ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی 5ـی 2026 نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد چاوی بە سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی کەوت و باسیان لە کۆی رەوشی گشتی وڵات و دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هێزە نیشتمانییەکان بەپێی بنەمای هاوبەشی کرایەوە، بە مەبەستی رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پێدانی متمانە پێی بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی کارنامەکەی، هەروەها بەردەوامیدان بە پڕۆژەکانی چاکسازی و گەشەپێدان و هەستانەوەی ئابوری، بەو شێوەیەی کە خواست و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان لە سەرانسەری ناوچەکانی وڵاتدا بەدی بهێنێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکانی ئێستا و کارکردن بە ڕۆحێکی نیشتمانیی بەرپرسانە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، کردەوە.