عەلی زەیدی: دوای ئەمریكا سەردانی توركیا و سعودیە و ئێران دەكەم
لاڤە
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرۆك وەزریرانی عیراق رایدەگەیەنێت لە جێبەجێكردنی یاسا و كۆنترۆڵكردنی چەكی بێمۆڵەت بەردەوام دەبن و گەندەڵكارانیش ناپارێزن.
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت رایگەیاند، پاشگەزنابێتەوە لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، چونكە لە ئێستادا بووەتە هەڕەشە لەسەر بوونی دەوڵەتی عیراق، وتیشی، چەندین لایەن هەن دەیانەوێت بۆ بەتاڵانبردن دەستوەردان لە عیراق بكەن نەك بۆ خزمەتگوزاریی، جەختیشیكردەوە، لاپەڕەیەكی نوێ بۆ عیراق دەنووسنەوە و وەزیری داراییشی راسپاردووە هەژمارێك بكاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەكان.
زەیدی ئاماژەی بەوەشكرد، دوای كۆتاییهاتنی كابینەكەی، خۆی بۆ ویلایەتێكی تر كاندید ناكات و هیچ حزبێكیش دروست ناكات، جەختیشیكردەوە، بەرژەوەندی عیراقییەكانیش پێش هەموو شتێكە و پەیوەندییەكی باش لەگەڵ كۆمەڵی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ بنیاتدەنێن.
لەبارەی هێرشكردنەسەر وڵاتانی كەنداویش زەیدی وتی، لیژنەیان پێكهێناوە تایبەت بەو هێرشانەی دەوترێت لەخاكی عیراقەوە كراونەتەسەر ئەو وڵاتانە، بەڵام تائێستا ئەو بابەتە نەسەلمێندراوە و بە هێزە ئەمنییەكانیشیان وتووە بەرپەرچی هەر هەوڵێك بدەنەوە كە خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەكاردەهێنن، زەیدی ئاشكراشیكرد، دوای سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، سەردانی توركیا و سعودیە و ئێرانیش دەكات.



