رێککەوتنی هاوکاری بواری ئاو لە نێوان عیراق و تورکیا ئیمزاکرا
محەمەد رزگار
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
سەرۆک وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی رێوڕەسمی ئیمزاکردنی رێککەوتنی هاوکاری لە بواری ئاو لە نێوان عیراق و تورکیادا کرد و رێککەوتنەکە دەبێتە چارەسەرێکی گرنگ بۆ قەیرانی ئاو لە عیراق.
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سودانی سەرپەرشتی میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوارچێوەیی هاوکاری لەگەڵ تورکیا لە بواری ئاودا کرد، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە دەبێتە یەکێک لە چارەسەرە بەردەوامەکانی قەیرانی ئاو لە عیراق.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو رێککەوتنە لە رێگەی کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورەی هاوبەشەوە لە کەرتی ئاو جێبەجێ دەکرێن، بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانی کەمی سەرچاوە ئاوییەکان.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، رێککەوتنی میکانیزمی دارایی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێز دەکات و بەشدار دەبێت لە گەشەسەندنیان لە بوارە جیاوازەکاندا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بەدیبهێنێت.



