د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد.


لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە  ئەمڕۆ دووشەممە 23-6-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو،  باس لە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کرا. 


سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پابەندبوون بە خشتەی کات و دیاریکردنی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاساکە، لەگەڵ ئەنجامەکانیش لە کاتی خۆیدا ڕابگەیەندرێ، هەروەها سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە کە پارەی سیاسی بەکاردەهێنن.

لای خۆیەوە دادوەر عومەر ئەحمەد، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ گرنگیدان و ڕێنماییە بەنرخەکانی، باسی لە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن کرد بۆ سازکردنی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بە گوێرەی وادەی دەستووری.