خورما بژاردەیەکی نمونەییە بۆ شکاندنی رۆژوو لە کاتی بەربانگدا، چونکە بەهۆی بونی شەکری سروشتییەوە کە بە ئاسانی هەرس دەکرێت، بڕێکی خێرا لە وزە دەبەخشێتە جەستە، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا بە شێوەیەکی مامناوەند دوای چەندین سەعات لە بەرۆژووبون. هاوکات ریشاڵە خۆراکییەکانی ناو خورما پرۆسەی هەرسکردن باشتر دەکەن و کێشەی قەبزی کەمدەکەنەوە.

لە پاڵ خورمادا، شیر تەواوکەرێکی خۆراکیی گرنگە، بەو پێیەی دەوڵەمەندە بە پرۆتینی کوالێتی بەرز و کالسیۆم، لەگەڵ ڤیتامینە سەرەکییەکانی وەک "B12" و "D"، جگە لە کانزاکانی وەک پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم، ئەمەش یارمەتیی جەستە دەدات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلە و خوێیانەی لە کاتی بەرۆژووبوندا لەدەستچوون.

لەلایەکی دیکەوە خورما دژە ئۆکسانی تێدایە کە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات، پۆتاسیۆمیش بەشدارە لە رێکخستنی پەستانی خوێندا، هەروەها ریشاڵەکان لە رێگەی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی زیانبەخشەوە تەندروستیی دڵ دەپارێزن.

شارەزایانی بواری خۆراک جەخت لەوە دەکەنەوە، خواردنەوەی پەرداخێک شیر لەگەڵ خورما بە شێوەیەکی مامناوەند، بژاردەیەکی تەندروست و هاوسەنگە بۆ دەستپێکردنی ژەمی بەربانگ لە مانگی رەمەزاندا، چونکە تێکەڵەیەکە لە سەرچاوەیەکی خێرای وزە و ئەو رەگەزە خۆراکییانەی پێویستن بۆ گەڕاندنەوەی چالاکی بۆ جەستە.