سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی یەکخستنی تێڕوانین و بۆچونە نێودەوڵەتییەکان کردەوه بۆ پاراستنی سه قامگیری له ناوچەکەدا
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق جەختی لەسەر پێویستی وەستاندنی شەڕ لە ناوچەکە و کارکردن بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە بەشێوەیەک کە ئاشتی هەرێمایەتی و جیهان بپارێزرێت.
سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغداد پێشوازی کرد لە ئەحمەد سەمیر باڵیۆزی میسر لە عیراق .
لە دیدارێکدا تەئکیدیان کردەوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەنێوان هەردوو وڵات و گەلانی برادا و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئابووری و ژینگەیی، بەمەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
لەدیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی رەوشی ئەمنی ناوچەکە لەدوای گرژییەکان و شەڕەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە تاوتوێکرایەوە و تێیدا سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەپێویستی یەکخستنی دیدگا و هەڵوێستە نێودەوڵەتیەکان کردەوە و کارکردن بۆ وەستاندنی ئەو شەڕەی بە پێویست زانی کە هەڕەشە لەئاسایش و سەقامگیریی گەلان دەکات.
لای خۆیەوە باڵیۆزی میسر سوپاسی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و پشتیوانی هەمیشەیی میسری بۆ هەوڵەکانی عێراق بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە.




