چۆن جیاوازی لە نێوان "خووی رۆژانە" و "وەسوەسە"دا بکەین؟
راهۆز
١٢ی شوباتی ٢٠٢٦
هەندێک کەس راهاتوون لەسەر دوبارەکردنەوەی هەندێک رەفتاری رۆژانە، وەک دڵنیابوونەوە لە داخستنی دەرگای ماڵ یان کوژاندنەوەی فڕن بۆ چەند جارێک پێش خەوتن. هەرچەندە ئەم رەفتارانە لە سەرەتادا ئاسایی دەردەکەون، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا نیشانەن بۆ توشبوون بە تێکچوونی "وەسوەسەی ناچاری" (OCD).
تۆبیاس هۆرنیگ، پسپۆڕی ئەڵمانی لە بواری دەروونناسی، جەخت دەکاتەوە کە جیاکاری لە نێوان "رەفتاری ئاسایی" و "وەسوەسەی ناچاری" بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە ئاستی ئەو فشارە دەروونییەی لەگەڵ رەفتارەکەدایە، جگە لەو کات و سەعاتانەی کە کەسەکە بۆ ئەنجامدانی کارەکە تەرخانی دەکات.
توشبووانی ئەم حاڵەتە هەست بە ئارەزوویەکی زۆر بەهێزدەکەن کە ناچاریان دەکات بۆ بیرکردنەوە یان ئەنجامدانی رەفتارێکی دیاریکراو، سەرەڕای ئەوەی دەزانن کارەکەیان مەنتیقی نییە یان تەنانەت زیانبەخشە. بۆ نمونە، کەسی توشبوو، رۆژانە جانتاکەی رێکناخات بۆ چێژوەرگرتن، بەڵکو بەهۆی دڵەڕاوکێیەکی توندی ناوخۆیی و هەستکردن بەوەی کە ئەگەر نەیکات "کارەساتێکی ناوخۆیی" رودەدات، ناچار دەبێت رەفتارەکە دوبارە بکاتەوە.
وەسوەسەی ناچاری یەکێکە لە تێکچوونەکانی دڵەڕاوکێ، کە تێیدا بیرۆکە و مەترسیی نامەنتیقی (وەسوەسە) وا لە کەسەکە دەکەن بە ناچاری رەفتارێک دوبارە بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەککەوتنی بونیاتی ژیانی رۆژانەی. سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە توشبووان دەزانن رەفتارەکانیان مەنتیقی نییە، بەڵام هەوڵدان بۆ پشتگوێخستنیان تەنیا فشاری دەروونییان زیاد دەکات، بۆیە رەفتارەکە وەک رێگەیەکی کاتی بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ بەکاردێنن.
پسپۆڕان رێنمایی دەدەن کاتێک دڵەڕاوکێی ناوخۆیی رەفتارە ناچارییەکان بەسەر کەسەکەدا دەسەپێنێت، یان کاتێک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەهۆی ئەم روداوەوە زیانیان پێدەگات، پێویستە سەردانی دکتۆر بکرێت. هەروەها زۆر جار توشبووان شەرم لە رەفتارەکانیان دەکەن و هەوڵدەدات لەوانی دیکەی بشارنەوە، کە ئەمەش نیشانەیەکی دیکەی پێویستیی وەرگرتنی چارەسەرە.
-
چارەسەری دەروونی: لە حاڵەتە سوک و مامناوەندەکاندا رێگەی "بەرکەوتن و رێگری لە وەڵامدانەوە" بەکاردێت. چارەسەری "رەفتاریی مەعریفی" یەکێکە لە سەرکەوتووترین رێگەکان بۆ منداڵ و گەورە، کە رەنگە دەرئەنجامەکانی چەند مانگێکی پێ بچێت.
-
چارەسەری دەرمانی: لە حاڵەتە پێشکەوتووەکاندا، دکتۆرەکان پەنا بۆ دەرمان دەبەن، کە زۆربەی کات بە دەرمانی دژە خەمۆکی دەست پێ دەکەن تاوەکو ئاستی فشار و دڵەڕاوکێی کەسەکە کەم بکەنەوە.



