهاتوو دروست دەکات بەتەنیا هێز نییە؛بەڵکو زانینی کات و شوێنە. فەلسەفەکە سادەیە، بەڵام قووڵە:  (تەقدیری مەوقف) بزانە، پاشان هەنگاوبنێ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شوناسی نەتەوەی لەنێوان نەوەی نوێ و خەباتی پێشوو

خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسی ـ سیاسی

شوناسی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەکانی پاش-خەباتدا خۆی لەنێوان(شوناسی پاراستن و شوناسی گۆڕان) دەبینێتەوە یەکەم، شوناس خۆی لە پاراستنی میرات و بیرەوەریی خەبات دەبینێتەوە .
دووەم - شوناس پشت دەبەستێت بە توانای دروستکردنی داهاتوو و دامەزراندنی سیستەمێکی کارامە. ئەم دوو تێگەیشتنە تەنها جیاوازییەکی تەمەنی نییە، بەڵکو جیاوازییە لە شێوازی بیرکردنەوە، ئامانج و شێوازی خەباتکردن.
لە زۆربەی مێژووی کۆمەڵگەکاندا، نەوەی پێشوو خەباتیان بۆ ئازادی وناسنامە و مانەوەی مافە بنەڕەتییەکان کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، شوناس بەواتایی  قوربانی و بەرگریكردن دێت. نەتەوە وەک یادی هاوبەش و میراتێکی پیرۆز دەبینرێت کە دەبێت بپارێزرێت. ئەم گێڕانەوەیە هێزێکی هەستیار و یەکگرتوو دروست دەکات و دەتوانێت ببێتە سەرمایەیەکی هێمایی بۆ بەدەستهێنانی باوەڕی سیاسی.
بەڵام گۆڕانکارییە جیهانییەکان و گەشەی تەکنەلۆژیا شێوازی تێگەیشتن لە شوناسی گۆڕیوە. نەوەی نوێ شوناس بە ئەنجام و کارامەیی دەبەستێتەوە. بۆ ئەم نەوەیە، شوناس بە مانای بەرقەراربوونی دادپەروەری، یەکسانی و هاودەرفەتی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەو بنبڕكردنی جیاوازییەكان دێت. خەباتی ئەم نەوەیە زیاتر مەدەنی و رەخنەییە؛ داوای شەفافێتی دامەزراوەکان و گۆڕانکاری لە داب و نەریت و کلتور بە پێی پێداویستییەکانی سەردەم دەكات، نەتەوە لە چوارچێوەی ئەم تێڕوانینەدا، پاراستنی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو دامەزراندنی داهاتوویەکە لەسەر بنەمای یادەوەری هاوبەشە بنیاد بنرێت.
کێشە لەو کاتەدا سەرهەڵدەدات کە شوناسی پاراستن ببێتە ئامرازێک بۆ داخستنی گۆڕان. ئەگەر سەرمایەی هێمایی خەبات تەنها بۆ پاراستنی دەسەڵات بەکاربهێنرێت، شوناس دەگۆڕێت بۆ میکانیزمی وەستاندن. لە بەرامبەردا، ئەگەر شوناسی گۆڕان بە تەواوی لە ڕیشە و بیرەوەری ببڕێت، مەترسیی بێڕیشەبوون و لاوازبوونی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. بۆیە هیچ یەکێک لەم دوو تێگەیشتنە بە تەنها چارەسەر نییە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:
چۆن دەتوانرێت میراتی خەبات  بپارێزرێت بەبێ ئەوەی ببێتە بار بۆ گۆڕان؟
ئایندەسازی نەتەوە لە دووبارەکردنەوەی خەباتی کۆن نییە؛ بەڵکو لە دینامیکی‌کردنی شوناس و گونجاندنی بە بارودۆخی نوێدایە. کە خۆی  لە کارلێکكردن لەنێوان مێژوو، کۆمەڵگە، سیاسەت و نەوەکاندا دەبینێتەوە . كە لە چوارچێوەی یادگارییەکی هێمن و لەسەرخۆ بگۆڕدرێت بۆ چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەش. واتە مێژوو ببێتە بنچینە، نەوەك سنوور؛ و داهاتوو ببێتە ئامانج، نەوەك هەڕەشە. هەرچەندە لە کۆمەڵگەکانی پاش-خەبات، ئەگەر گێڕانەوەی نەتەوە تەنها لەسەر قوربانی بمێنێتەوە، نەوەی نوێ خۆی لەو گێڕانەوەیەدا نابینێتەوە. بەڵام ئەگەر مێژوو وەک وانەیەک بۆ دامەزراندنی دادپەروەری و سیستەمی کارامەیی بەکاربهێنرێت، شوناس دەبێتە سەرچاوەی پێشکەوتن.
لە کۆتاییدا، نەتەوە ئەگەر تەنها بیرەوەری و گێڕانەوەی مێژوو بێت، دەبێتە موزەخانە؛ ئەگەر تەنها گۆڕان بێت، دەبێتە هۆی نەمانی ناسنامە، بەڵام هێزی ڕاستەقینە لەو هاوسەنگییەدایە کە مێژوو دەبێتە بنچینە و داهاتوو دەبێتە ئامانج. 
لەو شوێنەدا شوناسی نەتەوەیی دەبێتە بنچینەی پێشکەوتن و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، نەوەك سەرچاوەی پێکدادان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...20