عیراقعیراق

ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز، لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە گواستییەوە، رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم، رەوانەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی رەزامەندی کۆتایی لەسەر بدرێت و پێدەچێت رۆژی دووشەممەش رێککەوتنەکە لەلایەن لایەنێکی رەسمییەوە پشتڕاست بکرێتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تورکیا دەیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جیھان، دۆسیەی دووەمی ناوبژیوانی پەیوەست بە رێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣ کە لە ساڵی ٢٠١٨وە بە کراوەیی ماوەتەوە، یەکلایی بکرێتەوە و ئەوش پێدەچێت نزیکەی دوو ساڵ بخایەنێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، تا ئێستا تورکیا لە رێککەوتنی سەرەتایی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق ئاگادار نەکراوەتەوە و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەمار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بەھای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ھەنگاو بەھەنگاو دادەبەزێت و چەندین ھەنگاویشی بۆ ئەو مەبەستە گرتوەتەبەر.

خەڵەف راشگەیاندووە، لەگەڵ یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی عێراق و ژمارەیەک بازرگاندا گفتوگۆیان لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانە کردوە کە دینە بەردەم ھەوڵەکانی دابەزاندنی بەھای دۆلار.

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی دووپاتیشیکردووەتەوە، ژمارەیەک رێکاری نوێ رادەگەیەنن کە کێشەکان چارەسەر دەکەن و ئاسانکاریی دەکەن لە دەستکەوتنی دراوی بیانیدا. ئەوەشی ئاشکراکرد، عێراق پێویستی بەوە نییە بانکی نوێ دابمەزرێنێت، بەڵکو پێویستی بە کاراکردنی بانکەکانی ئێستایە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھاوپەیمانی عەزم لە راگەیەنراوێکدا داوای لە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە پەلە بکات لە گواستنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ لیژنەی دارایی تاکو تاوتوێ بکرێت و بخرێتە بەرنامەی نزیکترین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

راشیگەیاندووە، پڕۆژەیاسای بودجە  گرنگییەکی گەورە و ھەستیاری ھەیە لە پەیوەست بە ژیانی ھاووڵاتیان، بۆیە پەسەندکردنی کاریگەری ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئیداری ھەیە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە رۆژی ١٦ی ئادارەوە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە و تائێستا لە نوسینگەی محەمەد حەلبوسییە و نەدراوەتە لیژنەی دارایی.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەسەر داوای جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا، سودانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەشداری لە لوتکەی لەپێناو دیموکراسی کرد و رایگەیاند، عێراق ئەزمونێکی دوورودرێژی لە خەباتکردن ھەیە و گەلەکەی قوربانی زۆریداوە لەپێناو بەدەستھێنانی ئازادی کە چەندین ساڵ بوو دیکتاتۆرییەت لەنێو زیندانەکان، ستەم و چەوساندنەوە گۆشەگیری کردبوو.

راشیگەیاند، حکومەتەکەی چەند کارێکی لە پێشینەی ھەیە لە پێش ھەموویانەوە دۆسیەی پتەوکردنی دیموکراسی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ھیچ کاریگەرییەکی سیاسی لەسەر حکومەتەکەی نییە لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تیمێکی گەڕان و رزگارکردنی سەربە بەرگری شارستانی پارێزگای نەینەوا لە ناوچەی مەیدانی سەربە شاری موسڵ، ١٢ تەرمیان دۆزیوەتەوە کە ناسنامەیان ئاشکرا نییە.

راشیگەیاند، تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادی موسڵ کراون بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی.

دۆزینەوەی ئەو تەرمانە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا چەکدارانی داعش شاری موسڵ و دەوروبەریان داگیرکرد و ماوەی سێ ساڵ لەو شارە مانەوە، لە دوای ئازادکردنی موسڵیش چەندین تەرم و گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مالکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رەوتی سەدری پەراوێز نەخستووە و ھیچ کاتێک نیازی لەو شێوەیەیان نەبووە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر کەسێک نەیارێتی یاخود ناکۆکی سیاسی ھەیە لەگەڵیدا و دەیەوێت پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە، دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکات و ئامادەی ئاشتبوونەوەیە لەپێناو وەلانانی ناکۆکییەکان، بە رەوتی سەدریشەوە. 

ھاوکات مالکی سەبارەت بە تێپەڕاندنی یاسای سانت لیگۆی ھەڵبژاردنەکان وتی، پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و ناڕازییەکان بەو رەفتارەی کردیان لە دژی یاساکە، گەورەترین پێشێلکارییان بۆ سەر دیموکراسییەت ئەنجامدا. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی  ٢٦ی٤ی ٢٠١٦دا کە تایبەت بوو بە ھەمواری یاسای ئەنجومەنی وەزیران، سەلیم جبور سەرۆکی ئەوکاتەی ئەنجومەنەکە ھێزی ھێنایەناو پەرلەمان بۆ رێگریکردن لە ناڕەزایی ئەو پەرلەمانتارانەی دژی ھەموارەکە بوون، دواتریش دادگای فیدڕاڵی کۆبوونەوەکەی ھەڵوەشاندەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی ٢٧ی ئەم مانگەش ھاوشێوە ئەو کۆبوونەوەیە پێشێلکاری دەستوری کرا، چونکە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رێگری لە پەرلەمانتارانی ناڕازی کرد بۆچوونی خۆیان بڵێن و دەنگ لەسەر یاسای ھەڵبژاردنەکان بدەن، بۆیە ئەگەر سکاڵا تۆماربکرێت پێدەچێت دادگای فیدڕاڵی دانیشتنەکە و یاسای ھەڵبژاردنەکانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.

سەرەڕای ناڕەزایی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکان، ئەوەش نیگەرانی فراکسیۆنی یەکێتی و چەند فراکسیۆنێکی دیکەی بەدوای خۆیدا ھێنا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کۆبووەتەوە و باسیان لە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کرد.

ھاوکات سەرۆکوەزیران پشتیووانەکانی حکومەتی بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ رێکخستنی ئەو ھەڵبژاردنە دەربڕی و راشیگەیاند، سەرجەم پارێزگارەکانی راسپاردووە پشتیووانی لە کۆمیسیۆن بکەن.

رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگیدا لەسەر دیاریکردنی رۆژی شەشی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە


بە پێی فەرمانێکی پەرلەمانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ١٥ رۆژی مۆڵەتی بەخۆی بەخشیوەکەلە سێی نیسانەوە مۆڵەتەکەی دەستپێدەکات.

ھاوکات محەمەد مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی راسپاردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەدواداچوونی کاری لیژنەکان بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ.

ئەوەش لەکاتێکدایە حەلبوسی ماوەی دوو ھەفتەیە پرۆژە یاسای بودجەی لە نوسینگەکەی ھێشتۆتەوە و رەوانەی لیژنە تایبەتمەندەکانی نەکردووە،  لە سەر بەڕێوەبردنی دواین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ دەنگدان لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کە بانگی ھێزەکانی پاراستنی پەرلەمانی کرد بۆ دەرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتاری ناڕەزایی رووبەرووی رەخنەی توند بوویەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید ، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و بەشێک لە ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەکردووە، دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز زامنی ئەوەدەکات کە عێراقییەکان بە یەکسانی و دادپەروەری  سودمەندبن لە سامانی نیشتمانی خۆیان کە موڵکی گەل و نەوەکانی داھاتووە، ھەروەھا دەبێتە پاڵپشتێک بۆ زیاتر بە پیشەسازیکردنی نەوت و غاز.

لای خۆیەوە سەرۆک و ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیانکردەوە لەوەی کاردەکەن بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز کە ساڵانێکە لە ئەنجومەنی نوێنەران راگیراوە و خواستێکیش لەنێو زۆربەی پێکھاتەکاندا ھەیە بۆ تێپەراندنی.

ھاوکات سەبارە بە دۆسیەی ئاویش، سەرۆککۆمار کە ھەفتەی رابردوو بەشداری کۆنفرانسی ئاوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە نیویۆرک کرد، وتی، مەترسییەکانی کەمبوونەوەی ئاو کاریگەری لەسەر ژیان و بژێوی ھاوڵاتیان بە گشتی دروستکردووە، بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا وڵاتان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر کەمی ئاو و گۆڕانی کەشوھەوادا پشتیوانی عێراق بکەن.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عاسم جیھاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت پابەندن بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو ھەناردەیە بۆ ھەموو عێراق زۆر گرنگە.

راشیگەیاند، ئامانجی عێراق زیادکردنی داھاتە نەوتییەکانە، جا لە ڕێی کێڵگەکانی باشور و ناوەڕاستەوە بێت یاخود کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان، وەفدێکی ھەرێمی کوردستانیش سەردانی بەغدادیان کردووە و گفتوگۆیان کردووە لەپێناو خێرا دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ھەناردەکردن. 

بە وتەی عاسم جیھاد، دواکەوتنی ھەناردەکردن زیان بە ئابوری نیشتمانی و پڕۆژەیاسای بودجە و داھاتی نەوت دەگەیەنێت، لەگەڵئەوەشدا حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت و ھەرێمی کوردستانیش پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس. 

 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویانکردەوە، دەرەنگانی شەوی رابردوو چەند چەکدارێکی نەناسراو ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک لە ناوچەی "تەحویلە" لە قەزای خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە، بەھۆیەوە سێ کەس کوژران، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن و دایک و باوک و کوڕێکن و کوڕێکی دیکەشیان بریندارە.  تەمەنی کوژراوەکانیش لە نێوان ١٧ بۆ ٤٢ ساڵدایە.    

بە پێی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەو ناوچەیەی ھێرشەکەی تێدا روویداوە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدایە، لە ئێستاشدا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکھێندراوە و گوماندەکرێت کە ھێرشەکە تاوانکاری بێت نەک کێشە و ناکۆکی مەزھەبی. 

لە ماوەی رابردووشدا پارێزگای دیالە روبەڕوی ھێرشی چەکداری بووەوە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی بە ھۆکاری ناکۆکی مەزھەبی.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وریا سەعدی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و ئەوان تەواوی بەڵگەکانیان پێشکەشکردووە، بڕیاری کۆتاییش بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە لای دادگا دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامادەی دانیشتنەکەی سبەینێ دەبن.

تا ئێستا پێنج جار دادگای فیدراڵی عێراق، سەبارەت بە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەتەوە و ھیچ بڕیارێک نەدراوە، دوایین کۆبوونەوەش لە ١٥ی ئادار بوو، کە دانیشتنەکە بۆ ٢٩ی ئادار دواخرا.

سکاڵاکە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە، کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (٥ و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ داھاتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند، کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت لە سەرجەم پارێزگاکان چارەسەرکرا و داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات سەردانی ناوەندەکانی پاسپۆرت بکەن.

ریاز کەعبی، بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە چارەسەرکرا و کۆتایی هاتووە و داوا لە هاوڵاتییان دەکات سەردانی ناوەندەکانی پاسپۆرت بکەن بۆ وەرگرتنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت.

زیاتر لە دوو مانگە بەھۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت و چەند گرفتێک لە کارگەی بەرھەمھێنانی دەفتەری پاسپۆرت لە بەغداد، پرۆسەی دەرکردنی پاسپۆرت لە سەرانسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان راگیراوە.

لەئێستا وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەوروپی کردووە بۆ بەرھەمھێنانی دەفتەری پاسپۆرت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی راگەیاندنی عێراقی راگەیاندوە، یەدەگی بانکی ناوەندی پەیوەستە بە داھاتی نەوت، چونکە سەرچاوەیەکی سەرەکی یەدەگی بانکەکەیان دراوی بیانییە، بۆیەش یەدەگی بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی رێکارە نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی بە سێ قۆناغ ژمارەیەک بڕیاری بۆ جێگیرکردنی نرخی دراو دەرکرد، لەئێستادا نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی جێگیری بەخۆیەوە بینیوە.

لەبارەی یەدەگی بانکی ناوەندییش، مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رەوشی دارایی عێراق لە قۆناغێکی راگوزەردایە و ژمارەیەک ئامانج لەخۆدەگرێت، یەکێک لەوانە دابەزاندنی بەھای دۆلارە لە ھەزار و ٤٥٠ دینارەوە بۆ ھەزار و ٣٠٠ دینار.

راشیگەیاند، رەوشی ئابووریی عێراق بەرەو باشبوون دەچێت و لەئێستاشدا یەدەگی بانکی ناوەندی گەیشتووەتە نزیکەی ١١٥ ملیار دۆلار، کە ئەوە گەورەترین یەدەگە لە مێژووی عێراقدا.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێگەی رەسمی دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر کۆببێتەوە، بەڵام بڕیاردانی لەسەر دۆسیەکە بۆ شەشەمینجار دواخست بۆ ١٦ی نیسانی داھاتوو.

سەبارەت بە سکاڵاکە، داواکراوە سکاڵالێکراو پابەندبکرێت بەپێدانی بڕی ئەو پارەیەی لەبەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە وەریگرتووە، کە داوای پارەی ١٧ ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکرێت کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق و ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢١ دەگرێتەوە.

پێشتریش کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم رایگەیاندبوو، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق قسەیان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەوەی رابردوو رۆشت و لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە پارەکەیان بۆ دەنێرن. بەڵام وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت، لە ٢٠٠٤_ەوە تائێستا ھەرێم ھیچ بڕێک پارەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ عێراق و بەوەش ئەو پارەیە لای ھەرێم کەڵەکە بووە، کە بڕەکەی زیاترە لە ١٧٠ ملیار دینار. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...262263264265266...458