خانمی یەکەمی عیراق، پێشوازی لەخوێندکارێکی خاوەنپێداویستی تایبەت کرد و ستایشی بەھرە ھونەرییەکانی کرد
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لە چوارچێوەی گرنگیدانی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، بە پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، و ھاندانی تواناکانی داھێنان لەلایەن کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، خانمی یەکەم پێشوازی لە خوێندکار عەبدولسەمەد عەلی وەھاب، یەکێک لە قوتابییانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان لە توێژی خاوەن پێداویستی تایبەت کرد.
خانمی یەکەم خۆشحاڵی و شانازی خۆی بە دیدارەکەی ئەم گەنجە بەھرەمەندە دەربڕی، و ستایشی ئەو ورەی بەھێز و سووربوونە ئاشکرایەی کرد کە تێیدایە بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن و ھونەری، سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشی ئۆتیزم، جەختیشی کردەوە کە ویستێکی ڕاستگۆیانە و باوەڕبەخۆبوون بە تواناکانی خود، بەسن بۆ زاڵبوون بەسەر سەختییەکان و بەدەستھێنانی سەرکەوتن.
ھەروەھا خانمی یەکەم ستایشی رۆڵی مرۆیی و بەرز و پیرۆزی دایکی خوێندکار عەبدولسەمەدی کرد، کە لە میانی دیدارەکەدا یاوەری بوو، و وەسفی کرد بە نموونەی دایکێکی نموونەیی کە ڕووبەڕووی سەختییەکان بووەتەوە و ژیانی خۆی تەرخان کردووە لە پێناو چاودێریکردنی کوڕەکەی و پەرەپێدانی تواناکانی، تا ببێتە سەرمەشق و ئیلھامبەخش بۆ ھاوڕێکانی لە توێژی خاوەن پێداویستی تایبەت، و نموونەیەکی باڵا بێت لە سووربوون و فیداکاری و بەخششی خێزانی.
لە میانی دیدارەکەدا، خوێندکار عەبدولسەمەد کارێکی ھونەری ناوازەی پێشکەش بە خانمی یەکەم کرد، کە بە بەکارھێنانی دەنکی قاوە دروستی کردبوو، وەک یادگارییەک بۆ قوربانیدانی سەرۆکی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی و لە پێناو ڕێزگرتن لە خەبات و ڕۆڵی گەورەی نیشتمانی.
خانمی یەکەم لە کۆتایی دیدارەکەدا جەختی لەسەر گرنگی چاودێریکردن و پشتگیریکردنی توێژی خاوەن پێداویستی تایبەت کردەوە، و تواناکانیان بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کارا لە کۆمەڵگادا بگێڕن، بە شێوەیەک کە متمانە بەخۆبوونیان بەھێز بکات و ھاوسەنگی کۆمەڵایەتییان پشتگیری بکات و دەرفەتی فراوانتریان پێبدات بۆ دەربڕینی تواناکان و بەھرە داھێنەرەکانیان.






