هەندێک قۆناغ هەن، لە تەمەنی نەتەوەکاندا تەنها بەشێک لە مێژوو نین، بەڵکوو ئەو چرکەساتانەن کە ئاراستەی داهاتوو دیاری دەکەن. لەو ساتانەدا، ڕووداوەکان گرنگن، بەڵام بڕیارەکان چارەنووسسازن؛ هێز کاریگەرە، بەڵام متمانە بناغەی هەر هێزێکە. مێژوو بەڕوونی سەلماندوویەتی کە هیچ قەوارەیەک تەنها بە سنوور، سامان یان هێزی چەکداری نامێنێتەوە؛ ئەوەی دەوڵەت و نەتەوەکانیان پاراستووە، متمانەی نێوان هاووڵاتی، دامەزراوە و دەسەڵات بووە. کاتێک ئەو پەیوەندییە بشکێت، ڕووخان لە ناوەوە دەست پێدەکات، پێش ئەوەی مەترسیی دەرەکی دەربکەوێت.
هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدایە. ئەوەی لەبەردەمماندایە تەنها قەیرانێکی سیاسی، ئابووری یان کارگێڕی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی متمانەیە. ئەگەر متمانە لاواز بێت، باشترین یاساکانیش کاریگەریی خۆیان لەدەست دەدەن، دامەزراوەکان بێ گیان دەبن و هاووڵاتی هەست بە هاوبەشیی نیشتمانی ناکات، بەڵام ئەگەر متمانە بونیات بنرێتەوە، تەنانەت قەیرانە گەورەکانیش دەکرێت بگۆڕدرێن بە دەرفەتی چاکسازی.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، متمانە گرانبەهاترین سەرمایەی ستراتیژییە. ئەو وڵاتانەی باوەڕی هاووڵاتیان بە یاسا و داد و دامەزراوەکان پاراستووە، لە گەورەترین تاقیکردنەوەکانیشدا سەقامگیرییان پاراستووە. بەپێچەوانەوە، ئەو دەوڵەتانەی متمانەیان لەدەست داوە، هەرچەند سامان و هێزیان زۆر بووە، هێواش هێواش لە ناوەوە لاواز بوون و توانای بەرگرییان کەم بووەتەوە.
دانایان دەڵێن: «مێژوو ڕووداوەکان دووبارە دەکاتەوە؛ جارێک بە تراژیدیا و جارێک بە گاڵتەجاڕی!» بەڵام لە پشت ئەم وتەیەدا ڕاستییەکی قووڵ هەیە: زۆربەی نەتەوەکان پێش ئەوەی لە مەیدانی جەنگدا شکست بخۆن، لە مەیدانی متمانەدا دەڕووخێن. کاتێک هاووڵاتی باوەڕی بە دادپەروەری و یەکسانی و بەرپرسیارێتی نامێنێت، هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە.
لەبەر ئەوە، ئەرکی هێزە سیاسییەکانی هەرێم، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی و نەوەی نوێ، تەنها بەڕێوەبردنی ململانێی سیاسی نییە، بەڵکوو پاراستنی قەوارەی هەرێم و نوێکردنەوەی متمانەی گشتییە. ئەو ئامانجە بە دروشم و وتار بەدەست نایەت، بەڵکوو بە سەروەربوونی یاسا، دامەزراوەی بەهێز، شەفافییەت، دادپەروەری، دابەشکردنی یەکسانی دەسەڵات و سامان و دانانی بەرژەوەندیی نیشتمانی لە سەرووی هەر بەرژەوەندییەکی ترەوە دەستەبەر دەبێت. هەرێم پێویستی بە پەیماننامەیەکی نوێی نیشتمانی هەیە؛ پەیمانێک کە بناغەی مانەوەی قەوارەکە بێت، نە چارەسەری کاتیی قەیرانەکان.
ئەمڕۆ دوو ڕێگا لە بەردەم هێزە سیاسییەکانی هەرێم کراونەتەوە: یەکەم، بەردەوامبوون لە ململانێ، دابەشبوون و لاوازکردنی دامەزراوەکان؛ ڕێگایەک کە کۆتاییەکەی گەورەکردنی قەیرانەکەیە. دووەم، هەڵبژاردنی متمانە، هاوبەشیی نیشتمانی، چاکسازی و دامەزراندنی دەوڵەتی دامەزراوەکان؛ ڕێگایەک کە دەتوانێت هەرێم لە قۆناغی بەرگرییەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی پەرەپێدان.
مێژوو بڕیار لەجیاتی کەس نادات، بەڵکوو بڕیارەکانی ئەمڕۆمان دەکاتە چارەنووسی سبەینێ. پرسیارەکە ئەوە نییە کە هەرێمی کوردستان چۆن لەم قەیرانە دەربچێت؛ پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە ئایا هێزە سیاسییەکان ئازایەتیی هەڵبژاردنی متمانەیان هەیە؟ چونکە هەر قەوارەیەک متمانەی هاووڵاتیی خۆی لە دەست بدات، هێواش هێواش بناغەی خۆی لە دەست دەدات و بنکۆڵ دەبێ و لەناکاو هەرەس دەبا!
بێگوومان، لە هەموو وەرچەرخانێکی مێژووییدا، ئەوەی دەمێنێتەوە نە ژمارەی چەکەکانە، نە بەرزیی قەڵاکانە و نە درێژیی تەمەنی دەسەڵاتەکانە؛ ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو متمانەیەیە کە نەتەوەیەک لەنێوان خۆی و دامەزراوەکانی خۆیدا دروستی کردووە. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە نێوان متمانە و مەترسیدا وەستاوە؛ ئەو هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ دەکرێت، تەنها چارەنووسی ئەم قۆناغە دیاری ناکات، بەڵکوو بەشێک لە مێژووی نەوەکانی داهاتووش دادەڕێژێ و دەینووسێتەوە.
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. لە قۆناغێکداین کە پێویستە بە دیدێکی نوێوە لە پرۆسەی حوکمڕانی بڕوانین و کۆتایی بەو مۆدێلە بهێنین کە تێیدا دەسەڵات لە خزمەتی تاکڕەویدایە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هێزێکی خاوەن مێژوو و قوربانی، ئەمڕۆ لەسەر بنەمای پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەییانە بە ڕابردوو و تێگەیشتنێکی قوڵ بۆ داهاتوو، دەیەوێت ببێتە چەترێک بۆ هەموو ئەو دەنگ و هێزانەی کە باوەڕیان بە فرەیی و دادپەروەری هەیە. لەم سۆنگەیەوە، ئەم ڕێککەوتنەی یەکێتیی نیشتیمانی و نەوەی نوێ، هەوڵێکە بۆ تەرجەمەکردنی ئەم ئاراستە نوێیەی یەکێتی.
یەکێتی چیتر تەنها وەک هێزێکی دێرین و تەقلیدی مامەڵە ناکات، بەڵکو وەک قەوارەیەکی زیندوو خۆی نوێ دەکاتەوە، بیر دەکاتەوە، ڕاوێژ دەکات، ئینجا هەنگاو دەنێت. دیدگای یەکێتی بۆ ئەم قۆناغە لە خواستی شەقامەوە سەرچاوەی گرتووە، پێداگری لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی دەکات، پێ لەسەر هاوبەشیی ڕاستیەقینە دادەگرێت، خەبات بۆ ئەوە دەکات، دام و دەزگای دەوڵەتی وەکو پشکەگۆشت بەسەر یاراندا دابەش نەکرێت و ئەوانی تر بێبەش بکرێن، ئەم ئەزموونە هیی هەمووانە، دەبێ بەو چاوەوە سەیر بکرێت.
بۆیە یەکێتی دەیەوێ نەترسانە و بوێرانە لە هەموو ئەو هێزانەی ڕەخنەیان هەبووە، نزیک بێتەوە. ئەوان خاوەن ئەزموونێکی مەدەنی و جەماوەریی گرنگن. کاتێک ئەم ئەزموونە لەگەڵ هێزی دەوڵەتداری و پێگەی یەکێتی یەک دەگرێتەوە، هاوکێشەیەکی نوێ دروست دەبێت کە دەتوانێت دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی باشتر ببات.
ئێستا یەکێتی خەریکە دەبێتە سەکۆیەک، دەبێتە پلاتفۆڕمێک بۆ هەموو ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت کوردستان لە قۆرخکاری و بێدادی دەرباز بکەن.
لەم چرکەساتەدا یەکێتی بەتەنیا حیزب نییە، ناشیەوێ بەتەنیا حیزبێک بێت، بەڵکو تەرزێکە لە بیرکردنەوە، مۆدێلێکە بۆ سیاسەتکردن و دەیەوێ هەموو ئەو هێزانە لە خۆ بگرێت، یان نزیکایەتییان لەگەڵدا بکات لە دۆخە تایبەتیەکاندا، کە بەشێکن لە زیندووڕاگرتنی پرۆسەی دیموکراسی و فرەیی، دژ بە قۆرخکاری و داگیرکردنی دەزگاکانی حوکمڕانی لە هەرێم.
خەباتی نوێی یەکێتی، چیتر تەنیا بۆ پاراستنی دەستکەوتە کۆنەکان نییە، بەڵکو خەباتە بۆ چاکسازیی ڕیشەیی. ئەم خەباتە پێویستی بە هاوبەشیی هەموو ئەو هێزانەیە کە لە ڕابردوودا بەردەوام بەدوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا بوون.
دادپەروەری بۆ ئەم قۆناغەی یەکێتی نەک هەر ستراتیژە، بەڵکو ئەجێندایە و بەرەی هاوبەشی بۆ درووست دەکات. یەکێتی بە حوکمی پێگە مێژووییەکەی دەیەوێ چەتری ئەو داواکارییە ڕەوایە بێت کە خۆی و هێزەکانی تری وەک نەوەی نوێ، یان هێزە نیشتمانییەکانی تر خوازیاری کەمکردنەوەی گەندەڵی و شەفافییەتن.
ئەگەر پرۆسەی سیاسی لە کوردستان بەردەوام بێت لەسەر مۆدێلی باڵادەستیی یەک لایەنە، ئەوا متمانەی خەڵک بە سندوقەکانی دەنگدان کەمتر دەبێتەوە. دۆخی نادادیی کۆمەڵایەتی و سیاسی خراپتر دەبێت، بەڵام یەکێتی ناتوانێت تا کۆتایی دانیشێت بە دیار ئەم داڕزانە سیاسییەوە، چونکە قوربانی گەورەی داوە بۆ ئەم ئەزموونە، ئەم عینادییە سیاسییە دەبێت لە شوێنێکدا بووەستێت و بەرژەوەندیی کوردستان و خەڵکەکەی بنەمای سیاسەتکردن بێت.
یەکێتی تەنیا شەڕی بەشداریی خۆی ناکات، بەڵکو تێدەکۆشێت کە سوود لە ئەزموونی هەموو هێزە نیشتیمانیەکانی تر وەربگرێت بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لەم چەقبەستووییە ھاوشێوەی پێكھێنانی حكومەتی عێراق. بە هاوبەشیپێکردن بێت یان ڕێککەوتنی سیاسی، یانیش بە ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆبێت لەگەڵیاندا.
یەکێتی نایەوێ ڕۆژێک لەگەڵ بەغداد دۆست و دوو ڕۆژیش دوژمن بێت، نایەوێ لە ژێرەوە تەبایی سیاسی هەبێت و لەسەرەوە ناکۆکی قەومی و نەتەوەیی دروست بکرێت. کورد لە بەغدا شەریکی پرۆسەی سیاسییە، ئەم دوفاقییە زیان لە قوڵایی ستراتیژی کوردی دەدات کە بەغدایە.
ئێمە لە بەغداد میوان نین، بەڵکو خاوەن ماڵین. ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە یەکێتی لە بەغداش دەیەوێ دیدگا هاوبەشەکانی لەدەور کۆکاتەوە. هاوکێشەی سیاسەت لە بەغدا ئاڵۆزترە، عینادیی سیاسی خەساری گەورە لە پێگەی کورد دەدات، دواجار قوتی خەڵک و مووچەی هاوڵاتیان دەکەوێتە نێوان بەرداشی هاتن و نەهاتنەوە.
دەرەنجام:
ئەم نزیکبوونەوەیە نیشانەی پێگەیشتوویی سیاسەتی یەکێتییە. ئێمە فێری ئەوە بووین کە خەبات بۆ دادپەروەری تەنیا لە ڕێگەی هێزی تاکڕەوانەوە ناکرێت، بەڵکو لە ڕێگەی کۆدەنگیی نیشتمانی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوانەی دڵسۆزن بۆ کوردستان دێتە دی.
یەکێتیی نوێ، بەم ئاراستەیە دەبێتە ئەو هێزەی کە کوردستان لە قۆناغی قۆرخکاری دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی شەریکایەتیی ڕاستەقینە. ئەمە دەستپێکی خەباتێکی نوێیە کە تێیدا خەڵک هەست بەوە دەکات دەسەڵات لە خزمەتی ئەواندایە، نەک بە پێچەوانەوە.
تورکیا لە ئێستادا باشتر لە پێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێگەیشتووە؛ نەک تەنها لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ناوچەکەشدا ئەم هێزە خاوەنی ستراتیژی تایبەت بە خۆیەتی و پێگەی خۆی لە ناوخۆ و عێراقدا زیاتر بەهێز کردووە.
دیدگای نوێی یەکێتی چاوی لە باشترکردنی پەیوەندییەکانە لە نێوان بژاردە دژبەیەکەکانیشدا؛ لەو کاتەی لە دەباشان پێشوازی لە (تۆم باراک) دەکرێت، هاوکات یەکێتی هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی خۆی دەدات لەگەڵ تاران، ئەنکەرە، دیمەشق و بەغداد. ستراتیژی یەکێتی سفتکردنەوەی کێشەکانییەتی و رۆچوونە لەناو هێزو پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی .
ئەم جۆرە لە ستراتیژە دەرخەری دانایی و تێگەیشتنە لەو جوگرافیا داخراوەی کە کوردی تێکەوتووە.
میدیا و سەرچاوە هەواڵییەکانی تورکیا بە گرنگییەوە باسیان لەوە کردووە کە ئەنکەرە ستراتیژی خۆی لە هەرێمی کوردستاندا بەرەو دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان هەردوو هێزە سەرەکییەکە (یەکێتی و پارتی) گۆڕیوە.
لەم قۆناغەدا، گرنگترین ڕەهەندەکانی ئەم پەیوەندییە لایەنی سیاسی و ئەمنییە، کە خۆی لە پشتگیریکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆتایهێنان بە شەڕی چل ساڵەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا دەبینێتەوە.
سەرۆکی یەکێتی (بافڵ تاڵەبانی) و جێگری سەرۆک وەزیران (قوباد تاڵەبانی)، لە دیدارەکەیاندا لەگەڵ (ئیبراهیم کاڵن) لە سلێمانی، بە ڕوونی جەختیان لەسەر پشتگیریی تەواوی یەکێتی بۆ پرۆسەی ئاشتیی ناوخۆیی تورکیا کردۆتەوە و ئەم هەنگاوەیان بە "هەلی مێژوویی" ناوبرد بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی کێشمەکێشی ، شەڕ و نائارامیی ناوچەیی.
دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی سیاسی ..
بەگوێرەی شیکارییەکانی دامەزراوەی (The Washington Institute)، تورکیا تێگەیشتووە کە دوورخستنەوەو وەلانانی تەواوەتیی یەکێتی تەنها لە بەرژەوەندیی بەغداد و تاراندا دەبێت.
ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی (Shafaq News) ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنکەرە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردییەکان فراوانتر بکات و دەرگای هەماهەنگیی دوولایەنە زیاتر بکاتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی نیەتپاکی خۆی نیشاندا؛ بە جۆرێک لە پێناو قبوڵکردنی یەکتر و پێکەوەژیانی نەتەوەکان لە کەرکوک، پۆستی پارێزگاری ئەو شارەی بەخشیە پێکهاتەی تورکمان و ڕێزی لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی دیرۆکی گرت.
ئەم دەستپێشخەرییەی (بافڵ تاڵەبانی)، جددیبوونی یەکێتی سەلماند کە ئامانجی ڕێزگرتنی دوولایەنەیە لەسەر بنەمای کار و متمانەی هاوبەش.
ڕێککەوتنە سیاسییەکانی وەک پێکهێنانی حکومەتی ناوخۆیی کەرکوک و هەوبەشییە نوێیەکان، زەمینەی گەڕاندنەوەی متمانەی سیاسیی نێوان ئەنکەرە و سلێمانی خۆشکردو جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی هێدی هێدی گەرموگوڕتر کردووە.
گۆڕانکاری لە نەخشەی نوێی سیاسیدا، جووڵە دیپلۆماسییە نوێیەکانی خستووەتە قۆناغێکی پێشکەوتووەوە.
لە کاتێکدا پێشتر دەوڵەتی تورکیا سزای بەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانیدا سەپاندبوو، بەڵام گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و هەوڵەکانی (قوباد تاڵەبانی) لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە، وایانکرد پەیوەندییەکان لە قۆناغی ساردبوونەوە و سزادانەوە بەرەو دیالۆگی ڕاستەوخۆ بچن. سەردانی فەرمیی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ ئەنکەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ (هاکان فیدان) وەزیری دەرەوەی تورکیا، نیشانەی گرنگیدانی ستراتیژیی نوێی تورکیایە بە پێگەی سیاسیی سلێمانی و هێزی نەرمی یەکێتی، کە هاوشان لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەر لەم واقیعە نوێیەی لە ناوچەکەدا چێبووە.
ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ گرنگەو جۆرێکیشە لە دروستبوونی هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستاندا ، ئەم رێککەوتنە دەتوانێت دەرگایەکی واڵا بۆ قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسی بکاتەوە .
هەر هەنگاوێک بڕوات بەرەو ئاراستەی دروستبوونی بەرەو یەکگرتن و هاوکاریکردنی هێزە کوردستانییەکان ؛ دەتوانێت فاکتەری بەهێزبوونی پێگەی سیاسی کورد و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان بێت .
ساڵانێکە شاری سلێمانی بەهۆی ململانێ و سیاسەتی پۆپۆلیستەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە و کاریگەری نەرێنی لەسەر دروستکردووە.
لەو ڕوانگەیەوە، ئەم جۆرە میساق و ڕێککەوتنانە؛ دەتوانێت دەستپێکی دەرچوونبێت لەو تەنگانانەی بەمەبەست دروستکراون و کاریگەری نەرێنییان لەسەر ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگە دروستکردووە . تەبایی بەشێکە لە ستراتیژی پێشکەوتن و چێ بوونی ئارامی کۆمەڵایەتی ، تەریقەتی زۆرو بۆری سیاسی خزمەتی سلێمانی ناکاو تاقیش کرایەوە.
لەم سەردەمی راستکردنەوەو دروستکردنی هاوسەنگییەدا ؛ بە کردەیی دەردەکەوێت کە بافڵ تاڵەبانی شانی خستۆتە بەردەم ئەم قۆناغە نوێییە و وەک وتی : دەرگاکە کراوەیەو دەتخەینە ناوەندەوە کەهاتی ، وادەردەکەوێت کە
هەوڵدەدات بەرەو ئامانجێکی ستراتیژی نوێی سیاسی بڕوات.
ئامانجێک کە پشت دەبەستێت بە هاوکاری، هاوسەنگی بۆ فەراهەمکردنی سەردەمێکی ئارامی سیاسی و رزگاربوون لە قەیرانی هاوردەکراو .
بۆ گەل و میللەت و جیهان:
بەدواداچوون بۆ بەختەوەری و گەنجبوونەوە و چاکەی گشتی
— لە یادی ١٠٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی کۆمۆنیستی چین
١ی تەمووزی ئەمساڵ هاوكاته لهگهڵ ١٠٥ همین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی كۆمۆنیستی چین (CPC). چین لە سەرەتای سەردەمی مۆدێرنەوە بەدەست دەستدرێژیی دەرەکی و گێژاوی ناوخۆیی و زەلیلی نەتەوەیی و سەختییەکی گەورە بۆ گەلەکەی دەیناڵاند. زۆرێک لە نیشتمانپەروەرانی چینی بێ ماندووبوون بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕان بۆ ڕزگاری نەتەوەیی، بەڵام هیچیان ڕێگەیەکی دروستیان بۆ گۆڕینی داهاتووی چین نەدۆزیەوە. تا ساڵی ١٩٢١ لەگەڵ دامەزراندنی پارتی کۆمۆنیستی چین، شۆڕشی چین دیمەنێکی تەواو نوێی بەخۆیەوە بینی.
لە ماوەی ١٠٥ ساڵی ڕابردوودا، پارتی كۆمۆنیستی چین بەردەوام بووە لە بەهێزکردنی خۆی و کۆکردنەوەی بەهرەمەندە نایابەکان. لە نزیكهی ٥٠ ئەندامهوه لە سهرهتای دامەزراندنیدا، گەشەی کردووە و بووەتە گەورەترین پارتی حوکمڕانی مارکسی لە جیهاندا، كه خاوهنی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن ئەندامه و زیاتر لە ٥ ملیۆن ڕێکخراوی پارتی لە ئاستی سەرەتاییدا.
لە ماوەی ١٠٥ ساڵی ڕابردوودا، پارتی كۆمۆنیستی چین لە گەشتێکی خەباتگێڕانەدا گهلی چینی یەکخستووە و سەرکردایەتی کردووە، كه بۆته هۆی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە داهاتووی گەلی چین و نەتەوەی چیندا. نەتەوەی چین توانی گۆڕانکارییەکی گەورە لە رێگای وەستانەوە و گەشەسەندنی خۆشگوزەرانییەوە بۆ بەهێزبوون بەدەستبهێنێت و گەنجبوونەوەی گەورەی نەتەوەی چینیش چووەتە ناو ڕێڕەوێکی مێژوویی كه گەڕانەوە تێیدا نییه.
لە ماوەی ١٠٥ ساڵی ڕابردوودا پارتی کۆمۆنیستی چین گەلی چینی یەکخستووە و سەرکردایەتیی کردووه لە کرانەوە و پەرەپێدانی سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی، و پێشخستنی نوێگهری چینی. ههروهها چینی کۆنی کە پێشتر هەژار و لاواز بووه، بۆ دووەم گەورەترین ئابووری جیهانی و گەورەترین پیشەسازی گۆڕیوه. چین گەورەترین سیستەمی پەروەردە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و چاودێری تەندروستی له جیهاندا بنیات ناوە. ههر له سهرهتای دهستپێكردنی چاکسازی و کرانەوە زیاتر لە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر، زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن هاوڵاتی چینی لە هەژاری ڕزگاركراون، ئەمەش موعجیزەیەکی لە مێژووی کەمکردنەوەی هەژاری جیهانیدا خوڵقاندووه. هەروەها چین پێشکەوتنی خێرای لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای پێشكهوتوودا بەدەستهێناوە وەک زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای کوانتەم و گهشتهكانی مرۆڤ بۆ بۆشایی ئاسمان، كه بووەتە هێزێکی سەرەکی لە داهێنانی زانستی و تەکنەلۆژی جیهانیدا.
دوای زیاتر لە سەدەیەک پارتی كۆمۆنیستی چین هێشتا لە لوتکەی هێزی خۆیدایە. هۆکاری ئەوەی کە پارتی کۆمۆنیستی چین هەمیشە لە پێشەنگی سەردەمدا وهستاوه و سەرکردایەتی گەلی چینی کردووە لە گەیشتن بە دەستکەوت و گۆڕانکارییە مێژووییەکان، دهگهڕێتهوه بۆ ئهو ئەزموونە بەنرخانهی کە نەوەکانی کۆمۆنیستەکانی چین لە ڕێگەی خەباتێکی درێژخایەنەوە پێکیان هێناوە و پاراستوویانە.
یەکەم: پارتی كۆمۆنیستی چین پشتیوانی لە فەلسەفەیەکی گەل سەنتەری دەکات. گەل دروستکەری مێژووە و بەهێزترین بناغەیه و قووڵترین سەرچاوەی هێزه بۆ نوێگهری. پارتی كۆمۆنیستی چین هەمیشە خواستی گهلی بۆ ژیانێکی باشتر وەک ئامانجی خۆی داناوه، و دڵنیای داوە کە گەشەپێدان بۆ گهله و پشت بە گهل دەبەستێت و بەرهەمەکانی گهشهپێدان لەلایەن گهلهوه هاوبهش دهكرێت.
دووەم: پارتی كۆمۆنیستی چین پشتیوانی لە سەربەخۆیی و پشتبەستن بەخۆ دەکات. پارتی كۆمۆنیستی چین هەمیشە لە بارودۆخی نەتەوەیی چینەوە دەستی پێکردووە و داهاتووی گەشەکردن و پێشکەوتنی چینی لە دەستی خۆیدا هێشتووەتەوە. گەلی چین لە ڕێگەی گەڕانی سەربەخۆوە ڕێگایەکی نوێی بەرەو نوێگەری چینی و شێوازێکی نوێی پێشکەوتنی مرۆیی دروستکردووە.
سێیەم: پارتی كۆمۆنیستی چین بنەما سەرەکییەکان دەپارێزێت و ئاسۆی نوێ دەکاتەوە. پارتی كۆمۆنیستی چین بنەما سەرەکییەکانی مارکسیزمی لەگەڵ واقیعە تایبەتەکانی چین و کولتوری چینی نەریتی دەوڵەمەنددا تێکەڵ کردووە و بەردەوام بووە لە پێشخستنی داهێنانی تیۆری و پراکتیکی. لە سەردەمی نوێدا، کۆمیتەی ناوەندی پارتی كۆمۆنیستی چین کە هەڤاڵ شی جینپینگ لە ناوەڕۆکیدایە، جەختی کردۆتەوە لەسەر ئەرکێکی سەرەکی کە بریتییە لە بنیاتنانی پارتێکی مارکسی کە توانای حوکمڕانی درێژخایەنی هەبێت، هەروەها هزری شی جینپینگی لەسەر بیناسازی پارت پەرەپێداوە، کە ڕێنمایی زانستی بۆ بنیاتنانی پارت لە سەردەمی نوێدا دابین کردووە.
چوارەم: پارتی كۆمۆنیستی چین پشتیوانی لە خۆچاکسازی دەکات. هەبوونی بوێری بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لەخۆدا، دیارترین تایبەتمەندی پارتی کۆمۆنیستی چینە و گەورەترین سەرچاوەی هێزیەتی. پارتی کۆمۆنیستی چین خۆبەڕیوەبردنی تەواو و وردی حزبی بەکارهێناوە، بەردەوام بووە لە باشترکردن و چاکسازی و نوێکردنەوەی خۆی و بەهێزکردنی ڕەفتاری حزبی و یەکپارچەیی لە حوکمڕانیدا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ئەمەش دڵنیای دەدات لەوەی کە پارت هەمیشە وەک ڕێبەری بەهێزی دۆزی سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی دەمێنێتەوە.
کۆمۆنیستەکانی چین هەمیشە بۆ بەختەوەری گەل و گەنجکردنەوەی میللەت و چاکەی گشتی بۆ جیهان کاریان کردووە. لە ماوەی سەدەی ڕابردوو و زیاتریشدا، پارتی كۆمۆنیستی چین نەک هەر بە قووڵی چینی گۆڕیوە، بەڵکو بەشدارییەکی گرنگی لە ئاشتی و گەشەپێدانی جیهانیدا کردووە. لە سەردەمی نوێدا، پارتی كۆمۆنیستی چین داهاتووی مرۆڤایەتی لەبەرچاو گرتووە، سەرکردایەتی دیپلۆماسی چینی کردووە بە ئامانجی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی، و چالاکانە ئەم چوار دەستپێشخەرییە جیهانییەی خوارەوەی جێبەجێ کردووە: دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی، دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی، دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی و دەستپێشخەری حوکمڕانی جیهانی. چین بە دەستکەوتی نوێ لە نوێگەری چینیدا دەرفەتی نوێ بۆ گەشەپێدانی جیهانی دەخوڵقێنێت و وەک بنیاتنەری ئاشتی جیهانی و بەشداربوو لە گەشەپێدانی جیهانی و بەرگریکار لە نەزمی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە.
شاخ و دەریا ئەو کەسانە لەیەکتر جیا ناکەنەوە کە هەمان دیدگایان هەیە. لەم ساڵانەی دواییدا ئاڵوگۆڕی نێوان چین و هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر ئاستی پارت بە پارت نزیکتر بووەتەوە. سەردانی شاندەکانی پارتە سیاسییەکان زۆرتر بووە و ئاڵوگۆڕەکان لەسەر ئەزموونی حوکمڕانی بەردەوام قووڵتر بووەتەوە. هەروەها یەکەم ناوەندی توێژینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەرێمی کوردستانی عێراق دامەزراوە. وەرگێڕانی بەرهەمە گرنگەکانی سکرتێری گشتی شی جینپینگ بە زمانی کوردی بڵاوکراوەتەوە. ئەم هەوڵانە بەشدارییان کردووە لە دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان هەردوولا و بەرزکردنەوەی لێکتێگەیشتنی یەکتر و بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆڕ و فێربوونی هاوبەش لە نێوان شارستانیەتەکاندا و لێک نزیککردنەوەی گەلەکانمان.
لە خاڵی دەستپێکی نوێوە، چین ئامادەیە لەگەڵ هەموو سێکتەرەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کاربکات بۆ قووڵکردنەوەی ئاڵوگۆڕ و فێربوونی هاوبەش، فراوانکردنی هەماهەنگی کردەیی، گەڕان بەدوای ڕێگاکانی نوێگەری گونجاو لەگەڵ بارودۆخی خۆمان، هێنانی سوودی زیاتر بۆ هەردوو گەل، بەشداریکردنی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا، و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ مرۆڤایەتی.
بۆچی ئەمریکا و چین بۆ پێشەنگایەتی جیهانی لە بواری زیرەکی دەستکرد ململانێی توند دەکەن ؟
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووەوە، جیهان پێی ناوەتە نێو قۆناغێکی نوێی ململانێی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و چین. ئەمجارە، وەک شەڕی ساردی سەدەی ڕابردوو، بابەت تەنها چەکی ئەتۆمی یان ئایدیۆلۆژی نێوان مۆدێلی شیوعی و سەرمایەداری نیە، بەڵکو ململانێی تەکنۆلۆجی زیرەکی دەستکردە کە ئێستا بووەتە یەکێک لە بنەماکانی هێزی زلهێزەکان.
ئەم ڕکابەریە تەنها لە سنووری زانست و توێژینەوەدا نەماوەتەوە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئابووری، ئاسایشی نەتەوەیی، پیشەسازی، جیۆسیاسی، دیپلۆماسی و شوێنی ووڵاتان لە سیستەمی نێودەوڵەتی کە لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە چەسپاوە (۱۹۳۹ ـ ۱۹٤٥).
ئەمریکا تا ئێستا پێشەنگە، چونکە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجی لەو ووڵاتەن. ئەوان بە تواناترین مۆدێلەکانی AI دروست دەکەن و هەروەها زۆربەی هێزی هەژمارکردن، ژێرخانە ئەلیکترۆنیە پێشکەوتووەکان و ئەندازیارە بەناوبانگەکان لە بەردەستیاندایە. هەروەها زانکۆکانی ئەمریکا هەمیشە باشترین توێژەران لە سەرانسەری جیهان ڕادەکێشن.
لە بەرامبەردا، چین زیرەکی دەستکردی کردووەتە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە نیشتمانیەکانی. حکومەتی چین بە ملیار دۆلار وەربەهێنان دەکات لە توێژینەوە، پەروەردەی پسپۆڕان، ژێرخانی دیجیتالی. ئامانجی سەرەکی ئەوان ئەوەیە کە لە داهاتوودا ببنە یەکەم هێزی جیهانی لە بواری زیرەکی دەستکرد و سەربەخۆیی تەکنۆلۆجی خۆیان بپارێزن.
ئەم ململانێیە زۆرجار بە پێشبڕکێیەکی توند بەراورد دەکرێت، بەڵام کاریگەریەکانی زۆر فراوانترن. ئێستا زیرەکی دەستکرد لە تەواوی بوارە گرنگەکاندا بەکار دێت؛ وەک تەندروستی، سیستەمی بانکەکان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوە، خوێندن، پاراستنی سایبەری و بەرگری. ئەو ووڵاتەی بتوانێت ئەم تەکنۆلۆجیایە باشتر بەکاربهێنێت، هەم لە ئابووری و هەم لە هێزی سەربازی زیتر پێشکەوتوو و سەرکەوتوو دەبێت.
بۆچی زیرەکی دەستکرد پێی دەوترێت (نەوتی نوێی جیهان) ؟
بۆ زیاتر لە سەدەیەک، نەوت گرنگترین سەرچاوەی وزەی جیهان بوو. ووڵاتانی خاوەن نەوت یان ئەوانەی کۆنتڕؤڵی نەوتیان بە دەستبوو، دەیانتوانی کاریگەرییەکی گەورەیان لە سەر ئابووری و سیاسەتی جیهانی هەبێت.
ئەمڕۆ زۆر لە شارەزایانی ئابووری باوەڕیان وایە کە زیرەکی دەستکرد ووردە ووردە خەریکە ئەو شوێنە دەگرێتەوە ، بەڵکوو لە هەندێک ڕووەوە خەریکە لە نەوتیش گرنگتر دەبێت.
بەهۆی زیرەکی دەستکرد، داتا دەبێتە سەرچاوەی دروستکردنی سامانی نوێ. ئەو ووڵاتەی داتای زیاتر، هێزی هەژمارکردنی بەهێزتر، زانای زیاتر و مۆدێلی پێشکەوتووتری هەبێت، دەتوانێت بەرهەمهێنان خێراتر بکات، نوێکاری زیاتر بکات و توانای ئابووری خۆی بەرز بکاتەوە و باشتر و خۆشتر بژیت.
بەڵام جیاوازیەکی گرنگ لەنێوان نەوت و زیرەکی دەستکرد هەیە. نەوت سەرچاوەیەکی سرووشتییە و سنووردارە، بەڵام زیرەکی دەستکرد بە هەر بەکارهێنانێک باشتر و زیرەکتر دەبێت. هەر داتایەکی نوێ وای لێدەکات مۆدێلەکان فێرببن و توانایان زیاتر بێت. بۆیە ووڵاتێک کە زووتر پێش بکەوێت، دەتوانێت ئەو پێشەنگیە بۆ ماوەیەکی درێژ بپارێزێت.
لە هەمان کاتدا، هێزی واقعی زیرەکی دەستکرد تەنها بە داتا سنووردار نیە؛ بەڵکوو پێویستی بە ژێرخانی هەژمارکردنی گەورە، وزەی زۆر، سەرمایەی گەورە و هێزی مرۆیی پسپۆڕ هەیە.
ململانێیەکی ئابووری و جیۆپۆلیتیکی
ڕکابەریی نێوان ئەمریکا و چین ئێستا تەنها لە ناو تاقیگە و ناوەندەکانی توێژینەوە نییە. هەردوو ووڵات هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵی چێپە ئەلیکترۆنییە پێشکەوتووەکان (الرقائق الالکترونیة)، ژێرخانی هەژمارکردن و زنجیرەی بەرهەمهێنانی تەکنۆلۆژی بەدەست بهێنن.
لە هەمان کاتدا، هەریەک لە هەردوو هێزەکان هەوڵ دەدات ستاندارد و یاساکانی خۆی لە بواری زیرەکی دەستکرد بەسەر جیهاندا بسەپێنێت. ئەو ووڵاتانەی تەکنۆلۆجی ئەمریکا یان چین هەڵدەبژێرن، لە داهاتوودا پەیوەست دەبن بە ژێرخانی دیجیتاڵی ئەو هێزانە.
هەروەها زیرەکی دەستکرد بووەتە ئامرازێکی نوێی دیپلۆماسی. ووڵاتێک کە بتوانێت چارەسەری باش لە بوارەکانی تەندروستی، خوێندن، خزمەتگوزاری گشتی یان پاراستنی سایبەری پێشکەش بکات، کاریگەری و هەژموونی زیاتر دەبێت لە جیهاندا.
ئایا ئەو وڵاتەی زیرەکی دەستکرد کۆنترۆڵ بکات، جیهانیش کۆنترۆڵ دەکات؟
وەڵامی ئەم پرسیارەئاسان نیە. زیرەکی دەستکرد یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی هێز، بەڵام بە تەنها هۆکاری سەرکەوتن نیە. هێزی هەر ووڵاتێک هەروەها بە دانیشتوان، سەرچاوە سرووشتییەکان، ئابووری، پیشەسازی، هاوپەیمانیە نێودەوڵەتیەکان و ئاسایشی ناوخۆی پەیوەستە.
بەڵام زۆر لە پسپۆڕان پێیان وایە لە سەدەی بیست و یەک، ئەو وڵاتانەی پێشەنگی زیرەکی دەستکرد دەکەن، خێراتر نوێکاری دەکەن، بەرهەمهێنانیان بەرزتر دەبێت، بەرگرییەکانیان بەهێزتر دەبن و کاریگەرییان لەسەر یاسا و ڕێساکانی جیهانی زیاتر دەبێت.
کۆتایی
ململانێی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر زیرەکی دەستکرد یەکێکە لە گەورەترین ململانێکانی سەردەمی ئێمە. ئەم شەڕە ساردە نە لە مەیدانی جەنگ ڕوودەدات و نە لە فەزا، بەڵکوو لە ناوەندەکانی هەژمارکردن، تاقیگە زانستییەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی چێپە ئەلیکترۆنییەکان دەگوزەرێت.
زیرەکی دەستکرد بووەتە سەرمایەیەکی ستراتیجی، چونکە توانای ئابووری، زانستی، پیشەسازی و سەربازی ووڵاتان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. بێگومان لە ساڵانی داهاتوودا ئەو وڵاتەی پێشەنگی لەم بوارەدا بکات، کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لە سەر سیستەمی نێودەوڵەتی و هەموو جیهان حیسابی تایبەتی بۆ دەکات.
عیماد ئەحمەد
هەندێک جار وڵاتان نەک بە دەنگی شۆڕش، بەڵکو بە کردنەوەی دەرگایەکی بۆگەن دەگەنە قۆناغێکی نوێ. کاتێک دەرگای گەندەڵی دەکرێتەوە، بۆنی پارەی دزراو، مافی پێشێلکراوی هاووڵاتیان، دامودەزگا لاوازکراوەکان و دەوڵەتی بازاڕکراو دێتە دەرەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دەستی پێکردووە، تەنها هەڵمەتێک دژ بە چەند فەرمانبەر یان چەند دزێکی بچووک نییە؛ بەڵکو ئەگەر بەردەوام بێت، دەتوانێت دەسپێکی قۆناغێکی نوێی چاکسازی و شۆرشێکی نوێ بێت.
گرنگیی ئەم هەڵمەتە لەوەدایە کە جارێکی تر پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە بەردەم هەمووان: ئایا دەوڵەت دەتوانێت دەستی بگاتە ئەوانەی کە لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتدا بوون؟ یان وەک زۆرجار، تەنها بچووکەکان دەبنە قوربانی و گەورەکان لە ژێر سێبەری پارە، پەیوەندی و پشتگیریی سیاسی دەرباز دەبن؟
لە ڕاستیدا، گوتنی دروشمی «دژی گەندەڵیم» بەس نییە. دژایەتی گەندەڵی زۆرجار لە ئاستی دروشمدا دەمێنێتەوە، بەڵام «لەگەڵ چاکسازی بوون» پڕۆژەیەکی دەوڵەتسازییە. دژی گەندەڵی واتە سزادانی دز، بەڵام چاکسازی واتە گۆڕینی ئەو سیستەمەی کە دز دروست دەکات، دەیپارێزێت و ڕێگای پێ دەدات. یەکەمیان لێپرسینەوەیە؛ دووەمیان بنیاتنانەوەی دەوڵەتە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی (2003)، عێراق دەبوو بەرەو دەوڵەتی یاسا، هاووڵاتیبوون و دادپەروەری بڕوات. بەڵام لە زۆر بواردا، لەجیاتی دامەزراندنی دامودەزگای بەهێز، تۆڕێکی ئاڵۆزی گەندەڵی گەشەی کرد. دزییەکان گەیشتنە ئاستێک کە مرۆڤ ناچار دەکات بڵێت: «سەد ڕەحمەت لە کفندز.» چونکە کفندز لە مردوو دەدزی، بەڵام ئەوان لە زیندووان دەدزن؛ لە منداڵ، نەخۆش، قوتابی، مامۆستا، سەرباز، پێشمەرگە و کرێکار. ئەوان پارێزەری سامانی گشتی نەبوون؛ بەڵکو فیرعەونەکانی دزی بوون.
«دزیی سەدە» تەنها دۆسیەیەکی دارایی نەبوو؛ بەڵکو ناونیشانی قۆناغێکی تەواو بوو. قۆناغێک کە تێیدا گەندەڵی لە ژووری بچووکەکانەوە دەست پێ نەدەکرد، بەڵکو لە ژووری گەورەی دەسەڵاتەوە سەرچاوەی دەگرت. هەندێک جار دز بە دەرگای دواوە نایەت؛ بەڵکو بە مۆری فەرمی، بە ناوی یاسا و بە پشتگیریی سیاسی دەچێتە ناو دامودەزگاکاندا.
لەبەر ئەوە، پاککردنەوەی دەوڵەت دەبێت لە سەرەوە دەست پێ بکات، نەک لە خوارەوە. ئەگەر لوتکەی هەرەم بۆگەن بێت، بناغە پاک نامێنێت. ئەگەر بەرپرس دز بێت، فەرمانبەری سادە چۆن دەستپاک دەبێت؟ ئەگەر یاسادانەر خۆی یاسا بشکێنێت، هاووڵاتی چۆن متمانە بە دەوڵەت بکات؟
فەلسەفەی دادپەروەری ئەوە فێرمان دەکات کە سزادان پێویستە، بەڵام بە تەنها چارەسەر نییە.
لە مێژووی دادپەروەریی ئیسلامیدا، ناوی عومەری فارووق (رەزای خوای لێیبێ)و ئیمامی عەلی(رەزای خوای لێیبێ) تەنها ناوی دوو سەرکردە نین؛ بەڵکو دوو نیشانەی گەورەن بۆ ئەوەی دەسەڵات چۆن دەبێت لە خزمەتی داد و پاکی و بەرپرسیارێتیدا بێت.
عومەری فارووق (ر-خ)دەسەڵاتی بە ئاسانگرتنی ژیانی خەڵک و لێپرسینەوە لە بەرپرسان دەناسرا؛ تا ئەو ڕادەیەی دەیوت ئەگەر ئاژەڵێک لە سنووری حکومەتدا بەهۆی بێئاگایی دەسەڵاتدارێکەوە بدزرێت، دەسەڵات بەرپرسیارە.
ئیمامی عەلیش (ر-خ)دادپەروەریی کردە بنەمای حوکمڕانی؛ ئەو دەیفەرموو دەسەڵات بێ داد، تەنها ستەمێکی ڕازاوەیە، و مال و موڵکی گشتی نابێت ببێتە سفرەی دابەشکردن بەسەر خزم و نزیکان.
ئەمڕۆ کاتێک باس لە چاکسازی و شەڕی دژ بە گەندەڵی دەکەین، پێویستە ئەو دوو نموونەیە لەبەرچاو بگرین: چاکسازی بە وتار و دروشم نابێت؛ بە لێپرسینەوە لە سەرەوە دەست پێدەکات. پاچینە لە سەرەوە پاک دەکرێتەوە، نە لە خوارەوە. ئەگەر گەندەڵکارە گەورەکان لە سەرەوەی هەرەمەکەدا نەگیرێنە بەر پرسیار، ئەوا هەموو قسەیەک لەسەر چاکسازی دەبێتە دەنگێکی بێکردار.
ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو نیشانی داوە کە ئەوانەی تەنها دزەکانیان گۆڕی، گەندەڵی نەگۆڕا. بەڵام ئەوانەی دادگا، دامودەزگا، شەفافییەتی گرێبەستەکان، چاودێریی دارایی و سەربەخۆیی دەزگا بازرگانی و چاودێریکەرەکانیان بەهێز کرد، گەندەڵیان لە پیشەیەکی پڕقازانجەوە گۆڕی بۆ مەترسییەکی گەورە بۆ گەندەڵکاران.
ئەگەر ئەم هەڵمەتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق(عەلی زەیدی) بەردەوام بێت، وەک گڵۆڵەی بەفر گەورەتر دەبێت؛ هەرچەندە بڕوات، تۆڕە شاراوەکان، ناوەکان و پارێزەرانی گەندەڵی زیاتر ئاشکرا دەبن. گرنگ ئەوەیە ئەم هەڵمەتە نەبێتە ئامرازێکی سیاسی بۆ تۆڵەسەندنەوە، بەڵکو ببێتە ڕێڕەوێکی نیشتمانی بۆ چاکسازیی بنەڕەتیی دەوڵەتداری.
لەم چوارچێوەیەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی لە هەر هەنگاوێکی یاسایی و دادپەروەرانە دەکات، پشتیوانی لە کەسی گەندەڵکار ناکات ؛ پشتیوانی لە بنەماکان دەکات: دادپەروەری، شەفافییەت، سەروەری یاسا و لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی سامانی گشتییان تاڵان کردووە، بەبێ جیاوازیی پۆست و پێگە.
هیچ حیزبێک بە دەوڵەتی لاواز بەهێز نابێت، و هیچ دەوڵەتێکیش بە گەندەڵی ناپارێزرێت. دەوڵەت بە متمانە، یاسا و دادپەروەری دەوڵەتە.
ئەمڕۆ دەبێت دەنگی هاووڵاتی، ڕاگەیاندن، دادگا و هێزە سیاسییەکان هاوکار و پشتیوانی ئەم شۆرشە سپییە بن: سامانی گشتی هی میللەتە و دەبێت بۆ میللەت بگەڕێتەوە. هەر کەسێک دزیی کردبێت، بەبێ گوێدان بە پۆست، هێز، پەیوەندی یان پارێزگاریی سیاسی، دەبێت لەبەردەم یاسادا بوەستێت.
ئاشکرایە، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی بە یەک هەڵمەت ناکرێت، بەڵام هەموو گۆڕانکارییەکی گەورە بە یەک هەنگاو دەست پێدەکات. ئەگەر دەستی دادگا ئازاد بمێنێت، ئەگەر پارەی دزراو بگەڕێندرێتەوە، و ئەگەر لێپرسینەوە لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتەوە دەست پێ بکات، ئەوا خەڵکی عیراق دەتوانن جارێکی تر متمانە بە دەوڵەتی خۆیان بکات.
چونکە نیشتمان تەنها بە ئاڵا، سنوور و چەک ناپارێزرێت؛ بەڵکو بە دەستپاکی، دادپەروەری و متمانە دەپارێزرێت. چاکسازی لەو شوێنە دەست پێدەکات کە یاسا بەرزتر بێت لە هەموو کەس، و دەوڵەت بتوانێت بێ ترس دەستی بخاتە سەر هەموو گەندەڵکارێک، لە هەر ئاست و پێگەیەکدا بێت.
هەندێک رۆژ هەن، تەنیا لە رۆژژمێردا ناژین؛ لە ویژدان و چارەنووسی مللەتاندا دەژین. رۆژگەلێک وەک پەڕەیەکی سادەی مانگنامە تێناپەڕن، بەڵکو وەک دادگایەکی بێدەنگ دەوەستن و حوکم دەدەن، حوکم بەسەر گەلاندا، بەسەر رێکخراوەکاندا و بەسەر ئەو سەرکردایەتییانەشدا کە لە کاتی مەترسیدا بەرپرسیارێتی مێژوویی هەڵدەگرن، یان لەپشت ئارامیی ساختە و هاوسەنگیی درۆینەدا خۆیان دەشارنەوە. ئەمڕۆ یەکێکە لەو رۆژانە؛ رۆژێک کە بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا رۆژی هەواڵ و راپۆرت و ژمارە نییە، بەڵکو رۆژی بڕیارە. رۆشنبیرێکی دانا وتی: «دوێنێ زوو بوو.»، پێشمەرگەیەکی دێرین فەرمووی: «سبەینێ درەنگە.» لەنێوان ئەم دوو راستییەدا، سێیەم راستی وەستاوە و دەڵێت: ئەمڕۆ کاتی بڕیاردانە.
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان تەنیا لەبەردەم قەیرانێکی داراییدا نییە؛ لەبەردەم قەیرانێکی قووڵتری متمانە و بێهیوایشدایە. مووچە و خزمەتگوزاری و ژیانی رۆژانەی خەڵک گرنگن، بەڵام لەژێر ئەم هەموو کێشانەوە قەیرانێکی تر هەیە کە هەموو قەیرانەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرن: قەیرانی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات. کاتێک هاووڵاتی بڕوای بە دامەزراوەکان نامێنێت،گەنج داهاتووی خۆی لەم خاکەدا نابینێت، کاتێک دکتۆریەک، مامۆستایەک، فەرمانبەرێک، یان خاوەن پیشەیەک هەست دەکات لە هەرێمەکەی خۆیدا تەنیا ژمارەیەکە، نەک هاوبەشی چارەنووس، ئەوە تەنیا قەیرانی حکومەت نییە؛ قەیرانی نیشتمان و هاونیشتمانیانیشە. زۆرجار گەلان بە هەژاری ناشکێن؛ بە بێهیوايی تێکدەشکێن. بەو کاتە تێکدەشکێن کە گەنجەکانیان بگەن بەو باوەڕەی کە داهاتوویان لە کۆچکردندایە، نەک لە زێدی خۆیاندا؛ کە خەونەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکان دەدۆزرێنەوە، نەک لە ناو وڵاتەکەیاندا. ئەو کاتە نیشتمان لە ناخی خەڵکدا لاواز دەبێت، پێش ئەوەی لەسەر زەوی لاواز بێت.
ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە. یەکێتی تەنیا ناوی رێکخراوێک نییە؛ بەشێکە لە مێژووی هەرێم، لە هیوای خەڵک و لەو بیرەوەرییە کۆمەڵایەتییەی کە هێشتا ناوی سەرۆک مام جەلال و خەباتی پێشمەرگە و قوربانیی نەوەکان لە ناخی خەڵکدا بە زیندوو راگرتووە، بەڵام مێژوو هەرچەندە گەورە بێت، بەتاقی تەنیا رزگارکەر نابێت. میرات، ئەگەر نەبێتە هێزی نوێبوونەوە، دەبێتە بارگرانی و ناوی گەورە ئەگەر لەگەڵ بڕیاری گەورەدا نەبێت، دەبێتە سێبەرێک بۆ شاردنەوەی لاوازییەکان.
ئەوەی یەکێتیی کردووە هێز، تەنیا میراتی رابردوو نەبووە؛ توانای خوێندنەوەی کات و هەڵبژاردنی هەنگاوی دژوارە. هێزی یەکێتی لەوەدایە کە لە ساتی ئاڵۆزی و شکستدا، وەک هێزێکی بڕیاردەر خۆی نیشان دەدات، نەک وەک تماشاکارێکی چاوەڕوان. پرسیاری ئەمڕۆش هەر ئەوەیە:
ئایا یەکێتی هێشتا ئەو جەسارەتەی هەیە؟
ئایا دەتوانێت لە سێبەری رابردوو بێتە دەرەوە و بە زمانی داهاتوو بدوێت؟
ئایا دەتوانێت لە پێناو رزگارکردنی هەرێم لە مەترسی، لە هەندێک شێوازی کۆنی خۆی دەستهەڵبگرێت و بڕیارێکی نوێ بۆ قۆناغێکی نوێ بدات؟ بەڵێ و بەڵێ، بەدڵنیاییەوە یەکێتی دەتوانێت هەموو ئەوانە ئەنجام بدات بە پشت بەستن بە رێبازی سەرۆک مام جەلال و جەماوەرە لەبن نەهاتۆکەی یەکێتی.
رێگای رزگاربوون روونە، بەڵام ئازایەتی دەوێت. رزگاربوون بەتەنیا بە دروشم نایەتەدی؛ بە بڕیاری دروست و ئەقڵانی دێتەدی. بە راگەیاندنی نییەتی باش نایەتەدی؛ بە گۆڕینی سیستم و رێوشوێن دێتەدی. هیچ دەسەڵاتێک بەبێ متمانە نامێنێت و متمانەش بە وتە و بەڵێن ناگەڕێتەوە؛ بە راستگۆیی، دادپەروەری، شەفافییەت و خزمەتگوزاری دەگەڕێتەوە. هاووڵاتی دەبێت هەست بکات کە لەم هەرێمەدا نرخی هەیە، دەنگی هەیە و بەشێکە لە بڕیار، نەک تەنیا قوربانیی بێت. بە ناوی ئارامییەوە، هەندێک قەیران تەنیا پەردەپۆش کراون. بە ناوی هاوسەنگییەوە، زۆر هەڵە تەنیا دواخراون. بە ناوی پاراستنی هەرێمەوە، زۆر جار پارێزگاریی لە قەیران کراوە، بەڵام ئەو ئارامییەی لەسەر دواخستنی چارەسەرەکان بنیات نرابێت، خۆی سەرەتای رووخانە. هەرێم پێویستی بە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی هەیە؛ پێویستی بە دامەزراندنی پەیوەندییەکی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور هەیە؛ پێویستی بە روونکردنەوەی سنووری نێوان حزب و نیشتمان، یاسا و دامودەزگاکان، بەرژەوەندیی تایبەت و بەرژەوەندیی گشتی هەیە.
بەرژەوەندیی نیشتمانی دەبێت لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبی دابنرێت. ئەمە دروشم نییە؛ مەرجی مانەوەی هەرێمە. لەم قۆناغە ئاڵۆزەی ئێستادا، هەر هێزێک بەرژەوەندیی هەرێم بخاتە ژێر سایەی حساباتە تەنگەکانی خۆیەوە، لەڕاستیدا لە بەردەم هەوڵی رووخانی هەرێمدا هاوکار دەبێت. هێزی سیاسی ئەو کاتە مەزن دەبێت کە لە کاتی قەیراندا، بەرژەوەندیی نیشتمان بخاتە سەرەوەی بەرژەوەندیی حزب؛ چونکە نیشتمان کە لاواز بوو، حزبەکانیش بەهێز نامێنن.
یەکێتیی نیشتمانی بۆ ئەوەی جارێکی تر ببێتە هێزی متمانە، پێویستی بە نوێبوونەوەی ریشەیی هەیە؛ نوێبوونەوەیەک نەک تەنیا لە وشە و دروشمدا، بەڵکو لە شێوازی کار و بڕیارداندا، لە بەهادان بە شایستەیی، لە وەگەرخستنی گەنجان و ژناندا،لە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کادرە دێرینەکاندا، لە رێکخستنەوەی ناوخۆیی و لە هەڵوێست وەرگرتن لەگەڵ جەماوەردا. هێزێک کە لە ناوەوە نوێ نەبێتەوە، ناتوانێت لە دەرەوە هیوای نوێ دروست بکات. هێزێک کە لە ناخی خۆیدا ترسی گۆڕانکاری هەبێت، چۆن دەتوانێت بۆ گۆڕانکارییەکان ببێتە پێشەنگ؟
ئەمڕۆ قسەکردن لەسەر دوێنێ تەنیا وەک دروشم بێسوودە؛ دوێنێ تێپەڕی. چاوەڕوانییکردنی سبەینێش چارەسەر نییە؛ چونکە سبەینێ، ئەگەر بڕیاری ئازایانەی ئەمڕۆی لە پشت نەبێت، تەنیا بەڵێنێکی بەتاڵ دەبێت. مێژوو چاوەڕوانی ئەو گەلانە ناکات کە بڕیارەکان بە ترس و دوودڵی دوا دەخەن؛ مێژوو لەگەڵ ئەوانەدا دەڕوات کە لە کاتی دژواردا، لەبەردەم قەیراندا، هێزی چاکسازی و راستگۆیی و نوێبوونەوەیان هەیە.
بۆیە بانگەوازەکە ڕوونە: ئیتر بەسە دواخستن. بەسە هاوسەنگیی ساختە.
بەسە ترسی گۆڕانکاری. بەسە پاراستنی قەیران بە ناوی پاراستنی هەرێمەوە.
یەکێتی وەک هێزی چارەسەر، پێویستە لە خۆیەوە دەست پێبکات. دەسەڵات ئەگەر دەیەوێت متمانە بگەڕێنێتەوە، پێویستە بە کردەوە بدوێت، نەک هەر بە وتە. هەرێمیش، ئەگەر دەیەوێت بە پتەویی بمێنێتەوە، پێویستە لەسەر بنەمای متمانە، چاکسازی، دادپەروەری و یەکسانی و بەرژەوەندیی نیشتمانی سەرلەنوێ بنیات بنرێتەوە.
ئەمڕۆ کاتی بڕیاردانە؛ نەک بۆ ئەوەی تەنیا قەیرانێک دوا بخەین، نەک بۆ ئەوەی تەنیا هاوسەنگییەک بپارێزرێت، بەڵکو بۆ ئەوەی هەرێم لە مەترسییەکی قووڵتر رزگار بکەین، لە دوودڵی، دواکەوتن، بێهیوايی و لە ترسی گۆڕانکاریی رزگاری بکەین، چونکە مەترسیی گەورە ئەوە نییە کە قەیران هەیە؛
مەترسیی گەورە ئەوەیە کە قەیران ئاسایی بکرێت. مەترسیی گەورە ئەوە نییە کە خەڵک ناڕازین؛ مەترسیی گەورە ئەوەیە کە خەڵک بڕوایان وابێت هیچ شتێک ناگۆڕێت. مەترسیی گەورە ئەوە نییە کە هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەدایە؛ بەڵکو ئەوەیە کە لە ساتی تاقیکردنەوەدا، هێزی بڕیار دانمان نەبێت.
ئەگەر ئەمڕۆ بڕیار نەدرێت، سبەینێ بەتەنیا هەر درەنگ نابێت؛ بەلکو سبەینێ ناودەنرێت پەشیمانی.
سەرباری تێکەڵ بوونی کەرتی گشتی و تایبەت و باڵادەستی کەرتی تایبەت لە زۆرینەی وڵاتاندا ، بابەتێکی جددی بۆ حکومەتەکان دروستکردووە ئەویش چیتر کارکردن تەنها بۆ کۆمپانیا گەورەکان هەر قازانج نییە..!
بەڵکو بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییە کە لای خۆمان پێی دەڵێن بەخشین و هاوکاری و زەکات..هتد ، سەبارەت بە واقیعی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا، هەرچەندە تا ئێستا چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون و ناچاری بۆ ڕێکخستنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان نییە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا جۆرێک لە هۆشیاریی خۆبەخشانە لەلایەن کەرتی تایبەت و کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە سەریهەڵداوە.
زۆربەی ئەم چالاکییانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی خێرخوازی، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، یان دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە وەک نەخۆشخانەی هیواو نانەکەلی چڕبونەتەوە ، لە پاڵ ئەمەشدا چەند کۆمپانیایەکی گەورەی وەبەرهێنان بەشدارییان لە کەمپینەکانی چاندنی نەمام و سەوزکردنی شارەکاندا کردووە؛ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
هاوکات زانکۆ تایبەتەکان وەک بەشێک لە سیستەمی (سی ئێس ئاڕ ) ساڵانە کورسیی خوێندنی بێبەرامبەر پێشکەش بە کەسوکاری شەهیدان و خوێندکارانی کەمدەرامەت دەکەن، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم چەمکە بگاتە ئاستی جیهانی و ببێتە مۆدێلێکی باشتر ، هەرێمی کوردستان پێویستی بە داڕشتنی یاسایەکی هاوچەرخ هەیە؛ کە کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی نەوت، غاز و بازرگانی و خانوبەرە هان بدات ستراتیژێکی درێژخایەنیان بۆ پەرپێدانی مرۆیی و ژینگەیی هەبێت و کاری جددی بۆ بەهێزی ژێرخانی ئابوری بکەن .
لە ماوەی رابردوودا لە شاری سلێمانی ( بەخشین )تەواو بووە نەریتی کاری کۆمپانیا گەورەکان ، کە زۆر ترین کارو هەوڵ و کۆشش درا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری رێگەوبان و پردو سەوزکردنی باخچەو پڕۆژەی ستراتیژی کە خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەن .
هەرچەندە چەمکەکە لە هەرێمی کوردستان زۆر گشتی نییەو هەندێک لە خاوەن بەرژەوەندی و وەرگرانی زەوی لێبەدەرەو خۆیانی لێ لادەدەن ، بەڵام نەریتەکە بەکەڵکە بۆ پێشەنگی و بەتینی ژێرخانی ئابوریی ، لەم دواییانەدا سەرۆک وەزیرانی نوێ عەلی زەیدی ، ئەم چەمکەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی هێناوەتە ناو کارنامەی کاری خۆیەوە؛ دەیەوێت کۆمپانیاکان ناچار بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی بکات و بوژانەوەیەک لە سەردەمی خۆی دروستبکات و لایەنی کەم بارگرانی لەسەر حکومەتەکەی کەم بکاتەوەو ئاستی خزمەتگوزاریش بەرزکاتەوە .
ئەم شێوازی کارە لە زۆر وڵات بووە هۆی ئاوەدانی لە سعودییەو ئیمارات و تورکیاو زۆر وڵاتی تری جیهان پەیڕەوکراوە .
بۆ نمونە لە تورکیادا دەبینیت چەمکی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەت لە ڕێگەی تێکەڵکردنی بەها کلتورییەکان و بنەماکانی هاوکاری لەگەڵ ستراتیژی مۆدێرنی کۆمپانیا گەورەکاندا.
بەپێی ڕێنماییەکانی دەستەی بازاڕی سەرمایە لە تورکیادا (CMB) و دامەزراندنی "BIST Sürdürülebilirlik Endeksi" (پێوەرەکانی بەردەوامی لایەنە بازرگانییەکان لە بۆرسەی ئەستەمبوڵ)، کۆمپانیا گەورەکان ناچارکراون کە ئەدای خۆیان لە بوارەکانی ژینگە، کۆمەڵگە و حوکمرانی (ESG) لە ڕاپۆرتە ساڵانەکانیاندا بە ڕوونی بڵاو بکەنەوە.
یەکێک لە دیارترین نمونەکان لە تورکیا، پڕۆژەکانی کۆمەڵەی ژینگەیی (TEMA)یە وەک پڕۆژەی "Her Dem Toprak İçin" (هەمیشە بۆ خاک) کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا نیشتمانییەکان لە ناوچەی ڕیزە ئەنجام دراوە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی خاک بەهۆی بەکارهێنانی کەرەستە کیمیاییەکان لە چاندنی چایدا .
هاوکات پڕۆژەی نیشتمانی مێژوویی وەک "Baba Beni Okula Gönder" (باوکە بمنێرە بۆ قوتابخانە) کە لەلایەن (دەزگای ئایدن دۆغان)ەوە سەرپەرشتی دەکرێت، یان کەمپینەکانی کۆمپانیای گەیاندنی وەک (تورک سێڵ) بۆ تێکەڵکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە بازاڕی کار، کە بوونەتە هۆی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی گەورە لە تورکیادا .
لێرەوە دەردەکەوێت کە بەهۆی پابەندبوونی تورکیا بە پلانی ڕێککەوتنی سەوزکردنی ئەوروپا، کۆمپانیا هاوچەرخەکان چیتر بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی وەک کارێکی خێرخوازی نابیننەوە، بەڵکو وەک ستراتیژێکی ئابوری بۆ پاراستنی توانای پێشبڕکێ و ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی دەرەکی بەکاردێنن .
لە بارەی ئەزموونی دەوڵەتی ئیماراتەوە ، ئەو وڵاتە توانیویەتی مۆدێلێکی پێشەنگ و ڕێکخراو لەسەر ئاستی ناوچەکە بۆ بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان بخاتەڕوو، چەمکەکە لە چوارچێوەی نەریتیی خێرخوازییەوە گۆڕدراوە بۆ سیستەمێکی یاسایی و دامەزراوەیی سەر بەدەوڵەت .
بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات، سندوقێکی نیشتمانی فەرمی بۆ بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بە ناوی (Majra)دامەزراوە، کە وەک پلاتفۆڕمێکی ناوەندی کار دەکات ؛ بۆ ڕێکخستن و ئاڕاستەکردنی بەشداریی کۆمپانیاکان بەرەو پڕۆژە نیشتمانییە ستراتیژییەکان و ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان (SDGs).
یاساکانی ئیمارات جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە سەرنجی کۆمپانیا گەورە و بازرگانییەکان تەنها لەسەر قازانج نەبێت، بەڵکو دەبێت ساڵانە لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی بازرگانیاندا، ڕاپۆرتی تایبەت بە چالاکییەکانی خۆیان لە بوارەکانی پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی ئەو پلاتفۆرمەوە پێشکەش بکەن.
وەک نمونەیەکی سەرکەوتووی کەرتی گشتی و تایبەت، دەستپێشخەرییەکانی وەک هاندانی کۆمپانیاکان بۆ وەبەرهێنان لە وزەی نوێ و کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیکی و پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی فێربوونی زیرەک و تەندروستی کۆمەڵایەتی کە هاتوونەتە کایەوە.
ئەم ڕێکارە مۆدێرنانە وایانکردووە کە ئیمارات ژینگەیەکی وەبەرهێنانی وا دروستبکات کە تێیدا براندە جیهانی و ناوخۆییەکان شانازی بە بەدەستهێنانی "مۆری کاریگەری بەردەوام" (Impact Seal) بکەن، ئەمەش نیشانەی هاوسەنگییەکی دروستە لە نێوان سەرکەوتنی ئابوری و بەرپرسیارێتی نیشتمانی بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتوو .
چەمکی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و کاریگەرییەکانی :
بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان کە بە کورتکراوەی (CSR) دەناسرێت، گوزارشتە لە جۆرە مۆدێلێکی پێشکەوتووی بەڕێوەبردنی بازرگانی؛ کە تێیدا دامەزراوە و کۆمپانیا گەورەکان تەنها خەمی بەدەستهێنانی قازانجی داراییان نییە، قبەڵکو بە شێوەیەکی خۆبەخشانە کار بۆ باشترکردنی باری کۆمەڵایەتی، ئابوری و ژینگەیی ئەو کۆمەڵگەیانە دەکەن، کە تێیدا کار دەکەن و خاوەن بەرژەوەندین .
ئەم چەمکە سەردەمیانە لەسەر ئەو باوەڕە دامەزراوە کە سەرکەوتنی ڕاستەقینەی هەر کارێک پەیوەستە بە دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان گەشەی ئابوری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە .
لەم پێناوەدا کۆمپانیاکان ستراتیژی جۆراوجۆر دەگرنەبەر کە لە دابینکردنی ژینگەیەکی کاری دادپەروەرانە و پاراستنی مافی کارمەندانەوە دەستپێدەکات و بەرپرسابە رەفتار دەکەن، تا دەگاتە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە پڕۆژە خێرخوازییەکان و هاوکاریکردنی گشتی و گەشەپێدانی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پاشماوە پیشەسازییەکان کە زیان بە سروشت دەگەیەنێت .
کاتێک تەماشای جێبەجێکردنی ئەم چەمکە لەسەر ئاستی جیهانی دەکەیت، دەبینیت وڵاتێکی وەک دانیمارک یەکێکە لە پێشەنگەکانی نێو ئەو باسە ، چونکە حکومەتی ئەم وڵاتە یاسای تایبەت بەخۆی دەرکردووە کە کۆمپانیا گەورەکان ناچار دەکات لە ڕاپۆرتە ساڵانەکانیاندا بە ڕوونی ئاماژە بە چالاکییەکانی خۆیان لە بواری بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگەدا بکەن.
ئەم جۆرە سیاسەتە وایکردووە کە کۆمپانیا دانیمارکییەکان نەک تەنها لە پێناو یاسادا، بەڵکو وەک بەشێک لە ناسنامەی کاری خۆیان هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان و پشتیوانیکردنی مافەکانی مرۆڤ بکەن.
ئەمەش ناوبانگێکی جیهانی پێبەخشیوون و متمانەی کڕیارانی بۆ ڕاکێشاون.
لەلایەکی دیکەوە، وڵاتی هیندستان هەنگاوێکی یاسایی بێوێنەی ناوە بەوەی کە بووە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە بە فەرمی جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بەپێی یاسای کۆمپانیاکانی ساڵی ٢٠١٣ کردە ناچاری بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە قازانجێکی دیاریکراویان هەیە.
بەپێی ئەم یاسایە، پێویستە ئەو کۆمپانیانە لانی کەم ٢٪ تێکڕای قازانجی سێ ساڵی ڕابردوویان لە پڕۆژەکانی پەرپێدانی کۆمەڵگەدا خەرج بکەن.
وەک باشترکردنی کەرتی خوێندن ، دابینکردنی ئاوی پاکژ، بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا و نەهێشتنی هەژاری و نەداری گشتی ، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و ئەرێنی لەسەر ژیانی ملیۆنان هاووڵاتی هندی دروستکردووە.
سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مۆدێلی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی زیاتر لەسەر بنەمای خۆبەخشی و داهێنان لەلایەن خودی کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە دەردەکەوێت ، بە جۆرێک کۆمپانیاکانی وەک مایکرۆسۆفت و گۆگڵ ساڵانە ملیۆنان دۆلار بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژە زانستییەکان، دابینکردنی وزەی پاک بۆ داتا سەنتەرەکانیان و ڕەخساندنی هەلی فێربوونی دیجیتاڵی بۆ ناوچە بێبەشەکان تەرخان دەکەن.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان چیتر تەنها کارێکی خێرخوازی ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو بۆتە پێویستییەکی هەنوکەیی بۆ مانەوە و سەرکەوتنی کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی یاسادا ، چونکە کڕیاران و وەبەرهێنەرانی هاوچەرخ زیاتر متمانە بەو براندانە دەکەن کە خاوەنی بەهای مرۆیین و بە شێوەیەکی کارا بەشدارن لە پاراستنی داهاتووی وڵاتدا .
بەخشین لە پڕۆگرامی زۆر وڵاتدا فەرزەو بەند نەکراوە بە زەکاتی ساڵانەوە بەڵکو یاسا فەرزی کردووە .
جیهان وهكو دیفاكتۆیهكی سیاسیی و دهستوری مامهڵه لهگهڵ ههرێمی كوردستاندا دهكهن تا ئهو سنورهی، كه ههرێمهكه لهسهر پایه دهستورییهكان بمێنێتهوه و سهقامگیری سیاسی له ههرێمهكهدا ههبێت، خۆ ئهگهر ئهوهی ئێستا له ههرێم دهگوزهرێت و ئهو پهرتهوازییه بگاته ئاستی ترازان، بهدوور نابینرێت، كه سومعهی سیاسی ههرێم دهكهوێته ژێر پرسیارهوه و ههرێمی كوردستان له قهوارهیهكی دانپێدانراوی دهستوری و ڕۆڵگێڕێكی میحوهرییهوه بكاته قهوارهیهكی بێهێز و بێ ئهرزش لهسهر ئاستی سیاسهتی نێودهوڵهتی.
پهككهوتنی پهرلهمانی كوردستان و پێكنههێنانی كابینهی وهزاری، بۆته گرێ كوێرهیهكی مهترسیدار لهسهر ههرێم، كه ئهوهش به دوور نابیندرێت، گهر دۆخهكه بهمشێوهیه بهردهوام بێت، ههرێمهكه بهرهو دابهشبوونێكی مهترسیدار بچێت، وهك ئاشكرایه نهبوونی دهستور له ههرێم و ڕكابهرییه سیاسییه بهردهوامهكان و ههژمونی ئیقلیمی بهسهر ههرێمهوه، ههمیشه ئهو مهترسییه دروستدهكات، كه له ههر ئانوساتێكدا بێت ئهم ههرێمه بكهوێته ئهو مهترسییهی كه باسمان كرد.
له بهشی یهكهمی بهندی پێنجهمی دهستوری ههمیشهیی عێرقدا، بهتهواوی دانی به بوونی ههرێمهكاندا ناوه و لهژێر ئهو ڕۆشناییهشدا ههرێمی كوردستانی عێراق ههرێمێكی دانپێنراوه، بهڵام له خاڵی ١٢٠ی ههمان بهند و بهشدا، ههرێمهكانی ناچار كردووه كه دهستوری تایبهت به ههرێمهكهیان ههبێت، بهڵام ههرێمی كوردستان نهیتوانی ئهو دهستورهی كه نوسرایهوه، بیخهنه ڕاپرسییهوه و بێته بنهمای حكومڕانی له ههرێمدا.
بوونی ئهمریكا له عێراق و ههژمونی بههێزی وڵاتانی ئیقلیمی، ههمیشه بهشێك بوون له دروستكردنی ئهو نهخشه سیاسییهی كه مهبهستیان بووه، ئهمریكا و وڵاتانی ئیقلیمی خهریكی گۆڕانكاری گهورهن له له جێگۆڕكێ به كاراكتهره سیاسییهكان له عێراق و ههرێمدا، بهو پێودانگهش بێت، هاوكات لهگهڵ چهقبهستنی پڕۆسهی سیاسیی له ههرێمدا، بهدووری نازانم ئهو وڵاته خاوهن ههژموونانه دهست بۆ ئهوه ببهن، كه ههرێم له ڕێگای ههندێك بڕیاری دادگای فیدڕاڵییهوه پابهندی كۆمهڵێك كۆتوبهند بكهن و تاكڕهوی و غروری چهند هێزێكی سیاسیی و ئهو قهیرانه سیاسیی و داراییانهی بهرۆكی ههرێمیان گرتووه و بهسهر یهكدا كهڵهكه بوون، ببێته هۆكارێك بۆ ئهوهی بهشێك له هێزه سیاسییهكان باوهڕ بهوه بهێنن دوو ئیداره و یهك ههرێم بمێنێتهوه.
کوردەواری دەڵێت: “تا ماڵ وەستابێت، بە مزگەوت حەرامە”. لەم ڕۆژانەدا ئاشنای دیمەنی دانانی بەردی بناغەی گەورەترین مزگەوت بووین لە شاری هەولێر، لەسەر ڕووبەری دوو ملیۆن مەتر دووجا.
مزگەوتەکە، وەک دەوترێت، خاوەنی گەورەترین هۆڵ و دەرگا و گومبەز دەبێت لە جیهاندا، و تێچووی پڕۆژەکەش هەرچەندە باس نەکراوە بەرەسمی بەڵام گەورەی پرۆژەکە دەری دەخات کە تێچوەکەی زەبەلاحەو کەم نییە..؟!
ئەو تێچووە گەورەیەکە مەزەندەکراوە؛ دەتوانێت زۆرێک لە گیروگرفت و تەنگوچەڵەمەکانی ژیانی هاوڵاتیان چارەسەر بکات .
هەڵبەتە کردنەوەی ئەم باسە پەیوەست نییە بە ڕەخنەگرتن لە پیرۆزی مزگەوت ؛ وەک ناوەندێکی خوداپەرستی، بەڵکو باسەکە لەسەر کاری لە پێشینەیە بۆ خەڵک و پێشکەوتنی وڵات.
لە دۆخێکدا کە خەڵک بە قەیرانی دارایی و کەمی خزمەتگوزاری و بێکارییەوە دەناڵێنێت، ئایا ژیانی خەڵک گرنگترە یان شکاندنی ڕیکۆردی گەورەترین و بەرزترین دەرگا و گومبەزو نافوراو حەوز؟
وەک دەرکەوت دوای دانانی بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە ؛ هەندێک لە خاوەن زەوییەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی کە زەوی مزگەوتەکە موڵکی ئەوان بووە و هێشتا قەرەبووی شیاویان وەرنەگرتووە.
ئەمەش بابەتێکی ترە کە پێویستی بە ڕوونکردنەوە و چارەسەرکردن هەیە.
سوپاس بۆ خودا، لە کوردستاندا گوند بە گوند و شار بەشار مزگەوت و شوێنی خوداپەرستی هەیەو کوردی موسوڵمان بێ مزگەوت هەڵناکات.
شاری هەولێریش لەو شارانەیە کە زیاتر لە دوو هەزار مزگەوتی تێدایەو مزگەوتە گەورە و ناسراوەکانی وەک جەلیل خەیات، سەواف و ڕێگای بەهەشت لەو شارەدا مەڵبەندی خوداپەرستی و ئاستی بەرزی تەلارسازین.
لە ئایینی ئیسلامیشدا ئیسرافکردن پەسەند نییە، بە تایبەتی کاتێک کە زۆر پێویستیی گرنگتر و هەستیارتر لەبەردەمت هەبن .
مزگەوتێکی بەو قەبارەیە زۆرتر لەوە دەچێت بۆ تۆمارکردنی ناو و نیشان و دروستکردنی ڕەمزێکی گەورەی بازرگانی و سیاسی بێت، نەک وەڵامدانەوەی پێویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵک .
لەم قۆناغەدا باشتر دەبوو سەرۆکی حکومەت بیری لە خزمەتگوزاری، گەشەپێدانی ئابووری و بەتاڵی گیرفانی خەڵک بکردایەتەوە ، یان کاری جددی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانە، خوێندنگەو زانکۆی سەردەمیانە بکردایەتەوە .
سەرۆکی حکومەت دەبوو ووردتر پێویستییەکانی کۆمەڵگە بنکۆڵ بکات؛ وەک ئەوەی دوو لە گەورەترین زانکۆکانی هەولێر، زانکۆی سەڵاحەدین کە سیمبولی خوێندنی باڵای کوردستانەو زانکۆی پزیشکی هەولێر، هێشتا خاوەنی بیناو کەمپی سەردەمیانە و تایبەت بە خۆیان نین و زۆر کاریان بەهۆکاری بێ بودجەییەوە راگیراوەو تەواو نەکراوە.
لە کاتێکدا چەندین ساڵە حکومەت زەوی بۆ تەرخان کردوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە و دواخستنی پڕۆژەکان، کەمپی زانکۆی سەڵاحەدین بەو دیزاینەی لە ساڵی ٢٠١٢ بۆی دانراوبوو تەواو نەکراوەو وەک خۆی ماوەتەوە.
لە کاتێکدا ئەو دوو دامەزراوە زانستییە لە دۆخی خراپی بیناو خزمەتگوزاریدا رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە .
کەمپی گەورەی زانکۆی سەڵاحەدین لە ساڵی ٢٠١٢ بە شيوەیەکی سەردەمیانە نەخشەی بۆ سازکراوەو رەچاوی فراوان بوونی زانکۆکە کراوە، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەکەی تەواو نەکراوە. لە بەرامبەردا، لە ساڵی ٢٠١٣ کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی لەسەر ڕووبەری ٧٧١ دۆنم دووجا زوو کرایەوە، کە پێکهاتبوو لە ١٠ بینای تایبەت بە فاکەڵتییەکان و ١٦ بینای تایبەت بە بەشە ناوخۆییەکان بۆ نیشتەجێبوونی نزیکەی ٣٠٠٠ خوێندکار.
ئەو پڕۆژەیە لە سەردەمی کاک عومەر فەتاح بە شێوەیەکی سەردەمیانە جێبەجێکراو زۆرێک لە کێشەکانی ئەو زانکۆ دێرینەیەی کە لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، چارەسەر کرد.
وەک گەڕانەوە بۆ رابردوو ؛ لە کاتی کردنەوەی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانیدا، کاک نێچیرڤان بارزانی کە لەو کاتەدا سەرۆکی حکومەت بوو، وتی:”کردنەوەی کەمپی تازەی زانکۆی سلێمانی، بە کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئیمزاکردنی گرێبەستی دیزاینی کەمپی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، نیشانەیەکی ڕوونی سیاسەتی بایەخدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە گەنج و خوێندکار، کە هیوای دواڕۆژ و سەرکردە و ڕێبەری داهاتووی گەل و وڵاتەکەمانن.”
بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر، هێشتا ئەو دوو زانکۆ گرنگەی هەولێر بەبێ جێ و ڕێگای شیاو ماونەتەوە و پڕۆژەکانیان تەواو نەکراون و خواستی فراوان بوونیان رۆژ دوای رۆژ زیاد دەکات.
لەو سۆنگەیەوە، کە پەرۆشییەکی ڕاستەقینە بۆ ئایندەسازی وڵات و نەوەکان، پێویست بوو پێش بیرکردنەوە لە دروستکردنی گەورەترین مزگەوت لە جیهاندا، کاری جددی بۆ ژیان، گەوزەران، زانست، خوێندن و پێشکەوتنی ئەم وڵاتە بکرایەتەوە .
چونکە گەورەیی و پێشکەوتنی نەتەوەکان بە بەرزی گومبەز و دەرگاو حەوزو بافورا پێوانە ناکرێت ؛ بەڵکو بە ئاستی بەرزی زانست، خزمەتگوزاری، دادپەروەری و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان پێوانە دەکرێت.
مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی سەربەرزی هەورامان، شارەزوور و هەڵەبجە، بووەتە وانەیەکی گرنگی تەبایی و ئاشتەوایی و بەتەنگەوەبوونی یەکتر لە کاتی ناخۆشی و تەنگانەدا. ئەمە ئەو ئەزموونە ڕیشەدارەی مێژووی سەرزەمینی هەورامان و دەڤەرەکەیە بە گشتیی، کە پێمان دەڵێت لە ژیار و شارستانییەتی ئێمەدا گەنجینەیەکی لە بن نەهاتووی چاکەکاری، بەخشندەیی، لێبوردن، ئاشتەوایی و پێکەوەژیان هەیە، کە دەبێت خزمەتی زیاتری بکرێت بۆ درەوشانەوە و دەرکەوتن و وەبەرهێنانیی زۆرتر بکەین بۆ پیشاندانی ئەو دیوە جوانەی کولتوورەکەمان، ئەمەش ئەرکی زانا و ڕۆشنبیر و هونەرمەند و دامەزراوە کولتووری و مەدەنی و حکومەتییەکانمانە.
خەڵکی بەشمەینەت، بریندار، کیمیاییبارانکراو و ڕاگوێزراوی هەورامان، شارەزوور و هەڵەبجە، وێڕای ئەو دڵڕەقییەی شۆڤینیە ئایینی و نەتەوەییەکان دەرهەقیان دەریانبڕی، بەڵام ئەوان دیوە ڕاستەقینەکەی ژیار و کولتووری دێرین و ڕەسەنی خۆیان پیشاندا و ئەو ڕاستییەیان سەلماندەوە، کە هیچ کام لە دڵڕەقی و تاوان و ڕەفتارە دڕندانەکانی بەعس نەیانتوانیوە بەها باڵاکانی ژیار و شارستانییەتی هەورامان و خەڵکی هەڵەبجە بگۆڕن.
پەرۆشی خەڵکی هەڵەبجە، هەورامان و شارەزوور بۆ کارەساتیی خنکان و ونبوونی کیژۆڵەیەکی یازدە ساڵان، بەڵگەی وابەستەیی خەڵکی دەڤەرەکەیە بە ڕەسەنایەتی و بەها باڵاکانی کولتووری مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و ئایین و نەتەوە و نیشتمانەوە.
ئەوەی خەڵک خۆڕسکانە کردی و ئەو وێنا جوانەی پیشانی دا و ئەو هاوسۆزییە مرۆڤانەیەی لە هەڵمەتەکانی گەڕان و دۆزینەوە و بەڕێکردنی تەرمی ڕوقیەدا بەرجەستە کرا، دەمێک ساڵە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کار بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی دەکەن، خۆمانیش چەندین ساڵە سەرەڕای بوونی دەیان دامەزراوە و بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلار لە کڕینی وەلائو هاوسۆزی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق نەمانتوانیوە ئەو وێنا جوانەی خەڵکی کوردستان پیشانی ڕایگشتی عێراق بدەین.
بەداخەوە لێرە و لەوێ هەندێک دەنگی نەشاز و دەرچوو لە کۆدەنگی میللیانەی خەڵکی کوردستان هەن، دژ بە بەهاباڵاکانی مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی دەوەستنەوە. بەرچاوتەنگانە و لە ڕقێکی شۆڤینیانە یاخود لە بڕوایەکی پەڕگیرانە و دەمارگیرانەی ئایدۆلۆژییەوە دەڕواننە ڕووداوەکان.
ئەو جۆرە کەسانە کە لە ژێر چاویلکەی ڕەشەوە دەڕواننە ژیان و ژیار و کولتووری خەڵک و دەیانەوێت ئاراستەی ژیان بە مەیلی خۆیان بگۆڕن، بێ ئاگان لەوە، کە ئەوەی دوێنێ بۆ ڕوقیە لە هەورامان و هەڵەبجە کرا، کولتوور و ڕووحیەتی پاکی خەڵکی دەڤەرەکەیە. ئەوەی کرا شانۆ و سیناریۆی ئامادەکراو نەبوو، بەڵکو ڕێک کرۆکی بەها و ئەخلاق و کولتوور و ڕەسەنایەتی و فەرهەنگی مرۆڤدۆستی خەڵکی ناوچەکە بوو.
ئەوانەی پاساو بۆ دژایەتی ئەو کولتوورە جوانە دەهێننەوە، پاساوەکانیان بێ بەهان، ئەوانەی بەراورد دەکەن، بەراوردەکەیان لە جێی خۆیدا نیە، تێکەڵکردنی پرسی کچە شەهیدی ڕۆژهەڵات غەزەل مەولان، لەگەڵ هاوسۆزی کۆمەڵگە بۆ ڕوقیەی یازدە ساڵان جێی بەراورد نیە. شەهید لە کولتووری کوردستاندا، هەمیشە جێی ڕێز و خۆشەویستیی بووە.
پەلاماردان و تانەدان لە کاردانەوە و هاوسۆزی خەڵک بۆ دۆسییەکی مرۆڤانەی خنکانی کچێکی یازدە ساڵان و لۆمەکردنی خەڵک تەنیا لەبەر ئەوەی سۆزی دەروونی دەربڕیوە، نیشانەی بێ ئاگایی و نەشارەزاییە لە ڕووحیەتی کوردستانیانەی خەڵک و بەهای ئەو کولتوورە خۆماڵییەی هەزاران ساڵە خەڵک پارێزگاری لێکردووە.
ئەوەی خەڵکی دەڤەرەکە کردی، سەرمایەیەکی مەعنەوی مەزنە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و هەوڵێکی مەزنە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو وێنایەی کەسانێک بە گیانی ڕق و تۆڵەسەندنەوە ماوەی چەندین ساڵە کار بۆ دروستکردنی دەکەن. وێنای ڕقاوی و شۆڤینیانە وێنای ڕاستەقینەی کولتووری کوردستانی نیە، بەڵکو ئەوەی خەڵکی هەورامان، هەڵەبجە و شارەزوور کردیان ڕووە ڕاستەقینەکەی کولتووری کوردستانە.
لێرەوە جارێکی دیکە پێزانین و سوپاسگوزاری خۆم ئاراستەی خەڵکی خۆشەویستی سەرزەمینی هەورامان و تەواوی دانیشتوانی هەڵەبجە و شارەزوور دەکەم. ئەوەی خەڵکی دەڤەرەکەمان کردی، بەرجەستەکردنی گیانی لێبوردەیی و خۆشەویستی و ژیاندۆستی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن بوو، کە هەزاران ساڵە ڕەگی داکوتاوە و بووەتە کولتوورێکی جوانی خەڵک.
هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە سەرجەم تیمەکانی گەڕان و یەکە و دامەزراوە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکانی دەڤەرەکە دەکەم، بە تایبەت جەنابی پارێزگاری هەڵەبجە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی دەڤەرەکە، کە بە ڕۆڵی پێشەنگانەیان نموونەیەکی بەرز و باڵای کولتووری کوردەواریان وێنا کردەوە.
بە پێویستیشی دەزانم داوا لە ڕۆشنبیر و هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و مامۆستایانی ئایینی و کاریگەرەکانی سۆشیالمیدیا بکەم، کە با هەموومان خزمەتی ئەو دیوە جوانەی کولتووری کوردستان بکەین و ئەو وێنا جوانەی کولتووری هەورامان، شارەزوور و هەڵەبجە لە چوارچێوەی ئایینی و هونەری و ئەدەبیدا بەرجەستە بکەینەوە و بە نەمری بیهێڵینەوە، بۆ ئەوەی هەموو لایەک وانەی نوێی لێ فێر بێت و ڕێگە نەدەین هەندێک دەنگی نەشاز و یاخی لە کولتووری دێرینی کوردەواری، بە بیانووی بێ کاکڵ ئەو وێنا جوانەی شارستانییەتی مرۆڤدۆستانەی دەڤەرەکەمان و وڵاتەکەمان بشێوێنن.
بەتەواوەتی وێنەگەورە و پەنهانەکەی ئەساڵەتی کوردبوون و مرۆڤ بوونمان بەهەموو ڕەچەتەکانییەوە لە ناو ڕوووداوو پانۆرامای مەرگی ڕوقییە منداڵە بەڕەگەز عەرەبەکەمان بینی، کە نمایندەیی ئەم ئەساڵەت و مرۆڤ دۆست و ژیان دۆستییە، خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان کردی.
ئەم وێنە گەورە پڕ لە مرۆڤ بوون و کوردبوونە بەردەوام لەناو توراس و بوونی ئەم ناوچەیە ئامادەگی هەیە، لەزۆر قۆناغ و ڕووداودا هەڵەبجەو هەڵەبجەیەکان ئەم تابلۆ پڕ لە ڕەنگی پێکەوەژیان و ئاشتی و ژیاندۆستییەیان وێناکردووە.
ئەوەی جێی تێڕامان و هەڵوەستەلەسەرکردنە ڕۆڵی میدیایە لەگەیاندنی ئەم وێنەیە بەچاو و زهنی بینەر، کەبەداخەوە هەموومان زۆر گلەیمان لە ڕۆڵ و ئیتیکی کاری میدیا هەیە ، ئەویش تێکەڵکردنی مەلەفەکانە بۆ ئامانجی سیاسی یان ئایدۆلۆژی. هەرئەمەش وایکردووە میدیا زۆرجار هێندەی خەریکی شێواندنی وێنەکانە هێندە کار لەسەر گەیاندنی پەیامی دروستی ناو وێنەکەناکات.
بەڵام جێی دڵخۆشی و دەستخۆشییە، مایکەکان لەهەڵەبجە جۆرێکی تر و ڕەنگ و ئەساڵەتێکی تریان هەیە. ئەم هەموو وێنەجوانەی مرۆڤ دۆستی و کوردبوون و ژیاندۆستی، مایکەکانن دەیگوازنەوە، ڕۆڵی ئەوان زۆرگەورە و کاریگەرە. لەڕووداوی مردنی ئەم کچە نازدارە. لەیەم لەحزەوە تاکۆتایی مایکەکان و میدیاکاران لەهەڵەبجە ، بوونە سەربازی ونی ناو ئەم تابلۆ پڕشکۆ و شانازییە. توانیان وێنەی ڕاستەقینە بگوازنەوە، بەبێ ڕتوشکراو بەبێ ئامانجی لابەلا هەڵەبجەییانە کوردانە توانیان بە جیهان بڵێن ئەمەیە وێنەی ڕاستەقینەی کوردبوون.
بەبێ جیاوازی میدیاکاران لەهەڵەبجە توانیان جیهان لەناو مەتەرێزی کامێرا و سەدای مایکەکانیانەوە بهێننە ناو ئەو ئەساڵەتەی کە کوردبوون شانازی پێوەدەکات، ئەوان توانیان زۆر پیشەییانە مرۆڤانە کوردانە، جوانی هەڵەبجە و هەورامان و خەڵکە جوامێرەکەی بگوازنەوە.
ئەمەیە ڕۆڵی ڕاستەقینە و بەهادارانەی میدیا. ئەمەیە ئەرکی بەرپرسیارانە و پیشەییانەی میدیا.
میدیاکاران و مایکەکان لەهەڵەبجە پەیامێکی جوانیان گەیاندووە. ئەویش پێیان وتین میدیا بەرلەوەی شاشەی نمایشی درۆ و بازرگانی بێت . شاشەی گەیاندنی پەیامی ڕاستی و جوانی میللەتەکەتە.
کەپێموایە لەمەرگی ڕوقییەدا چۆن خەڵکی نەجیبزادەی هەڵەبجە و هەورامان بەهەموومانیان وت پێش هەموو ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و نەتەوە و هتد پێش ئەمانە ئێمە مرۆڤین پێویستە کار و کردارمان مرۆڤانەبێت.
میدیاو میدیاکاریش لەهەڵەبجە پێیان وتین پێش میدیا پێش میدیاکار مرۆڤین. کاتێک خەڵک و میدیاکار دەگەنە ئەو خاڵەی کە پێش هەموو شتێک مرۆڤبوون سەنتەرە. ئیتر ئەو وێنە شکۆمەندانەیە دەبینیت کە لەهەڵەبجە و هەورامان بینیمان.
خاڵێکی دیکە. ئەوەیە لەم جوگرافیایەی کەناومان هێنا وتاری ڕق و تۆڵە وهتد گەشەناکات. لێرە ژینگەی میهرەبانی و ئاشتی ، پێکەوەژیان و مرۆڤبوون باڵادەکات. لێرە کوردبوون گەشەدەکات.
جێی خۆیەتی پڕبە جیهانی ڕاستی سوپاسی میدیاکارانی هەڵەبجە بکەین بۆ ئەو بەرپرسیارییەتە کە لەسەرشانتانبوو. بۆ گواستنەوەی پانۆرامای جوانییەکان ...
لە ۱٥ بۆ ۱۷ حوزەیران ۲٠۲٦، لە شارە ئاو سازگارەکەی ئێڤیان-لێ-بان لە فەرەنسا، کۆبوونەوەی گروپی G7 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەم لوتکە گرنگە، لە کاتێکدا بەڕێودەچێت کە جیهان بە شێوەیەکی قەیراناوی کەوتۆتە نێو ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری گەورە. لە سەروبەندی ئەم بارودۆخەدا، ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکانی سەرکردەکانی G7.
بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، واشنتۆن و تاران گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی بنەڕەتی لە سەر وەستاندنی هەمیشەیی شەڕ، کردنەوەی گەرووی هورمز و دانانی چوارچێوەیەک بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوانیان. بەڵام ئیسرائیل بەم ڕێککەوتنە ڕازی نیە و پێدەچێت هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکە یان هەڵگیرسانی شەڕی تاکلایەنە دژی ئێران بە بێ ئەمریکای هاوپەیمانی.
۱ـ کاریگەری ڕێککەوتنەکە لە سەر بازاڕەکانی جیهان
ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە بە خێرایی و پۆزیتیفانە پێشوازیی لێکرا لە بۆرسە و بازاڕە داراییەکان. دوای مانگێک لە دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیری، پێشبینی دەرێت نرخی نەوت بەرەو دابەزین بچێت کە ئەمەش نیشانەیەکی هیوابەخشە بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ بازاڕەکانی وزە. دڵنیابوون لە ئاسایشی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز زۆر گرنگە، بە تایبەتی بۆ وڵاتانی ئەورووپا و ئاسیا کە زۆربەی پێداویستییەکانیان لە نەوت و گازی هاوردەکراو، لە ڕێگەی ووڵاتانی کەنداوی عەرەبی دابیندەکرێت و بە گەرووی هورمز تێدەپەڕێت بۆ ووڵاتانی کڕیار.
بەڵام، هێشتا پرسیارگەلێکی زۆر لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. چارەنووسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و ڕۆڵی گروپ و هێزە چەکدارەکانی نزیک لە سوپای پاسداران، پێویستیان بە گفتوگۆ و دانوستاندنی زیاتر هەیە.
۲ـ فەرەنسا، ناوەندێکی دبلۆماسی بێ وێنە
وەک خانەخوێی کۆبوونەوەی G7، فەرەنسا ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی هاوڕایی نێودەوڵەتی. سەرۆکی فەڕەنسا (ئیمانوێل ماکرۆن) ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانیە جیهانیەکانی کرد بە یەکێک لە سەرەکیترین بابەت و ئامانجەکانی ئەم لوتکەیە.
پاریس ژمارەیەک لە وڵاتانی کاریگەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بانگهێشت کرد، لەوانە عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، قەتەر و میسر، بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی فراوانتر بۆ چارەسەری دیپلۆماسی دابین بکرێت.
دیپلۆماسیەتی فەڕەنسا ماوەیەکی زۆرە پشتیوانی دەکات لە چارەسەرێکی ئاشتیانە و سیاسیانە بۆ کێشەکانی ئێران. لە چوارچێوەی G7 دا، فەرەنسا هەوڵەکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزیی سەربازی چڕکردۆتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە لە سەر دڵنیابوون کە ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.
دبلۆماسیەتی فەڕەنسی، لەم لوتکەیە، هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەوروپا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی. بۆ پاریس، تەنها چارەسەر بۆ کێشەکانی جیهان، گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێگای دیپلۆماسیەتە و پێی وایە تەنها ڕێگایە کە بەردەوام دەتوانێت بەرژەوەندیە ئابوورییەکانی هەموو لایەک دەپارێزێت و ڕێگری دەکات لە دروستبوونی قەیرانیتر لە بواری وزەدا.
۳ـ هەنگاوێک بەرەو ئارامی و سەقامگیری
بێگومان کۆبوونەوەی G7 ی ساڵی ٢٠٢٦ وەک خاڵێکی گرنگ لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تۆمار دەکرێت. ئەگەرچی ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، بەڵام سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە پەیوەستە بە پابەندبوونی هەردوو لایەن بە بەڵێن و ڕێککەوتنەکانیان و بەردەوامی گفتوگۆکان.
بۆ فەڕەنسا، ئەم کۆبوونەوەیە دووبارە سەلماندی کە دەتوانێت وەک هێزێکی دیپلۆماسیی کاریگەر، لایەنە جیاوازەکانی جیهان بخاتە سەر یەک مێزی گفتوگۆ. لە جیهانێکدا کە پڕە لە ئاڵۆزیی قەیرانی سیاسی و ئابووری، دیپلۆماسیەت و گفتوگۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستن بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئاسایشی گشتی.
٤ـ کورتەیەک لە سەر مێژوو و ئامانجەکانی G7
گروپی حەوت (G7) یەکێکە لە گرنگترین فۆڕۆمەکانی هەماهەنگیی ئابووری و سیاسی لە جیهاندا. ئەم گروپە لە ساڵی ١٩٧٥ دامەزرا، کاتێک سەرکردەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا لە شاری (رامبوییە)ی فەڕەنسا کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر قەیرانە ئابوورییەکانی ئەو سەردەمە. ساڵێک دواتر، کەنەداش پەیوەندی پێوە کردن و گروپەکە بە ناوی G7 ناسرا. یەکێتیی ئەورووپا هەروەها وەک ئەندامێکی هەمیشەیی لە چاودێری و بەشداریی چاڵاکدا لە کۆبوونەوەکان ئامادە دەبێت.
ئامانجی سەرەکیی G7 بریتییە لە تەنسیقکردن و دانانی بەرنامەی گونجاو سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری، دارایی و بازرگانی نێوان زلهێزە پیشەسازییەکان، هەروەها گفتوگۆ لەسەر پرسیارە گرنگەکانی جیهان وەک گۆڕانی کەشوهەوا، ئاسایشی وزە، تەندروستی جیهانی، بازرگانی نێودەوڵەتی و چارەسەری ململانێ نێودەوڵەتییەکان. ئەگەرچی G7 ڕێکخراوێکی فەرمی نییە و بڕیارەکانی پابەندکەر نین، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەندامەکانی بەشێکی زۆر لە ئابووریی جیهان و بازرگانی نێودەوڵەتی پێکدەهێنن، بڕیار و ڕاسپاردەکانی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ڕووداوە سیاسی و ئابوورییە جیهانییەکان هەیە.
لە ساڵی ٢٠٢٦دا، کۆبوونەوەی G7 لە فەڕەنسا بارێکی تایبەتی وەرگرت، چونکە جگە لە بابەتە ئابوورییەکان، بووە سەکۆیەکی گرنگ بۆ گفتوگۆ لەسەر ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزیی نێوان ئەمریکا و ئێران. بەم شێوەیە، G7 هەروا بەردەوامە لە ڕۆڵی خۆی وەک یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی گفتوگۆ و هەماهەنگی نێودەوڵەتی.
هەمووکاتێک ڕوداوە تراژیدیا و خەفەت بارەکان فرمێسک و ذڵتەنگی نانووسنەوە لە مێژوودا، بەڵكو زۆر جار ڕەسانایەتی و مرۆڤایەتی و جوامێریی و دابوونەریت دەنووسێتەوە.
ئەگەر چی تاشە بەردەکانی نێو ئەو ناوی ڕوقیەیی بەڕەگەز عەرەبی تێدا گیر بووە، هێندەی شاخێک بوایە یەقینی تەواوم هەبوو نەوەک بە تەنیا خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە بەڵکو هەموو کوردێکی خاوەن هەستی مرۆڤایەتی دە هێنایە هەورامان و هەڵەبجە، ڕەسانەیاتی لە چەقی ماڵی هەموو کوردێکە، مرۆڤایەتی تاکە پردە کە زمان و نەتەوە نازانێت.
گەڕان و هەوڵی تیمەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی روقیە، دڵسۆزی و میواندۆستی هەموو کوردێکی نیشاندا، خنکانی ڕوقیە خنکانێکی ئاسایی نەبوو، خنکانی ڕۆڵەکەی ناوچەکە بوو هەمووان وەکو جگەر گۆشەی خۆیان هاو خەمییبوون، نەوەک گەشتیارێکی بە ڕەگەز عەرەب.
هەڵوێست و مرۆڤ دۆستی خەڵکی هەڵەبجە نوێ نییە، هەڵەبجە هەر زووش دەرگای ماڵەکانیان کراوە بووە بۆ هەر کەسێک کە ڕووی لەو شارە کردبێت، لە کتێبی جوولەکەکانی کوردستان دا هاتووە، لە ساڵی ١٩٤٨ ژمارەی جووەکان نزیکەی ٥٨٠ کەس بووە و ٦٩شیان لە دەورووبەری، مێجەرسۆن لە سەردانێکیدا بۆ هەڵەبجە باس لەوە دەکات ژمارەی دووکانەکانی هەڵەبجە لەو سەردەمەدا ٥٢ دووکان بووە، لەوانە ٢٥یان هی جووەکان بووە، فەرقیان نەکردوون لەگەڵ خەڵکە ڕەسەنەکەی شارەکە و دووکان و ماڵ و تەنانەت کەنیسەکانیان بە تەنیشت یەکتر بووە، ئەگەر چی هەڵەبجە خۆی خاوەنیی برینێکی قوڵە کە هەرگیز ساڕێژ نابێت.
بۆ ماوەی نزیکەی دە ڕۆژ لەبەر تیشکی خۆردا گەڕان لەناو هەموو تاشەبەرد و بست بە بستی نێو ئاوەکە بۆ ڕوقیە بەردەوامبوو، پاش دۆزینوەی تەرمەکە و بەڕێکردنی لەلایەن خەلکی و پارێزگاری هەڵەبجە و دەوورووبەری، جوانی ئەم چیرۆکەی خەڵکی هەڵەبجە و میواندۆستییەی کوردی تەواوکرد، فەرهەنگی لێبووردەیی مرۆڤ قیبلەنمایی ئەو شوێنەیە، هاوخەمیی ئەم هەمووخەڵکە چرایەکی لە دڵی تاریکی خانەوادەی ڕوقییە و هەموو بە ڕەگەز عەرەبێکی بۆ هەمیشە هەڵگیرساند.
ڕوقیە بە جەستەی ساردەوە گەڕایەوە خاکی خۆی، بەڵام زۆر پەیام و وانەی قوڵی لە دوای خۆی بە جێهێشت، ڕەنگە سیاسەت و ناکۆکی مرۆڤەکان لەیەکتر جیابکاتەوە، بەڵا ویژدان زمانی مرۆڤایەتییە، لەگەڵ بەڕێکردنی تەرمی ڕوقیە کچە گەشتیاری بە ڕەگەز عەرەب، خەڵکی کورد و هەڵەبجە و دەووروبەری تاجێک لە پەیام و گوڵیان کرد بە قەدی تابووتەکەی ڕوقیە، کە تێیدا نووسرابوو ، لێرە لە باوەشی چیاکانی کوردستان، مرۆڤەکان لە غەریبیدا نامرن.