بافڵ جەلال تاڵەبانی لە موسڵ: بەبێ سەقامگیریی موسڵ، عیراق سەقامگیر نابێت
راهۆز
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا بۆ پشتیوانیکردن لە کاندیدانی لیستی "یەکێتیی خەڵکی نەینەوا"، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "شانازی بە خوێن و مێژووی موسڵەوە دەکەین."
سەرۆک بافڵ لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، "کەم شار هێندەی موسڵ ئازاری بینیوە" و هاوڵاتیانی نەینەوا نەهامەتیی زۆریان چەشتووە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە "قاعیدە و داعش نەیانتوانی موسڵ بڕوخێنن." راشیگەیاند، "پێویستە خەڵکی موسڵ لە نوێبوونەوەی عیراقدا هاوبەش بن، چونکە بەبێ سەقامگیریی موسڵ، عیراق سەقامگیر نابێت."
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، "یەکێتی پڕۆژەی هەیە بۆ نوێبوونەوەی نەینەوا" و پێویستە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی موسڵ خێراتر و باشتر بکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، "گەنجانی موسڵ داینەمۆی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکەن" و پێویستە گرنگیی زیاتر بە زانکۆی موسڵ بدرێت.
سەبارەت بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکانیش وتی: "نەینەوا نموونەی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالە" و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاڵپشتیی هەموو لایەنەکانی نەینەوا دەکات."
سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی تایبەتی ئاڕاستەی ئێزدییەکان کرد و وتی: "خەبات دەکەین بۆ ئەوەی خوشک و برا ئێزدییەکانمان سەربەرزانە بژین و دەمانەوێت بە ئازادی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان." هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە "پێویستە هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان."
لە کۆتایی وتارەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: "نەینەوا شوێنی ئەجێندای هیچ لایەن و وڵاتێک نییە" و دووپاتیکردەوە، "ئێمە بڕوامان بە دادپەروەرییە، نەک تۆڵەکردنەوە."



