دەستەی دەستپاکی: بەڕێوەبەری بەنزین خانەیەک لە نەینەوا بەهۆی بردنی زیاتر لە 330 ملیۆن دینارەوە دەستگیرکرا
راهۆز
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، توانیویانە بەڕێوەبەری وێستگەیەکی حکومیی دابەشکردنی سوتەمەنی لە پارێزگای نەینەوا دەستگیربکەن، بەهۆی بەهەدەردانی پارەی "فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی وێستگەکە".
دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی نەینەوا، چوونەتە یەکێک لە وێستگە حکومییەکانی دابەشکردنی سوتەمەنی لە پارێزگاکە و دوای لێکۆڵینەوە و وردبینی، بۆیان دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەری وێستگەکە زیاتر لە (330,824,500) سێسەد و سی ملیۆن دیناری لە پارەی فرۆشتنی بەرهەمەکانی وێستگەکە بۆ مانگەکانی ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەهەدەرداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبارەکە ئەو بڕە پارەیەی نەخستووەتە سەر هەژماری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان - لقی نەینەوا، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار بە نووسراوی رەسمی داوایان لێکردووە پارەکە بگەڕێنێتەوە.
دەستەی دەستپاکی ئەوەشی خستەڕوو، دوای وەرگرتنی وتەی تۆمەتبارەکە و بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر، تیمەکە دەستیان بە پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکە کردووە و لە ماڵەکەیدا دەستیان بەسەر بەشێک لە پارە بەهەدەر دراوەکە، لەگەڵ چەندین مۆر و تۆمار و بەڵگەنامەی تایبەت بە دەرکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکە و دوو کارتی ماستەرکاردی تایبەت بە تۆمەتبارەکەدا گرتووە.
لە کۆتاییدا، دەستەکە رایگەیاندووە کە پەڕاوی رەسمی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە رێکخراوە و لەگەڵ تۆمەتبارەکە و کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکاندا، رەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی لە نەینەوا کراوە، کە بڕیاری راگرتنی داوە بەپێی حوکمەکانی مادەی (315) لە یاسای سزادان.



