وەزیری پەیوەندییەکان: لە سەرانسەری عیراق ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ 2500 قوتابخانە دابینکراوە
بڵند
٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لە عیراق زیاتر لە دوو هەزار و 500 قوتابخانە هێڵی ئینتەرنێتی بێ بەرامبەریان بۆ دابینکراوە و وەزارەتی گەیاندنی عیراق دەیەوێت ئەو هەڵمەتەی دەستی پێکردوە بۆ ئینتەرنێتی بێبەرامبەر تەواوی خوێندنگەکان بگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هەیام یاسری وەزیری پەیوەندییەکان، پشتڕاستی کردەوە کە وەزارەتەکەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بێبەرامبەری بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 500 قوتابخانە لە بەغداد و پارێزگاکانی تر دابینکردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکە بۆ ئەوەی هەموو قوتابخانەکان بگرێتەوە.
هەیام یاسری رایگەیاندوە؛ ئەمڕۆ سەردانی ژمارەیەک قوتابخانەیان لە کەرخ و روسەفە کرد کە ئینتەرنێتی بێبەرامبەریان بۆدابینکراوە و ئەوەشیخستوەتەڕوو، ئەو 2500 قوتابخانە کە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بێبەرامبەرمان بۆ دابینکراوە لەڕێگەی کێبڵی خێرای فایبەر ئۆپتیکەوەیە.
وەزارەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە نیشتمانییەکەی بۆ دامەزراندنی هەزار قوتابخانەی نمونەیی، کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکەیان و وەزارەتی پەروەردە، هەیام یاسری ئەمەشی وتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ وەزارەتەکەیان بەرپرسیارە لە دامەزراندنی ژێرخانی ئەو قوتابخانانە، کە بەتەواوی مۆدێل دەبێت، بە تەختەی زیرەک، فێربوونی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆجیای سەردەمیانە بنیادبنرێن و ئەوان بەشێکی سەرەکی دەبن لەو پڕۆژەیە.



