سەڵاح جبوری وتەبێژی ھاوپەیمانی عەزم کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ھاوپەیمانیەتییەکەیان لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ھاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی گەیشتوونەتە قۆناغێکی باش لە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە کاری داھاتوویان و دەستکەوتەکان و ئەولەویەتی ناوچە ڕزگارکراوەکان لە دەستی تیرۆر و یەکخستنی ڕیزەکانیان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانیان وەک دۆسیەی ئاوارەکان و بێسەرشوێنەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکان.
ڕوونیشیکردووەتەوە، ھاوپەیمانی عەزم بەردەوام دەبێت لە کرانەوە بە ڕووی سەرجەم ھاوپەیمانیەتییە سەرکەوتووەکانی ھەڵبژاردن.
لە ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران ھاوپەیمانی تەقەدووم ٣٧ کورسی و ھاوپەیمانی عەزمیش ١٢ کورسی بەدەستھێناوە.
بۆ ڕێگریکردنیش لە چوونە ناوەوەی خۆپیشاندەران بۆ ناوچەی سەوز، ھێزێکی ئەمنی زۆر بڵاوکراوەتەوە و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە بەغداد بەھۆی ناجێگیری ڕەوشەکەوە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا.
ھاوپەیمانی فەتح لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پیرۆزبایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی عێراق بەر لە یەکلاکردنەوەی تانەکان، تووشی سەرسوڕمانی کردوون.
وتیشی، بەو پیرۆزباییە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بێلایەنی لایداوە و پرسیار لەسەر ڕۆڵی ئەو ئەنجومەنە لەسەر ھەڵبژاردنەکە دروست دەکات، بە تایبەت کە چاودێرە نێودەوڵەتییەکان تێبینی و سکاڵایان لەسەر پڕۆسەکە ھەبووە.
ھاوپەیمانی "فەتح" جەختیشی کردەوەی لەوەی، سازش لە داواکاری خەڵک و ھێزە سیاسییەکان بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست لە سەرجەم وێستگەکان ناکەن، ھەموو دەستوەردانێکی دەرەکیش لە ئەنجامی ھەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەھۆی کەمبونەوەی ئاو ئەگەری ھەیە لە وەرزی داھاتوودا ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم لە عێراق نەگاتە دوو ملیۆن تۆن، ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە کە روبەڕوی عێراق دەبێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی ھەیە دوو ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆنم زەوی بە بیری ئیرتیوازی ئاو بدات، بڕیاریشە ٩ ملیۆن دۆنم زەوی دێم بە گەنم بچێنن.
جەختیشیکردۆتەوە، ئێستا بەھۆی بڕینی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، پلانی کشتوکاڵی لە پارێزگای دیالە گەیشتووەتە خاڵی سفر.
حکومەتی عێراقیش لەگەڵ تورکیا و ئێران لە دانوستاندایە بەمەبەستی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق، باڵیۆزی تورکیاش لە بەغداد دەڵێت، رێککەوتنی ساڵی ٢٠١٤، بۆ بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق چالاک دەکەنەوە.
وتیشی، ئاو سامانێکی نێودەوڵەتییە و لە عێراقییەکانی ناگرنەوە و بە ھاوبەشی بەکاری دەھێنن.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە وەڵامی راپۆرتێکی پرۆگرامی خۆراکی جیھانی کە عێراقی بە وڵاتێکی برسی ناوبردبوو رایگەیاند، عێراق روبەڕوی کەمیی خۆراک نەبووەتەوە و یەکێک نییە لە وڵاتە برسییەکانی جیھان.
وەزارەتی پلاندانان باسی لەوەشکردووە، زانیارییەکانی راپۆرتەکە ھەڵەیە و پشتی بە زانیارییەکانی حکومەتی عێراق نەبەستووە و سەرەڕای ئەوەی ٣١٪ی خەڵکی عێراق لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە عێراق تووشی برسێتی بووبێت.
راپۆرتەکەی پرۆگرامی خۆراکی جیھانی باسی لەوە کردبوو، یەک لەسەر سێی عێراقییەکان بە سکی برسی دەخەون و ئەو وڵاتە لە ریزی وڵاتە برسییەکانی وەک سۆماڵ و کۆنگۆدایە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تائێستا لێکۆڵینەوەیان لە ٤٨٣ تانە کردووە کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی کۆمیسیرانی کۆمیسیۆن کراون و لەو ژمارەیەش بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ٤٦١ تانەیان رەتکراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ٢٢ تانە پەسەند کراون و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیار دراوە ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگی ٢٩٧ وێستگە لە چەند پارێزگایەک بکرێت کە یەکێک لەو پارێزگایەنە کەرکوکە و دوای تەواوبوونیشی ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن.
ئەو لایەنانەی عێراق کە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنیان رەتکردووەتەوە و ناوی خۆیان ناوە ھێزە نیشتیمانییە ناڕەزییەکان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، لە ماڵی نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکیشدا ئاماژەیان بەوە کردووە، جارێکی تر ئەنجامەکان و مامەڵەی کۆمسیۆن لە یەکلاییکردنەوەی تانەکان رەتدەکەنەوە و داواش دەکەن ئەنجامی سەرجەم ناوەندەکانی دەنگدان بە شێوەیەکی شەفاف و بەدەست ھەژمار بکرێنەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەیاندا داوایان لە سەرۆک کۆمار کردووە لەسەر رووداوەکانی ئێستای عێراق ھەڵوێستی جدی ھەبێت بەو پێیەی پارێزەری دەستورە و رێگە نەدات رەوشی ئێستای عێراق بەرەو خراپتر بچێت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لە كۆی ٢٩٥ تانە كە لایەنە سیاسییەكان تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن پێشكەشیان كردوە، تەنها یەك تانەیان بەڵگەی لەگەڵ بووە و قبوڵكراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ٢٩٤ تانە رەتكراونەتەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەگەڵ تانەكاندا یان سەرپێچیكردنی دەقی بڕگەی یەكەمی ماددەی ٣٨ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چونكە ئەوەی تانەكەی پێشكەشكردووە وێستگەكە یان ناوەندەكەی دیاری نەكردووە كە تانەی لە ئەنجامەكانی داوە و داوای ئەژمار كردنەوەی هەموو وێستگەكانی بازنەی هەڵبژاردنەكەی كردووە.
راشیگەیاندووە، ئەو تانەیەی قبوڵكراوە لەلایەن كاندیدێكی كەركوكەوە پێشكەشكراوە و بەڵگەی پێویستی لەگەڵدابووە، لەبەرئەوە ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاریداوە دەنگەكان بە دەست ئەژمار بكرێنەوە و دوای تەواوكردنی رێكارەكانی ژماردنی دەستی و جیاكردنەوە، كۆمسیۆن بڕیاری كۆتایی دەدات.
یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرای کردووە، ھێزێکی سەربازی ھەواڵگری بە پشتبەستن بە زانیارییەکانیان مۆڵگەیەکی تیرۆریستانی داعشیان لە چیای قەرەچووغ خاپوور کردووە و بەھۆیەوە تیرۆریستێک کوژراوە.
لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، ھێزێکی سوپای فەڕەنسا لە کانیاوی غەزەرات بەرامبەر گوندی قەڵاتە لە چیای قەرەچوغ لە کاتی پشودانیان تیرۆریستێکی داعشیان بینیوە و کوشتوویانە.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەو ڤایرۆسەی دووچاری ماسی بووە ناوی (کەی ئێچ ڤی)یە و ساڵانە بەھۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بڵاو دەبێتەوە و ئەنجامنەدانی پشکنین بۆ خۆراکی ماسی و خراپی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی بەخێوکردنی ماسی ھۆکاری سەرھەڵدانی ڤایرۆسەکەیە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە نەخۆشییەکە لە سنووری بەغداد و بابل بڵاوبووەتەوە و کار دەکەن بۆ ھێنانی بەپەلەی ڤاکسین لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە.
ھێزەکانی پاسەوانی سنوری پۆڵندا ڕایگەیاند، لەسەر سنوری وڵاتەکەیان لەگەڵ بێلاروسیا، (١٤) قاچاغچیان دەستگیرکردووە کە بازرگانیان بە کۆچبەرانی عێراقییەوە کردووە و ھەوڵیانداوە بە نایاسایی بیانپەڕێننەوە بۆ سنورەکانی بێلاروسیا، کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە.
سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە، لەناو باندەکە کەسێکی ئەڵمانی ھەبووە و ئەوانی تر (سوری و ئێرانی و ڕۆمانی و جۆرجی) بوون.
عیماد جەمیل ئەندامی راگەیاندنی کۆمسیۆن ئاماژەی دا بەوەی، ژماردنەوەی دەنگەکانی تەواوی وێستگەکانی پارێزگاکانی عێراق بە دەست ئەستەمە و تەنھا ئەو وێستگانەی گومانیان لەسەرە دەژمێردرێنەوە.
وتیشی، ئەو تانانەی دراون لە ئەنجامەکان، بەرز دەکرێنەوە بۆ دەستەی دادوەری و دواتر کۆمسیۆن ناوی پەرلەمانتارە سەرکەوتووەکان بە رەسمی رادەگەیەنێت و ناوەکان بۆ دادگای فیدراڵی بەرز دەکرێنەوە تاوەکو پەسەند بکرێن.
ھاوکات فەلاح خەفاجی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، کۆمسیۆنی تۆمەتبار کرد بە درێژەدان بە ژماردنەوەی دەنگەکان لەپێناو یاری کردن بە ئەنجامەکان.
وتیشی، دەبێت کۆمسیۆن پەلە بکات لە راست کردنەوەی ھەڵەکان، چونکە پڕۆسەی سیاسی بەرەو ئاڵۆزی ھەنگاو دەنێت.