بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا؛ مێسی رووبەڕووی هەڵبژاردەی سێ شێرەکە دەبێتەوە
محەمەد رزگار
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٦
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، ئامادەیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مێژوویی بەرانبەر ئینگلتەرا لە قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیالی 2026 نیشاندا و رایگەیاند، ئەمە یەکەمجارە لە کاروانی وەرزشیدا دژی "سێ شێرەکە" یاری دەکات.
لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناغی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئەرژەنتین رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەبێتەوە، ئەم یارییە بۆ لیۆنێل مێسی تایبەت دەبێت، چونکە ئینگلتەرا دەبێتە 63یەمین هەڵبژاردەی نێودەوڵەتی کە مێسی لە کاروانە وەرزشییە دەوڵەمەندەکەیدا رووبەڕووی ببێتەوە.
مێسی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دڵخۆشی خۆی بۆ ئەم یارییە دەربڕی و وتی: "رووبەڕووبوونەوەی ئینگلتەرا زۆر تایبەت دەبێت، چونکە یەکەمجارە دژی ئەوان یاری دەکەم، من دژی زۆربەی هەڵبژاردەکان یاریم کردووە جگە لە ئینگلتەرا، ئەوان تیپێکی گەورە و هێزێکی راستەقینەی تۆپی پێن."
کاپتنەکەی تانگۆ ئاماژەی بە ماندوێتی یاریزانانیش کرد و رایگەیاند،"ئەمە نیوەی کۆتایی مۆندیالە، ئێستا پشوو دەدەین و خۆمان ئامادە دەکەین، ماندوبوونێکی زۆرمان چەشتووە بەهۆی ئەنجامدانی کاتی زیادکراو لە یاریی پێشوودا، بەڵام بۆ ئەم بەربەستە ئامادە دەبین."
لیۆنێل مێسی تا ئێستا 205 یاری نێودەوڵەتی بە درێسی ئەرژەنتینەوە ئەنجامداوە، تێیدا 125 گۆڵی تۆمارکردووە و 64 ئەسیستی هەیە، یەکەم یاریی نێودەوڵەتی مێسی لە ئابی 2005 بەرانبەر هەنگاریا بوو، یەکەم گۆڵی نێودەوڵەتیشی لە ئازاری 2006 لە تۆڕی کرواتیا تۆمارکرد.



