عەلی زەیدی: کۆنتڕۆڵکردنی چەک تەنها دروشم نییە و هێڵی سورمان لەسەر دەستگیرکردنی گەندەڵکاران نییە
محەمەد رزگار
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرۆک وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە کرداری دەستیپێکردووە و لە شەڕی دژ بە گەندەڵیشدا هیچ هێڵێکی سورمان لەسەر دەستگیرکردنی گەندەڵکاران نییە.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە باڵیۆزانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ستراتیژی داهاتووی حکومەتەکەی لەسەر ئاستی ئەمنی، ئابوری و دژایەتیکردنی گەندەڵی خستەڕوو و رایگەیاند، کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە هەنگاوێکی کردارییە و تەنها دروشم نییە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆسەی سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە کرداری دەستیپێکردووە و بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی کە لە 30ی ئەیلوولی داهاتوودا هێزەکانی هاوپەیمانان بە تەواوی لە عیراق دەکشێنەوە.
عەلی زەیدی جەختی کردەوە، حکومەت رێگە بە هیچ کەسێک نادات یاری بە پارە و داهاتی گەلی عیراقەوە بکات، راشیگەیاند، "هیچ هێڵێکی سور لەبەردەم یاساشکێنان و گەندەڵکارانی قوتی گشتیدا نییە، و کار بۆ گێڕانەوەی تەواوی ئەو پارانە دەکەین کە لە قۆناغەکانی پێشوودا بە تاڵان براون."
لە پەیامێکدا بۆ وڵاتانی دەرەوە، سەرۆک وەزیران رەتیکردەوە چاوپۆشی لە تێکدانی سەروەریی عیراق بکرێت و وتی: "عیراق دەکەینە مەڵبەندی پێکگەیشتن نەک ناکۆکی؛ رەتیشیدەکەینەوە هیچ وڵاتێک بە شێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکاندا بکات کە زیان بە سەروەریی وڵات بگەیەنێت."
هەروەها داوای لە کۆمپانیا ئەوروپییەکان کرد پشکداری لە پڕۆژە ئابوری و گەشەپێدانەکانی عیراقدا بکەن، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، پیشەسازی و کشتوکاڵدا، بەو پێیەی حکومەت خەریکی هەموارکردنەوەی یاساکانە بۆ ئاسانکاری گەشەی ئابوری.
لای خۆشیانەوە، باڵیۆزانی یەکێتی ئەوروپا ستایشی پلان و چاکسازییەکانی حکومەتی عیراقیان کرد لە بوارەکانی ئابوری، دژایەتی گەندەڵی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک، و ئامادەیی وڵاتەکانیان بۆ بەستنی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دەربڕی.



