بانكی نێودەوڵەتی بە بڕی 930 ملیۆن دۆلار هاوكاری عیراق دەكات
کەژان
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بانكی نێودەوڵەتی رەزامەندی دەربڕی بە بڕی 930 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری دارایی بۆ عیراق خەرج بكات.
دەستەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بانكی نێودەوڵەتی پاكێجێكی نوێی دارایی پەسەند كرد كە زیاتر لە یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بوو، بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژە گرنگەكانی گەشەپێدان لە عێراق، سوریا و لوبنان، كە ئامانج لێی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و باشتركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانە.
لەو بڕە پارەیە كە لە لایەن بانكی نێودەوڵەتی پەسەند كراوە عیراق زۆرترین پشكی وەرگرتووە كە 930 ملیۆن دۆلارە، بۆ پڕۆژەی فراوانكردنی هێڵی ئاسنین.
ئاماژە بەوەشكراوە ئامانج لە پێدای ئەو هاوكارییە بە عیراق بۆ پەرەپێدانی هێڵی شەمەندەفەرە لە بەندەری ئوم قەسرەوە تاوەكو موسڵ لە باكوری وڵات لەپێناو كەمكردنەوەی كاتی گەشت و زیادكردنی كارایی گواستنەوەی بار و باشتركردنی كواڵتی خزمەتگوزارییەكانی گواستنەوە، ئەوە جگە لە پاڵپشتیكردنی بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی كار و هەمەچەشنكردنی سەرچاوەی داهات.
بانكی نێودەوڵەتی 146 ملیۆن دۆلاریشی بۆ سوریا وەك هاوكاری پەسەند كرد بۆ پاڵپشتیكردنی هەوڵەكان بۆ پێدانی كارەبا و دەستگەیشتن بە سەرچاوەكانی وزە.
بۆ لوبنانیش بانكی نێودەوڵەتی 250 ملیۆن دۆلاری هاوكاری دارایی پەسەندكرد، بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتە.