وتاروتار

ئاشکرایە قەیرانی سیاسی کاریگەری خراپی بۆ سەر  باری ئاسایش، ئابووری، دیبلۆماسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت قەوارەی ھەرێمیش ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تادێ ئاڵۆزتر و قوڵتر دەبێتەوە!

ئایا دەکرێ لەم قۆناغەدا بەبێ یەکێک لە ھەردوو ھێزە سەرەکیەکەی کوردستان وڵات بەڕێوەببرێ؟ 
- خۆزگە. 

ئایا دەکرێ لەم قۆناغەدا بەبێ ھەردوو ھێزە سەرەکیەکەی کوردستان وڵات بەڕێوەببرێ؟
- خۆزگە.

ئایا دەرفەت و پێشھاتێک ھەیە کە جەنرالێکی پێشمەرگە کودێتایەک بەسەر دەسەڵاتی ھەرێمدا بکات و ھەموو ھێزەکان لەمەیدانی سیاسی دووربخاتەوە؟
- خۆزگە.

دیارە داری ئەوە خۆزگانە بەرناگرێ، چونکە بارودۆخی کوردستان لەو ئاستەدانییە، کە یەکێک لەو ئەگەرانەی تیادا بەدی بێ. کەواتە ھیچ دەرفەت و دەلیڤەیەک لەبەردەمدا نییە، جگە لە بەر چاوگرتنی ئەم واقیعە تاڵەی تیایدا دەژین و  دیالۆگ و رێککەوتن یان بەدیوە ھەرە نەخوازراوەکەیدا بەتەواوی وێرانکردن نەبێ.

ئەگەر بە پەنجان ھەڵە و کەموکوڕیە سیاسی و ئیدارییە گەورەکان بژمێرین چەندین دەستمان لەبەر دەبڕێن، بەڵام بەرژەوەندیی باڵایی وڵات لەژماردندا نییە، بەڵکو لە ڕێککەوتن لەسەر  کەمکردنەوە و نەھێشتنیاندایە. 

ئایا سەرۆکی حکومەت کە بەرپرسی یەکەمی دروستکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانیشە بەتەمای چییە؟ 
ئایا لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتەمای چین؟

ئەوەی دیارە لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار و پاساوی نابەجێ ئامادەیی دانیشتن و دیالۆگ نییە، نەخاسمە چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
کەس نییە نەزانێ ڕۆژێک زووتر و ھەنگاوێک زووتر بەئاراستەی لێکتێگەیشتن و لەبەرچاوگرتنی ھەڵومەرج و مەترسیە ئاییندەییەکان لەبەرژەوەندیی گشتی و ھەموو لایەکیشماندایە. کەواتە ئێمە چاوەڕێی چین؟

ئایا لە کوێ و کەی دەستپێبکەین؟ 

براینە دنیا شامی شەریف و کوردستانیش دوورگەیەکی ئارام نییە. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەڵێی ئەردۆغان فرچکی بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گرتووە، ھەرکە بەیانی لە خەو ھەڵدەستێ تا دەخەوێ بە بۆنە و بێ بۆنە لە دژی کورد زمانی ناچێتەوە کالانێ و ھەڕەشە لە دوای ھەڕەشە لە ڕۆژئاوا دەکات، دیارە بۆ ئەو سیاسەتەی پاساوێکی بێمانا دێنێتەوە، بەڵام سوڵتانە، ھێزی ھەیە و پێی دەخوڕێ! 

لای ھەمووان ڕوونە، کە تورکیای ژێر دەستەی ئەردۆغان نەک ھەر پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ ھیچ وڵاتێکی دراوسێی خۆی نییە، بگرە لەگەڵ ھەمووانیش دوژمنایەتی ھەیە، کەچی ئەو تەنیا ئەو نیمچە قەوارەیەی ڕۆژئاوا بە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورک دەزانێ، ئایا بەڕاستی ڕۆژئاوا مەترسییە، یان ئەوە ئەردۆغان و دەوڵەتەکەیەتی کە لە ھیچ شوێنێک چاویان بەرایی نادا کورد بە ئازادی ببینن؟ 

ئایدۆلۆژیەتی دەوڵەتی تورک ئاشکرایە کە ئەوان بوونی خۆیان لە نەبوونی کورد دەبینن، بۆیە تەنانەت لەگەڵ شەیتانیش ئامادەی ھەموو سەودا و سازشێکن بە مەرجێک لە دژی کورد بێ، نامەوێ لێرەدا شرۆڤەی ئەو بابەتە بکەم، بەڵام دەمەوێ باسی ئەوە بکەم کە ئایا ئەگەر ئەزموونی ڕۆژئاوا لە ناوبرا دڵی ئەرۆغان ئاو دەخواتەوە؟ 

ھەرگیز نا، بەڵکو ئەوە دەبێتە ھەنگاوی یەکەم بە ئاراستەی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتێک کە لەناوبردنی ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی.

نابێ ئێمە پێمان وابێ ھەڕەشەکانی ئەردۆغان لە ڕۆژئاوا (ئاگرە سورە، لەخۆم دوورە)و بەس، ھەر کەس و لایەنێکیش ئەوەی پێ ڕاستبێ کە ئەوە تەنیا دوژمنایەتی و ناکۆکی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەیەدە یان تەنانەت پەکەکەشە زۆر ساویلکەیە یان وەکو مناڵ بەدەست چاوی ئەگرێ تا پشیلە نەبینێ. 

پیلانە درێژخایەنەکەی تورکیا زۆر مەترسیدارە و پێویستە لەبەر چاو بگیرێ، تا کار لە کار نەترازاوە ڕەنگە ئێمەش بتوانین ڕۆڵێکی مرۆڤ دۆستانەمان بۆ خوشک و براکانمان ھەبێ و مەترسی سەر ھەرێمی کوردستانیش کەم کەینەوە.

نابێ جیاوازی و ناکۆکی نێوان لایەنە کوردستانیەکان پاساوی جێبەجێ نەکردنی ئەرکێکی نیشتمانی بێ لەبەرامبەر ئەو ھەڕەشەیەی کە قۆناغی دووەمی بە دڵنیاییەوە پوکاندنەوەی ھەرێمی کوردستانە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێدان لە سەقامگیریی و بەھای دینار لە عێراقدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، یەکەمین گورزی سیاسی و ئابوری بوو، بۆ کابینەکەی محمد شیاع سودانی و ڕەنگە بەرەو قەیرانی سەختی ھەڵایسان و تونێلی داخراوی بەرێت ئەگەر چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە. 

سەرەتای ئەم دۆخە، ڕەھەندی مێژوویی قوڵی چەند کابینەیەکی گەندەڵە، بەتایبەت فشارو یاساکان بۆ دەرکردنی ھێزە بیانییەکان و سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و تەنگ پێ ھەڵچنینیان بە چوونە دەرەوە، لەکاتێکدا کۆڵەگەی سەقامگیری دراوی عێراقی بەشە سەرەکیەکەی پەیوەستە بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناردنی پارەی کاشی دۆلار و دابینکردنی سیولەی بانکیی، واتە پاڵپشتی ھەندێک ناوەندو ڕێکخراوو بانکی دەرەوەیە کە عێراقی ھێشیۆتەوە بەتایبەتی؛ 

* بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاو دابینکەری پارەی کڕینی قەواڵە داراییەکان لەگەڵ عێراق کە بڕەکەی ٣٨ ملیارد دۆلارە جگە لە پارەی فرۆشی نەوتیی کە ھەر ئەمریکا لێی بەرپرسە.

* ڕێکخراوی وەبەرھێنانی ڕاستەوخۆی بیانی، ئێف دی ئای، بێگومان پاڵپشتیەکانی ئەم ناوەندە بۆ بانکی ناوەندی عێراق و کڕین و بازرگانی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە، پشکدارییەکی دارایی نێودەوڵەتیە بۆ تێکەڵبوونی عێراق بە جیھانەوە. Foreign Direct Investment (FDI)

* بانک و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی SDR کە ناوەندێکی فەرمییە لە ساڵی ١٩٦٩ وە دروست بووە و سەرمایەو پاشەکەوت و یەدەگی پارەی نێودەوڵەتی تێدایەو عێراقیش لەو پارە یەدەگەی خۆی، دەیان ملیاردی لەم سندوقەدایە وەک یەدەگی پارەی نیشتیمانی و سەنەدات و زەمانات و ھاوکاریەکان و ئەوەش دیسان ناکرێ نادیدە بگیرێت.   

بەڵام ئەوەی کێشەی دابەزینی بەھای دیناری تۆخ کردەوەو کردیە فشار بەسەر دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، ئەجێندای تاریک و تەڵخی سەردانەکەی سەرۆک وەزیری نوێی عێراق بوو بۆ تاران و بۆلای ڕەھبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی لەکۆتایی مانگی یازدەی ڕابردوودا ٢٩/١١/٢٩٢٢ و وەرگرتنی چەند دۆسیەو ڕاسپاردەیەکی ئەمنی و سەربازی و پاکتاوکردنی نەیارانی سیاسی و بەرھەڵستکاری کورد دژی ئێران.

بەھیچ جۆرێک ئەو جوڵەی ئەسپە پەسەند نەبوو لای ئەمریکیەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە ھەرزوو کەوتنە ئابڵوقەدانان و ڕاگرتنی ھەناردەی پارەی کاش و خەرجی و فرۆشی نەوتیی و سزادانی ھەندێک بانکی گوماناوی عێراق و تۆمەتبارکردنیان بە سپیکردنەوەی پارەو ڕەوانەکردنی دۆلار بۆ  دەرەوەی عێراق و بەدیاریکراوی بۆ ئێران لەکاتێکدا کۆنترۆڵکردن و سەقامگیری ئەمنی و سەربازی ھەر وڵاتێک پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو یەکەمجار بە ڕێڕەوەکانی کۆنترۆڵکردنی سەقامگیری دراودا دەڕوات، دراوت جێگیربوو یاساو ئاسایش و سوپات جێگیر دەبێت.

بۆیە عێراق دەبێت سەرلەنوێ دامەزراوەکانی فۆڕمەڵە بکاتەوە بە تایبەت سیستمی بانکی و خۆی لە پاشاگەردانی و بەھەدەردانی سامان و مافیاگەری نەوت و بازاڕو ئۆلیگاریشی مالی و دزیی مونەززەم قوتار بکات و ھێندە شانازی بە یەدەگی پارەکانیەوە نەکات کە کۆدەکەی لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکایە. ئەوەی بەھای دراوی عێراق دەپارێزێت ئاسایش و ئازادی و سەقامگیری سیاسیی و بەدامەزراوەییکردنی کۆی جومگە سەرەکیەکانی دەوڵەتە نەک ئەجێندای ناڕوون و ناشەفاف.

ئایا ئەزانن ڕایتینگ Rating تەقیمی بانکی عێراقی لە کوێدایە؟

عێراق بەو ھەموو کەرەستە نەوتی و پارەو سامان و یەدەگە نەوتییەی خۆی و بە حساب ٩٦ ملیارد دۆلاری یەدەگی ھەیە کە بەشێکی سەنەداتە لای ئەمریکاو خەزێنەی فیدراڵی و بەشێکی زێڕەو ئەوی تری لە بانکی دراوی نێودەوڵەتیە. کەچی ڕایتینگی بانکیەکەی لە خراپترین دۆخدایە بەپێی ھەڵسەنگاندنەکانی  ئاژانسەکانی ( ئێس پی و فیچ و مۆدیس) کەوتۆتە دۆخی نەگەتیڤی -B،  بە ژمارەی ٢٣ لە ١٠٠، نزیک بە وڵاتانی مۆزەمبیق و کۆنگۆو ئیکوادۆرو نەیجیریا، وڵاتی دیکە ھەیە ڕایتینگی سێ AAA ھەیە وەک ئەمریکاو ئوسترالیاو دانیمارک و نورویج و سوید، واتە لە ڕیزبەندی ژمارە٩٠ بۆ  ١٠٠ دانراون. 

بۆیە دینارو دراوەکەی تابێت بێ بەھا دەبێت ئەگەر بانکەکانی لەو دۆخە پاسیڤەدا بمێنێتەوەو بەدامەزراوە نەکرێت و چیتر نەبێتە ناوەندی گەمەی لۆکاڵی ئاڵوگۆڕی دراوو سەفەقات بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ ئەقتابگەلی شیعی و حەشدو دەوڵەتانی دراوسێ، دەبێ ھەم بەھای بانکی و ھەم بەھای سیاسی بۆ بگەڕێتەوە ئینجا سەقامگیریی دراوەکەی بۆ دروست دەبێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ تەواوکردنی بەرنامەکانی سەرۆک مام جەلال و بۆ زیاتر پتەوکردنی یەکڕێزی نێو مالی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، سەرۆک بافل تالەبانی گەشتێکی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە لە نێو ئەم تەنگەژە سیاسی و ئابووری و ئەمنیوەی، کە عێراق بە تایبەتی و ناوچەکە بە گشتی پێدا تێدەپەرێت، بۆ گواستنەوەی ئەزموونی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان لە پێناوە یەکگرتنەوەی کورد لە ھەرچوار پارچەکە لە پێناو کۆکردنەوەی ھەموو ھێزەکوردییە جیاواز و جۆراو جۆرەکان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ، دوور لە ھەموو جیاوازی بیر و بۆچونێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی .

سەرۆک بافڵ دەیەوێت لەم سەردانە بۆ ھەموان روون بکاتەوە کە دۆزی کوردی و کارکردن بۆ پتەوکردنی بنچینەکانی بە روحییەتێکی نشتیمانی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، چ لە ئاستی سیاسی یا ئەمنی و کلتوری و روشنبیری، کە پێشوتر و ئێستاش خەمی گەورەی یەکێتی بوە لە سەرەتای دروستبوونیەوە و تێپەرین بە سەردەمی سەرۆک مام جەلال لە دەسەھەڵات تا کاتی وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن سەرۆک بافڵ و ھەوڵدانی لە کاتەکانی پێشوو لە رێگەی سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ھێز و لایەنەسیاسییە جۆراوجۆرە عیراقییەکان لە بەغدادی پایتەخت بۆ بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی کورد، بۆ بەدەستەبەرکردنی پشتگیری سیاسی و ئابووری بۆ گەلی کوردستان دوای چەندین سالی دابران لە نێوان ھەردوو پایتەخت بەغداد و ھەولێر. 

سەردانی سەرۆک بافل بۆ رۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی چاونەترس مەزڵوم کۆبانی و جەنەراڵ ماتیۆ مکفارلان سەرۆکی گشتی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریا، دووپاتکردنەوەی ئەو پەیامەیە کە یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان ھەلیگرتووە بە درێژایی مێژوو و ئامانج لێی بەلاو کردنەوەی ئاشتی و ھاوسەنگی و لێبوردەیی بوە  بە زمانی گفتوگۆ و کارکردن بە یەک گیان لە پێناو بەرگریکردن لە دۆزی کورد و یەک ریزیەکەی لە ھەرچوار پارچەی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لە ناوچەکە دوور لە زمانی جەنگ و جەختکردنەوە  لەسەر ئەوەی کە چارەسەر کردنی کێشەی دۆزی کورد کلیلی ئاشتی ناوچەکەیە، سەرباری لێکتێگەیشتن لەگەڵ ھاوبەشەکان بۆ روبەروبونەوەی مەترسی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و ئەو مەترسیانەی دروستیان کردبوو لەسەر ناوچەکە، ئەوەی کە بەراستی جێگەی دەستخۆشیە لە سەردانەی سەرۆک بافڵ بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان ھەولدانە بۆ پاراستنی یەکریزی و یەکسانیە لە نێو مالی کوردی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان لەکاتێکدا سەرۆک بافڵ روبەروی چەندین ئاستەنگی سیاسی ناوخۆی دەرەکیی بووەتەوە .

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چالێنجێکی دەستپێکرد بۆ سەلماندنی ڕادەی ناڕەزایی ناوچەکانی ژێر کاریگەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە جێبەجێکردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی ھاوردەی ڕۆژانە و ھەفتانە و مانگانە و ساڵانە کە ئەم ناوچانە زۆر زیاتر لە ھەرێمەکانی تر بەدەست دەھێنن دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر تۆمەتبار کران بە نەگەیاندنی ھاوردەکردنی دەنێردرێت بۆ دەزگا حکومییەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە، بەڵام لێرەدا یەکێتی نیشتمانیە، کە نیازپاکی خۆی سەلماند لە ڕێگەی دەستپێشخەریی بەڕێز. قوباد تاڵەبانی، و ماڵپەڕی "شەفافیەت"ی کردەوە بۆ بینینی ھەموو ھاوردەیەک لە چوارچێوەی ناوچەکانی کاریگەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە شێوەیەکی ڕۆژانە، بەڵام قورسترین پرسیار لێرەدا، کە ڕەنگە وەڵام بدرێتەوە، پێویستی بە موعجیزەیەکی گەورەیە.. ئایا ئەوی تر لایەن نیازپاکی خۆی بسەلمێنێت و قەبارەی داھاتی ڕۆژانە و ھەفتانە و مانگانەی بەدەست ھاتوو لە بوارەکانی کاریگەری خۆی ئاشکرا بکات، یان بێدەنگ دەمێنێتەوە، وەک ئەوەی بەردەوام لەگەڵ زۆرێک لە فایلەکاندا دەیکات کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیان و کاروباری ھاوڵاتیانەوە ھەیە؟

ماوەیەکی زۆرە بوارەکانی کاریگەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چ لە ڕووی خزمەتگوزاری پێشکەشکراو یان پڕۆژەی وەبەرھێنان و ئابوورییەوە، بەدەست وەدەرنانی ڕوون و پەراوێزخستنەوە دەناڵێنن، بە پێچەوانەی ئەو بوارانەی دیکە کە شایەتحاڵی بەردەوامی جێبەجێکردنی پڕۆژەی وەبەرھێنان و خزمەتگوزارین، و ئەمەش بە ڕوونی بەو مانایەیە کە شەڕێکی ڕانەگەیەندراو ھەیە بە مەبەستی لاوازکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم بوارانەدا، لەگەڵ ئەوەشدا واقیعەکە بەردەوام پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت بە زیادکردنی ھێز و جەماوەر و کاریگەریی یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستان لەو ناوچانەدا.

ئەوەی دەمانەوێت دوای دەستپێشخەرییەکەی کاک قوباد تاڵەبانی بیڵێین ئەوەیە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ھەمان دوورییدا بووە و ئێستاش وەستاوە سەبارەت بە ھەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ژیان و کاروبار و خزمەتی ھاووڵاتیان و سەبارەت بە شەفافیەت لە بەدیھێنانی ھاوردە، و ئەویش یەکەم دەستپێشخەرییە بۆ پشتگیریکردنی ئەو جۆرە فایلانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی ھاوڵاتیانەوە ھەیە، بەڵام بۆ تۆمەتبارکردنی ناوچەکانی نفوزی یەکێتی نیشتمانپەروەر بەوەی ھاوردە لەو کەسانە ناگەیەنن کە قەبارەی ڕاستەقینەی ھاوردەی کوردستان "دەشارنەوە"، کە ئەم بابەتە نەماوە قبوڵکراوە و زیان بە یەکگرتوویی کورد و شەراکەتی ڕاستەقینە دەگەیەنێت، و لەدوای ئەمڕۆوە ھەڵوێستێکمان دەبێت بەپێی واقیع و لۆژیک و عەقڵ سەبارەت بە ھەموو ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەمان دەکرێت، چ لەسەر ئاستی سیاسی یان ئابووری.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

ئەم فەرماندە گەنجە ئازاو بەدینە مێژووییەکی باشی لە پاش خۆی جێھێشت و ئەکرێت ببێتە نمونە بۆ ھەموو ئەوانەی لە دام و دەزگا سەربازی و ئەمنی و حکومی ئەم ھەڕێمەدان و ئەکرێت لێیەوە فێربن، چۆن ئەوا ھاوڕێ و خەڵکی بۆیان پەرۆش بێت و ئەوەش بە پابەندی و شانازی بە ئاینەوەو مامەڵەی جوان لەگەڵ دەوروبەر و پتەوکردنی پەیوەندی بە خوای گەورەوە، کە رێگەو رێچکەی خۆی ھەیە، پێ ئەچێت ئەم فەرماندەیە لەگەڵ خوای خۆیدا کۆمەڵێک نھێنی ھەبوبێت کەوا خۆشەویستی کردووە لە ناو ھاوڕێ و سەربازەکانی.

راستیەکش حەقە بوترێت جێی دەستخۆشییە کە یەکێتی لە ئاستی کەسی یەکەم تا خوارتر دوو کاری باشیان کرد:

یەکەم، رێزیان لە بیروباوەر ودینداری ئەم فەرماندەیە گرت بە داپۆشینی تەرمەکەی بە دروشمی یەکتاپەرستی موسڵمانان و پاشان ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەری.

دووەم، بە وەفا بون بەرانبەر خزمەت و ئازایەتی و بەرخودانی، وەکو لە مەراسیمی فرۆکەخانەی سلێمانی و پرسەکەی لە ھەولێر و سلێمانی دەرکەوت.

خۆزگە کوردستان یەک ھێزی ھەبوایەو نمونەی ئاکام عومەری زۆر تێدا بوایە، خوای گەورە لێی خۆشبێت سەبوری کەسوکاری بدات و جێگەی بەھەشت بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مێژووی گەلان پێمان دەڵێ کاتێک ھەڕەشە دەرەکیەکان نزیک بوونەتەوە ئەوان بەیەکگرتوویی وەڵامیان داوەتەوە، ئەزموونی سیاسی خۆشمان ئەوەی سەلماندوە ھەر کاتێک گەل و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان یەک بووبن، نەک ھەر توانیومانە بەرگری لە خۆمان بکەین، بگرە سەرکەوتنی گەورەشمان تۆمار کردوە. 
کێ لەم بارودۆخە بەرپرسیارە و کێ بەرپرسیار نییە، کێ ئۆباڵی پتری دەکەوێتە ئەستۆ و کێ کەمتر  بابەتی ئەم باسە نین، بەڵام لە کاتێکدا ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی گەورە بووینەتەوە، کە ئاماژەکان پێمان دەڵێن ھەڵومەرج و کات لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان نین!
دەیان ساڵە گەلی کوردستان لە پێناوی مافەکانی خۆی قوربانی دەدات و سەری زمان و بنی زمانی سیاسیەکانیشمان ئەوە بووە کە دوژمنان و داگیرکەران مافەکانمان ناسەلمێنن و لە جیاتی دیاڵۆگ بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕوومان دەبنەوە. ئەوە ڕاستە، بەڵام ئەوە چەندین ساڵیشە ئێمە دەرفەتێکی مێژووییمان بۆ ڕەخساوە، کەچی خۆمان لە پیادەکردن و وەدەستھێنانی ئەو مافانەش بوار دوە کە دەوڵەت و دەستوری عێراق بۆیان سەلماندووین، نموونەی دەستوری ھەرێمی کوردستان!
 ئێمە لە پێناوی دیموکراسی و ئازادی قوربانی گەورەمان داوە، کەچی کەس دەستی نەگرتووین لە جیاتی (بەر تەسککردنەوە) ڕۆژ بە ڕۆژی پەرە و گەشەیان بەو مافە بنەڕەتیانەی مرۆڤ بدەین و نموونەیەک پێشکەش بکەین کە ئەوانی تریش ناچاربن چاومان لێ بکەن.
 بابەتی جێی رەخنە زۆر و گەورەن، بەڵام ئێستا کار گەیشتۆتە سەر ئەوەی نزا بکەین لەوە خراپتر نەقەومێ، چونکە نەک ھێشتا کەلچەر و نەریتی دیموکراسی لە کوردستان جێگیر نەبووە، بەڵکو پێکھاتەی ھێزە چەکدارەکان بەجۆرێکە کە ناکرێ لەم قۆناغەدا دڵنیابین کە لە ئەنجامی ململانێی توند بارودۆخەکە بە ئاقارێکی خراپتردا ناڕوا. 
ئێستا ململانێکی توند لە نێوان (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) ھەیە و ئێمە دەزانین ئەوە لە ئەنجامی پەنگ خواردنەوەیەکی دوور و درێژە و ھۆکارەکانیشی لامان ڕوونن، بەڵام لە پێناوی دیالۆگ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی نیشتیمانی بە پێویستی نازانین پەنجە لەسەر ھەموو کەمو کورتیەکان دابنێین، ئەوەی ھەیە دەڵێین پێویستە لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاکان خۆمان لە بەرپرسیاریەتی نەدزینەوە و ھەموو لایەنەکان بە (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) و حزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکانی تریشەوە ھەر لایەک بەپێی قەبارە و ھێز و توانای خۆی ئۆباڵەکە لە ئەستۆ بگرێ، دەنا ناگەینە ئەنجامێکی باش. 
بەڵی ھەلومەرجەکان نالەبار و جێگای نیگەرانیشن، بۆیە خەمساردی و کات کوشتن لەبەرژەوەندیی ھیچ کەس و لایەنێک نییە.
ھەڕەشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان دەرەکی و ناوخۆیین، ئەگەر ئێمە لەناوخۆدا قەیرانەکان چارەسەر نەکەین ئەوا بێگومان ناتوانین ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە کەسێک ھەبێ بڵێ قەوارەی ھەرێم مەترسی لەسەر نییە لێی تێناگات یان ڕاست ناکات.

ئارێز عەبدولڵا

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەوەی لێرەدا دەماخاتەوە سەر کەڵکەڵەی بیرکردنەوە لە رابردوو، دۆخی ئێستای کوردستان و تەشەنەکردنی قەیران و کێشەی جۆراوجۆرەکانە ، گەرمبوونەوەی ململانێ و ناکۆکیە لەسەر حسابی گونجان و پێکەوەھەڵکردن، لەکاتێکدا کە پێویستی زۆرمان بە سازان و یەکخستنی ھێزو توانای خۆمانە بۆ ئەوەی بەرگەی دۆخی قورسی پڕ لە قەیران و تەنگژەکانی ئێستا بگرین و تێپانپەڕێنین.

لەڕاستیدا گەر یەک دەنگ و یەک دەست بین دەرفەت و ئاسۆی فراوانمان لەبەردەمە، دەسکەوتەکانیشمان زۆر لەوە زیاتردەبێت کە ئێستا لەسەری ناکۆکین و خۆمان و خەڵکیشی پێوە نیگەران و  دڵتەنگ دەکەین. 

لە سەرەتای ساڵی (١٩٩٥ )وەفیق سامەرایی کە یەکێک بوو لە کەسایەتیە گرنگەکانی رژێمی سەدام، بەھۆی نائومێدی لەو رژێمە رایکرد و خۆی گەیاندە کوردستان ، دوای گەیشتنی بۆ سلێمانی سەردانی کاک نەوشیروانی کرد و منیش لەو دانیشتنە ئامادە بووم  بەداخەوە  ئەو کات شەری نەگریسی ناوخو لە ئارادا بوو ومەترسیش لە سەر ئەزمونە فیدڕاڵیەکەمان ھەبوو... پرسیاری کرد : ئەو شەڕە لەسەر چییە؟ کاک نەوشیروان ھۆکارەکانی شەڕەکەی باسکرد و  ئاماژەی بە گومرگی ئیبراھیم خلیل کرد، وەفیق سامەڕایی کۆمێنتێکی زۆر جوانی لەسەر ئەو خاڵە خستە ڕوو گوتی( ئێوە بۆ ئاشت نابنەوە، لەبری شەڕی خۆکوژی ، بۆ ھەوڵ نادەن رژێمی سەدام بڕوخێنن کە پارەی یەک رۆژی نەوتەکەی بەسالێکی ئیبراھیم خەلیلە) 
کاک نەوشیروان وتی بڕۆ قەناعەت بە مام جەلال و کاک مەسعود بکە.

ئێستا لەسایەی ئەم دۆخە سیاسیە گرژو ئاڵۆزە و بونی مەترسی دەرەکی ھەمان ئەو رستانەی وەفیق سامەراییم بەخەیاڵدا دێنەوە کە بەشەکەتی لەداقوقەوە و بە پێ خۆی گەیاندبووە لەیلان ئینجا کەلار ، پێڵاوەکانی ھەلاھەلا بوون ، دوای گەیشتنی کاک عوسمانی حاجی محمود لە ماڵی دۆستێکی خۆی دەیبینێ و جوتێ پیێڵاوی بۆ تەرتیب دەکات و لە گەڵ خۆی دەیھێنێ بۆ سلەیمانی و دواتر رەوانەی لای مام جەلالی دەکات لە ھەولێر. 

ئەو پیاوە لە ئێمە باشتر نرخی ئەو ئازادی و رزگاربوون لە رژێم دکتاتۆریەت دەزانی کە ئێمە بێباکانە لەتمان کردبوو، ئامۆژگاری دەکردین بۆ رێکەوتن و کۆتایی ھێنان بەشەڕو ناکۆکی  کە سوپاس بۆ خوا دوای چەند ساڵێک کۆتایی بە شەری خۆکوژی ھات و ئاشتی بەرقرار بوو و بووین بە بەبەشێکی کاریگەر لە روخاندنی رژێمی بەعس و دامەزراندنی عیراقی تازە لە سەر بنچینەی سازان و شەراکەت و بۆ یەکەم جار لە مێژووی عیراقدا کوردێک (مام جەلال ) ببێت بە سەرۆک کۆماری عیراق و پیی بوترێت سەمامی ئەمانی عیراق و بووین بە خاوەنی فیدرالیەت بە پیی دەستور و دابینکردنی لە (١٧/١٠٠) بوجەی عیراق ئیتحادی بۆ ھەرێمی کوردستان کە مانگانە زیاتر لە ملیارێک دۆلار بوو.

لەم نووسینە مەبەستم نییە بڵێم ئێمە لەبەردەم ھەڕەشەی شەڕێکی ترداین بەقەد ئەوەی مەبەستمە بڵێم پێویستمان بە تەباییە نەک پەرتبوون، ناکۆکی و جیاوازیەکان ھەر چەند بن بایی ئەوە نین گرژی دروست بکرێ و خەڵک دووچاری دڵەراوکێ و نائومێدی ببێ.

ئێمە ئەمڕۆ پێویستە خۆمان روبەڕوی بەخۆداچونەوەیەکی رەخنەگرانە بکەینەوە، دواتر خاڵە ناکۆک و کۆکەکان جیا بکەینەوە، ئینجا میکانیزمی چارەسەری خاڵە ناکۆکەکان دەسنیشان بکەین و بڕیاری لەخۆبوردوانە بدەین، چونکە ئەگەر کێشەکانی ناوخۆی خۆمان چارەسەر بکەین و دادپەروەری و حوکمی رەشید بەر قەرار و متمانەی خەڵک مسۆگر بکەین و پەیوەندی دروست و بەپێ دەستور لە گەڵ بەغدا جێبەجێ بکەین ئەو کات ئەتوانین بە سەربەرزییەوە خزمەتێکی باش بە خەڵک و کوردستان بکەین و روحی شەھیدەکانمان شادبکەین، لەڕاستیدا ئەگەر لۆژیک زاڵ بکەین وەک گوتمان ئەوەی لە پێشمانە زۆر لەوەزیاترە لەوەی ئێستا لە پێناویدا خەریکە حیسابی  بۆ دەکەین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دوای  ڕوداوە کارەساتبارەکەی گەرەکی کازیوەی شاری سلێمانی کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی بوونە  قوربانی،  ئەو ھەڵمەتی بە دەنگەوە ھاتنەی لێقەوماوان و فریاکەوتنیان کە گشت لایەنە سیاسی و حکومیەکان بە پەرۆشەوە وەک خەمێکی میللی لە ئەستۆیان گرت و لەیەکەم ساتەوە سەرۆکی  یەکێتی نیشتمانی  کوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ئیدارەی سلێمانی وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی خۆیان، بەلێنیاندا گشت ھاوکاریەک پێشکەش بکەن بۆ فریاکەوتنی زیاتری  ئەوانەی کەوتبونە ژێر دارو پەردوی خانوە ڕوخاوەکەوە و چارەسەرکردنی بریندارەکان و لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری ڕوداوەکە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی سنوری ئیدارەی سلێمانیان ڕاسپارد کە ھەموو ھەوڵەکانیان بخەنە کار.

لە لایەکی تریشەوە ھاتنە سەرھێڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و  سەرۆکی حکومەتی ھەرێم  و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان  پەرۆشی و خەمێکی میللی بەخشی بە ڕوداوەکە.

وێڕای  نیشانە تراژیدیەکانی ڕوداوەکە، دەکرێت ئەو ھاوخەمی وکۆدەنگیە جەماوەرییە کە لە زاخۆوە تاکو گەرمیانی گرتەوە، ببێتە ھەوێن و پاڵنەرێک  لە پێناوی نزیک بوونەوەی زیاترمان  بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان کە کەس و کاری قوربانیەکان  بەبەردەوامی تەئکیدیان  لێ دەکردەوە، وەک چۆن لە کارەساتی تەقینەوەکەی شوباتی ٢٠٠٤ی ھەردووبارەگای مەڵبەند ولقی  یەکێتی و پارتی لە ھەولێر ،خوێنی  تێکەڵی ھەردوولا بوە ھەوێنی وەلانانی کێشەلاوەکیەکان و گفتوگۆکانی رێکەوتنامەی واشنتنی خێراتر کرد و ئەو کۆستە کارەساتبارە بوە ھاندانی چەسپاندنی تەبایی و کارکردنی پێکەوەیی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

واڵاکردنی ھەموو ڕێگایەک لەبەردەم یەکێتی

کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (پەیمان نامە) و رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان دامەزراوە. لە رووی مۆراڵی سیاسییەوە، ئەم کابینەیە تا ئەو کاتە شەرعییەتی ھەیە کە لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە، پابەند بن بەعەھد و بڕگەکانی رێککەوتنەکە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بە دروستی راپەڕێنن. 

لەبەرئەوەی حزبی زۆرینەی موزەیەف لە کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم پابەند نەبوە بە بڕگەکانی رێککەوتنەکەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە کردەوە ئەو پەیمان و رێککەوتنە ھەڵوەشاوەتەوە. 

ئێستا گەشتوینتە خاڵێک کە تاکڕەوی لە ناو حکومەت و لەلایەن زۆرینەی ناتەندروست بە شێوەیەک پراکتیزە دەکرێت کە نفوزی سەرۆکی حکومەت بە سەر کۆی جووڵە و جومگەکانی حکومەت و تاکلایەنە لە ھەرێمی کوردستان رەنگی داوەتەوە. 

دوای کەمکردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم ئێستا لە پێشھاتێکی بێ پێشینەدا، دەسەڵاتی دادوەری  بۆ ململانێ بەکار دێت ، وا دەردەکەوێت کە سەرۆکی حکومەت ھەوڵ دەدات دەسەڵاتی دادوەرییش بخاتەژێر ھەژموونی خۆی. 

ئێمەی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە پەرلەمان، ئەرکی ئەوەمان لەسەرشانە بەرگری بکەین لە مافی کۆمەڵانی خەڵک و ئاگاداریان بکەین لە راستییەکان و ھەوڵی باشکردنی دۆخی ژیانیان بدەین. بەڵام راستگۆیانە بدوێین، پێناچێت ھیچ کام لە ئامانجانە لە چوارچێوەی رێککەوتن و لە سێبەری کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم دا بێنە بەرھەم.  

 لە سایەی ئەم ئیحتکار کردنە ناشرینەی سوڵتەشدا، سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و ھەزاران گەنج بێکار، و سەدان پرۆژە و کارگە و دەرفەتی ھەلی کار پەکخراون.

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان (پیکەوە) ستۆپ بە عەقڵیەتی تاکڕەوی و خۆسەپێنی و  تۆتالیتاری بکەن بۆ بۆ رێگرتن لە کەوتنی دیموکراسیی ھەرێمی کوردستان، قۆناغێکی نوێی خەبات، بە ھاوکاریی نەوەی نوێ و ھێزە ئیسلامییە کوردستانییەکان رابگەیەنن؟

بۆ کۆتایی ھێنان بەم سزادانە مرۆیی و سیاسی و دارایی و ئابورییەی خەڵک و شاری  سلێمانی و ھەڵەبجە وگەرمیان و ڕاپەرین لە لایەن حکومەتە حیزبۆکراتیەکەی ھەولێر , دەبێت یەکێتی ھەموو ڕێگایەک بگرێتە بەر. ئەگەر کوردستانمان دەوێت، دەبێت ستۆپ بە ئاراستە ھەڵەکەی ناو پارتی و حکومەت بکرێت کە دەیەوێت لە سەر عەرشی کەلاوەدا، خودانی ھەمووان بێت !

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ تاڵەبانی لە دیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ڕووداو، وەک بوارەکانی دیکە واتە (حزبیی و مەیدانیی)، سنووری کێشا، سنووری کێشا بۆ دیداری میدیایی و زانیاریپێدان و نواندنی رەفتاریی، واتە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی لەم دیدارەوە، "بەڕای من" سنووری کێشا لەنێوان دیدارە سیاسییەکانی پێش خۆی، ھیچ دیدارێ بەمشێوەیە ڕاشکاومان نییە، مەگەر لەناو کتێبەکاندا، بەو مانایەی ھەر سیاسییەک بیەوێت دیدار بکات و شت بڵێ، بەلایەنی کەمەوە لە پێدانی زانیاریی و رەفتاردا، دەبێ بگاتە سنووری دیمانەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەگینا ئەوەی دەیڵێت زانراوە و گرنگ نابێت. بۆ نمونە بەرپرسێک  دێت باسی پەیوەندی پارتی و یەکێتیی دەکات، چی ماوە دوای بەڕێز بافڵ تاڵەبانی بیڵێت بۆ ئەم دۆخەی ئەو دوو حزبەی تێدایە؟
ئایا جورئەتی وتنی شتیتری ھەیە، ئەگەر ھەشبێ؟ ئایا وتنەوەی دووبارەکان گرنگیی دەبێ؟

بۆیە بافڵ تاڵەبانی لەو دیمانەدا تەنھا کاری سیاسیی نەکرد، بەڵکو کاری میدیایی، زانیاریی، ڕەفتاریی، ھێڵکێشانیشی کرد. کاری لەسەر بەرپرسانیتر کرد و ئەرکی سەرشانیانی قورس کرد، ئەگەر نەڵێم مەحوی کردنەوە و ھیچی بۆ نەھێڵانەوە!.

بافڵ تاڵەبانی ھێندە زانیاریی داوە، کە تا چەند مانگێکی دیکە خەڵک پێویستی بە زانیاریی سیاسیی ھەواڵگریی نییە. بافڵ تاڵەبانی زانیاریی سادەی نەداوە، بەڵکو زانیاریی لە رەگەزی زانیارییە قورسەکان داوە، ئەو زانیارییانەی رای گشتیی خاودەکاتەوە ریلاکس.

ئەم قسانەم وەسف نییە بۆ بەڕێز بافڵ، بەھیچ جۆرێک کارم بەکەس نییە جگە لە (اللە)، بەڵام وەک دەرکەوتەیەکی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، میدیایی، قسەی لەسەر دەکەم.

چاودێرانی کوردی باشوور بەس خەریکی قسەی سواوی کڵێشەیین بەناوی شیکردنەوەوە، لەکاتێکدا دەستیان کورتە و ناگات بە سادەترین لێکدانەوە فکریی و سرکەکان، ئەوەی ئەوان دەیڵێن، ڕای گشتییش ھەستی پێ دەکات.

بافڵ تاڵەبانی لەگشتێتیی دیمانەکەیدا یەکەمی بێ ڕکابەر بوو، نەک ڕووداو. تەنانەت پێشکەشکار نەیتوانی وەک میدیاکار بێت، بەڵکو لە رووخسار و جوڵەیدا دیاربوو نەیتوانی لەرووی دەروونیی یان زمانی جەستەوە، ھەژمونی بەسەر بافڵ تاڵەبانیدا ھەبێت، بەکورتی دبلۆماتیەتی میدیایی نەبوو.

بەکورتی، راشکاویی بافڵ تاڵەبانی لەزانیاریداندا، کۆتایی ھێنا بە زانیاریی دپلۆماتیانە و داپۆشراو و چەواشەکارانەی لێپرسراوانی حزبیی. شتێک نەماوەتەوە بیڵێن یان دایپۆشن، ئەوپەڕی دەتوانن زانیارییەکانی بافڵ تاڵەبانی دووبارە بکەنەوە یان بڵێن وەک کاک بافڵ وتی.

دوور نییە لەداھاتوودا بافڵ تاڵەبانی ببێت یان بکرێتە وتراوێکی کۆمەڵایەتیی و لە داواکردنی سەراحەتدا بوترێ کاک "بافڵانە" بدوێ. واتە ڕاشکاو بە.

رووداوی لەمجۆرەی بافڵ تاڵەبانی بۆ شڵەقاندنی گۆمی وەستاوی، سیاسەتی کوردیی، باشووریی لای من پەسەندە. بوارەکانی دیکەش پێویستی بەمجۆرە کەسانەیە، بۆ نمونە بواری ڕۆشنبیریی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ بیستەمین کۆنگرەی نەتەوەیی پارتی کۆمیونیستی چین بە ڕوونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەرکی ناوەندی پارتی کۆمیونیستی چین دەبێتە پێشخستنی نوێبوونەوەی نەتەوەی چین لە ھەموو بەرەکاندا لە ڕێگەی ڕێبازی چینییەوە بۆ نوێخوازی.

نوێخوازی ھەوڵی ھاوبەشی ھەموو گەلانە لە سەرتاسەری جیھاندا، ھەروەھا ئەو ئامانجەیە کە گەلی چین ھەر لە سەرەتای دەرکەوتنی سەردەمی مۆدێرنەوە ھەوڵی بۆ دەدات. دوای دامەزراندنی کۆماری چینی میللی، پارتی کۆمیونیستی چین پێشەنگی گەلی لە گەشەپێدان و چاکسازی و کرانەوەدا کردووە، و بە بەردەوامی بەدوای ئامانجی نوێخوازی گەڕاوە و پراکتیکی کردووە. چین سەرکەوتوانە نوێخوازی چینی بەرەوپێش بردووە و ڕێگای بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لەپێناو گەیشتن بە نوێخوازی فراوانتر کردووە.

نوێخوازی چینی چییە؟ سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە نوێخوازی چینی نوێخوازییەکی سۆسیالیستییە کە لە ژێر سەرکردایەتی پارتی کۆمیونستی چینی چاودێری دەکرێت. توخمگەلێکی ھاوبەش لەگەڵ پرۆسەکانی نوێخوازی ھەموو وڵاتان لەخۆدەگرێت ، بەڵام زیاتر بەو سیمایانە تایبەتمەندە کە تایبەتە بە چوارچێوەی چینی. نوێخوازی چینی بریتییە لە نوێخوازی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان، و نوێخوازی خۆشگوزەرانی ھاوبەش بۆ ھەمووان، نوێخوازی پێشکەوتنی ماددی و کولتووری-ئەخلاقی، نوێخوازی پێکەوەگونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت، نوێخوازی گەشەسەندنی ئاشتیانە.
نوێخوازی چینی فەلسەفەی گەشەپێدانی گەل وەکو چەق جێبەجێ دەکات، گرنگی بە گەشەسەندنی گونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت و ھەماھەنگی لەپێناو سوودمەندبوونی ھاوبەش دەدات. ئەم شێوازە لە نوێخوازی ڕەگ و ڕیشەی لە خاکی چیندا ھەیە و لەگەڵ واقیعی چیندا دەگونجێت. پابەندە بە پەرەپێدانی وڵاتەکەمان و میللەتەکەمان بە ھێزی خۆمان، و پاراستنی تێگەیشتنێکی پتەوی داھاتووی گەشەپیدان و پێشکەوتنی چین.
 چین لە چەند دەیەیەکی کەمدا، ئەو پڕۆسە پیشەسازییەی تەواو کرد کە وڵاتانی پێشکەوتوو بە سەدان ساڵە پێیدا تێپەڕیون، و بووە ھۆی دروستبوونی دوو موعجیزە: گەشەسەندنی خێرای ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی درێژخایەن. پراکتیک و ئەزموونی نوێخوازی چینی بەشدارییەکی گرنگی لە نوێخوازی مرۆڤایەتیدا کردووە و ھەڵبژاردەی نوێی پێشکەشکردووە.

لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بەرھەمی ناوخۆیی گشتی چین لە ٥٣.٩ تریلیۆن یوانەوە بۆ ١١٤.٤ تریلیۆن یوان گەشەی کردووە، پشکی لە ئابووریی جیھاندا لە ١١.٣% بۆ ١٨.٥% بەرزبووەتەوە، و تێکڕای بەشدارییەکانی لە گەشەی جیھانیدا گەیشتووەتە ٣٨.٦%، کە زیاترە لە پشکی ئابووریی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت G٧ بەیەکەوە. وەک گەورەترین وڵاتی گەشەسەندوو لە جیھاندا، پراکتیکی نوێخوازی چینی خودی خۆی بەشدارییەکی گەورەیە لە جیھاندا.

سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێنج ساڵی داھاتوو زۆر گرنگ دەبێت بۆ دەستپێکردنی ھەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە ھەموو ڕوویەکەوە. بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە ھەموو ڕوویەکەوە، پێویستە یەکەم شت و بەر لە ھەموو شتێک، بەدوای گەشەپێدانی کوالیتی بەرز بکەوین. نوێخوازی چینی ڕێگای نوێخوازی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو فراوانتر دەکات، ئەمەش دەبێتە ھۆی دەستکەوتی نوێ لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی چین، و دەرفەتی زیاتر بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ ھەماھەنگی و گەشەسەندن دەھێنێتە ئاراوە.

لە جیھاندا تەنھا یەک ڕێگا و یەک نموونەی نوێخوازی گونجاو بۆ ھەموو لایەک نییە. لە چینی ئەمڕۆدا، پیشەسازیی نوێ، زانیاری، شارنشینی و نوێخوازی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچن و شارستانییەتی ماددی، شارستانیەتی سیاسی، شارستانیەتی ڕۆحی، شارستانیەتی کۆمەڵایەتی و شارستانیەتی ژینگەیی بە ھاودەنگی گەشە دەکەن. ڕێگای نوێخوازی چینی پەرە بە خودی چین خۆی دەدات و ھەروەھا سوود بە جیھان دەگەیەنێت، و ھەڵبژاردەیەکی نوێ بۆ گەلی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت کە دەتوانرێت وەکو سەرچاوەیەک لەسەر ڕێگای گەشەپێدان بەکاربھێنرێت. چین ئامادەیە لەگەڵ گەلی عێراق و ھە ڕێمی کوردستان کاربکات بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگا نوێخوازییەی کە لەگەڵ تایبەتمەندی گەشەپێدانی خۆیاندا دەگونجێت و سوودی بەرجەستەی زیاتر بۆ گەلانی ھەردوو لا بەدەستبھێنرێت.   

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەرئەنجامی ئەقڵێکی ھێمن و وردی و لێھاتوویی لە کارکردنی چێشتخانەیەکی ھاوبەشدا، دەرفەت نادات بچوکترین لاوازیەکان تێپەڕن و دەیانکاتە بنەمای سەرەکی بۆ شکست پێھێنانی پرۆژەی پیلان گێڕییە گەورە داڕێژراوەکان، پێشکەوتنی ئامێری تەکنۆلۆژیای بەردەست و چیرۆک (سیناریۆ)ی پێشوەختە ھەرزوو گومانی خستە سەر بینراوی چاوە ئاساییەکان، وایکرد ڕاستی ڕوودانی کارەساتەکان بخرێنە بەردیدی تاقیگەی بینایی (میکرۆسکۆپ). 

دوای بەراوردکاری و بەدووچاو سەیرکردن و گەورەکردنی وردەکاریەکان کە بەچاوی ڕووتەوە نابینرێن، دەرئەنجام شکستەکەی ڕاگەیاند و ساختەیی بونەکەی سەلماند، ئاخر ئەمڕۆ پێشکەوتنە زانستیەکان دەرفەت بە بەردەوامیدانی ماوەی بڕکردنی داتاشینی چیرۆک (سیناریۆ)کان و بابەتەکانی (دیپ فەیک)ی کەمکردۆتەوە و ھەرزوو ڕووی ڕاستی بابەتە دەستکردەکان دەرئەخات و دەیانباتەوە دۆخی سروشتی خۆی، چی بڵێم کە ھاوشێوەی زانست ئارەزووی گەڕان و بنکۆڵکاری دەکات و تا دەرخستنی ڕووی ڕاستی نەسرەوت و لایەنی باشەی ڕووداوەکانی بۆ ھەمووان دەرخست، ئەوەی تەنیا بە یارمەتی تاقیگەی بینایی (میکرۆسکۆپ) دەبینرا ئێستا بەچاوی ئاسایی زۆر بە ئاسانی دەتوانین سەیریان کەین و لێیان تێبگەین. 

کاتیەتی و دەبێت باشتر تێبگەن کە تاقیگە بینایی (میکرۆسکۆپ)ەکان ھەر لەلایەن زیندەوەرزانان بۆ تێگەیشتن لە زیندەوەرە وردەکان و خانە و بەشەبچوکەکانیان بەکارنایەت، بەڵکو بەکاریش دێ و لە توانایدایە چەندین جاریتر ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەی تیرۆرکردنی شەھید عەقید ھاوکار جاف و دانپێدانانی بەناو بکەرانی کارەکە و یاریکردنەکان و چیرۆ (سیناریۆ)کەی لەتوپەت بکا و ھەڵوەشێنێتەوە و شکستیان پێ بێنێت. 

دوای بینینی گرتە ڤیدیۆ وردەکاریە ئاست بەرزەکەی ئەم ئێوارەیەی دەزگای دژە تیرۆر دەبێت دووجار سەیرکەی و بگەیتە ئەو بڕوایەی کە بڵاوکراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دەربارەی شەھیدکردنی عەقید ھاوکار جاف لە ھەولێر لەو فیلمە سینەماییانە دەچوو بڕی تێچوەکانیان دەرناکەنەوە و شکست دێنن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێتی ئێستا لەھەموو کات زیاتر، لەناو تەباییەکی سیاسیی گەورەو ناوەندێتی دیموکراسیی راستەقینەدا دەژیت، ناوخۆی خۆی بەجۆرێک رێکخستۆتەوەو یەکخستۆتەوە، کە ماناکانی حزبایەتی و کاری رێکخراوەیی بۆ سەردەمی زێڕین گەڕاوەتەوە.

 لەسایەی ئەو گۆڕانە ناوخۆییە بۆ ھەموو ھەڤاڵێک دەرفەت ھەیە، بەڵام لێپێچینەوەش لەئارادایە، پاداشتی چاکەکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکەکان فەراھەمە، ھاوکات سزاش بۆ تەمبەڵی و ملنەدان بەئیشیش پەیڕەو دەکرێت، ئازادی قسەکردن و بەرگریکردن لەکوردستان و یەکێتی لەسەر ھیچ یەکێتیەک دانەخراوە، بەڵام رێگاش نادرێت ھیچ کەس لەدەرەوەی ستراتیژ و ھەڵوێستی یەکێتی قسەو لێدوان بەنەیارەکانمان ببەخشێت، خۆڕێکخستنەوەی لەمجۆرە مەتڵەبێکی یەکێتییانە بوو کە ساڵانێکە کادرو ئۆرگانەکان پێکەوە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حزبایەتی داوای دەکەن.

لەسێبەری سەرکردایەتییە نوێیەکەی ھەڤاڵ (بافڵ جەلال تاڵەبانی) سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیموکراسییەتی ناوخۆیی بەپێداچوونەوەی ئۆرگان و دەرفەت بەخشین بەخوێنی تازە، ئەنجامدانی دیداری یەکێتی و گەڵاڵە ‌کردنی نەخشەڕێگای دیدەکان بۆ داھاتووی یەکێتی، گێڕانەوەی بڕیارە چارەنووس سازەکان بەھەموارکردنەوەی پەیڕەویشەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، سزادانی رێکخراوە یەکێتییەکان لەپێناو بەدەستھێنانی دڵ و زمانی خوێندکارانی ناڕازیی، لەھەنگاوە دیموکراسییەکان بوون.

کە ئەمجۆرە بەھایانە لەناو ھێزو پارتە سیاسییەکانی تری کوردستان نەبوونەتە فەرھەنگ، ئەمجۆرە لەدیموکراسییەتە ناوخۆییە رەنگدانەوەی لەئاستی حوکمڕانیش بەجێھێشتووەو کاردانەوەی فەرھەنگی دەرفەتدان بەپێشمەرجی لێپێچینەوەو چاودێریکردن گەیشتۆتە شوێنێک کە ھەموو دەزانن بەرزکردنەوەی دروشمی نەھێشتنی "گەندەڵی و تەمبەڵی" بۆتە ستراتیژێکی یەکێتیانەی ناو حکومەت، چونکە ئیتر بەبێ چاودێریکردن و بەدواداچوونی فەرمانگە حکومییەکان ناتوانرێت دیاردەی گەندەڵی و پاشانیش تەمبەڵی بنەبڕ بکرێت.

داواکردنی دیموکراسیی بۆ ناوخۆی حزب و دەستەبەرکردنی ئازادیی لەناو یەکێتیدا بەتەنھا شتێک نیە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ یەکێتییەکانی بووێت، بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستان و پرۆسە سیاسیەکەشی کردویەتییە مەرجی سەرەکی ھەموو دانووستانێک.

وەستانەوەش لەبەرامبەر پارتی ھەر بەشێکە لەو ستراتیژە دیموکراسییە، مەگەر رێگریکردن لەسەرھەڵدانەوەی خۆسەپێنی و رەتکردنەوەی پاوانخوازیی، رازینەبوون بەو فۆڕمە لەدەسەڵاتدارییەتی ھەواڵگریی کە کایەی حوکمڕانی پێ بەڕێوەدەبریت، ھاوکات ناڕازیبوون بە ھەڵبژاردنێکی پڕ ساختە لەسایەی یاساو تۆمارێکی ناپاک کە باڵانسی سیاسیی گۆڕیووە، دژ وەستانەوەی سیاسەتی برسیکردنی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی زۆنی سەوز بۆ ئەوەنین کە ھەرێمی کوردستان و سیستەمەکەی بەناوەڕۆک و رەفتار دیموکراسیی بێت نەک بەدروشم و قسە.

ئەم ستراتیژە ئازایانەی سەرۆک بافڵ بەدڵنیاییەوە بۆ پارتی جێگەی شۆک و بۆ پارتە سیاسیەکانی تریش جێگەی ئومێدە، شۆکی پارتی لەوەدایە کە ساڵانێکی زۆرە بەویستی خۆی دەستکاری موقەدەراتی نەتەوەیەک دەکات و بە دەیان گەلەکۆمەی ھەرێمیی سەرقاڵی تێکدانی بارودۆخی کوردستان و تێکدانی پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغدادە و بۆی چۆتەسەر، بەڵام بە ستۆپەکەی یەکێتی واخەریکە پارتی ریسی ستراتیژە پاوانخوازییەکەی لێدەبێتەوە خوری. بۆ حزبەکانی تریش ھەڵوێستی یەکێتی جێگەی ئومێدە، چونکە تەنھا سەنگ و قورسایی یەکێتییە دەتوانێ پرۆژەی خۆسەپێنی زیاتری پارتی بەسەر کۆی کایەکانەوە ھەڵبوەشێنێتەوە.

یەکێتی ساڵانێکە لەروانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی بەرامبەر ئەزموونی کوردستان، تاڕادەیەک بێدەنگەی لەسەرەڕۆییەکانی پارتی کردووە، چونکە ھەر کاتێک سیاسەتێک بەدڵی پارتی نەبووبێت، بەھەڕەشەی شەڕی ناوخۆ و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ شوێنی تر مەرامەکەی بەدیھاتووە، بەڵام دۆخی نوێ تازەیەو چیتر ئەو ھەڕەشانەی پارتی کەس ناترسێنێت.

ھەرێمی کوردستان بەخۆسەپێنی زیاترو ئاژاوەی زۆرترو بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان پێشناکەوێت، بەڵکو بەدیموکراسیی و دوورکە…
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

١)  گفتوگۆی کوردسات لەتەک کاک شێخ جەعفەر( جێگری سەرۆکی ھەرێم و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیەکانی ینک) لە بنچینەدا بۆ رونکردنەوەی ھەڵوێستی یەکێتی و راگەیاندنی " توندی" ھەڵوێستی سیاسی یەکێتیە بەرامبەر روداوێکی دیاریکراو کە لە شاری ھەولێر رویداوە و بریتیە لە کوژرانی ئەفسەرێکی دەزگای زانیاری و دروستبونی گومان لەسەر چەن کەسێک کەسەر بە یەکێتی نیشتیمانین و حکومەتی (کاک مەسرور بارزانی) دەیەوێ بەپێی یاسا سزابدرێن. 

٢)  وەک دەرکەوت  ئەم گفتوگۆیە ئامانجی خۆی لە ڕاگەیاندنی دیدو لێکدانەوەو سەنگەرگرتنی یەکێتی بەرامبەر پارتی و کابینەی کاک مەسرور  بە باشی پێکاوە؛ بەوەدا کە کۆی میدیاکانی وڵات  و لەوانیش گرنگتر مەکتەبی سیاسی پارتی ھێنایە قسە و لێکدانەوەو کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا...

٣) لەوانەیش گرنگتر قسەکانی جێگری سەرۆک کاردانەوەی خودی سەرۆکی ھەرێمی بەدوای خۆیدا ھێناو بەشێکی گرنگی لە کاتی  دوایین بابەتی دیداری MERI نێوەندی خۆرھەڵاتی ناوەراست بۆ توێژینەوەی نێودەوڵەتی) بۆ خۆی داگیر کردو، لەوێدا کاک نێچیروان بارزانی بە ستایڵە دبلۆماسیە ناسراوەکەی ھەوڵێکی ڕۆستەمیانەی دا تا لەو گرژیە کەمبکاتەوە کە لە نێوان دو حزبدا دروستبوەو،  دوای جەختکردنەوەیەکی زۆر لەسەر " تەبایی" و "بەردەوامی"  و پێویستی پەیوەندی ھەردو حزب؛ وەک گلەییەکی"برایانە" لە جێگرەکەی، رایگەیاند کە دەبو کاک جەعفەر ئەو قسانەی لە میدیاکان نەکردایە بەڵکو راستەوخۆ لەگەڵ  خۆیدا بیخاتە بەر باس.

٤)  بەدەر لە گرفت و ناکۆکی سیاسی ھەمیشەیی یان کاتی نێوان یەکێتی و پارتی، بەدەر لە ململانێی دەسەڵات لە نێوان دو حزب لە بەغداو لە کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی جومگە سیاسی و ئابوری و کارگێریەکان کە بناغە و سەرچاوەن بۆ قسەکانی کاک شێخ جەعفەر و بونەتە مایەی ترس و نیگەرانی کۆی خەلکی کوردستان لەوەی کە مەزەندەی ترازان و شەڕێکی نوێ بێتە ئاراوە، لێدوانەکانی جێگری سەرۆکی ھەرێم ھەڵگری چەند ئاماژەو راستی ترن کە واوەترن لە ناکۆکی سیاسی و کارگێری و دەتوانن بە زەقی بەرجەستەی ئەو واقعە سیاسی و کارگێریە ترسناکە بکەن کە لە ھەرێمدا بەرێوەدەچێت.

٥)  گفتوگۆی کاک شێخ جەعفەر لە کوردسات، مەسەلەی ناکۆکیە سیاسیەکانی دو حزبی دەسەلاتداری تێپەراند کە بە راشکاویەکی زۆر جەریئانە، پەنجەی خستە سەر بابەتێکی "وجودی"، کە مەسەلەی ئیدارەدان و کارگێری وڵاتە و قوڵتر و رادیکاتر لە ھەر سیاسیەکی دەسەڵات  ئەو مەسەلەیەی ئاشکراکرد کە ساڵەھای ساڵە کەسانی ئۆپۆزیسیۆن و نارازی و دلسۆزی ئەم وڵاتە باسی لێدەکەن و لە رێگای خەباتی مەدەنی و سیاسی و پەرلەمانی و میدیاییەوە جەختی لێدەکەنەوە، بەلام بێسود و بێئەنجام و بەدەستی بەتاڵ و بە دڵی شکاو ئیزندراون یا سەرکوتکراون.

٦) کاک جەعفەر زۆر بە راشکاوی و ڕوونی باس لەوە دەکات کە لەم وڵاتەدا ئەسڵەن مرۆڤ وەک مرۆڤ نرخی نیە، میللەت ھیچ نیە بەلایانەوە... ئەوەیان لا گرنگە چیان دەس ئەکەوێ و چۆن دەسەلات ئەپارێزن.. واتە دەسەلات ئاگای لە کەس نیە و ھەرکەسە خەریکی بەرژەوەندی خۆیەتی.. بە مانایاکی تر دەیەوێ بە ھەموان بڵێ کاتێک قیەم و مۆرالی سیاسی لە سەری سەرەوەی دەسەڵات  نیە و، کەسانی پلەیەک خەریکی فرۆشتنی نەوت و سەروەتی ولاتن ئیتر دەبێ رودانی ھەر شتێک(  لەوانەش شەڕو پێکادان) ئاسایی بێت، سەرنجراکێش ئەوەیە کە کاک شێخ بە گشتی لەسەر دەسەلات قسە ئەکات و پارتی و یەکێی جیا ناکاتەوە.

 خۆی وتەنی:
٧) " ئەوەی کە من دەیبینم... ئەوەی کە وجودی نەبێ لە بەرنامەدا، لە مەبدەئی ئەمانەدا خەڵکە... پێویستی بە مناقشە نیە  ئەوەی ئەمڕۆ ئەیبینی لە قیادەی کوردا.. ئەوەی کە  وجودی نەبێ لە معادلات  و بەرنامەدا میللەتە.. ئەوەی ئەیبینی لە قیادەی سیاسی ئەوەیە چەندیان دەست ئەکەوێ، چۆن دەسەڵاتەکە ئەپارێزن.. ئەو ئەوەی دەوێ.. میللەت چیە؟
نابینم شتێ ھەبێ لە ناخی ئەمانەدا، لە مەبدەئی ئەمانەدا، لە بەرنامەی ئەمانەدا پێی بڵێی میللەت... "( تکا دەکەم سەیری بەرنامەکەی بکەنەوە.

٨) چەن ساڵیکە ژمارەیەک لە زاناو بیرمەندانی جیھان ھۆشداری لەوە دەدەن کە سەرمایەداری ولیبرالیزمی نوێ( وەک قۆناغی ئێستای) لە قەیراندایە.  ڕای ئەو زانایانە گەیشتۆتە ئەو رادەیەی کە پییان وایە لە ئاستی سیاسەتدا ھەلتۆقینی کەسانی وەک پۆتین و ئەردۆغان و ترامپ و ژیپینگ و بۆلسۆنارۆ و جۆنسۆن، سەرخان و توێکڵی سەرەوەی ئەو دۆخە ئابوریەیە کە لەم قۆناغە پڕ کێشەو بنبەستەدا کاپیتالیزمی مۆدێرن  پێویستی پێیەتی و، بەناچار ئەم سیستمە پەنا بۆ کەسانێک دەبات کە نە بروایان بە مافی مرۆڤ و پرەنسیپە سەرەکیەکانی لیبرالیزمی کلاسیک ھەیە و نە  ئامادەن مل بەو یاساو رێسایانە بدەن کە پرەنسیپە بنچینەییەکانی لیبرالیزم داوای دەکات و لەسەری دامەزراوەو جەختی لێدەکاتەوە...

ئەم قۆناغە لەسەرمایەداری کە بیرمەندێکی فەرەنسی ناوی ناوە " چاخی ھیچوپوچی"، لە چەن دیاردەیەکدا خۆی دەبینێتەوە کە بریتین لە : پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، سوکایەتی بە کەمایەتیەکان، سپیکردنەوەی پارەو ھەلاتن لە باج و گومرگ، مافیاگەری و دژایەتی سیستمی دەولەت، بێبایەخکردنی یاساو پەرلەمان و سیستمی دادوەری، مۆنۆپۆلکردنی سەرمایە لە دەس گروپی بچوک، دانانی کەسانی عەقڵ مامناوەند بۆ کاری دەولەتی و پەراوێزخستنی کەسانی بەتواناو زیرەک،.... 

٩)  ھەر لەو دیدەوە بیرمەندێکی تر پێی وایە ئەم قۆناغە لە شکستی لیبرالیزمی خۆرئاوایی ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە بە ھۆی فەوزای بیۆتەکنەلۆژی و چلێسی و بەرندەبونی سەرمایەدارە خاوەن دەسەلاتەکانەوە بێنرخبونی ئینسان بچێتە ئاستێکی تۆقێنەرترەوە، ئەو بیرمەندە کە کتێبەکانی بە ملیۆن ژمارەیان لێ فرۆشراوەو وەرگێردراوە لەسەر ئەو بۆچونەیە کە پێدەچێ قۆناغێک بێتە پێشەوە قڕکردن و فەوتاندنی ملیۆنی یان سەدان ھەزاری ئینسانەکان بە بەھانەی ئەوەی کە ئەو مرۆڤانە بێکارەن یان " ناپێویست" ن بۆ کۆمەڵ، فرێبدرێنە دەریاوە یاخود بەجۆری تر لەناو ببرێن... ( ھەراری لاپەرە)

١٠)  لەو پێودانگەی سەرەوە بۆ دۆخی سەرمایەداری جیھانی و، بە پێی ئەو پەیوەندە توندەی دەسەلاتدارانی ھەرێم و بنەماڵە دەسرۆیشتوەکانی ھەیانە بە سەنتەرەکانی بڕیاری سیاسی لە پایتەختە ناودارەکانی جیھان و ناوچەکە، دەشێ بگەینە گومانێکی نزیک لە یەقین کە ئەو دۆخی پاتاڵکردنەی کۆمەڵی کوردستان و وەلکردنی میللەت و دەرکردنی لە " معادەلات" ی خزمەتگوزاری و چاکسازی دا،، ھەروەھا پێشبرکەو ماراسۆن بەدوای بەرژەوەندی شەخسی و بنەمالەیی و گروپیدا لەسەر بناخەی ھەبونی دەسەلاتێکی نیمچە شەرعی و بەدوور لە رەزامەندی خەڵک، رێک تەسلیمبونی پێشوەختەیە بە بەرنامەی کاپیتالیزمێکی درندەو فاشیستی و بان یاسایی کە شێخ جەعفەر وتەنی " ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نیە میللەت و خەلکە.

١١) دۆخی کوردستان بەدەر نیە لە دۆخی جیھانی و تاقمی دەسەلاتداری کورد غەریب نین بە سەنتەرە جۆراوجۆرەکانی بریار لە ئەمریکاو جیھانی خۆرئاوا... جیھانی خۆرئاواو ئەمریکاش بەدەر نین لە ئامێزگرتنی جۆرەھا نێوەندو سەنتەری ترسناکی دروستکردنی بریار بۆ ئامانجی شەیتانی و وەحشیانە.. دەکرێ ئەم دیدگایە توێژینەوەی زیاتری تیا بکرێت و وردتر لەم بابەتە بکۆلرێتەوە، بەلام ئەوەی روونەو ھەمو ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان(بە راستەقینەو نیمچە راستەقینەیەوە) سالەھایە باس لەم " بەئاژەڵکردن" و وەلکردنەی کۆمەڵگای ئینسانی کوردستان دەکەن و وەدەنگھاتنی یەکێک لە فیگەرە ھەرە سەرەکیەکانی دەسەلاتی کوردستان بۆ وتنی راستیەکان بەو زەقی و رەقیە، ددانپیانانی بەو راستیەی کە میللەت ھیچ حسابێکی بۆ ناکرێت و لە مەبدەئی دەسەلاتداران و بەرنامەیاندا نیە کە ئەسلەن بیریشی لێبکەنەوە، دەبێ بمانخاتە قۆناغێکی تری لێکدانەوە کە جیاوازە لە قۆناغەکانی پێشو چ لە ئاستی بیرکردنەوەو چ لە ئاستی کردەی سیاسی..

من وەک خۆم سپاسگوزاری کاک شێخ جەعفەرم کە بەو زمانە راشکاو و روونە ئەو راستیانەی وت کە ساڵەھای ساڵە بە جۆر و شێوازو ستایلی جیاواز وتراون و جەختیان لێکراوەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەبارەی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەش  بۆچونی خۆی خستە روو.  بابەتی دادگاییکردنی سەرۆک کۆماری پێشووی بەستۆتەوە بە گۆڕانی حوکمڕانی لە عیراق و، کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی. لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا کەپێی وترا رژێمی سەدام لە ئەنفالدا ئێوەی بەئامانج گرتوە وەک شایەتحاڵ بەشداری دەکەیت لەدانیشتنەکانی دادگادا؟.
 لە وەڵامدا سەرنجی دادگاو رای گشتی و یاساناسانی بۆلای خۆی راکێشا. مام جەلال وتی:-(کاتێک دادگا بانگم بکات ئامادە دەبم) ئەم دەستەواژەیە، 'دادگا بانگی بکات' لەمەغزادا چەندین خوێندنەوەی نوێ لەژیانی سیاسیی، بەتایبەتی پێگەی سەرۆک کۆماری عیراق هەڵدەگرت بۆ ئەو ساتەوەختە. چونکە ئەمە یەکەم جاربوو سەرۆکێک لەماوەی زیاتر لە سی و پێنج ساڵی رابردووی ئەم وڵاتەدا بەئاڕاستەیەک قسە بکات, کەدەرخەری ئەوەبێ هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێک چیتر لەعیراقی دوای بەعس و دیکتاتۆریەتدا لەسەرووی دادگاو یاساوە نابێت. سەروەریی یاسا پارێزراو بێت و هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسان بن. لەنزیکترین کاردانەوەدا بۆ ئەم دەستەواژەیەی بەکاری هێنا. جەعفەر موسەوی سەرۆکی دەستەی داواکاری گشتی دادگاکە رایگەیاند: مانای ئەوەیە عیراق خێری بەسەردا باریوە. کە مام جەلال بەم دەربڕینە رێز لە دادگا و یاسا دەگرێت. ئەمە با ببێتە بنەما بۆ ھەمووان. هەروەها وتی: یەکەم کەسیش کەئەمەی خستە چوارچێوەی دەستەواژە راستەقینەکەیەوە، مام جەلال بوو. بۆ سەرۆک کۆمارێک کەهەموو تەمەنی لەخزمەت ئازادی و  بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکاندا بەخەرج دابێت. بەسەختترین رێگای خەبات لەشاخ و شیاوترین شێوازی سیاسی و  دیبلۆماسی بۆ دژایەتیکردنی دیکتاتۆریەت گرتبێتە بەر، دەبێ بەو جۆرە هەڵوێست بنوێنێ.
مام جەلال مافپەروەر بووەو لەڕێگای ھەڵبژاردنی ئازادی گەلانی عیراق بوە سەرۆکی عیراق. ئەگەر وەکو شایەتحاڵیش بەشداری دادگای بکردایە ئاسایی دەبوو, چونکە خۆی کەسێکە رێبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی شاڵاوی ئەنفالی کردوەو؛ لەنزیکەوە لەگەڵ خەڵکدا ژیاوەو هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر. وەک کەسێکی ئاساییش زەرەرمەند بوەو، ماڵیشی وەک ھەزاران خەڵک و شایەتحاڵەکانی تر رووخێنراوە. 

کاتێک حوکمی لەسێدارەدان بۆ سەدام حسێن دەرچوو لەسەر دۆسیەی دوجەیل. بەپێی حوکمە بەرکارەکانی یاسا لە عیراقدا دەبێت سەرۆک کۆمار واژۆی ئەو حوکمە بکات. 
کە حوکمی لەسێدارەدانەکە دەبرێتە بەردەم سەرۆکی عیراق مام جەلال، واژۆی بڕیارەکە ناکات. دیارە لەبەر دوو ھۆکار خۆی لە شوێنی جیاجیادا ئاماژەی پێکردوە.
یەکەم:  لەسەردەمی پێش رووخانی رژێمی سەدام، مام جەلال وەک پارێزەر ئیمزای لەسەر لائیحەیەکی نێودەوڵەتی کردوە بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدان لە جیھاندا ھەڵبوەشێتەوە. لەچاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقی ئەوسەت جەخت لەو خاڵە دەكاتەوە.
دووەم: وەک جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئینتەرناسیۆناڵی جیھانی. وەک چەترو رێکخراوی سەرجەم حزب و پارتە سۆسیالدیموکراتەکانی جیھان، گونجاو نەبوو. وەک خۆشی دەڵێ لەبەر ئەوەی من ئیشتراکیم تەحەفوز ئەکەم و ئەو ئیشە بۆ دوو جێگرەکەم بەجێدێڵم.
کاتێک مام جەلال بەو هەڵوێستەوە بیروبۆچوونە راستەقینەکانی خۆی لەسەر پرۆسەی دادگایی سەدام و سەرانی تری رژێمەکە دەردەبڕێت، دەبێتە جێگای مشتومڕی ھەمە لایەنە لە دونیای عەرەب و، رای گشتی عیراق بەتایبەتی. میدیاکان ئەو ھەڵوێستە کۆنەی سەدامیان تازە کردەوەو باس دەکردەوە لەبارەی مام جەلالەوە کە بڕیاری لێبوردنی بۆ ھەموو کەسانی دژ بە رژێمەکەو موعارەزەی کوردستانی و عیراقی دەردەکرد. لە خواری بڕیاری عەفوەکەدا دەنوسرا ئەم لێبوردنە تەنیا جەلال تاڵەبانی ناگرێتەوە. واتە تەنیا کەسێک دەرفەتی ژیان و مانەوەی نەدرابێتێ لەعیراقدا لەلایەن سەدام و رژێمی بەعسەوە مام جەلال بووە.
ئەوەش دەرخەری ئەوەبووە رژێمەکەی سەدام حسێن لەیەکەم ھاتنە سەر دەسەڵات لە کودەتای سەربازی دوانەی ( بەکر - سەدام)لە ١٧/تەموز/١٩٦٨ ەوە، مام جەلالی بەمەترسی گەورە لەسەر دەسەڵاتەکەی زانیوە. تواناو رێبەرایەتیکردنی ئەویان بۆ وەرچەرخان لە عیراق لایان شتێکی دیراسەکراوو چاوەڕوانکراو بووە. لەبەر ئەوەش هەر کاتێک ئەو لێبوردنە ساختەیەی ساڵانە لەبۆنەکانی بەعس و موناسەباتەکانی خۆیاندا بۆ (یاخیبوان) دەریان دەکرد. لەدوا دێڕی (عافوات) ەکانیاندا ئەو دێڕە دەنوسرا (ئەم لێبوردنە هەموو کەسێک دەگرێتەوە لەدەرەوەو ناوەوەی وڵات تەنیا جەلال تاڵەبانی نەبێت). وەک شایەتحاڵێکی ناو رووداوەکانی ئەنفال و هەم وەک شکایەتکارێک لەسەر ئەو ستەمانەی دەرهەق بەخودی خۆی و  گەل و نەتەوەکەی کرا، بەبۆچوونی من ئاسایی بوو مام جەلال بچێتە بەردەم دادگا.
بەڵام نەچوو. لە شوێنێکی تردا مام جەلال لەبارەی دادگایی سەدام حسێن و رۆڵی دادگاییەکە پرسیاری لێ کرا، لە وڵامدا وتی 'من وەک سەرۆک کۆمار ھەرچۆن و بەھەر بارێکدا قسە بکەم لەوانەیە کاریگەری لەسەر رەوشی دادگاکەو بابەتی سەربەخۆیی دادگاکە دابنێ. بەڵام دادگایی کردنی ئاشکرای سەدام حسێن یەکێکە لە ئاماژەکانی گۆڕانکاری'.
لە سەردەمی خەباتی شاخیشدا کاتێک دادگای شۆڕش سزای ئیعدامی دەرکردبێت بەدەگمەن مام جەلال وەک رابەری شۆڕشی نوێ واژۆی کردوە.
ئەو ساتەوەختەی حوکمی لەسێدارەدان بۆ سەدام دەرچوو لە شەقامەکانی بەغداو شارەکانی تر شەڕێکی خوێناوی لەنێوان سونەو شیعە بەرپابووبوو لە ژێر ناوی ئیرھاب و دەسەڵات!
مام جەلال لەم مەسەلەیەدا دور بین و ورد بوو، نەیدەویست کێشەی قوڵ و مێژوویی  لەنێوان سونەو کورد دروست ببێ، لەکاتێکدا دەیزانی ئەگەر بڕیاری دادگاش واژۆش نەکات سەدام ھەر لە سێدارە دەدرێت و شیعەکانی کاربەدەست مەبەستیان بوو رۆژێ زووتر کۆتایی بەژیانی بھێنرێت.
ئەو خۆ بەدورگرتنەی لە ئیمزاکردنی حوکمی لەسێدارەدانی سەدام دوربینی مام جەلالی دەرخست و ستایشی ھەڵوێستی کرا، لەبەرامبەردا تووشی رەخنەش نەبوەوە. نە لە کوردستان و عیراق، نەلەئاستی جیھانی عەرەبیش.
چونکە شۆڤێنیەتی عەرەبی نیگەران بون بە بڕیاری لەسێدارەدانی سەدام.
نەک ھەر ئەوە بۆ لەسێدارەدانی تارق عەزیز جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە،  مام جەلال لە رێگەی کەناڵی فرانس ٢٤ ی فەرەنسیەوە بەمیدیاکانی جیھانی راگەیاند ئیمزا لەسەر حوکمی لەسێدارەدانی ناکات. وتی لەبەر ئەوەی تەمەنی لەحەفتا ساڵ تێپەڕی کردوە.
تارق عەزیر لەبەر ئەوەی مەسیحی بوو دەوڵەتی ڤاتیکان بە رەسمی داوای لە عیراق کرد، لە سێدارە نەدرێت.
رووسیاش ئەو داوایەیان کردبوو سزاکەی بگۆڕدرێت.
جگە لەم بابەتە چیرۆکی زۆر لەنێوان مام جەلال و سەدام وەک دوو نەیارو دوژمنی  مێژوویی ھەبووە.
دوو ھەفتە پێش رووخانی سەدام لە ٢٠٠٣/٣/٢٦ نامەی بۆ مام جەلال نارد کە پشتگیری ئەمریکیەکان نەکات لە رووخاندنیدا، لە نامەکەدا باسی ئازایی مام جەلال دەکات لە بڕیاردا. ھەروەھا زمانی نامەکە ھەڕەشەی دیبلۆماسیانەی تێدایە کە ئەگەر لە( باکور) ەوە ھاوکاری ئەمریکیەکان بکەن عاقیبەتی باش نابێت.  مام جەلال لە ٢٠٠٣/٤/٤ پێنج رۆژ پێش کەوتنی، وڵامی نامەکەی سەدام دەداتەوەو، بۆی دەنوسێ" بیستم و دواتر نامە ھەڕەشە ئامێزەکەتانم خوێندەوە کە بۆ منتان ناردبوو، ھەرچەندە بە ئاواتەوە بووم نامەکەتان بەمەبەستی ئاشتبونەوەی نیشتمانی بوایە، لەسەر بنەمای کۆتایی ھاتنی دکتاتۆریەت و دامەزراندنی حوکمێکی دیموکراسی پەرلەمانی فیدراڵی فرەیی لە عیراق. بەداخەوە ئێوە دەرسی پێویستتان لەکارەسات و ماڵوێرانی وەرنەگرتوە. کە بەھۆی دیکتاتۆریەتی سەرەڕۆوە بەسەر گەلی عیراق و ئابوریەکەی و سوپاو قەوارەکەو شەڕی ناوخۆو ھەرێمایەتی و جیھاندا ھات. ھەڕەشە کردنتان بۆش و پووچە. چونکە سەرکردایەتی ھاوبەشی کوردی رایگەیاندوە کەلە موسڵ و کەرکوکەوە ھیچ جەبھەیەکی باکور نیە. دواتر ئێوە بە درێژایی حوکمتان گشت جۆرە زوڵم و دوژمنکاریەکتان دژ بەگەلی کوردستان کردوە، کە باپیرانتی حەواندەوە، کاتێ والی بەغدا لەسەردەمی عوسمانیدا، ھەڕەشەی لەناوبردنی لێکردن. ئێوە وەک یەکەم حاکم کە دەستی بۆ چەکی کیمیایی بردبێ دژی گەل و ھاونیشتمانی خۆی، چووە مێژووەوە. بە ئاشکرا شانازیتان بە چالاکیەکانی ئەنفالەوە کرد. کە تاوان و دوژمنکاریەکی قێزەونی لەمێژوودا بێ وێنەیە. ھێزەکانی ئێوە گشت گوندو شارۆچکەیەکی کوردستانی عیراقی وێران کرد.......ھتد
بەڕێز سەدام حسێن گەر ئێوە دڵسۆزی بەرگریکردنن لە عیراقی مەزن ئەوە بەجەنگی ماڵوێرانکەری دۆڕاو کە ئەنجامەکەشی روون نابێ، بەڵکو بەوە دەبێ کە دەست لەکار بکێشنەوەو دەستبەرداری حوکم ببن و بیدەنە دەست وەزارەتێکی نیشتمانی ھاوپەیمانی گەل و نیشتمان، کەلە شەڕی دیکتاتۆری رزگاری بکات. بەم جۆرە کۆتایی بەژیانی سیاسی خۆت بھێنی.....
سڵاو لەو کەسەی رووی لە روناکیە.
مام جەلال ٢٠٠٣/٤/٤".. 
ئەوەبوو ئەمریکاییەکان بەشێک لە بینا گرنگەکان و دامەزراوەکانی بەغدای پایتەختیان وێران کرد ئینجا سەدام لە ٢٠٠٣/٤/٩ بەجێی ھێشت و چووە کونەوە.
سالار مەحمود

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...1314151617...20