گەنمەشامی یەکێکە لە باوترین ئەو سوکەژەمەی لە جیهاندا دەخورێت، زۆر جار وەک جۆرێک لە چەرەسات بۆ بەرێکردنی کات و زۆرجاری دیش وەک ژەمێکی، بەڵام بۆ تووشبوانی نەخۆشی شەکرە یان ئەوانەی چاودێری ئاستی شەکرەی خوێنیان دەکەن، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە ئایا ئەم خواردنە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستییان هەیە؟

گەنمەشامی لە گروپی کاربۆهیدراتە ئاڵۆزەکانە، کە لە کاتی هەرسکردندا دەگۆڕێت بۆ گلوکۆز و دەچێتە ناو خوێن، بەڵام بەهۆی بونی رێژەیەکی باش لە ریشاڵە خۆراکییەکان، پرۆسەی هەرسکردن و مژینی شەکر خاو دەکاتەوە، ئەمەش رێگری دەکات لە بەرزبونەوەی خێرا و لەناکاوی ئاستی گلوکۆز بە بەراورد بەو خۆراکانەی شەکری دەستکردیان تێدایە.

کاریگەری گەنمەشامی لەسەر شەکرە تەنیا پەیوەست نییە بە جۆرەکەیەوە، بەڵکو پەیوەندی بە بڕی خواردنەکەیەوە هەیە. کوپێک پەتەپەتە کە بە هەوای گەرم ئامادە کرابێت، بڕێکی دیاریکراو کاربۆهیدراتی تێدایە، بەڵام خواردنی بڕێکی زۆر وەک ئەوەی لە سینەماکاندا پێشکەش دەکرێت، بڕێکی زۆر کاربۆهیدرات دەدات بە جەستە و دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی شەکرەی خوێن، بۆیە شارەزایانی خۆراک رێنمایی دەدەن کە بە بڕی مامناوەند بخورێت.

هەموو جۆرەکانی گەنمەشامی وەک یەک نین؛ ئەو جۆرەی بە هەوای گەرم و بێ کەرە و شەکر ئامادە دەکرێت، کەمترین کاریگەری لەسەر شەکرەی خوێن هەیە. لە بەرانبەردا، زیادکردنی کەرە، زەیتە دەستکردەکان، شەکر و کارامێل، نەک هەر کالۆری زیاد دەکەن، بەڵکو کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی گلوکۆز دەبێت و جۆرە شیرینکراوەکان بە مەترسیدارترین جۆر دادەنرێن.