ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار 'عەدنان جومەیلی' بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، لەسەر بنەمای بەڵگەکان بەردەوامن؛ لە قۆناغەکانی داهاتوودا رێکاری یاسایی توند بەرانبەر چەندین کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسی دیکەش دەگیرێتەبەر.

دادوەر زیا جەعفەر دادوەری لێكۆڵینەوەی دادگای ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، رایگەیاند: لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەی (عەدنان جومەیلی) لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە دەستی پێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی چەندین زانیاری گەیشتنە دادگا لەسەر ئەوەی ژمارەیەک کەس، بە پاڵپشتیی کەسایەتیی باڵای حکومەتی پێشوو، سامان و داهاتی دەوڵەتیان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای چەندین مانگ لە کۆکردنەوەی بەڵگە و دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی، دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تێوەگلاون لە قۆستنەوەی گرێبەستە حکومییەکان بە شێوازی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ بەدەستهێنانی پارە و بەرژەوەندیی شەخسی، ئەمەش وایکردووە دادگا داوای لادانی پارێزبەندییان بکات.

دادوەر زیا جەعفەر ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر داوای دادگا، سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی دەسەڵاتە یاساییەکانی، بڕیاری لادانی پارێزبەندیی بۆ پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکان دەرکردووە، دەستبەجێ بە هاوکاریی دەستەی دەستپاکی و هێزە ئەمنییەکان، و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆک وەزیران، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پەرلەمانتارەکان جێبەجێ کراوە و دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و بەڵگەی تاواندا گیراوە، لە کاتێکدا چەند پەرلەمانتارێکی تری تۆمەتبار هێشتا رایانکردووە و دەستگیر نەکراون.