وتاروتار

ئەمڕۆ جیهان لە قۆناغێکی هەستیاردا دەژی؛ قۆناغێک کە هەموو رۆژێک هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن. ناوچەکەش لەنێوان جەنگ و ئاشتی، هەڕەشە و گفتوگۆ، هاوکاری و ململانێدا دەجووڵێت. عیراق هێشتا لەژێر بارگرانیی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکاندایە و هەرێمی کوردستانیش لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و بڕیارسازدایە. لە کاتێکی وادا، پێویستی بە سەرکردایەتییەک هەیە کە لە هێز زیاتر باوەڕی بە دانایی، لە توندوتیژیی زیاتر باوەڕی بە گفتوگۆ و لە بردنەوەی لایەنێک زیاتر باوەڕی بە پاراستنی نیشتیمان هەبێت. هەر بۆیە زۆر کەس بە حەسرەتەوە بیر لە سەرۆک مام جەلال دەکەنەوە؛ چونکە ئەو تەنیا رابەرێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەک بوو لە هونەری چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
هەندێک مرۆڤ هەن کە مێژوو تەنیا ناویان تۆمار ناکات؛ بەڵکو بە بوونیان واتایەکی نوێ بە مێژوو دەبەخشێت. مام جەلال لەو دەگمەنانە بوو. ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ کورد و کوردستان و باوەڕی بەوە هەبوو کە چارەسەری هەر قەیرانێک لە نزیککردنەوەی مرۆڤەکانەوە دەست پێدەکات، نەک لە دوورخستنەوەیان. پێگەکەی تەنیا لە دەسەڵاتەوە نەهاتبوو؛ لە ساڵانی خەبات، ئازار، دانبەخۆداگرتن و لێبوردەییەوە دروست بووبوو. بۆ ئەو، دەسەڵات ئامرازێک بوو بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ، نەک ئامانجێک بۆ خۆی.
مام جەلال لەو جۆرە سەرکردانە نەبوو کە تەنیا مێژوو بخوێننەوە؛ لە هەندێک ساتی هەستیاردا ئاراستەی مێژووی دەگۆڕی. ئەزموونەکانی بوونە سەرچاوەی دانایی، نەک لووتبەرزی. دەیزانی هەر مرۆڤێک کلیلێکی تایبەتی هەیە بۆ کردنەوەی دڵی، بۆیە لەگەڵ هەمووان بە زمانی تێگەیشتن قسەی دەکرد.
مام جەلال فێریکردین کە سەرکردایەتی پێش هەر شتێک هونەری گوێگرتنە. لە کۆبوونەوە گرنگەکاندا، پێش ئەوەی وەڵام بداتەوە بە وردی گوێی لە هەموو دەنگەکان دەگرت؛ تەنانەت لەوانەش کە لەگەڵی هاوڕا نەبوون. هەندێک جار بێدەنگییەکی کورت پێش قسەکردنی، زیاتر لە وتارێکی درێژ، چارەسەری کێشەیەکی سیاسی دەکرد. ئەوە فێریکردین کە گوێگرتن نیوەی چارەسەرە و دانبەخۆداگرتن بنەمای سەرکردایەتیی راستەقینەیە.
دووربینیی مام جەلال تەنیا خوێندنەوەی سیاسەت نەبوو؛ خوێندنەوەی مرۆڤ و کات بوو. دەیزانی ئەوەی بەزۆر بەدەست بێت، رۆژێک بەزۆریش لەدەست دەچێت؛ بەڵام ئەوەی لەسەر باوەڕ، گفتووگۆ و متمانە بنیات بنرێت، درێژخایەنترە. هەر بۆیە لە زۆربەی قەیرانەکاندا، لە شوێنی دروستکردنی دیوار، پردی دروست دەکرد؛ لە شوێنی داخستن، دەرگای دەکردەوە؛ لە شوێنی تۆڵە، هیوای دەچاند.
کاتێک هەرێمی کوردستان لە بەردەم شەڕی ناوخۆدا بوو، هێزی خۆی لە بەرپاکردنی ئاشتیدا خستەگەڕ. باوەڕی وابوو کە هیچ سەرکەوتنێک بەهای تێکشکانی کۆمەڵگە نادات و هیچ دەستکەوتێک بە خوێنی برا ناپارێزرێت. لە لای ئەو، سەرکەوتنی راستەقینە ئەوە بوو کە نیشتیمان سەربکەوێت، نەک تەنیا لایەنێک.
لەناو بزووتنەوەی کوردایەتیدا، زۆر رابەر هاتن و رۆیشتن، بەڵام مام جەلال شوێنپەنجەیەکی جیاوازی بەجێهێشت. دڵی بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان لێیدەدا و سنوورە سیاسییەکان نەیانتوانی خەونەکانی سنووردار بکەن. هەر بۆیە تەنیا لە کوردستان نەناسرا، بەڵکو لە زۆر پایتەختی جیهانیش بە پیاوی گفتووگۆ، هاوسەنگی و چارەسەرسازیی ناسرابوو. توانای هەبوو زمانی بەرژەوەندیی گەلەکەی بۆ زمانی دیپلۆماسی و هاوبەشی مرۆڤایەتی وەربگێڕێت.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیدی مام جەلال تەنیا رێکخراوێکی سیاسی نەبوو؛ بیرکردنەوەیەکی نوێ بوو. باوەڕی بەوە هەبوو کە هیچ رێکخراوێک بەهێز نابێت ئەگەر پەیوەندیی لەگەڵ گەل لاواز بێت و هیچ دەسەڵاتێک بەردەوام نابێت ئەگەر پشت بە متمانەی خەڵک نەبەستێت. هەر ئەم باوەڕەش بوو کە لە هەموو قۆناغە جیاوازەکاندا رێنمایی دەکرد.
رەنگە گرنگترین پرسیاری ئەمڕۆ ئەوە نەبێت مام جەلال چی کرد؛ بەڵکو ئەوە بێت کە ئێمە تا چەند توانیومانە قوتابخانەکەی بخوێنینەوە. سەرکردەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام بیر و رێباز ئەو کاتە دەمێننەوە کە نەوەکان بە کردار تێیاندا بژین.
مام جەلال گوڵێک نەبوو؛ باخچەیەک بوو. باخچەیەک کە هەر کەسێک لەوێ گوڵێکی خۆی دەدۆزێتەوە؛ یەکێک دانایی، یەکێک لێبوردەیی، یەکێک ئازایەتی، یەکێک هیوا و یەکێکی تر متمانە. وەک دارێکی سێبەردار، هەمووانی لەژێر سێبەری خۆیدا جێ دەکردەوە، بێ ئەوەی پرسیار لە ناسنامە، رەنگ، یان بیرۆکەی کەس بکات.
مام جەلال کۆچی دوایی کرد، بەڵام رێبازەکەی کۆچی نەکرد. هەندێک گوڵ تەنیا وەرزێک دەژین، بەڵام باخچەکان وەرزەکان دەگۆڕن و هەر ساڵ گوڵی نوێ دەهێنن. مام جەلال لەو جۆرە مرۆڤانە بوو؛ نەک وەک گوڵێک کە پشکووت و وەری، بەڵکو وەک باخچەیەک کە هەر نەوەیەک دەتوانێت گوڵێکی نوێی تێدا بچنێت. تا ئەو رۆژەی کوردستان پێویستی بە دانایی، لێبوردەیی، متمانە و یەکڕیزی هەبێت، ئەو باخچەیە هەر سەوز دەمێنێتەوە؛ چونکە رەگ و ریشەکانی لە دڵی گەلدا چەکەرەیان کردووە، نەک تەنیا لە لاپەڕەکانی مێژوودا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەنێوان سەروەری و ئانارشیەتدا
چەک لە دەستی دەوڵەتدا، یان دەوڵەت لە سێبەری چەکدارەکاندا


بنەمای تیۆری کۆمەڵناس و فەیلەسووفی ئەڵمانی، ماکس ڤێبەر، دەوڵەتی سەرکەوتوو بەوە پێناسە دەکات کە "مۆنۆپۆلی بەکارهێنانی هێزی یاسایی"ی لەدەستدایە. بەم واتایە؛ دەوڵەتی تەواو، ئەو دەوڵەتەیە کە تەنیا دەزگا فەرمییەکانی وەک سوپا و هێزە چەکدارەکانی مافی بوون و بەکارهێنانی چەکیان هەیە، بەبێ رکابەریی هیچ لایەنێکی دیکە. ئەم مۆنۆپۆلە، ستەمکاری نییە، بەڵکوو گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە کە تاکەکان لە یاسای جەنگەڵ دەپارێزێت. کاتێک ئەم مۆنۆپۆلە نامێنێت یان دابەش دەبێت، دەوڵەت لە شێوەی کلاسیکیی خۆی دەردەچێت و میلیشیا لە دەوڵەت بەهێزتر دەبن، هەروەک دەبینین، لە چەندان وڵاتی ناوچەکە و جیهاندا، چەکدارگەلی دەرەوەی دەزگا فەرمییەکان، لە رووی هێزی سەربازی، دارایی و کاریگەریی کۆمەڵایەتییەوە لە دەوڵەت بەهێزترن. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دیاردەیە، بریتین لە: 
لاوازی یان نەمانی دەزگا فەرمییەکان لەدوای شەڕ یان کێشەی سیاسی، کە بۆشاییەک دروست دەکات و گرووپە چەکدارەکان پڕی دەکەنەوە. پشتگیریی دەرەوە (وڵاتانی هەرێمی یان جیهانی) هەندێک میلیشیا بە شێوەی سیاسی و دارایی و چەکداری پشتیوانی دەکەن، ئەوەش وایان لێ دەکات لە دەوڵەتی خۆیان سەربەخۆتر بن.
نەبوونی متمانە بە دەوڵەت، بەتایبەتی لە کۆمەڵگە فرە ئایینی و فرە پێکهاتەکاندا، کە خەڵک بۆ پاراستنی خۆیان پەنا بۆ گرووپ و هێزی خۆیان دەبەن نەک بۆ دەوڵەت.
قازانجی ئابووری لە سنووری کۆنترۆڵکراودا، وەک (بازرگانیی نایاسایی، باج وەرگرتن لە سنوورەکان، کۆنترۆڵی چاودێرییەکان...).
 
کاتێک چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا بمێنێتەوە، چەند ئەنجامێکی گرنگ دەردەکەوێت، لەوانە:
دابەشبوونی دەسەڵات: بڕیاری جەنگ و ئاشتی، دەبێتە شتێک کە تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتدا نییە، بەڵکوو چەند لایەنی چەکداریش بەشدارن تێیدا، ئەمەش کاردانەوەی دیپلۆماسی و سیاسەت دژوارتر دەکات.
لاوازبوونی دامودەزگا یاساییەکان: کاتێک میلیشیا دەتوانن بەبێ سزادان کار بکەن، متمانەی خەڵک بە دادگا و پۆلیس کەم دەبێتەوە. 
مەترسی درێژخایەنی ئاسایش: چەکدارانی دەرەوەی کۆنترۆڵی فەرمی، دەتوانن ببنە هۆی دووبارە هەڵگیرسانەوەی ململانێ، تەنانەت لەدوای چارەسەرکردنی سەرەتایی کێشەکانیش. 
کاریگەری لەسەر ئابووری: بازرگانی و وەبەرهێنان لە ژینگەیەکی نادیار و مەترسیداردا، سەختتر دەبێت. 
لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وڵاتانی وەک عیراق، لوبنان، یەمەن و سووریا، نموونەی ئەو وڵاتانەن کە دەوڵەت لەگەڵ میلیشیا و گرووپی چەکداری جیاواز کۆمەڵگا دابەش دەکات. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەم گرووپانە بوونەتە بەشێکی فەرمی لە دەزگاکانی ئاسایش (وەک هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عیراق)، کە ئەوەش پرسیارێکی گرنگ دروست دەکات: ئایا ئەمە هەنگاوێکە بۆ یەکخستنەوەی چەک لەژێر باڵی دەوڵەتدا، یان بە پێچەوانەوە شەرعیەتدانە بە دووانەبوونی سەرچاوەی هێز؟
پرۆسەی "یەکدەستیی چەک"، یەکێکە لە سەرەکیترین ئامرازەکان بۆ گەڕاندنەوەی مۆنۆپۆلی هێز بۆ دەوڵەت، بەڵام ئەم پرۆسەیە تەنیا کاتێک بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێت ئەگەر دەوڵەت شەرعیەتی خۆی لە لای هەموو کۆمەڵگە هەبێت، نەک تەنیا بەشێک. خزمەتگوزاری بنەڕەتی (ئاسایش، دادپەروەری، هەلی کار) بۆ هەموو هاوڵاتییان دابین بکات. بۆ نموونە؛ لە وڵاتێکی وەک عیراق، کە فرە نەتەوە و فرە پێکهاتەیە، گەر دەوڵەت مافی هاوڵاتیبوون و وەکیەکیی دەستەبەر نەکات و هەمووان لە بەرانبەر یاسادا یەکسان نەبن و بنەمای ئەرک و ماف دوور نەبێت لە رەگەزپەرستی و لایەنداری، ئەوا مەحاڵە بەو ئامانجە بگات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین ناوچەی دیکەی جیهان، واشنتۆن مۆدێلێکی تایبەت لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان پەیڕەو دەکات، مۆدێلێک کە ڕێگە نادات شەڕی گەورە و گشتگیر ڕووبدات، لە هەمان کاتدا هەنگاوی ڕاستەقینەش دژی سەرچاوەی کێشەکان ناگیرێتەبەر بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام، کوتومت ئەمریکا سیاسەتی نەشەڕ نە ئاشتی پەیرەو دەکات .
ئەم دۆخی ڕاگرتنی هاوسەنگییە کە زیاتر بە "سیاسەتی بەڕێوەبردنی ململانێکان" ناسراوە، نەک چارەسەرکردنیان، چەندین پرسیاری دروستکردووە، بەڵام پرسیارە هەرە سەرەکییەکە ئەمەیە: ئەم دۆخە سیاسەتی "نە شەڕ نە ئاشتی" تاکەی بەردەوام دەبێت؟

چاوپۆشیکردن لەم دۆخە بەستراوە بە چەند هۆکارێکی سەرەکییەوە کە دیاترینیان ئەمانەن 
 بەرژەوەندی جیۆپۆلیتیکی: مانەوەی ناوچەکە لە دۆخی "نە شەڕ، نە ئاشتی" ڕێگە بە ئەمریکا دەدات وەک کارەکتەری سەرەکی بمێنێتەوە و هاوسەنگی هێز بپارێزێت.
 دوورکەوتنەوە لە تێچووی دارایی و مرۆیی: ئەمریکا نایەوێت بکەوێتە ناو شەڕێکی دیکەی بێکۆتاییەوە کە زیان بە ئابووری و پێگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بگەیەنێت.
 سەرنج لەسەر ڕکابەرە گەورەکان: لە پێشینەی ئێستای واشنتۆن زیاتر ڕووبەڕووبوونەوەی چین و ڕووسیایە، نەک نخرۆبوونی تەواو لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

کۆتایی ئەم هاوکێشەیە چی دەبێت؟
ئەم سیاسەتە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە "کۆنترۆڵی یارییەکە" لەدەست ئەمریکا دەرنەچێت، ئەگەر یەکێک لە لایەنە ناکۆکەکان هێڵە سوورەکان ببەزێنێت رووداوێک یان تەقینەوەیەکی گەورە ڕووبدات کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بخاتە مەترسی ڕاستەقینە، ئەو کاتە واشنتۆن ناچار دەبێت ئەم ستراتیژە بگۆڕێت یان بەرەو یەکلاکردنەوەی سەربازی یانیش سەپاندنی ئاشتییەکی کۆنکرێتی یەکجارەیی ، رووداو هاوکێشەکانی داهاتوو تەرازووەکە بەلایەکدا دەخات .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەندێک وشە هەن، لە زمانی سیاسیدا زۆر بەکاردێن، بەڵام کەمتر بە قووڵی لێیان تێدەگەین؛ «فیدرالییەت» یەکێک لەو وشانەیە. زۆرجار لە ململانێی سیاسی، لە پەرلەمان، لە دادگا و لە میدیاکاندا ناوی دەهێندرێت، بەڵام کەمجار ئەم پرسیارە دەکرێت: ئایا فیدرالییەت تەنیا شێوازێکی دابەشکردنی دەسەڵاتە، یان فەلسەفەیەکی نوێی حوکمڕانییە؟ ئایا دەستوور بە تەنیا دەتوانێت فیدرالییەت بپارێزێت، یان ئەوەی دەیپارێزێت باوەڕی خەڵک و پابەندیی هێزە سیاسییەکانە بە ڕۆحی دەستوورەوە؟

ئەگەر مێژوو بخوێنینەوە، دەبینین فیدرالییەت لە بنەڕەتدا وەڵامێک بووە بۆ پرسیارێکی گەورە: چۆن دەتوانرێت فرەیی بپارێزرێت، بەبێ ئەوەی یەکێتی بشکێت؟ ئەم بیرۆکەیە لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا لە ئەمریکا بە شێوەیەکی نوێ پەرەی سەند، دواتر ئەڵمانیا، سویسرا، کەنەدا، بەلجیکا و هەندێک وڵاتی دیکە هەر یەکەیان بە گوێرەی مێژوو، زمان، کەلتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خۆیان مۆدێلێکی تایبەتیان دروست کرد. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە فیدرالییەت نە نەخشەیەکی ئامادەیە و نە فۆرمێکی یەکسان؛ بەڵکو سیستەمێکی زیندووە کە دەبێت لەگەڵ تایبەتمەندیی هەر وڵاتێک هاوتەریب بێت.

لە ڕووی یاساییەوە، فیدرالییەت بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکاندا بەپێی دەستوور، بە شێوازێک کە هیچ لایەنێک نەتوانێت بە تەنیا سنووری دەسەڵاتی ئەوی تر بگۆڕێت. بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە، فیدرالییەت زیاتر لە؛ کەلتووری هاوبەشبوون، ڕێزگرتن لە جیاوازی، دانوستان و پێکەوە ژیانە. لە ڕوانگەی فەلسەفییەوەش، دانپێدانانە بەوەی کە یەکێتی بە زۆرەملێ و ناوەندگەرێتی دروست نابێت، بەڵکو بە دادپەروەری، هاوبەشکردنی دەسەڵات و ڕەزامەندیی هاوبەش بەهێز دەبێت.

دەستووری عێراقی ساڵی (2005)، دوای دەیان ساڵ ملمـلانێ و ناکۆکی، فیدرالییەتی وەک بنەمای سیستەمی حوکمڕانی قبووڵ کرد. ئەو بڕیارە بۆ کوردستان تەنیا سەرکەوتنێکی یاسایی نەبوو، بەڵکو دانپێدانانێک بوو بە ئەزموونێکی مێژوویی کە لە ساڵی(1991)ەوە لە هەرێم دەستی پێکردبوو. بەڵام  ئێستا دوای زیاتر لە دوو دەیە، زۆربەی ماددە گرنگەکانی دەستوور، لە نەوت و گازەوە بگرە تا بودجە، ماددەی (140) و هەندێک یاسای فیدراڵی، هێشتا لەنێوان دەق و جێبەجێکردندا ماونەتەوە. کاتێک یاسا جێبەجێ نەکرێت، ملمـلانێی سیاسی دەبێتە قەیرانی دەستووری، و دادگا لە شوێنی چارەسەری یاسایی، دەکەوێتە ناو بازنەی کێبڕکێی سیاسی.

ئەزموونی جیهان دەریخستووە کە سەرکەوتنی فیدرالییەت تەنیا بە دەستوور نەبەستراوەتەوە. لە ئەڵمانیا، هیچ حکومەتێکی فیدراڵ ناتوانێت مافی هەرێمەکان بە ئارەزووی خۆی سنووردار بکات، چونکە دامەزراوەکان لە کەسان بەهێزترن. لە سویسرا، هاوکاری و ڕەزامەندیی نێوان کانتۆنەکان بنەمای یەکێتییە، نەک ناچارکردن. لە کەنەدا، دادگای باڵا پارێزگاری لە دەستوور دەکات، نەک لە حکومەتێکی دیاریکراو. واتە لەو ئەزموونانەدا، هێزی یاسا لە یاسانامەکەدا نییە؛ لە کەلتووری پابەندبوون بە یاسادایە.

لە کوردستانیشدا، فیدرالییەت هەم سەرچاوەی هێز بووە و هەم تاقیکردنەوەیەکی بەردەوام. دامەزراندنی پەرلەمان، حکومەت، زانکۆکان، دامەزراوە ئیدارییەکان، هێزی پێشمەرگە، ئاوەدانی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و فراوانبوونی دەرفەتەکانی خوێندن و کارگێڕی، هەموویان بەشێکن لە دەستکەوتەکانی ئەم ئەزموونە. ئەم دەستکەوتانە دەریخست کە کوردستان دەتوانێت دامەزراوەی خۆی بنیات بنێت و بەرپرسیارانە کاروباری خۆی بەڕێوە ببات.

بەڵام هەمان ئەزموون چەند لاوازییەکی ترسناکیشی ئاشکرا کردووە؛ یەکنەبوونی هەندێک دامەزراوە، دواخستنی چاکسازی، پشتبەستنی زۆر بە ئابووریی نەوت، لاوازیی بەرهەمهێنان و کەمبوونی باوەڕی گشتی بە هەندێک دامەزراوە. ئەمانە کێشەی فیدرالییەت نین؛ کێشەی شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنن. چونکە هیچ سیستەمێکی دەستووری ناتوانێت شوێنی دامەزراوەی بەهێز و کارگێڕی باش بگرێتەوە.

پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە دەستوور کێ نووسیویەتی؛ پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کۆمەڵگا و هێزە سیاسییەکان ئامادەن بە ڕۆحی ئەو دەستوورە بژین؟ زۆر وڵات دەستووری باشیان هەیە، بەڵام حوکمڕانیی باشیان نییە؛ چونکە یاسا، ئەگەر نەبێتە بەشێک لە کەلتووری سیاسی و ژیانی ڕۆژانە، دەبێتە تەنها دەقێکی بێدەنگ. فیدرالییەتیش پێش ئەوەی سیستەمێکی یاسایی بێت، ڕاهێنانێکی بەردەوامە بۆ ژیانی هاوبەش.

ئەمڕۆ جیهانیش گۆڕاوە. فیدرالییەتی سەدەی بیستەم زیاتر لەسەر سنووری دەسەڵات و کارگێڕی بنیات نرابوو، بەڵام فیدرالییەتی سەدەی بیست و یەکەم گرنگی بە حوکمڕانیی رەشید و باش، دادپەروەری، ئابووریی بەرهەمهێنەر، ژینگە، ژمێریاری دیجیتاڵ، شەفافییەت و بەشداریی هاووڵاتیان دەدات. ئەو هەرێمە سەرکەوتووە نییە کە دەسەڵاتی زۆرتر هەبێت؛ ئەوە سەرکەوتووە کە خزمەتگوزاریی باشتر، ئاسایشی زیاتر و هیوا بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات.

ئایندەی فیدرالییەت لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە هەر شتێک بە یەکڕیزیی ناوخۆیی، چاکسازی، بەهێزکردنی دامەزراوەکان و جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی دەستوورەوە گرێدراوە. هەرێم پێویستی بە دامەزراوەی بەهێزتر هەیە، نەک تەنیا دەسەڵاتی زیاتر؛ پێویستی بە ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر هەیە، نەک تەنیا داهاتی نەوت؛ و پێویستی بە باوەڕی هاووڵاتیان هەیە، چونکە هیچ دەستوورێک ناتوانێت شوێنی ئەو باوەڕە بگرێتەوە.

بێگومان ، فیدرالییەت نە کۆتایی خەباتە و نە دەستکەوتێکی تەواوکراو؛ بەڵکو پرۆژەیەکی بەردەوامی دەوڵەتسازییە. هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو هەڵبژاردندایە: یان فیدرالییەت تەنیا وەک ماددەیەکی دەستووری بپارێزێت، یان وەک فەلسەفەیەکی نوێی حوکمڕانی، چاکسازی و دامەزراوەسازی زیندووی بکاتەوە. سەرکەوتنی هەرێم لە داهاتوودا بە قەبارەی دەسەڵاتەکانی پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە قەبارەی ئەو باوەڕە پێوانە دەکرێت کە هاووڵاتی بە دامەزراوەکان، بە دەستوور، و ناوەند بە شەریکی فیدراڵی هەیە. چونکە لە کۆتایی هەموو ئەزموونە مێژووییەکاندا، ئەوەی دەوڵەت دەپارێزێت هێزی چەک نییە، بەڵکو هێزی یاسا و باوەڕی مرۆڤەکانە؛ و ئەوەی فیدرالییەت بەردەوام دەکات، تەنها دەقی دەستوور نییە، بەڵکو ڕۆحی ئەو دەستوورەیە کە لە هەستی هاووڵاتیاندا دەژی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زمانی هەڕەشە خەریکە جێگەی دیالۆگی بونیادنەرانە دەگرێتەوەو ناوچەکەش بۆتە مەیدانی جەنگێکی مەترسیدار . 
پەیامەکەی کاک بافڵ، بە ڕوونی و راشکاوی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کورد لە سەرەتای ئەم قۆناغە هەوڵی خۆپاراستن و  ئارامی داوە، نەک ئەوەی ببێتە بەشێک لە فراوانکردنی ئاگری ململانێ. لەبری ئەوە، هەمیشە بانگەوازی دیالۆگ، گفتوگۆ و نێوەندگیری کراوەو سەرکردایەتی کورد خۆپارێزی رەوای هەڵبژاردووە بەو پێییەی ئەم جەنگەی بە چارەنەزانیوە.
پێشهاتەکانی ئەم دواییی، دەرخست  کە قۆناغەکە جیاوازتر بووە و ئەگەرەکان لە هەر کاتێکی تردا کراوەترن بوون. 
لە دۆخێکی واهادا پێویستی قۆناغەکە وادەخوازێت کە سەرکردایەتی کوردستان خواستی یەکگرتووی دەرخەن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان؛ و دروستکردنی ناوەندێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەرقەیرانێک کەدەشێت رووبدات.
لەم قۆناغە گرنگەی مێژوو 
کاتی حیکمەت و دانایی و هاوڕاییە.
گەل دەخوازێت بگەڕێنەوە بۆ تێزی چەپکەگوڵەکە؛ بۆ ئەو تێزەی کە لەسەر بنەمای یەکڕیزی و هاوکاری دروست بووە. 
پێکەوە مشورێک لەم ئاواییە بخۆن. 
قۆناغەکە هەستیارە، هێزی کورد لە یەکڕیزی و هاوڕاییدایە، نەک لە دوورکەوتنەوە و ناکۆکی و گوتاری توندو بێ عەمەل.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەندێک ڕێکخراو لە کاتدا لەدایک دەبن و لەگەڵ کاتیش کۆتاییان دێت؛ بەڵام هەندێکی دیکە بە خوێن، ئارەق، فرمێسک و هیوا دروست دەبن، بۆیە لە مێژوودا دەژین. یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەو جۆرە ڕێکخراوانەیە کە ناوی تەنها لەسەر بینایەک یان ئۆفیسێک نانووسرێت؛ بەڵکو لەسەر گەردەنی شاخەکان، لە نێو گۆڕستانی شەهیدان، لە سنگی پێشمەرگە و لە دڵی هەزاران خێزانی کورد نەخش بووە.

بەڵام مێژوو، هەرچەندە سەرمایەیەکی گەورەیە، بە تەنیایی ناتوانێت داهاتوو دروست بکات. هەر نەوەیەک پێویستە بە کردار، ئیرادە و بەرپرسیاریی خۆی ئەو میراتە بپارێزێت و بە هەناسەیەکی نوێ ژیانی پێ ببەخشێت. ئەمڕۆش، لە قۆناغێکی هەستیاردا، یەکێتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکدایە کە پێوانەی سەرکەوتنی تەنها ڕابردووی نییە؛ بەڵکو توانای گونجان لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەم و دروستکردنی هیوای سبەینێیە.

لەبەر ئەوە، زاخاوی خەبات، بەردەوامیی ڕێبازی سەرۆک مام جەلال، فیرۆنەدانی خوێنی شەهیدان و ئارەقی پێشمەرگە، و گردنەئەستۆکردنی ئەرکە تازەکانی ئەم قۆناغە، تەنها دروشم نین؛ بەڵکو بنەمای ئەو بەڵێنەن کە یەکێتی وەک ڕێکخراوێکی نیشتمانی بە گەل و نیشتمانەکەی دەدات.

ئەمڕۆ، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی جیهان و ناوچەکە، پرسیارە گرنگەکە ئەوە نییە یەکێتی چی بوو؛ بەڵکو ئەوەیە یەکێتی دەبێت چی بێت. گەل زیاتر لە باسکردنی ڕابردوو، پێویستی بە بینینی هیوای داهاتوو هەیە.

زاخاوی خەبات ئەگەر هەر لە ناو بیرەوەریدا بمێنێتەوە، دەبێتە مۆزەخانە؛ بەڵام ئەگەر بگوازرێتەوە بۆ خزمەتگوزاری، چاکسازی، متمانەسازی و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، دەبێتە هێزی نوێکردنەوە. ئەوەش ئەرکی سەرەکیی ئەم قۆناغەیە.

ڕێبازی سەرۆک مام جەلال تەنها یادەوەریی پیاوێکی مەزن نییە؛ قوتابخانەیەکی فکری و سیاسییە کە بناغەکانی لەسەر گفتوگۆ، میانڕەوی، قبووڵکردنی جیاوازی، متمانەسازی و خزمەتکردنی گەل دامەزراون. ئەو ڕێبازە، ئەگەر بە ڕاستی ببێتە ڕێنمای کردار، دەتوانێت وەڵامی زۆرێک لە کێشەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان بێت.

خوێنی شەهیدان، ئارەقی پێشمەرگە و ماندووبوونی کادر و ڕێکخستنە دێرینەکان، ئەمانەتێکن لە ئەستۆی هەمووان. ئەو ئەمانەتە بە دروشم ناپارێزرێت؛ بەڵکو بە بەرپرسیاری، دادپەروەری، شەفافییەت و خزمەتکردنی خەڵک دەپارێزرێت.

ئەمڕۆ، کاتی ئەوەیە یەکێتی بە هێزی یەکڕیزیی ناوخۆیی، چاکسازیی بەردەوام، گەڕاندنەوەی متمانەی گشتی، گرنگیدان بە ژنان و نەوەی گەنج و تێکەڵکردنی توانا و ئەزموونی کادرە دێرینەکان، خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادە بکات. هیچ ڕێکخراوێک بە تەنها بە مێژووی پارێزراوی خۆی داهاتووی پارێزراو نابێت؛ بەڵکو بە توانای نوێبوونەوە و گونجان لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەم دەمێنێتەوە.

بێگومان، یەکێتی لە مێژووی خۆی هێز وەرگرتووە، لە ڕێبازی مام جەلال حکمەتی سیاسی فێربووە و لە ویستی خەڵک ئاراستەی داهاتووی خۆی دۆزیوەتەوە. ئەم سەرمایەیە، ئەگەر بە بینینی نوێ و کردارێکی بەرپرسانە موتوربە بکرێت، دەتوانێت هەر وەک ڕابردوو، لە داهاتووشدا ڕۆڵێکی کاریگەر لە خزمەتکردنی کوردستان بگێڕێت.

چونکە هەر نەوەیەک ئەرکی خۆی هەیە؛ ئەرکی نەوەی دامەزرێنەر بنیاتنان بوو، بەڵام ئەرکی نەوەی ئەمڕۆ پاراستن، نوێکردنەوە و بەرەوپێشبردنی ئەو میراتەیە کە بە خوێن و ئارەق دروست کراوە. باشترین ڕێزلێنان لە شەهیدان، لە پێشمەرگە و لە هەموو ئەوانەی ژیانیان لە پێناوی گەل و نیشتماندا تەرخان کرد، ئەوەیە ئەو میراتە بە متمانە، یەکڕیزی، چاکسازی و خزمەتکردنی گەل بپارێزرێت. چونکە ئەمڕۆی یەکێتی، ئەگەر بە دروستی بنیات بنرێت، دەبێتە سبەینێی هیوادارتر بۆ کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شێوازی ئەم جەنگە لێدانە لە شادەمارەکانی یەکتر، ئەمریکا دەیەوێت پردو رێگەوبان و بەندەرەکانی ئێران دابڕوخێنێت لە بەرامبەردا ئێرانیش ناوەندەکانی ووزەی کەنداوی کردۆتە ئامانج و دەست ناپارێزێت، ئەم رێبازی جەنگە کۆنەو تازە نییە..

لە جەنگی ئەمریکا دژ بە عێراق لە ساڵی١٩٩١ و ساڵی٢٠٠٣ دا؛ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ژمارەیەک پردی سەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و ڕێگای هاتوچۆیان لەناوخۆی عێراق بەتەواوەتی کرد ئامانجی هێرشەکانیان، بەو مەرامەی جوڵەی سوپای عێراق سنووردار بکەن و رێگەکانیان ئاستەنگ بکەن و لە ناوچەیەکی دیاری کراو قەتیس بمێنن لەو هەنگاوەشدا سەرکەوتووبوون و لە ساڵی ١٩٩١ دا عێراقیان راپێچی خێمەکەی سەفوان کرد.

لە جەنگی ئێران دژ بە ئەمریکاو ئیسرائیل و وڵاتانی دەوروبەری خۆی؛تاکو ئێستە زانیارییە گشتییەکان لە هەر هێرشێکی ئاشکرای ئەمریکا دژ بە ئێران، بەفراوانی دەستبراوە بۆ تێکدانی پردە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە؛ دەست لە وێرانکاری نەپارێزراوە.

بەمەبەستی سنوردارکردنی جوڵەی سەربازی ئێران و کاولکردنی ژێرخانەکەی و فشارخستنە سەر رژێمی سیاسی ئەو وڵاتە.

لە جەنگی ژاپۆندا لە شەڕی جیهانی دووەمدا دژ بە ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٤٤و١٩٤٥ هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر شەقام، پرد، ناوەندی هێڵی ئاسنین، کارگە و کەشتییەکان چڕ کرابوونەوە، بە مەبەستی کەم کردنەوەی توانا ئابوری و سەربازیی ژاپۆنییەکان. هەروەها بۆمبی ئەتۆمی لەسەر هێرۆشیما و ناگازاکی فڕێدرانە خوارەوە و کارەساتی مرۆیی لەو دووشارە دروستبوو کە بە ناچاری دوای ئەو هێرشە بێ رەحمانەی ئەمریکا ژاپۆنییەکان ئاڵای سپییان هەڵکرد.

لە یوگۆسلاڤیادا لە ساڵی ١٩٩٩هێزەکانی ناتۆ بە سەرکردایەتی ئەمریکا؛ چەندین پرد لەسەر ڕووباری دانوب و شوێنە ستراتیژییەکانیان کردە ئامانج، بۆ کەمکردنەوەی توانای گواستنەوەی سوپای ئەو وڵاتە. لە جەنگی جیهانی دووەم ئەڵمانیای نازی کەوتە بەرهێرشی هێزەکانی هاوپەیمانان کە ژمارەیەکی زۆر پرد و هێڵی ئاسنیان بە مەبەستی
سنووردارکردنی گواستنەوەی سوپای نازی کردە ئامانج، بە تایبەتی پێش دەستیپێکردنی هێرشی نۆرماندی.

لە جەنگی ڤێتنامدا ئەمریکا چەندین جار هێرش کردە سەر پردە گرنگەکانی ئەو وڵاتە پردەکان

بەشێکی گرنگ بوون لە ڕێگای گواستنەوەی هێز و چەکی ڤێتنامییەکان.

لە جەنگی دوو کۆریادا لە ساڵانی  ١٩٥٠و١٩٥٣، هەردوو لا بە توندی هێرشیان دەکردە سەر پرد و هێڵی ئاسنینی یەکتر بە مەبەستی دابڕینی ڕێگای پشتیوانی .
لە جەنگی ئۆکرانیادا لە ساڵی ٢٠٢٢ بەدوا لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین، هەردوو لا جاروبار پرد و ژێرخانەی گواستنەوەی یەکیان دە کردە ئامانج، وەک پردەکانی سەر ڕووباری دنیپڕۆ و هەروەها Kerch Bridge.

لە جەنگی ناوخۆیی سووریادا ، هێزە جیاوازەکان و هاوپەیمانان هەندێک جار پرد و شەقامە گرنگەکانیان دەکردە ئامانج بۆ گۆڕینی هاوسەنگی شەڕ.

بە شێوەیەکی گشتی، لە زانستی سەربازیدا پرد، هێڵی ئاسن، فڕۆکەخانە، بەنداو، کۆگاکانی سووتەمەنی و ناوەندەکانی پەیوەندی بە ژێرخانەی ستراتیژی دادەنرێن، و لە زۆرینەی شەڕەکاندا بوونەتە ئامانجی هێرش؛ بۆ کەمکردنەوەی توانای لۆجستی و گواستنەوەی هێزەکان بەرامبەر یەک.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
سەردانی عەلی الزیدی بۆ واشنتۆن: تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا
 
سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح الزیدی، بۆ واشنتۆن لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. لە پشت ڕاگەیاندنە فەرمییەکان سەبارەت بە هاوکاری و پشتگیرکردنی حکومەتەکەی الزیدی لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە، پرسیاری سەرەکی بۆ ئەمریکا ئەمەیە : 
ئایا عێراق دەبێتە هاوبەشێکی سەربەخۆی واشنتۆن، یان هەروا لە بازنەی کاریگەریی ئێراندا دەمێنێتەوە ؟
 
سەردانێکی گرنگ و ستراتیژی
سەردانی عەلی الزیدی بۆ ئەمریکا یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیە لە دوای ورگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. لە ڕووی فەرمییەوە، ئامانجی سەردانەکە بریتییە لە بەهێزکردنی پەیوەندی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، بە تایبەتی لە بواری ئابووری، بازرگانی، وزە، ئاسایش، ژێرخان و تەکنۆلۆجیا. بەڵام لە دیدی میدیا و شیکەرە سیاسییەکانی ئەمریکا، ئەم کۆبوونەوەیە تەنها دیدارێکی دیپلۆماسی نیە؛ بەڵکو هەنگاوێکە بۆ دیاریکردنی ئاراستەی داهاتووی عێراق.
 
عێراق وڵاتێکی گرنگە بۆ ئەمریکا لە بەر ئەم هۆیانەی خوارەوە :
• یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهان.
• سنوورێکی هاوبەشی فراوانی هەیە لە گەڵ ئێران.
• ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە توندڕەوەکانی ناوچەکە.
 
لە دیدی واشنتۆن، عێراق نابێت تەنها ببێتە بوارێک بۆ فراوانبوونی هەژمونی ئێران. بۆیە سەردانی الزیدی هەوڵێکە بۆ هاوسەنگکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لە گەڵ هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان.
 
بۆچی واشنتۆن گرنگی بە سەردانی عەلی الزیدی دەدات ؟
 
بە پێی سەرچاوکان، لە ڕوانگەی ئەمریکا، سێ بابەتی سەرەکی ئامادەکراون :
١- کەمکردنەوەی کاریگەریی ئێران لە عێراق
گرنگترین بابەتی هەستیار بۆ واشنتۆن، پرسیاری گرووپ و میلیشیا چەکدارە نزیکەکانە لە ئێران.
لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەمریکا بەردەوام داوای کردووە کە هەموو هێزە چەکدارەکان لە ژێر دەسەڵاتی تەواوی دەوڵەتی عێراقدا بن و هیچ لایەنێکی تر، چەک و هێزی سەربازی نەبێت.
لە دیدی واشنتۆن، دەوڵەتێکی بەهێزی عێراقی پێویستی بە یەک زنجیرەی فەرماندەیی هەیە. بوونی میلیشیا و هێزە چەکدارەکان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی تەواوی حکومەت، هەڕەشەیە بۆ سەروەریی عێراق و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
 
٢- پاراستنی بازاڕی وزەی عێراق و هێنانە ناوەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان
وزە یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی سەردانەکە.
ئەمریکا دەیەوێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان ڕۆڵێکی زیاتر بگێڕن لە گەشەپێدانی کەرتی نەوت و گازی عێراق.
واشنتۆن پشتیوانی لە:
• زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی وزە دەکات
• پشتگیری عێراق دەکات کە تەنها پشتنبەستێت بە دهاتی نەوت، بەڵکو دەبێت ئابورییەکی هەمەلایەنەی هەبێت.
• هەروەها واشنتۆن نایەوێت کەرتی ستراتیژی وزەی عێراق بکەوێتە ژێر ڕکێفی ئێران، یان ووتانی تر وەکو ڕووسیا، چین، هتد.
 
٣- بەردەوامبوونی هاوکاری لە بواری ئاسایش و گۆڕینەوەی زانیاری
ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لە عێراق کەم کردووەتەوە، بەڵام نایەوێت پەیوەندییەکانی لە بواری ئەمنی و ئاسایش لەگەڵ بەغدا لە دەست بدات.
ستراتیژیی نوێی واشنتۆن بریتییە لە:
• کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی ڕاستەوخۆ
• زیادکردنی هاوکاریی هەواڵگری
• ڕاهێنان و پشتیوانی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
 
ئامانجی ئەمریکا ئەوە نیە کە عێراق بە شێوەیەکی سەربازی کۆنترۆڵ بکات، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندیەکی درێژخایەنی لە گەڵ دروستبکات وەکو هاوپەیمان.
 
پرسیارەکە لێرەدا ئەویە :
 
ئایا عێراق دەتوانێت ئاسایشی خۆی بەڕێوەببات و لە هەمان کاتدا هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ئەمریکا بێت ؟
لە لایەکی تریشەوە، عێراق چی دەوێت لە ئەمریکا ؟
 
لە دیدی میدیای ئەمریکا، حکومەتی عەلی الزیدی هەوڵ دەدات چەند شتێک بەدەستبهێنێت، لەوانە :
 
۱ـ هێنانی وەبەرهێنانی ڕۆژئاوا
عێراق دەیەوێت ئابووریی خۆی چالاک بکات، پشتبەستن بە نەوت کەم بکاتەوە و وەبەرهێنەرانی بیانی ڕابکێشێت.
بوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانێت نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی متمانەی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە بۆ عێراق.
 
۲ـ بەدەستهێنانی ناساندنی نێودەوڵەتی
بۆ حکومەتێکی نوێی عێراق، دیدار لەگەڵ ترامپ  مانایەکی سیاسیی گرنگی هەیە. بەغدا دەیەوێت پیشانی بدات کە عێراق تەنها مەیدانی ملمڵانێی نێوان ئەمریکا و ئێران نیە، بەڵکو وڵاتێکی سەربەخۆیە کە دەتوانێت هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی خۆیدا دروست بکات.
 
پرسیاری گەورەی ئەمریکا ئەمەیە؛ 
کام عێراق لە داهاتوودا دروست دەبێت؟
 
واشنتۆن سێ داهاتووی جیاواز دەبینێت:
 
١- عێراقێکی هاوبەشی ستراتیژی ئەمریکا
عێراق دامەزراوەکانی بەهێز دەکات، دەستی گرووپە چەکدارەکان سنووردار دەکات، وەبەرهێنانی ڕۆژئاوا ڕادەکێشێت و دەبێتە وڵاتێکی سەربەخۆ.
ئەمە ئەو سناریۆیەیە کە واشنتۆن پشتیوانی لێ دەکات.
 
٢- عێراقێک لە نێوان واشنتۆن و تاران
عێراق هاوکاری و هاریکاری ئەمریکا دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران دەپارێزێت.
ئەمە لە ماوەی کورتدا نزیکترین سناریۆیە لە واقع ئەمڕۆماندا.
 
٣- گەڕانەوەی عێراق بۆ ژێر کاریگەریی ئێران
ئەم سناریۆیە لەلایەن واشنتۆنەوە وەک مەترسییەکی ستراتیژی دەبینرێت.
 
ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە حیساباتی ئەمریکا
 
هەرچەند سەردانەکە لە نێوان بەغدا و واشنتۆن ئەنجام درا، بەڵام هەرێمی کوردستان هێشتا شوێنێکی گرنگی هەیە لە ستراتیژی ئەمریکا.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هاوبەشی سەرەکی ئەمریکایە لە شەڕی دژی تیرۆریزم. واشنتۆن هێشتا هەرێمی کوردستان بە فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری لە ناوچەکە دەبینێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەمریکا هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە نێوان پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر و بەغدا بپارێزێت.
 
کۆتایی :
سەردانی عەلی الزیدی بۆ واشنتۆن سەردانێکی ستراتیژییە لە سەر داهاتووی عێراق.
عێراق دەیەوێت وەبەرهێنان، پشتگیریی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکی هاوسەنگی هەبێت لەگەڵ هێزە گەورەکان. ئەمریکا دەیەوێت عێراقێکی سەربەخۆ، ئابووری کراوە، و توانای هەبێت لە کۆنترۆڵکردنی میلیشیا و هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.
 
لە کۆتاییدا، پرسیاری سەرەکی ئەمەیە:
ئایا عێراق دەتوانێت ببێتە دەوڵەتێکی بەڕاستی سەربەخۆ لە ناوچەیەک کە پڕە لە ملمڵانێی نێوان هێزە گەورەکان؟
سەردانی واشنتۆن وەڵامی یەکەمی ئەم پرسیارەیە، بەڵام وەڵامی کۆتایی نیە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ساڵانە، بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مێشوولە 760 هەزار مرۆڤ دەکوژێت. راپۆرتە زانستییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە نیوەی مرۆڤایەتی بەهۆی مێشوولەوە لەناو چووە.

3500 جۆر مێشوولە لە جیهاندا هەیە، تەنیا سەد جۆریان زیانبەخشن بۆ مرۆڤ، لەو سەد جۆرەش، پێنج جۆریان لە سەدا نەوەت و پێنجی نەخۆشییەکان دەگوازنەوە. مێشوولە لە سەدا حەڤدەی نەخۆشییە درمییەکان دەگوازێتەوە.

لە مێشوولە زیانبەخشەکاندا، تەنیا مێیەی مێشوولەکان نەخۆشی دەگوازنەوە. مێیە پێویستی بە پرۆتینی خوێنە بۆ هێلکەکانی، بۆیە خوێن دەمژێت. هەرچی نێرەکانیانە، لەسەر شیلەی گوڵ دەژین.

لەو نەخۆشییانەی مێشوولە دەیگوازێتەوە، لە هەموویان زیانبەخشتر؛ (مەلاریا)یە. بە شێوەیەکی سەرەکی، ئەم نەخۆشییە لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرە. لە ئەوروپاش، (تای دانگ) زیاترە. ڤایرۆسی (زیکا)ش، لە ئەمەریکای لاتین و ناوچەکانی دەوری دەریای سپی زۆرە. مەترسیی نەخۆشیی زیکا، بەتایبەتی بۆ کۆرپەلەیە و تووشی شێواندنی دەکات. نەخۆشیی شیکۆنگا، لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرە. ڤایرۆسی نایلیی رۆژاوا و تای زەرد، زیاتر لە ئەمەریکا و ئەوروپا زۆرترە. بەهۆی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان، ئەو سنوورانە زۆریان نەماون و لە هەموو جیهاندا ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانە هەیە. نەک هەر کەسەکان نەخۆشییەکان دەگوازنەوە، بەڵکوو جۆری مێشوولەکانیش لە کیشوەرێکەوە و کیشوەرێکی تر گوازتراونەتەوە، بۆ نموونە؛ مێشوولەی پڵنگی (بەو ناوە ناسراوە بەهۆی ئەوەی لەشی خەتی سپی و زەردی تێدایە) بە رەچەڵەک لە رۆژهەڵاتی دوور دەژیان لە ژاپۆن، چین، تایلەند و مالیزیا... ئێستا ئەم جۆرە مێشوولەیە لە هەموو جیهاندا دەبینرێت، کە بەهۆی گواستنەوەی شتومەک، بەتایبەتی رووەکی جوانی، گواستراوەتەوە. ئەم جۆرە مێشوولەیە، پێویستی بە کەمێک ئاو هەیە تا ژیانی بەردەوام بێت، کە شێی ئینجانە بەسە بۆی. ئەم جۆرە مێشوولەیە قەبارە گەورەیە و بە رۆژیش پێوە دەدات، نەک هەر بە شەو، وەک مێشوولەی ئەنۆفیلس.

هەرچەندە زۆر رێگە بۆ لەناوبردنی مێشوولە بەکار هاتووە، بەڵام ژمارەیان هەر لە زۆربووندایە. هەندێک هۆکار هەیە بۆ زۆربوونی ژمارەیان، بەڵام لە هەموویان گرنگتر؛ گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە لە جیهاندا. ئەم بەرزبوونەوەیەی پلەی گەرما، وای کردووە وەرزی زاوزێی مێشوولە درێژ بێت. هەروەها زۆربوونی بارانی بەخوڕ، کە بەهۆیەوە ئاوی باران کۆ دەبێتەوە، فراوانبوونی شارستانیەت و گلدانەوەی ئاو لە ماڵەکان، لە باخ و شەقامەکاندا، وای کردووە مێشوولە لە شارەکان بەردەوام لە زۆربووندا بێت.

ناکرێت تەنیا وەک هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پێوەدان و دروستکردنی لیر و خوریشک و هەستیاری و دەنگە خەوزڕێنەکەی سەیری مێشوولە بکەین، بەڵکوو وەک ژینگەپارێزێکیشە،چونکە مێشوولە کە زاوزێ دەکات لە نێو ئاودا، سەرەمێکوتەکانی دەبنە خۆراکی ماسی. سێ هەزار جۆر ماسی هەن کە سەرەمێکوتەکان دەخۆن و خواردنی سەرەکییانە، بۆ نموونە؛ ماسیی کارپ. هەروەها مێشوولە رێژەیەکی باش لە خواردنی باڵندە پێک دەهێنێت، وەک: پەڕەسێلکە و شەمشەمەکوێرە...

سەرەمێکوتەکان ئاو خاوێن دەکەنەوە، بەوەی لەسەر پاشماوە ئۆرگانیکەکانی نێو ئاو دەژین، وەک: نیترات و فۆسفات... ئەوەش وا دەکات ژینگەیەکی باش بۆ زیندەوەرەکانی نێو ئاو دروست بێت.

زۆربەی مێشوولە لەسەر شیلەی گوڵ دەژی، لەو رێگەیەشەوە هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی هەڵاڵە و پۆلێنی گوڵەکان.

لە بواری پزیشکیشدا سوود لە مێشوولە وەرگیراوە؛ ئەو رێژنەی دەیڕێژێت کاتی پێوەدانی و ناهێڵێت خوێن بمەیێت، وەک مادەیەک بەکار دێت دژ بە مەیینی خوێن. هەروەها سوود لەو مادەیەش وەرگیراوە کە مێشوولە کاتی پێوەدانی جۆرێک لە بەنج بەکار دەهێنێت پێش گەستن و وا لە مرۆڤ دەکات هەست بە گەستنەکەی نەکات تا لە گەستنەکەی تەواو دەبێت.

کاتێک کە مرۆڤ یان خوێنلەبەرانی گەرم هەناسە دەدەن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن؛ مێشوولە لە دوورەوە هەست بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەکات و دەزانێت سەرچاوەی خواردنی لێ دەست دەکەوێت و بەرەو ئەو شوێنە دەڕوات.

هەندێک کەس مێشوولە زیاتر بۆ خۆی رادەکێشێت و زیاتر پێوەی دەدرێت؛ دەرکەوتووە هۆکارەکەی بۆنی ئۆکتینۆلە. مرۆڤ ئەم بۆنە لەگەڵ هەناسە و ئارەقە دەردەکات و هەندێک کەس زیاتر دەری دەکەن، ئەوەش وا دەکات مێشوولە زیاتر بیانگەزێت. هەندێک هۆکاری تریش هەیە بۆ راکێشنی مێشوولە، وەکوو: جلی رەنگی سوور، پرتەقاڵی و رەش... بە پێچەوانەشەوە کەمتر بۆ رەنگی سەوز و سپی. گەرمیی لەش و شێی لەش هۆکارێکی ترن بۆ راکێشانی مێشوولە.

زانایان لە هەندێک رێگە دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی ئەو مێشوولانەی کە سەرچاوەی گواستنەوەی نەخۆشین، نەک لەناوبردنیان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و کوشتنی هەمووجۆرێک لە مێشوولە لە رێگەی رشتنی ژەهر، کە زیان بە ژینگە و هاوسەنگیی بوونی زیندەوەران دەگەیەنێت. یەکێک لەو رێگەیانە؛ نەزۆککردنی نێرینەی ئەو جۆرە  مێشوولەیەی مەبەستیانە، هەروەها گۆڕینی کرۆمۆسۆمەکانیان و تووشکردنیان بەو نەخۆشیانەی لە رێگەی نێرەکانەوە بۆ مێیە و هێلکەکانی مێشوولە دەگوازرێنەوە. ژمارەیەکی زۆر لە نێرینە لە تاقیگەکاندا بەخێو دەکەن و تیشکیان لێ دەدرێت تا نەزۆک بن و فڕێیان دەدەنە نێو سروشت، کە لەگەڵ مێیە جووت دەبن، بەرهەمیان نابێت، یاخود بەو میکرۆبانە تووشیان دەکەن کە نەخۆشین و تایبەتن بە مێشوولە. کێشەی ئەم رێگایانە لەوەدایە دەبێت ژمارەیەکی زۆر لەو مێشوولە تووشبوو و دەستکاریکراوانە فڕێ بدەنە ناو سروشت و بە بەردوامی بخرێنە ناو ژینگە. کێشەیەکی تریش ئەوەیە تێچووی زۆر و کاری زۆر دەوێت.

رێگەی دووەم؛ بەخێوکردنی ئەو جۆرە ماسییانەیە کە بەتایبەتی لەسەر مێکوتەی مێشوولە دەژین، ئەمانە بەتایبەتی بۆ نێو ئاوی مەنگ و وەستاو باشە و رۆژانە سەدان مێکوتە دەخۆن.

لەسەر ئاستی تاکیش دەکرێت هەندێک رێگە بگیرێنە بەر بۆ دوورخستنەوەی مێشوولە و گەستنی، وەک:

چاندنی رێحانە، نەعنا، لاڤەندەر، گوڵە ساردۆنیا، رێحانەی کێوی (رۆزماری)، لیمۆ و سیر لە نێو باخ و بالکۆنی ماڵدا، ئەم رووەکانە مێشوولە دوور دەخەنەوە.

رشتنی تڵپەی قاوە بەسەر خۆڵی نێو ئینجانەدا، کە ناهێڵێت مێکوتەکان گەشە بکەن.

نەهێشتنی ئەو شوێنانەی ئاوی لێ کۆبووەتەوە.

بەکارهێنانی پانکە؛ مێشوولە حەز بە جووڵەی هەوا ناکات.

تەلبەندکردنی دەرگا و پەنجەرە.

لە کاتی دانیشن لە دەرەوە و لە نێو باخ، رووناکییەکان دوور بن و زۆر بەهێز نەبن؛ رووناکی، مێشوولە رادەکێشێت.

بەکارهێنانی گڵۆپی سەروو وەنەوشەیی؛ مێشوولە بۆی دەچێت و پێ دەسووتێت.

لیمۆ مێخەکی تێ بچەقێنرێت و لە لای جێگەی نووستن دابنرێت.

بەکارهێنانی پەردەکوللە، بەتایبەتی بۆ منداڵ.

هەندێک رۆنی دژەمێشوولە و رۆنی گیایی هەیە لە نەعنا، ترشییەکان و لاڤەندەر پێک هاتووە، دەکرێت لە پێست بدرێت و مێشوولە دوور دەخاتەوە. ئێستا بازن دروست دەکرێت ئەو دەرمانانەی پێوەیە، کە مێشوولە دوور دەخاتەوە و زیانیش بە پێست ناگەیەنێت.

بەگشتی، ئەم شێوازانە کاریگەرییان بۆ کاتێکی کورت هەیە، دەبێت دووبارە بکرێنەوە، هەموو مێشوولەیەکیش دوور ناخەنەوە و لەسەر هەندێک کەس کاریگەرترن وەک هەندێکی تر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جیهان ماڵئاوایی لە سیاسەتمەدارێکی کاریگەر دەکات کە قەڵغانێکی پتەوی پاراستنی دۆزی گەلی کورد بوو

مێژووی نەتەوەکان تەنها بەو سەرکردانەوە نانووسرێتەوە کە لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا دەجەنگن، بەڵکو بەو دۆست و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییانەشەوە دەڕازێتەوە کە لە ساتەوەختە تاریکەکاندا دەبنە دەنگی گەلانی بێدەنگکراو. سیناتۆری ئەمریکی، لیندسی گراهەم، یەکێک بوو لەو ناوە درەوشاوانەی کە لە ویژدانی زیندووی گەلی کورددا وەک سیمبولی ئەمەکداری و دۆستایەتییەکی ڕاستەقینە لەیاد ناکرێت.
 بە دڵێکی حەسرەت و پێزانینەوە لەدەستدانی دۆستێکی دڵسۆز و ڕاستەقینە ڕادەگەیەنێت. 

لیندسی گراهەم لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسیی ئەمریکادا (کۆنگرێس)، تەنها نوێنەرایەتی ویلایەتەکەی خۆی نەدەکرد، بەڵکو زۆرجار وەک داکۆکیکارێکی سەرسەخت لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و قوربانیانی شەڕی دژ بە تیرۆر دەردەکەوت. لەو کاتانەی کە هاوکێشە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە کاتییەکان دەبوو بە هۆی پشتگوێخستنی کورد، گراهەم بە ئازایەتییەوە دەوەستایەوە و دەیگوت: «ئێمە ناتوانین پشت لەوانە بکەین کە لە پێناو ئازادیی خۆیان و پاراستنی جیهاندا قوربانییان داوە
ئەو وەک قەڵغانێکی سیاسی لە بەردەم بڕیارە سەختەکاندا وەستا، و هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە کەرامەت و دۆستایەتی گەلی کورد شایستەی پاراستن و ڕێزگرتنە. ئەم هەڵوێستە جوامێرانە و نەگۆڕانە، وایکرد کە ناوی ئەو لە دڵی تاک بە تاکی کوردستاندا تۆمار بێت.

سیناتۆری ئەمریکی، لیندسی گراهەم، ناوی تەواوی: Lindsey Olin Graham،لەدایکبوو: ٩ی تەممووزی ١٩٥٥، لە کارۆلینای باشووری ئەمریکا،مردن: ١١ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە تەمەنی ٧١ ساڵ.سەربازی هێزی ئاسمانی ئەمریکا (US Air Force) بوو و وەک پارێزەر (JAG) خزمەتیکرد هەروەها ئەندامی پەرلەمانی ویلایەتی کارۆلینای باشوور (١٩٩٣–١٩٩٥).ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (House of Representatives) لە ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٣.سەرۆکی کۆمیتەی دادوەری سینا (Judiciary Committee) لە ٢٠١٩–٢٠٢١.سەرۆکی کۆمیتەی بودجەی سینا لە ماوەیەک لە کۆنگرەی دواهەمدا لەهەمان کاتدا ئەندامی حزبی کۆماری (Republican Party) بوو.

سیناتۆر ليندسی گراهام تەنها ناوێک نەبوو لە کۆریدۆرەکانی کۆنگرێسی ئەمریکادا، بەڵکو دەنگێکی بەرز و نەترس بوو بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلێک کە زۆرجار لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا پشتگوێ دەخرا. هەڵوێستەکانی بۆ پاراستنی هاوپەیمانی و داواکارییەکانی کورد، وای کرد ناوی لە هزری زۆرێک لە کورداندا بە ڕێز و شکۆوە بێت.

خۆڕاگری و هەڵوێستە جوامێرانەکانی ئەو لە ساتەوەختە هەرە سەخت و هەستیارەکاندا، نیشانەی باوەڕبوونێکی قووڵ بوو بە دادپەروەری و دۆزی ڕەوای کورد. گراهەم لەو سەرکردە کەمینانە بوو کە دۆستایەتی گەلی کوردی نەکردە قوربانی بەرژەوەندییە کاتییەکان، بەڵکو هەمیشە وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی و جێی متمانە سەیری دەکرد. پشتیوانی و دڵسۆزی ڕاستەقینەی سیناتۆر گراهام کاریگەری ڕاستەوخۆیی لە ئاراستە کردنی سیاسەتی ئەمریکا و جیهان هەبوو بەرامبەر بە دۆزی کورد، 
لیندزی گراهام لە کایەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، هەمیشە وەک هێڵێکی پێشەوەی بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد لە چوارپارچەی کوردستان دەبینرا. گەورەترین هەڵوێستی مێژوویی ئەو لە کۆتایی ساڵی 2018 و تشرینی یەکەمی 2019دا دەرکەوت، کاتێک دژی بڕیاری کشانەوەی لەناکاوی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان وەستایەوە.

لیدزی گراهام لەو کاتەدا ڕایگەیاند، بەجێهێشتنی کورد لەبەردەم هێرشەکانی تورکیادا شەرمەزارییەکی مێژووییە و لەگەڵ سێناتۆر کریس ڤان هۆڵن پڕۆژەیاسایەکی بۆ سزادانی بەرپرسانی تورکیا ئامادەکرد. دواجار توانی قەناعەت بە سەرۆک ترەمپ بهێنێت بۆ هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگە نەوتییەکانی حەسەکە و دێرەزوور، بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی و پڕچەککردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کە بەمەش قەوارەی ڕۆژئاوای لە ڕووخانی تەواوەتی ڕزگار کرد. لە ساڵی 2020یشدا، پاڵپشتی لە گرێبەستێکی نەوتیی نێوان کۆمپانیایەکی ئەمریکی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد بۆ هێنانەکایەی سەربەخۆیی دارایی بۆ ناوچەکە.
لە سەر ئاستی باشووری کوردستان، لیندزی گراهام بە دۆستێکی نزیک و متمانەپێکراوی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم دادەنرا و چەندین جار سەردانی کوردستانی کردبوو. ئەو لە کۆنگرێسدا داڕێژەری سەرەکیی یاسای جێگیرکردنی هاوکاری دارایی مانگانە بوو بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە ناو بودجەی بەرگریی ئەمریکادا، بێ ئەوەی لە ڕێگەی بەغداوە بدرێت و ئاستەنگ بۆ ئەو هاوکارییانە دروست بکات.

هاوکات لە کاتی ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمی 2017 و هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکوک، لیدزی گراهام یەکێک بوو لە دەنگە ناڕازییە توندەکان دژی بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی لەلایەن بەغداوە بەرامبەر بە هێزەکانی پێشمەرگە و هەمیشە جەختی لەسەر مانەوەی سوپای ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەکردەوە. سیناتۆر لیندسی گراهام لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکان کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کوردەکانی لە قاڵب داوە. لە ساڵی ١٩٩٤ لە کاتی زەوی لەرزینەکەی کۆمارییەکان هەڵبژێردرا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لەو کاتەدا پارتی کۆمارییەکان سەرنجی لەسەر باج و سنووردارکردنی ڕۆڵی حکومەت بوو، بەڵام گراهام بە مەبەستی هاتە واشنتۆن بە مەبەستی ئەوەی سیاسەتی دەرەوە بکاتە پرسێکی ناوەندی.لە ساڵی 2003 لە ئەنجومەنی پیرانی دەستبەکاربوونی، پەیوەندییەکەی لەگەڵ کوردەکان بە تایبەتی لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییەی هۆزە عەرەبەکانی سوریا و هێزەکانی حکومەت بۆ سەر کۆمەڵگەی کورد لە حەلەب و لە باکوری ڕۆژهەڵاتی فورات کە بە ڕۆژاڤا ناسراوە، دیار بووە.

لە کاتە مەترسیدارەکاندا ، تویتەکانی بەردەوامی سیناتۆر گراهام یارمەتیدەر بوون بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی پشتیوانی سیاسی ئەو یاسای ڕزگارکردنی کوردەکان بوو، کە سیناتۆر ڕیچارد بلومێنتال سەرپەرشتی دەکرد، کە ئیدانەی “هێرشە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

(14)ی تەمموز؛ شۆڕشێک کۆماری هێنا، یان کودەتایەک کە دەرگای خوێنی کردەوە؟


مێژوو هەمیشە بەو ناوانەوە نامێنێتەوە کە سەرکەوتووان لەسەری دادەنێن؛ هەندێک رووداو بە ناوی «شۆڕش»ەوە دەست پێدەکەن، بەڵام کاتێک زەمەن پەردە لەسەر دەرئەنجامەکانیان هەڵدەداتەوە، پرسیارێکی تر دەخەنە بەردەم نەوەکان: ئایا بەڕاستی ئەوە شۆڕش بوو، یان کودەتایەکی سەربازیی کە بە دروشمی داواکانی گەلەوە هات و بە خوێنی خێزانێک لە کۆشکی ريحاب دەستی پێکرد؟
(14)ی تەمموزی 1958، یەکێک لەو رۆژانەیە کە هێشتا مێژووی عیراق حوکمێکی کۆتایی لەسەر نەداوە. بۆ هەندێک، رۆژی رزگاربوون بوو لە پاشایەتی، هەژموونی بەریتانیا و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی؛ بۆ هەندێکی تر کۆتایی سەردەمی دامەزراوەیی و دەستپێکی بازنەیەک بوو لە کودەتا، تۆڵە و دەسەڵاتی سەربازی.


ئەگەر شۆڕش بە مانای راپەڕینی گەل بۆ ئازادیی و دادپەروەری بێت، چۆن دەکرێت لە ژووری نهێنیی ئەفسەرانی پلەداردا پلانی بۆ دابنرێت، بە تانک و تفەنگ دەست پێبکات و بە کوشتنی خێزانێک لە کۆشکی ریحاب، یەکەم بەیانیی خۆی بنووسێتەوە؟ شۆڕش دەبێت لە ناخی کۆمەڵگەوە هەڵبقوڵێت؛ خەڵک خاوەنی بن، نەک تەنها بینەربن. کودەتا زۆرجار لە پادگانێک (سەربازگەیەک)ەوە دەست پێدەکات؛ ژمارەیەک سەرباز دەسەڵات دەگرنە دەست و دواتر بە ناوی گەلەوە قسەدەکەن.


لەو سەردەمەدا خواستی گۆڕانکاری و ناڕەزایی گشتی بەڕاستی هەبوو. هەژاری، نایەکسانی، کێشەی زەویوزار و هەستی وابەستەیی بە بەریتانیا، زەمینەی گۆڕانیان خوڵقاندبوو؛ بەڵام شێوازی گرتنە دەستی دەسەڵات سەربازی بوو. بۆیە رەنگە راستترین پێناسە بۆ ئەو رووداوە ئەمە بێت: کودەتایەکی سەربازیی کە بە پشتگیریی بەشێک لە خەڵک، رەهەندێکی شۆڕشگێڕانەی وەرگرتبێت.


سیستمی پاشایەتی لە عیراقدا بێ کەموکوڕی نەبوو. هەژموونی بەریتانیا بەهێز بوو، دەسەڵات لە دەستی چینێکی سنوورداردا کۆبووبۆوە و هەژاری و نایەکسانی فراوان بوو. دەنگی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە بە ئازادیی نەدەبیسترا و هەستی نەتەوەیی زۆرجار خۆی لەژێر سێبەری پەیماننامە و بەرژەوەندییە دەرەکییەکاندا دەبینییەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا عیراق خاوەنی دەستوور، پەرلەمان، حکومەت، دادگا و نەریتێکی سیاسی بوو. هەرچەندە دیموکراسییەتەکە تەواو و بێ کەموکوڕیی نەبوو، دەرگای پەرەپێدان و چاکسازی هێشتا داخراو نەبوو. زانکۆکان، رێگاوبان، پڕۆژەکانی ئاودێری و دامەزراوەکانی دەوڵەت هەنگاویان بەرەو پێش دەنا. کێشەکە ئەوە بوو کاروانی گۆڕانکاریی خاو بوو، نادادپەروەریی خێراتر لە چاکسازیی گەشەی دەکرد.


لە بەیانیی (14)ی تەمموزدا، کاتێک مەلیک فەیسەڵی دووەم و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی پاشایەتی و خزمەتکارانی کۆشکی ریحاب کوژران، تەنیا کۆتایی بە خێزانێکی پاشایەتی نەهات؛ بەڵکو سنوورێکی ئەخلاقی لە مێژووی سیاسیی عیراقدا شکا. دەکرا پاشایەتی کۆتایی پێبهێنرێت، بەبێ ئەوەی مرۆڤەکان بکوژرێن. دەکرا مەلیک لە دەسەڵات لاببرێت، دادگایی بکرێت، یان لە وڵات دەربکرێت، بەڵام کاتێک گۆڕانکاریی بە خوێن دەست پێدەکات، خوێنڕشتن زۆرجار لە رووداوێکی کاتییەوە دەبێتە نەریتێکی بەردەوام.


لەو ساتەوە، کوشتنی رکابەران بوو بە بەشێک لە زمانی دەسەڵات. لە 1958ەوە بۆ کودەتای 1963، لەوێوە بۆ 1968 و دواتر بۆ سەردەمی سەدام حسێن، بەندیخانە، پاکتاو و تۆڵەی سیاسی، بوون بە ئامرازی حوکمڕانی؛ عیراقیش لە دەوڵەتێکی دامەزراوەییەوە، هێواش هێواش بەرەو دەوڵەتی حزبی و تاکەکەسی هەنگاوی نا.


لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە: عیراقی پاشایەتی باشتر بوو، یان کۆماری سەردەمی سەدام؟ مێژوو بە وشە سادەکانی «باش» و «خراپ» حوکم نادات. پاشایەتی نادادپەروەریی، هەژاری و دەستوەردانی دەرەکیی تێدا بوو؛ بەڵام عیراقی سەردەمی سەدام، جگە لە هەندێک قۆناغی گەشەی ئابووری و پەرەپێدانی خوێندن و تەندروستی، شاهیدی شەڕ، سەرکوتکاری و کارەساتی گەورە بوو.

جەنگی عیراق ـ ئێران، هەشت ساڵ لە تەمەن و سامانی وڵاتی فەوتاند. ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە برینێکی قووڵیان لە ویژدانی کوردستان و مرۆڤایەتیدا جێهێشت. داگیرکردنی کوێت، شەڕ، گەمارۆ و دواجار رووخانی دەوڵەت لە 2003دا، عیراقیان خستە ناو بازنەیەکی تری کارەساتەوە. بۆیە ئەگەر بەپێی دەرئەنجامەکان حوکم بدەین، پاشایەتییە کەموکوڕ و نادادپەروەرەکە کەمتر وێرانکەر بوو لەو کۆمارییەی کە بە تاکڕەوی، شەڕ و تۆقاندن کۆتایی هات. پاشایەتی پێویستی بە چاکسازیی هەبوو؛ بەڵام کۆمارییەکەی سەدام پێویستی بە رزگاربوون بوو لە دەسەڵاتی سەرەڕۆ.
لە جیهاندا هیچ یاسایەک نییە بڵێت پاشایەتی هەمیشە خراپە و کۆماریی هەمیشە باشە. بەریتانیا، سوید، نەرویج، دانیمارک، هۆڵەندا و ژاپۆنیش پاشایەتین؛ بەڵام دیموکرات، سەقامگیر و خۆشگوزەرانن، چونکە لەوێ پاشا حوکم ناکات؛ دەستوور، یاسا و دامەزراوەکان حوکمڕانن. لە بەرامبەردا، زۆر وڵات ناوی «کۆماری»یان هەڵگرتووە، بەڵام دەسەڵات تێیاندا لە دەستی تاکێک، یان حزبێکدایە. هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام دەسەڵات ناگۆڕدرێت؛ دەستوور هەیە، بەڵام یاسا لەژێر رکێفی حاکمدایە. کەواتە پرسیاری سەرەکی ئەمە نییە: مەلیک، یان سەرۆک؟ تاج، یان کۆمار؟ پرسیاری راستەقینە ئەوەیە: کێ یاسا بەسەر دەسەڵاتدا دەسەپێنێت؟ دەسەڵات چۆن دەگوازرێتەوە؟ ئایا مرۆڤ لەبەردەم دەوڵەتدا پارێزراوە، یان نا؟
لەو گۆڕانکارییە مێژووییەدا، کورد و کوردستان تەنیا تماشاکار نەبوون. کورد بە هیوای دانپێدانان بە ماف و ناسنامەی نەتەوەیی پێشوازی لە کۆمار کرد؛ بەڵام ئەو هیوایە هەر زوو لە سێبەری ناوەندگەرایی و نەبوونی چارەسەرێکی دادپەروەرانەدا لاواز بوو. مێژوو سەلماندوویەتی کە سەقامگیریی عیراق بە سەقامگیریی کوردستان و هاوبەشیی راستەقینەوە بەستراوەتەوە.


دوای نزیکەی حەوت دەیە، عیراق هێشتا بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت. پاشایەتی رووخا، بەڵام دادپەروەریی رەها بەرپا نەبوو. کۆمار دامەزرا، بەڵام دەسەڵاتی راستەقینەی گەل بەدینەهات. دروشمەکان و سەرۆکەکان گۆڕان؛ بەڵام ترسی کودەتا، تۆڵەی سیاسی و لاوازیی دامەزراوەکان بە شێوەی جیاواز ماونەتەوە.


رەنگە گەورەترین وانەی 14ی تەمموز ئەمە بێت: هیچ دەسەڵاتێک تەنیا بە گۆڕینی ناوی خۆی نوێ نابێتەوە. کۆمار، ئەگەر یاسا، ئازادیی و متمانەی تێدا نەبێت، تەنیا پاشایەتییەکی بێ تاجە؛ پاشایەتیش، ئەگەر دەستوور و دەنگی گەل بپارێزێت، دەتوانێت لە زۆرێک لە کۆمارەکان دیموکراتتر بێت.


(14)ی تەموز تاجی لەسەر سەری مەلیک لادا، بەڵام نەیتوانی سێبەری سەرباز لەسەر سیاسەت لابدات. کۆماری هێنا، بەڵام دەرگای بۆ کودەتاکانی دواتریش واڵا کرد. لەو بەیانییەدا خێزانێک کوژران؛ بەڵام ئەوەی زیاتر لەناوچوو، بیرۆکەی گواستنەوەی ئارام و یاساییانەی دەسەڵات بوو.

 

لە کۆتاییدا، گەلان بە تاج سەرفراز نابن و بە ناوی کۆماریش ئازاد نابن؛ بەڵکو بە یاسا، دادپەروەری، متمانە و رێزگرتن لە ژیانی مرۆڤ بەهێز دەبن، چونکە دەوڵەت لەو رۆژەوە دەست پێدەکات کە تفەنگەکان بێدەنگ دەبن و یاسا قسە دەکات؛ مێژووش لەو ساتەدا ئارام دەبێتەوە کە گۆڕانکارییەکان چیتر بە خوێن نانووسرێنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کوردسات تەنها کەناڵێکی تەلەفزیۆنی نییە؛ بەڵکو دامەزراوەیەکی فکری، فەرهەنگی و نەتەوەییە کە لە درێژایی مێژووی کارکردنی خۆیدا بەشێکی گرنگ بووە لە پڕۆژەی نەتەوەسازی و بەهێزکردنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا. 

نەتەوەسازی کاری گەرەکە؛ لە هۆشیاری هاوبەش، پاراستنی زمان، فەرهەنگ، مێژوو،  کوردسات یەکێکە لەو دامەزراوانەی ڕۆڵێکی دیاری هەبووە لەم پڕۆسە گرنگەدا.

لە سەردەمێکدا کە شەڕی ڕاستەقینە لە مەیدانی هزرو بەرپادەبێت.

میدیا وەک خاوەن پەیام ئەرکدار دەبێت؛ دەبێتە هێزێکی ستراتیژی بۆ پاراستنی بوونی نەتەوەیەک کە لە بەردەم نکۆڵیدایە. 

کوردسات.. هەمیشە هەوڵیداوە دەنگی کوردان بێت، کوردستان بپارێزێت و بەرهەمی ڕۆشنبیری پێشکەش بکات کە هاوکات خزمەتی تاک و کۆمەڵگا و ئایندەی نەتەوە بکات.
ئەم کەناڵە بەردەوام لە پەخشکردنی بەرنامە فەرهەنگی، هونەری، مێژوویی، ئەدەبی و زانستی، هاوکات بۆتە سەکۆی پشتیوانیکردنی هونەرمەندان، نووسەران، ڕۆشنبیران، فیلمسازان و گەنجانی خاوەن توانا جیاوازەکان. 
ئەم پشتگیرییە تەنها خزمەتێکی هونەری نییە، بەڵکو بەشێکە لە دروستکردنی سەرمایەی مرۆیی و فکریی نەتەوەکەمان؛ چونکە بێشک نەتەوەی بەهێز، پێش لە هەر شتێک، پێویستی بە مرۆڤی هۆشیار و داهێنەر هەیە.
کوردسات بۆتە رایەڵەی نێوان نەوەکان و مێژووی نەتەوە. گەنجان لە ڕێگەی بەرنامە و بەرهەمەکانی ئەم کەناڵەوە فێری مێژوو، فەرهەنگ و ناسنامەی خۆیان دەبن و خاوەنداری مێژوو دەبن، ئەمە خۆی بەشێکە لە پڕۆسەی نەتەوەسازی و پاراستنی باوەڕی هاوبەشی میللی.

ئێستا کە جیهان بە خێرایی گۆڕانکاریی فکری و تەکنەلۆژی بەخۆیەوە دەبینێت، پێویستە میدیای نەتەوەیی وەک کوردسات هەرچی زیاتر ببێتە مەیدانی داهێنان، برەودان بە زانست، هونەر و پەروەردەو چەمکە ژیارییەکان. 
داهاتووی نەتەوەکان تەنها بە هێزی ئابوری و سیاسییەوە ناپێورێن، بەڵکو بە ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری و زانست و زانیارییەوەبەستراون .  

کوردسات لە ئێستادا تەنها کەناڵی خێزان و گەل نییە؛ بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوەکانی نەتەوەسازی، دامەزراوەیەک لە خەمی پاراستنی شوناسنامە، بەهێزکردنی هۆشیاری گشتی، پەروەردەی نەوەکان و دروستکردنی متمانە بە خۆ بوونو بە نیشتمان.

ڕۆڵێکی بنچینەیی دەگێڕێت. لە ئێستادا چالاکییەکانی تەنها وەشان و پڕۆگرامی تیڤی نییە، بەڵکو بۆتە چەقی کار لە کۆمەڵگەدا، و لەو دیوو ستۆدیۆکان، ناو کۆمەڵگەی کردۆتە مەیدانی کارو چالاکی لە بواری وەرزش، هونەر، رۆشنبیری و فیلمسازی؛ کوردسات بۆتە هەیەجانی شۆڕشی کارو چالاکی لە ناوجەرگەی کۆمەڵگەداو یادە مێژووییەکانی بەخۆیەوە گرێداوەو خاوەندارە لە مێژووی نەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆتایی هاتنی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و دواتر گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگر‌بەست، کە لە کۆشکی ڤێرسای لە پەراوێزی لوتکەی G7 ئیمزا کرا، تەنها وەستاندنی شەڕێک نیە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی هاوسەنگی هێزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. 

زۆربەی چاودێران سەرنجیان لە سەر واشنتۆن، تاران و گەرووی هورمز بوو، بەڵام هەرێمی کوردستانی عێراقیش هێشتا یەکێکە لە گرنگترین ئەکتەرەکانی ئەم هاوکێشەیە.

لە ماوەی شەڕەکەدا، هەرێمی کوردستان بوو بە یەکێک لە سەرەکیترین مەیدانەکانی ململانێی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران. مووشەک و درۆنەکانی ئێران چەندین جار بنکە سەربازییەکان و ناوچەکانی هەرێمیان بۆمباران کرد. ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی دروستکرد لەسەر هاووڵاتیان، دامەزراوەکانی وزە و وەبەرهێنانی بیانی. سەرەڕای ئەو بارودۆخە، هەرێمی کوردستان توانی سەقامگیری سیاسی و ئابووریی خۆی تا ڕادەیەکی زۆر بپارێزێت و ئەمڕۆش یەکێکە لە کەمترین ناوچەکانی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست کە توانیوێتی هاوسەنگی پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئەمریکا و ئێران ڕابگرێ.

هاوپەیمانی ڕۆژئاوا و کوردستان
بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی توندوتؤڵی هەیە لە گەڵ ئەمریکا و بەریتانیا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا کە دوو پایەی سەرەکی یەکێتی ئۆروپان.
هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان بینی لە تێکشکاندنی گروپی تیرۆریستی داعش. لە کاتێکدا زۆر لە سوپا و هێزەکانی ناوچەکە پاشەکشەیان دەکرد بەرانبەر داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان شارو شارۆچکە و شوێنەکانی خۆیان بە باشی دەپاراست. کوردستان ببوو بە زۆنی ئازادیی و داڵدەدەری ئاوارەکانی ناوچەکانی تر. هەروەها توانی بەرگری بکات لە کەمینە ئاینیەکان و بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداری کرد لە گەڕاندنەوەی بەشێکی زۆری ناوچەکانی داعش لە سنووری موسڵ و دەوروبەری.

بەڵام دوای شکستی داعش، ئەو قوربانی و فیداکاریەی پێشمەرگە نەبووە قازانج و دەستکەوتێکی سیاسی گەورە. بۆ نموونە، ڕاپرسی سەربەخۆیی (ڕفڕاندۆمی ساڵی ٢٠١٧) پشتگیری نێودەوڵەتی بە دەستنەهێنا و هەرێمی کوردستان لە بازنەی قەیران و فشارێکی سیاسی گەورە مایەوە.
شەڕی ئەمریکا و ئێران دووبارە ئەو ڕاستییەی دەرخست کە کوردستان بۆ ئارامی ناوچەکە هێشتا زۆنێکی گرنگ و پێویستە.

بۆچی کوردستان جێگای بایەخی زلهێزەکانە؟

هەرێمی کوردستان چەندین تایبەتمەندیی ستراتیژی هەیە.

یەکەم : لە ڕووی جوگرافیەوە. 

هەرێمی کوردستان کەوتۆتە نێوان ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق و بەو ووڵاتانە چوار دەور دراوە.
دووەم : لە ڕووی سامانە سروشتیەکانەوە. 
جگە لە نەوت، کوردستان خاوەنی یەکێک لە گەورەترین پاشەکەوتەکانی گازی سروشتیە لە عێراق، کە دەتوانێت ببێتە بەشێکی گرنگ لە دابینکردنی وزەی گاز بۆ بازاڕە جیهانیەکان، بە تایبەتی بازاڕی ئەوروپا.
سێیەم : ئارامیی دامەزراوە سیاسییەکانی هەرێم بەراورد بە زۆربەی ناوچەکانیتری عێراق.

هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ئەمریکا و ئۆروپا بەرژەوەندیان لە هەرێم هەبێت. 

هەلێکی نوێ بۆ ئۆروپا و کوردستان

شەڕی ئۆکرانیا سیاسەتی وزەی ئەوروپای گۆڕی.

ئێستا یەکێتی ئەوروپا بە دوای سەرچاوەی نوێی وزە و هاوبەشی متمانەپێکراو دەگەڕێت.
لەو چوارچێوەیەدا، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین دابینکەرانی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا، ئەگەر کێشە یاسایی و سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن و ڕێگاکانی هەناردەکردنی گاز پارێزراو بن.

هاوکات، ئەوروپا لە دوای ڕووخاندنی رژێمی بەعسەوە، پشتگیری سیاسی، دبلۆماسی، دامەزراوە مەدەنییەکان، دادوەری، خوێندن، تەندروستی و ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستانی کردوە. 

ڕۆڵی فەڕەنسا لە داهاتووی کوردستان

فەڕەنسا یەکێکە لە دێرینترین هاوپەیمانانی کورد و کوردستان. لە ڤێرشنی یەکەمی ڕێککەوتنی سایکس ـ بیکۆ، هەرێمی کوردستان (وەلایەتی موسڵ) بەر فەرەنسا کەوت بەڵام دواتر بەریتانیا پەشیمان بووە و خستیە ژێر ڕکێفی خۆی لە چواچێوەی مەملەکەتی عێراقدا.
لە کاتی شەڕی داعشدا، پاریس یەکێک بوو لە یەکەم وڵاتانی ئەوروپایی کە چەک، ڕاوێژکاری سەربازی و هاوکاری بۆ پێشمەرگە دابین کرد. هەروەها لە دوای ڕیفراندۆمی ساڵی ۲٠۱۷، یەکەم ووڵات بوو کە ئابڵوقەی دبلۆماسی سەر هەرێمی شکاند و سەرۆکی فەرەنسا لە کۆکشکی ئیلیزێ پێشوزیکرد لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم. 

ئەمڕۆ، فەڕەنسا دەتوانێت ئەو پەیوەندیە بەرەو قۆناغێکی نوێ ببات. پاریس دەتوانێت:

۱ ـ ببێتە گرنگترین پشتگیری سیاسی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا.

۲ ـ هاوبەشێکی سەرەکی بێت لە پڕۆژەکانی نەوت و گاز.

۳ ـ ناوبژیوانی نێوان هەولێر و بەغدا بکات.

٤ ـ وەبەرهێنان بکات لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا و فێرکاری AI.

هەڕەشەکان هێشتا بەردەوامن

ئاگر‌بەست واتای چارەسەری هەموو کێشەکان نییە. میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێشتا کاریگەرییان لە ناوچەکە و لە عێراق هەیە. کێشە دارایی و دەستوورییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هێشتا چارەسەر نەکراون. تورکیاش هێشتا بوونی سەربازی هەیە لە باکووری عێراق. لە هەمان کاتدا، خانەی خەوتووی داعش بە تەواوی لەناونەچووە. ئەگەر هێزە گەورەکان تەنها وەک بنکەیەکی سەربازی سەیری هەرێمی کوردستان بکەن و پشتگیری زیاتری گەشەپێدانی ئابووری و دامەزراوەکان وەبەرهێنان نەکەن، ئەوە مەترسییەکی گەورە بۆ داهاتووی ناوچەکە دروست دەبێت.

سێ سیناریۆ بۆ دە ساڵی داهاتوو

سیناریۆی یەکەم : گەشە و ئارامی

ئاگر‌بەست و ئاسایش لە ناوچەکە بەرقەرار دەبێت، وەبەرهێنانی بیانی زیاد دەکات، هەناردەکردنی گاز دەگاتە ئەوروپا و هەرێمی کوردستان دەبێتە ناوەندێکی بازرگانی و وزە لەنێوان کەنداو، تورکیا و ئەوروپا.

سیناریۆی دووەم : بەردەوامی دۆخی ئێستا
ناوچەکە بە نائارامی دەمێنێتەوە. هەرێم لە فەزای نێوان ململانێی بەغدا، تاران، ئەنقەرە و واشنتۆن دەخولێتەوە و گەشەی ئابووری بە هێواشی بەردەوام دەبێت.

سناریۆی سێیەم : گەڕانەوەی نائارامی

گفتوگۆ و چارەسەری دبلۆماسی سەرناکەوێت. ناوچەکە دووبارە دەبێتە مەیدانی شەڕی هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و هەرێمی کوردستان پرشی ئاگری ئەو شەڕەی بەردەکەوێت.

کۆتایی

ئاگر‌بەستی نێوان ئەمریکا و ئێران تەنها کۆتایی شەڕێک نییە؛ بەڵکو دەستپێکی دروستبوونی ڕێکخستنێکی نوێی ستراتیژی لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستە. هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو ڕێگادا وەستاوە؛ یان دەبێتە سەرچاوەی سەقامگیری، هاوکاری و گەشە بۆ هەموو ناوچەکە، یان ئەگەر پشتگیریی نێودەوڵەتی بەردەوام نەبێت، دووبارە دەبێتە مەیدانی ململانێی هێزە هەرێمایەتییەکان.

بۆ ئەوروپا و بەتایبەتی فەڕەنسا، ئەم ساتە مێژووییە هەلێکە بۆ ئەوەی پشتگیرییەکەیان لە کوردستان تەنها لە چوارچێوەی سەربازی نەبێت، بەڵکو بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەن لە بوارەکانی ئابووری، وزە، پەروەردە، تەکنەلۆجیای AI و ئاسایش. ئەوەش نەک تەنها پاداشتێکە بۆ ڕۆڵی کوردەکان لە شەڕی دژی داعش، بەڵکو وەبەرهێنانێکە بۆ ئارامی و سەقامگیریی لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی بیست و یەکەم.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مێژوو یاسایەکی سادە، بەڵام بێبەزەیی هەیە: زۆربەی دەوڵەتان دوای ئەوەی شکست دەخۆن، تێدەگەن کە هۆکاری شکستیان نەک کەمی هێز، بەڵکوو دواکەوتوویی بووە لە بیرکردنەوەدا. زۆرجار گەلان خۆیان بۆ شەڕی شێوەی شەڕی ڕابردوو ئامادە دەکەن، لە کاتێکدا شەری داهاتوو پێشتر شێواز و یاساکانی خۆی گۆڕیوە.

گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی سەدەی ڕابردوو ئەوە بوو کە زۆربەی وڵاتان وا دەیانزانی شەڕی داهاتوو وەک شەڕی پێشوو دەبێت، بەڵام مێژوو پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی سەلماند. شەڕی یەکەمی جیهانی بە تاکتیکی سەدەی نۆزدەهەم دەستی پێکرد، شەڕی دووەمی جیهانی بە شۆڕشی تەکنەلۆژیا یاساکانی جەنگی گۆڕی؛ وە شەڕی ساردیش زیاتر بە هەژموونیی ئابووری، زانستی و ئایدیۆلۆژیا کۆتایی هات، نەک بە تەقەی تفەنگ.

ئەمڕۆ هەمان یاسا جارێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام لە قۆناغێکی تەواو نوێدا. زۆربەی چاودێر و بڕیاردەران هێشتا هێز بە ژمارەی مووشەک، تانک و فڕۆکە دەپێون، لە کاتێکدا هاوکێشەی سەرەکی لە شوێنێکی تر دەنووسرێتەوە؛ لە تاقیگەکانی ژیریی دەستکرد، کارگەکانی نیمچەهەواڵگر، تۆڕەکانی داتا، سیستەمی دارایی جیهانی؛ وە لە توانای داهێنان و نوێکردنەوەی زانست و ئابووریدا.

ڕووداوەکانی ئۆکرانیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تایوان و ململانێی ئەمریکا و چین، هەرچەندە لە ڕووکاردا جیاوازن، بەڵام هەموویان یەک پرسیاری سەرەکی دەخەنە بەردەم جیهان: کێ دەتوانێت خێراتر لە گۆڕانکارییەکان تێبگات و خۆی لەگەڵیان بگونجێنێت؟
   لە سەدەی بیست و یەکەمدا، سەرکەوتن تەنها بۆ ئەوە نییە کە گەورەترین سوپای هەبێت؛ بۆ ئەوەیە کە گەورەترین توانای فێربوون، خۆگونجاندن و داهێنان هەبێت.

ئەم ڕاستییە تەنها بۆ زلهێزەکان نییە؛ وانەیەکی گرنگیشە بۆ دەوڵەتە ناوەند و بچووکەکان. عێراق و هەرێمی کوردستان ئەگەر هێشتا بە هاوکێشەکانی دوێنێ بیر بکەنەوە، ئەوا داهاتوویان لەلایەن ئەوانی ترەوە دەنووسرێتەوە، بەڵام ئەگەر لە ئێستاوە وەبەرهێنان لە مرۆڤ، پەروەردە، زانست، دامەزراوەی بەهێز، ئابووریی بەرهەمهێنەر و حکومڕانیی ڕەشیدا بکەن، دەتوانن شوێنی شایستەی خۆیان لە ناو ئەم ڕێکخستنە نوێیەی جیهاندا بدۆزنەوە.

لە مێژوودا جوگرافیا سەرچاوەی هێز بوو، بەڵام ئەمڕۆ ژیری و داهێنان لە جوگرافیا گرنگترن. نەوت هێشتا سامانی ستراتیژییە، بەڵام تاکە سەرچاوەی هێز نییە. ئەرز سنوور دیاری دەکات، بەڵام زانیاری و زانست چارەنووس دیاری دەکەن.

ئەو دەوڵەتەی نەتوانێت سیستەمی پەروەردەی خۆی نوێ بکاتەوە، دادوەریی سەربەخۆ بەهێز بکات، زانکۆکانی بخاتە خزمەتی توێژینەوە و داهێنان، وە دامەزراوەکانی لە گەندەڵی بپارێزێت، هەرچەندە جوبەخانەی چەکی گەورەشی هەبێت، لە یاریی سەدەی نوێدا دوا دەکەوێت، چونکە لە سەردەمی ژیریی دەستکرد و زانیاریدا، هێزی سەرەکی لە مێشکەکاندا کۆدەبێتەوە، نەک تەنها لە بارودۆخە سەربازییەکاندا.

مەترسیی گەورەی ئەم سەردەمە خێرایی گۆڕانی جیهان نییە؛ مەترسییەکە ئەوەیە کە هێشتا زۆرێک لە دەوڵەت و سەرکردایەتییەکان بە مێشک و زمانی دوێنێ بیر دەکەنەوە و بە ئامرازەکانی ڕابردوو وەڵامی پرسیارەکانی داهاتوو دەدەنەوە.

داهاتوو چاوەڕوانی دواکەوتووان ناکات. ئەوەی زووتر لەوانی تر یاساکانی سەردەمی نوێ تێبگات، نەک تەنها خۆی لە مەترسی دەپارێزێت، بەڵکوو یاساکانی یاریی داهاتووش دادەنێت. لە کۆتاییدا، مێژوو هەمیشە لەلایەن براوەکانی جەنگەوە نانووسرێتەوە؛ زۆرجار لەلایەن ئەوانەوە دەنووسرێتەوە کە پێش هەمووان داهاتوویان خوێندووەتەوە و ئامادەی هاتنی بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ستراتیژیەتی چاکسازیی ڕیشەیی؛ زەروورەتی مێژوویی بۆ بونیادنانی حوکمڕانیی ڕەشید و دەوڵەتی دامەزراوەیی

​ تێگەیشتن لە چەمکی هاوچەرخی حوکمڕانی له‌ جیهانی هاوچه‌رخی ئه‌مڕۆدا، چەمکی "حوکمڕانی" لە دەسەڵاتێکی ڕەها و سەپێنراوەوە گۆڕاوە بۆ پڕۆسەیەکی گشتگیر لە بەڕێوەبردن، کە ئامانجی سەرەکیی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، دابینکردنی دادپەروەری و گەشەپێدانی بەردەوامە. حوکمڕانی تەنها بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی کاروباری گشتی نییە، بەڵکو هونەری هاوسەنگکردنی هێز و بەرژەوەندییەکانە لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا. ئەزموونی گەلان پێمان دەڵێت کە سیستمە سیاسییەکان کاتێک دەتوانن لەبەردەم گۆڕانکاری و قەیرانەکاندا خۆڕاگر بن، کە تەنها پشت بە هێز نەبەستن، بەڵکو شەرعییەتی خۆیان لە ڕێگەی کارامەیی، شەفافییەت و بەدەنگەوەهاتنی داواکارییەکانی شەقامەوە بەدەستبهێنن.
​چاکسازی: زەروورەتێکی بەردەوام، نەک بژاردەیەکی کاتی
​پڕۆسەی چاکسازی (Reform) لە جەستەی هەر سیستمێکی سیاسیدا، وەک خوێنی نوێ وایە کە ڕێگری لە سستی و داڕووخانی دامەزراوەکان دەکات. گەورەترین هەڵەی ستراتیژی کاتێک ڕوودەدات کە دەسەڵاتەکان چاکسازی وەک "ئامرازێکی فریاگوزاریی کاتی" لە کاتی قەیرانە دارایی یان فشارە سیاسییەکاندا بەکاربهێنن. چاکسازیی ڕاستەقینە، نەهجێکی بەردەوام و نەخشەڕێگەیەکی درێژخایەنە. ناتوانرێت باس لە سەقامگیریی سیاسی و گەشەپێدانی ئابووری بکرێت، تا ئەو کاتەی ئیرادەیەکی ڕاستەقینە نەبێت بۆ گۆڕینی سیستمی کارگێڕی لە شێوازە تەقلیدی و کلاسیکییەکەیەوە بۆ سیستمێکی مۆدێرن و داینامیکی.
​"متمانە، گەورەترین و بەهادارترین سەرمایەی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتە. کاتێک چاکسازیی ڕاستەقینە دەست پێدەکات، ئەم متمانەیە نوێ دەبێتەوە و کۆمەڵگە دەبێتە پشتیوانی دەوڵەت؛ کاتێکیش چاکسازی دەبێتە دروشمێکی ڕووکەش، لێکترازان، بێهیوایی و ناسەقامگیری جێگەی دەگرێتەوە."
​کۆڵەکەکانی بونیادنانی حوکمڕانیی ڕەشید
​بۆ گواستنەوەی کۆمەڵگە بۆ قۆناغێکی نوێ لە گەشەسەندن، پێویستە پرۆسەی چاکسازی چەند لایەنێکی سەرەکی و بنەڕەتی بگرێتەوە:
​١. سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادوەری:
یاسا ئەگەر بە یەکسانی بەسەر هەموواندا جێبەجێ نەکرێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کەمایەتییەک لەسەر حیسابی زۆرینە. یەکەم هەنگاوی چاکسازیی ڕیشەیی، بەهێزکردنی دەسەڵاتی دادوەری و دوورخستنەوەیەتی لە هەر ململانێ و دەستوەردانێکی حزبی و سیاسی. کاتێک دادگا چەترێک بێت بۆ هەمووان بێ جیاوازی، پایەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی جێگیر دەبن.
​٢. شۆڕشی کارگێڕی و دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان:
بیرۆکراسیی کۆن و ڕۆتینی بێزارکەر لە فەرمانگەکاندا، نەک تەنها کات و وزەی هاووڵاتیان بەفیڕۆ دەدات، بەڵکو گەورەترین ژینگەیە بۆ گەشەکردنی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی. گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردن بۆ حوکمڕانیی دیجیتاڵی (E-Governance)، شەفافییەتێکی تەواو دروست دەکات، دەرگاکانی گەندەڵی دادەخات و چاودێریکردنی داهات و خەرجییەکان ئاسانتر دەکات.
​٣. پشتبەستن بە لێهاتوویی و بنەمای شایستەیی (Meritocracy):
سیستمەکان کاتێک تووشی شەلەل دەبن کە پۆستە کارگێڕی و ستراتیژییەکان لەسەر بنەمای خزمخزمێنە، پشککاری یان دڵسۆزیی کوێرانە دابەش بکرێن. چاکسازیی ڕاستەقینە وا دەخوازێت کە مرۆڤی شیاو بۆ شوێنی شیاو دابنرێت. پێشخستنی گەنجانی پسپۆڕ، تەکنۆکرات و خاوەن توانا، بزوێنەری سەرەکیی سەرکەوتنی هەر دامەزراوەیەک و نوێکردنەوەی بیرکردنەوەی دەوڵەتدارییە.
​٤. شەفافییەت و کاراکردنی دامەزراوەکانی لێپرسینەوە:
هاووڵاتی مافی خۆیەتی بزانێت داهاتی نیشتمانەکەی چۆن کۆدەکرێتەوە و لە کوێدا خەرج دەکرێت. بەهێزکردنی دامەزراوەکانی چاودێریی دارایی و دەستەکانی دەسپاکی و بەخشینی دەسەڵاتی تەواو پێیان بۆ لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەک، گەرەنتی پاراستنی سەرمایەی گشتییە.
​ئەنجامنامە: ئایندە بۆ ئەو گەلانەیە کە ناچارنەبن بێدەنگ بن
​لە کۆتاییدا، دەبێت درک بەوە بکەین کە چاکسازی پرۆسەیەکی خێرا، ئاسان و یەکشەوە نییە. چاکسازی ڕێگایەکی پڕ لە تەحەدی و بەربەستە، چونکە ڕووبەڕووی بەرژەوەندیی ئەو کەس و تاقمانە دەبێتەوە کە لەناو شێوازی کۆنی بەڕێوەبردندا گەشەیان کردووە. ئەوەی ئەم ڕێگایە دەبڕێت، پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی پۆڵایین، ڕاشکاوی لەگەڵ گەل، و هاوکاریی جددی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە. داهاتوویەکی گەش و سەقامگیر بۆ ئەو گەلانە نییە کە لە کەموکوڕییەکانیان ڕادەکەن، بەڵکو بۆ ئەو کۆمەڵگە و سەرکردانەیە کە دەوێرانە سەیری برینەکانیان دەکەن و ڕێگای چاکسازیی ڕیشەیی وەک تاقە بژاردەی ڕزگاری هەڵدەبژێرن

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وڵاتی نێوان دوو رووبارەکە«عێراق» ، ئەو وڵاتەی کە ساڵانێکی دوور و درێژە لەنێو زۆنگاوی گەندەڵی و ململانێ سیاسییەکاندا دێت و دەچێت، لەم چەند رۆژەدا سەکۆی شانۆگەریەکەی وەرچەرخانێکی کەم وێنە بەخۆیەوە دەبینێت لە ڕووی سەرکردایەتییەوە. 
هاتنەپێشەوەی عەلی زەیدی وەک سەرۆک وەزیرانێکی گەنج و خاوەن دیدگایەکی جیاواز، سەرنجی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ڕاکێشاوە، ئەو نەک تەنیا لە ڕووی تەمەنەوە، بەڵکو لە ڕووی ڕەفتار و دروشمەکانیشەوە خۆی وەک کارەکتەرێکی جیاواز و کاریگەر لە سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆی نیشان دەدات.

پەیامێکی توند بۆ گەندەڵکاران "تەنانەت بۆینباخێکیش قبوڵ ناکەم"

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کردەوەکانی دوای  دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی، ڕاگەیاندنی پرەنسیپە توندەکانی بوو لەسەر ئاستی کەسی، زەیدی بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە مووچەی سەرۆکایەتی وەزیران کە مافی شەرعی و یاسایی خۆیەتی وەرناگرێت و دەرگای بەخشین و دیارییەکانی بە تەواوی داخستووە، کاتێک وتی: «هیچ دیارییەک قبوڵ ناکەم، تەنانەت ئەگەر تەنیا بۆینباخێکیش بێت».
ئەم هەنگاوە، ئەگەرچی هێمایەکی ڕەمزییە، بەڵام پەیامێکی توند و بەهێزە بۆ شەقامی عێراقی کە تینووی دادپەروەرییە، ئەو دەیەوێت بیسەلمێنێت کە پرۆسەی چاکسازی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە دەست پێدەکات، نەک لە خوارەوە «رەفتارەکانی ئەم چەند رۆژەی وامان پێدەڵێت».

ئۆپراسیۆنی ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی : قۆناغی بوژانەوەی ئابووری ئەگەر سەرکەوتوو بێت !

ئەو ئۆپراسیۆنە بەرفراوانەی کە زەیدی بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی لە زۆربەی ناوچەکانی وڵات دەستی پێکردووە،وادەردەکەوێت تەنیا مانۆڕێکی سیاسی و ئەمنی چەند رۆژە نەبێت، بەڵکو پێویستییەکی ژیانی و هەنوکەییە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە داڕمانی تەواوی ئابووری، بۆ چەندین دەیە، سامانی گشتی ئەم وڵاتە لە ڕێگەی گەندەڵی و گرێبەستی نادیار و وەهمی، قاچاخچێتی و سیستمی پشکپشکێنەوە بەهەدەر براوە.
ئەم پرۆسە چاکسازییە لە چەند ڕوویەکەوە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە: وەک کاڵکردنەوە و  کەمکردنەوەی نادادپەروەری و گەڕانەوەی متمانە : سنورێک بۆ نادادپەردوەری دەڕەخسێنێت، ساڵانێکە دۆخەکە بەو جۆرەیە خەڵکانێک بەهۆی گەندەڵی یاری بە پارە دەکەن و خەڵکانێکش نانی ژەمێک نیە بیخۆن لە سەر ئەو خاکەی  پڕە لە پارەو سامانی سروشتی ، پاراستنی سامانی نیشتمانی: ڕێگری لە بەهەدەردانی داهاتی نەوت دەکات و ئاڕاستەی پەرەپێدانی سێکتەرەکانی تەندروستی، پەروەردە و پیشەسازی دەکرێت، کەمکردنەوەی بێکاری  : لە ڕێگەی دروستکردنی ئابوورییەکی شەفافەوە، هەلی کاری ڕاستەقینە بۆ گەنجان دەڕەخسێت، گێڕانەوەی متمانەی نێودەوڵەتی: ڕێگریکردن لە گەندەڵی، دەرگای وەبەرهێنانی بیانی ڕاستەقینە دەکاتەوە کە عێراق بۆ بووژانەوەی ژێرخانەکەی پێویستی پێیەتی و ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە .

ئایا زەیدی سەرکەوتوو دەبێت؟ 

پرسیاری هەرە گرنگ لە شەقامی عێراقیدا ئەوەیە ئایا ئەم سەرۆک وەزیرانە گەنجە تا چەند دەتوانێت لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بێت؟
لایەنە ئەرێنییەکان (دەرفەتەکان): ئەوەی دەبینرێت زەیدی تادەیەکی زۆر پاڵپشتییەکی گەورەی شەقامی عێراقی و نەوەی نوێی و تەنانەت مەرجەعی باڵاو بەشێک لە سەرکردە دیارو باڵاکانی لەپشتە، هەروەها دۆخی نێودەوڵەتیش لەبەرژەوەندی سەقامگیری عێراقدایە، نیشاندانی توندیی لە بڕیارەکاندا دەتوانێت ترس بخاتە دڵی گەندەڵکاران کە ساڵانێکە بێ سڵەمینەوە داهاتی وڵات دەدۆشن .
کۆسپ و ئاڵەنگارییەکان: گەندەڵی لە عێراقدا تەنیا ڕەفتاری تاکەکەسی نییە، بەڵکو سیستمێکی ریشەیی قووڵ و ڕێکخراوە کە لەلایەن پارتە سیاسییە باڵادەستەکان و گروپە چەکدارەکانەوە دەپارێزرێت، کاتێک ئۆپراسیۆنەکانی زەیدی بگەنە "ماسییە گەورەکان"، ئەو کاتە ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی توندی سیاسی و ئەمنی دەبێتەوە، بەرای من رشدی و هێزی زەیدی لەم کاتەدا دەردەکەوێت تا چەند تۆڕەکەی تواناو بوێری ئەوەی هەیە ماسییە گەورەکانیش راوبکات نەک بەتەنیا ماسییە بچوکەکان ببن بە تۆڕەکەیەوە.

لەم پڕۆسەیەدا تەنانەت ئەگەر کاتی و رووکەش و ئامانج دایش بێت بۆ ریشە کێشکردنی ململانیەی سیاسی جەمسەرەکان ، عەلی زەیدی هیوایەکی نوێی بەخشیوەتە وڵاتێک کە ساڵانێکە لەناو نائومێدیدا دەژی، سەرکەوتنی ئەو بەندە بەوەی کە تا چەند دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان دادپەروەری لە چاکسازییەکانیدا و مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعی سیاسی ئاڵۆزی عێراقدا بکات، ئەگەر زەیدی سەرکەوتوو بێت، گومانی تێدا نیە عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێی گەشەسەندن هەنگاو دەنێت، بە پێچەوانەشەوە، شکستی ئەم پڕۆژەیە لەوانەیە دوا بزمار بێت لە تابووتی ئابووری و سەقامگیری وڵاتدا، تاقیبوونەوەکە قورسە، بەڵام بژاردەی تەنیا پێشڕەویکردنە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1234...25