عیراقعیراق

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرای كرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاریداوە بە ناردنەوەی دراوی دۆلار بۆ عیراق، ئەمەش دوای ماوەیەك لە راگرتنی وەك ئامرازێكی فشار.

بەپێی راپۆرتی ڕۆژنامەكە، واشنتۆن لە رێگەی راگرتنی ناردنی دۆلارەوە، دەیویست فشار بخاتە سەر بەغداد تاوەكو خۆی لە كۆماری ئیسلامی ئێران بەدوور بگرێت و پابەندی سزاكان بێت.

لەو چوارچێوەیەدا، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حكومەتی عیراق، دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ناردنی دۆلاری لەلایەن ئەمریكاوە پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند، ئەو كێشە و ئاستەنگانەی لەمبارەیەوە هەبوون، سەرجەمیان چارەسەر كراون.

 پێشتر عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق تیشكی خستبووە سەر ئەم پرسە و دڵنیایی دابوو كە ئەمریكا ناردنی دۆلار بۆ عیراق دەستپێدەكاتەوە و هیچ كێشەیەكی جدی لە ئارادا نییە.

ئەم پێشهاتانەش لە كاتێكدایە لە ماوەی ڕابردوودا بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی عێراقدا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیبوو و خواستی زۆری لەسەر دروست ببوو.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دادی عیراق راگەیەنراوێکی لەبارەی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە بڵاوکردەوە کە باس لە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری داد بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و دەنگۆی میدیای چەواشەکارن.

دەقی راگەیەنراوەکە:

لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن و پەیجى سوشیال میدیاى دیاری كراو وبەمەبەستی سیاسی و چەواشەكاری هەواڵی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دادیان بڵاوكردۆتەوە، دەمانەوێت ڕایبگەیەنین کە ئەم هەواڵانە سەرلەبەریان ساختەن و دوورن لە ڕاستییەوە.

دووپاتی دەکەینەوە کە ناوبراو بەردەوامە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە رەسمییەکانی خۆی و نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستادا هێچ كێشەیەكی یاسای نەبووە ونیەتی بەڵكو نمونەی فەرمانبەری دڵسۆز و دەستپاكە بە شەهادەتی راپۆرتی دەزگا چاودێرییەكان.

ئەم جۆرە چەواشەکارییانە ئامانجیان تەنها ناوزڕاندنی وەزارەتی داد و لێپرسراوەکانییەتی. بۆیە وەزارەتی داد سکاڵای یاسایی لەسەر هەموو ئەو کەناڵ و پەیج و دەزگایانە تۆمار دەکات کە ئەم هەواڵە ناڕاستەیان بڵاوکردووەتەوە و ڕووبەڕووی یاسایان دەکاتەوە.

 

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی داد

30,6,2026

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی زانیارییەكان لە ناو دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغداد، بەمنزیكانە هەڵمەتی دەستگیركردنی تر دژی گەندەڵكاران لە عیراق ئەنجام دەدرێت و كەسایەتی ناو گروپە چەكدارەكانیش دەگرێتەوە.

دادوەرێك لە دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغداد بە ماڵپەری "عەرەبی جەدید"ی راگەیاند: لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا لەگەڵ ئەو لێپرسراوانەی لەسەر دۆسێی گەندەڵی دەستگیركراون، دانپێدانان هەبووە و ناوی چەندین لێپرسراوی تر ئاشكرا كراوە و بەڵگە خراوەتەڕوو، كە لەنێویاندا سیاسی و لێپرسراوانی دیار لە حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی تێدایە، پەرلەمانتار و سەرۆكی كۆمپانیا و بریكاری وەزیرشی تێدایە، ئامادەكاریشكراوە بۆ دروستكردنی لیستێك لەبارەی ناوی ئەو كەسانەی بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتوون و چوونەتە توركیا و ئیمارات و لوبنان و ئوردن و ئێران، بۆئەوەی لە رێی ئینتەرپولەوە بیانگەڕێننەوە. 

ئەو دادوەرە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە وتیشی: كۆی گشتی ئەو پارەیەی لە دۆسێی گەندەڵی وەزارەتی نەوتدا هەیە، رەنگە بگاتە 750 ملیار دیناری عیراقی، بە پارەی كاش و موڵك و زێڕ و ئۆتۆمبێل و بابەتی تر. 
ئاشكراشیكردووە، لە قۆناغی دووەمی هەڵمەتەكەی عەلی زەیدیدا، چەندین كەسایەتی دیار لە گروپە چەكدارەكان دەگرێتەوە، لەگەڵ چالاكوانانی بواری ئابوری ئەو گروپانە لە سەڵاحەدین و نەینەوا و ئەنبار و بەغداد و بابل و دیالە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك وەزریرانی عیراق رایدەگەیەنێت لە جێبەجێكردنی یاسا و كۆنترۆڵكردنی چەكی بێمۆڵەت بەردەوام دەبن و گەندەڵكارانیش ناپارێزن.

عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت رایگەیاند، پاشگەزنابێتەوە لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، چونكە لە ئێستادا بووەتە هەڕەشە لەسەر بوونی دەوڵەتی عیراق، وتیشی، چەندین لایەن هەن دەیانەوێت بۆ بەتاڵانبردن دەستوەردان لە عیراق بكەن نەك بۆ خزمەتگوزاریی، جەختیشیكردەوە، لاپەڕەیەكی نوێ بۆ عیراق دەنووسنەوە و وەزیری داراییشی راسپاردووە هەژمارێك بكاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەكان.

زەیدی ئاماژەی بەوەشكرد، دوای كۆتاییهاتنی كابینەكەی، خۆی بۆ ویلایەتێكی تر كاندید ناكات و هیچ حزبێكیش دروست ناكات، جەختیشیكردەوە، بەرژەوەندی عیراقییەكانیش پێش هەموو شتێكە و پەیوەندییەكی باش لەگەڵ كۆمەڵی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ بنیاتدەنێن.

لەبارەی هێرشكردنەسەر وڵاتانی كەنداویش زەیدی وتی، لیژنەیان پێكهێناوە تایبەت بەو هێرشانەی دەوترێت لەخاكی عیراقەوە كراونەتەسەر ئەو وڵاتانە، بەڵام تائێستا ئەو بابەتە نەسەلمێندراوە و بە هێزە ئەمنییەكانیشیان وتووە بەرپەرچی هەر هەوڵێك بدەنەوە كە خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەكاردەهێنن، زەیدی ئاشكراشیكرد، دوای سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، سەردانی توركیا و سعودیە و ئێرانیش دەكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی بە میدیا ناوخۆییەكانی عیراقی راگەیاندووە، لە بازگەی عەباس جومای نێوان هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە، دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان پاسفایندەردا گرت كە بڕی چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریكی تێدا شارابووەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پارەكە بەشێوەیەكی لێهاتووانە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا شاردرابووەوە و دوای پشكنینی ورد دۆزراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: راستەوخۆ شۆفێرەكەیان دەستگیركردووە و دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بۆ ئاشكراكردنی سەرچاوەی پارەكە و ئەو شوێنەی بڕیاربووە بۆی بگوازرێتەوە.

ئەوەش لەدوای ئۆپەراسیۆنی هێرشی بەرەبەیان دێت لە رۆژی 28ی ئەم مانگەدا، كە تیایدا بەپێی راگەیاندنی رەسمی حكومەتی عیراق 21 لێپرسراوی باڵای تێدا دەستگیركرا و هەوڵەكان بۆ دەستگیركردنی ئەو لێپرسراوانەی تریش بەردەوامن كە هەڵهاتوون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عیراق و سووریا ڕێككەوتنێكی ستراتیژی ئیمزا دەكەن و نۆژەنكردنەوەی بۆری نەوتی كەركووك_ بانیاس وەك جێگرەوەیەك بۆ گەرووی هورمز دەخەنەڕوو.

ئەمە یەكەم سەردانی بەرپرسێكی باڵای عیراقییە بۆ دیمەشق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە كۆتاییەكانی ساڵی 2024، ئەوەش ڕەنگدانەوەی هەوڵەكانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە بە سەرۆكایەتی عەلی زەیدی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هاوكارییەكان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا، بەتایبەت دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری بانیاس و كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان.

ئامانجی سەرەكی عیراق لەم ڕێككەوتنە، دۆزینەوەی جێگرەوەیەكی ئارام و بەردەوامە بۆ گەرووی هورمز بە مەبەستی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی گرژییە هەرێمییەكان و جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل.

عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاندووە كە دەیانەوێت ئاستی هەناردەی نەوت بگەیەننە حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا، لە كاتێكدا پێش بەرپابوونی ئەم جەنگە، توانای هەناردەی ڕۆژانەی عیراق زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل بووە.

كاراكردنەوەی ئەم بۆرییە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی ئاستی هەناردەكردن.

بۆری نەوتی كەركووك_ بانیاس مێژوویەكی كۆنی هەیەو لە ساڵی 1934 بە تیرەی 12 ئینج و توانای 85 هەزار بەرمیل دروستكرا، دواتر و لە ساڵی 1952 بۆ 16 ئینج فراوانكرا و لە كۆتایی شەستەكانیشدا دوو بۆری 30 بۆ 22 ئینجی لێدرا. 

بەڵام لە ساڵی 1982 بەهۆی پشتیوانیكردنی سووریا لە ئێران لە جەنگی عیراق-ئێراندا، هەناردەكردنەكەی ڕاگیرا. 

لە ساڵی 2007یشدا هەوڵێكی دیكە بۆ دروستكردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی بانیاس كەركوك لە ڕێگەی كۆمپانیایەكی ڕووسی درا، بەڵام لە 2009 بەهۆی گرانی تێچووەوە هەڵوەشایەوە.

ئێستا بۆرییەكە پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی هەمەلایەنە هەیە، لەناو خاكی سووریادا درێژییەكەی 850 كیلۆمەترە و بەتەواوی پێویستی بە كاركردنە. 

لە دیوی عیراقیشەوە بۆرییەكە دوو بەشە، بەشی كەركووك بۆ بێجی كە 120 كیلۆمەترە، كێشەی نییە و بە تیرەی 42 ئینج توانای گواستنەوەی 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە، بەڵام بەشەكەی دیكەی پێویستی بە چاككردنە، وەك ئەوەی محەمەد بەشیر لە ئابی ساڵی ڕابردوودا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری پێشووی نەوتی عیراقدا ئاماژەی پێ دابوو.

ئەم پڕۆژەیە تەنها بۆ عیراق گرنگ نییە، بەڵكو لە ڕووی ئابوورییەوە سوودێكی گەورە بە سوریا دەگەیەنێت، بەو پێیەی دیمەشق ساڵانە بڕی 200 ملیۆن دۆلار وەك كرێی تێپەڕبوونی نەوتەكە لە عیراق وەردەگرێت، ئەمەش پاڵپشتییەكی دارایی باش دەبێت بۆ ئابووری وڵاتەكە لەم قۆناغە نوێیەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەی دژایەتیكردنی گەندەڵكاران دووپات دەكاتەوە.

بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی سەرۆكی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی كۆبوونەوە.

لە راگەیەندراوێكدا، چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەكانی دژایەتیكردنی گەندەڵی و پڕۆسەی ئۆپراسیۆنی بەرەبەیان دوپاتكردەوە.

هاوكات پاڵپشتی و پشتگیریی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری دەربڕی كە دەبێتە هۆی گێڕانەوەی متمانە بە پڕۆسەی سیاسی، هاوكات جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی ئەو هەوڵانە و پاككردنەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت لە گەندەڵكاران و كەمتەرخەمەكان، و ڕاگرتنی بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی كردەوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە کرداری دەستیپێکردووە و لە شەڕی دژ بە گەندەڵیشدا هیچ هێڵێکی سورمان لەسەر دەستگیرکردنی گەندەڵکاران نییە.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە باڵیۆزانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ستراتیژی داهاتووی حکومەتەکەی لەسەر ئاستی ئەمنی، ئابوری و دژایەتیکردنی گەندەڵی خستەڕوو و رایگەیاند، کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە هەنگاوێکی کردارییە و تەنها دروشم نییە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆسەی سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە کرداری دەستیپێکردووە و بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی کە لە 30ی ئەیلوولی داهاتوودا هێزەکانی هاوپەیمانان بە تەواوی لە عیراق دەکشێنەوە.

عەلی زەیدی جەختی کردەوە، حکومەت رێگە بە هیچ کەسێک نادات یاری بە پارە و داهاتی گەلی عیراقەوە بکات، راشیگەیاند، "هیچ هێڵێکی سور لەبەردەم یاساشکێنان و گەندەڵکارانی قوتی گشتیدا نییە، و کار بۆ گێڕانەوەی تەواوی ئەو پارانە دەکەین کە لە قۆناغەکانی پێشوودا بە تاڵان براون."

لە پەیامێکدا بۆ وڵاتانی دەرەوە، سەرۆک وەزیران رەتیکردەوە چاوپۆشی لە تێکدانی سەروەریی عیراق بکرێت و وتی: "عیراق دەکەینە مەڵبەندی پێکگەیشتن نەک ناکۆکی؛ رەتیشیدەکەینەوە هیچ وڵاتێک بە شێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکاندا بکات کە زیان بە سەروەریی وڵات بگەیەنێت."

هەروەها داوای لە کۆمپانیا ئەوروپییەکان کرد پشکداری لە پڕۆژە ئابوری و گەشەپێدانەکانی عیراقدا بکەن، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، پیشەسازی و کشتوکاڵدا، بەو پێیەی حکومەت خەریکی هەموارکردنەوەی یاساکانە بۆ ئاسانکاری گەشەی ئابوری.

لای خۆشیانەوە، باڵیۆزانی یەکێتی ئەوروپا ستایشی پلان و چاکسازییەکانی حکومەتی عیراقیان کرد لە بوارەکانی ئابوری، دژایەتی گەندەڵی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک، و ئامادەیی وڵاتەکانیان بۆ بەستنی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دەربڕی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەسپاکی فیدرالی، ئەمڕۆ دووشەممە، بڕیاری سزادان و بەندکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشوتری دەستەی گشتیی باج و هاوسەرەکەی راگەیاند، ئەمەش لەسەر پاشخانی تێوەگلانیان لە تاوانی سپیکردنەوەی پارەدا.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، بڕیارێکی ئامادەیی  دەرکردووە کە تێیدا سزای 10 ساڵ بەندکردن بۆ (ئوسامە حوسام جەودەت) بەڕێوەبەری گشتیی پێشوتری دەستەی گشتیی باج، و سزای 5 ساڵ و یەک مانگ بەندکردن بۆ هاوسەرەکەی بڕاوەتەوە؛ ئەمەش بەپشتبەستن بە ئەحکامەکانی ماددەی (36) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆر ژمارە 39ی ساڵی 2015.

لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە: بڕیارەکە غەرامەکردنی هەردوو سزادراوەکە بە شێوازی هاوبەش بە بڕی (32,496,107,000) دینار لەخۆدەگرێت، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی (10) خانووبەرە لە بەغدا و (12) خانووبەرە لە تورکیا کە بە ناوی تۆمەتبارەکەوە (هاوسەری بەڕێوەبەرەکە) تۆمارکراون.

هەروەها بڕیارەکە دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە پارە کاشانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، کرێی خانووبەرەکان، زێڕ و زێڕینەکان، لەگەڵ ئەو پارانەی کە لە بانکی کوێتی و بانکەکانی تورکیادا دانراون، دەگرێتەوە.

دەستەی دەسپاکی جەختی کردەوە کە: دادگا، دوای پێداچوونەوە بەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا بەدەست هاتوون، بەڵگەکانی بە تەواو و قایلکەر زانیون بۆ تۆمەتبارکردنیان، بۆیە بڕیاری سەرپێچیکاربوونی سزادراوانی دەرکردووە و سزای بەندکردن و غەرامەکەی بەسەردا سەپاندوون، لەگەڵ بلۆککردنی سەرجەم مۆڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عیراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زنجیرەیەک بڕیار و پێشهاتی نوێی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی خستەڕوو، جەختی لەسەر بەردەوامی پرۆسەی چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی کردەوە.

وتەبێژی حکومەت رایگەیاند: عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رێنمایی وەزارەتی دارایی کردووە بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی تایبەت بۆ تێکردن و کۆکردنەوەی ئەو پارانەی کە لە تێوەگلاوانی دۆسیەکانی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی وەرگیراونەتەوە.

عەبودی جەختی کردەوە، کە حکومەت لەسەر بنەمای پابەندبوونی دەستووری خۆی بۆ پاراستنی مۆڵکی گشتیی بەردەوام دەبێت و روانگەیەکی گشتگیری هەیە بۆ چاکسازیی دامەزراوەیی. 

سەبارەت بە کارنامەی دژە گەندەڵیش وتی: گێڕانەوەی مۆڵکی گشتیی بەرپرسیارێتییەکە کە لەژێر کاریگەریی کەسەکان و بارودۆخەکاندا نییە و ستراتیژی ئێستامان بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی هاوشێوەی قۆناغەکانی رابردوو نییە.

لە تەوەرێکی تردا، وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی (هێرشی بەرەبەیان) کرد بۆ سەر تۆمەتبارانی گەندەڵی و رایگەیاند: لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا تا ئێستا 21 تۆمەتبار دەستگیرکراون و گەڕان بەدوای تێوەگلاوانی دیکەشدا بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئۆپەراسیۆنەکە بە هیچ شێوەیەک ناوەستێت و دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان حکومەت دەگەیەنێتە چەندین تۆڕی دیکەی گەندەڵی.

حەیدەر عەبوودی وادەی کۆتایی دوو دۆسیەی گرنگی ئەمنی دیاریکرد و رایگەیاند: رۆژی 21ـی 9ـی ئەمساڵ، دوا مۆڵەت دەبێت بۆ رادەستکردنی چەک و لە هەمان کاتیشدا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عیراق.

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا: حکومەتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر داواکارییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە رۆژی 8ی تەمووزی داهاتوودا لە عیراق.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر، عەبودی دڵنیایی دایە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان بەغداد و هەولێر هەیە سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونێکی نەگۆڕ و جێگیر هەیە بۆ دابینکردن و مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی رەوتی حیکمە لەبارەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵاکاران لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پشتیوانیی بکەن.

عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت.

وتیشی، سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە پێویستی بە پاڵپشتییەکی نیشتمانیی بەرفراوان هەیە و پێویستیشە لایەنگیریی سیاسیی پشتگوێبخرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، داوا لە هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کە پشتگیری لە رێڕەوی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانی بکەن، تاکو کولتووری دەستپاکی و لێپرسینەوە بچەسپێنن، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بنیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەر کە لەسەر بنەمای یاسا بنیادنرابێت و ماف و سامانی هاووڵاتیان تێیدا پارێزراو بێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیرانی دارایی عیراق و هەرێم لە بارەی داهاتی نانەوتی و سیستەمی ئەسیكۆدا لە كۆبوونەوەدان.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، ئاوات جەناب نوری  وەزیری دارایی هەرێم و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەفدی یاوەری لەگەڵ فالح ساری وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ بە ئامادەبوونی خالید شوانی وەزیری دادی عیراق لە بەغداد لە كۆبوونەوەدان.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەفدەكەی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ تاوتوێی داهاتی نانەوتی و جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لەدەروازە سنوریەكان دەكەن.

وتیشی، ئەگەر بێتو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق لەسەر بڕی داهاتی نانەوتی بگەنە رێككەوتن ئەوە ئەگەری زۆرە لەم هەفتەیەدا موچەی موچەخۆرانی هەرێم رەوانەبكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا هاتووە، حکومەت گەندەڵکاران دەستگیردەکرێن و چەکیش تەنها لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت.

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، هەرکەسێک کە دەستی هەبووە لە دزین یان بەهەدەردانی سامانی گشتیی عیراق، دەستگیردەکرێت و ئەوەی تائێستاش بینراوە، تەنها قۆناغی یەکەمی پاکتاوکردنی گەندەڵکارانە.

وتیشی، بەتەواوی هەوڵیانەوە کاردەکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی عیراق و لە هیچ هەڵە و کەمتەرخەمی و تاوانێک بێدەنگ نابن.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، حکومەتی عیراق لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە و هەوڵی تەواوەتی خۆشی دەدات بۆئەوەی چەک بەتەنها لە دەستی دەوڵەتدا بمێنێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار 'عەدنان جومەیلی' بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، لەسەر بنەمای بەڵگەکان بەردەوامن؛ لە قۆناغەکانی داهاتوودا رێکاری یاسایی توند بەرانبەر چەندین کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسی دیکەش دەگیرێتەبەر.

دادوەر زیا جەعفەر دادوەری لێكۆڵینەوەی دادگای ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، رایگەیاند: لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەی (عەدنان جومەیلی) لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە دەستی پێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی چەندین زانیاری گەیشتنە دادگا لەسەر ئەوەی ژمارەیەک کەس، بە پاڵپشتیی کەسایەتیی باڵای حکومەتی پێشوو، سامان و داهاتی دەوڵەتیان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای چەندین مانگ لە کۆکردنەوەی بەڵگە و دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی، دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تێوەگلاون لە قۆستنەوەی گرێبەستە حکومییەکان بە شێوازی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ بەدەستهێنانی پارە و بەرژەوەندیی شەخسی، ئەمەش وایکردووە دادگا داوای لادانی پارێزبەندییان بکات.

دادوەر زیا جەعفەر ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر داوای دادگا، سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی دەسەڵاتە یاساییەکانی، بڕیاری لادانی پارێزبەندیی بۆ پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکان دەرکردووە، دەستبەجێ بە هاوکاریی دەستەی دەستپاکی و هێزە ئەمنییەکان، و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆک وەزیران، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پەرلەمانتارەکان جێبەجێ کراوە و دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و بەڵگەی تاواندا گیراوە، لە کاتێکدا چەند پەرلەمانتارێکی تری تۆمەتبار هێشتا رایانکردووە و دەستگیر نەکراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ، لە کۆشکی سەلام لە شاری بەغداد، پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، کۆمەڵێک دۆسیە و پرسی پەیوەندیدار بە کاروباری ناوخۆیی و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، بە ئامانجی پشتگیریکردن لە لێکتێگەیشتنەکان کە یەکڕیزیی وڵات بەهێزتر دەکات و مافی سەرجەم هاوڵاتیان دەپارێزێت.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگیی قۆستنەوەی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانە کرد کە پێشتر بەدی هاتوون، لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆی بەرپرسانە بە شێوازێک کە متمانەی قۆناغەکە زیاتر بکات و ژینگەیەکی لەبار بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بڕەخسێنێت؛ تا ئەو لێکتێگەیشتنانە وەربگێڕدرێنە سەر هەنگاوی کرداری کە هاوکاربن لە چارەسەری دۆسیەکان و پاڵپشتیکردنی پلانەکانی سەقامگیری و گەشەپێدان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موقتەدا سەدر پشتگیریی ئۆپراسیۆنەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات و دەڵێت؛ بەردەوام بە لە راوەدونانی گەندەڵكاران لە هەر پێگەیەك بن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایكرد، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمیانی شیعە، پەیامێكی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە و تێیدا پشتگیریی بۆ رێوشوێنە حكومییەكان بە مەبەستی راوەدونان و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوانی دۆسێكانی گەندەڵی راگەیاندووە.

سەدر لە پەیامەكەیدا جەختی لەپێویستی بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنەكان كردووەتەوە، بۆ لەناوبردنی سەرجەم گەندەڵكاران بە بێ گوێدانە پێگەی سیاسی یان پۆستی حكومی.

پەیامەكە جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون لە رێوشوێنە یاساییەكانیش لە دژی تۆمەتبارانی گەندەڵی كردووەتەوە، بە شێوەیەك هێز بداتە هەوڵەكانی دەوڵەت بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و لێپرسینەوە لەوانەی بەرپرسیارن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...3031323334...491