حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عیراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زنجیرەیەک بڕیار و پێشهاتی نوێی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی خستەڕوو، جەختی لەسەر بەردەوامی پرۆسەی چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی کردەوە.

وتەبێژی حکومەت رایگەیاند: عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رێنمایی وەزارەتی دارایی کردووە بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی تایبەت بۆ تێکردن و کۆکردنەوەی ئەو پارانەی کە لە تێوەگلاوانی دۆسیەکانی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی وەرگیراونەتەوە.

عەبودی جەختی کردەوە، کە حکومەت لەسەر بنەمای پابەندبوونی دەستووری خۆی بۆ پاراستنی مۆڵکی گشتیی بەردەوام دەبێت و روانگەیەکی گشتگیری هەیە بۆ چاکسازیی دامەزراوەیی. 

سەبارەت بە کارنامەی دژە گەندەڵیش وتی: گێڕانەوەی مۆڵکی گشتیی بەرپرسیارێتییەکە کە لەژێر کاریگەریی کەسەکان و بارودۆخەکاندا نییە و ستراتیژی ئێستامان بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی هاوشێوەی قۆناغەکانی رابردوو نییە.

لە تەوەرێکی تردا، وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی (هێرشی بەرەبەیان) کرد بۆ سەر تۆمەتبارانی گەندەڵی و رایگەیاند: لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا تا ئێستا 21 تۆمەتبار دەستگیرکراون و گەڕان بەدوای تێوەگلاوانی دیکەشدا بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئۆپەراسیۆنەکە بە هیچ شێوەیەک ناوەستێت و دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان حکومەت دەگەیەنێتە چەندین تۆڕی دیکەی گەندەڵی.

حەیدەر عەبوودی وادەی کۆتایی دوو دۆسیەی گرنگی ئەمنی دیاریکرد و رایگەیاند: رۆژی 21ـی 9ـی ئەمساڵ، دوا مۆڵەت دەبێت بۆ رادەستکردنی چەک و لە هەمان کاتیشدا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عیراق.

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا: حکومەتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر داواکارییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە رۆژی 8ی تەمووزی داهاتوودا لە عیراق.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر، عەبودی دڵنیایی دایە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان بەغداد و هەولێر هەیە سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونێکی نەگۆڕ و جێگیر هەیە بۆ دابینکردن و مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانیان.