پەرلەمانتارانی مەسیحی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، پێکھاتەی مەسیحی ھەمیشە لەبیرکراو و پەراوێزخراو بووە لە نێوان کوتلە گەورەکاندا، پارتی مەسیحییەکانی ھەرێمی کوردستانی خستبووە ژێر ھەژمونی خۆی و لە ڕابردووشدا نوێنەرایەتی مەسیحییەکانی زەوتکردبوو، کاتێکیش بزوتنەوەی بابلیون لە دەشتی نەینەوا بە تەنھا ڕووبەڕووی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بووەوە بارزانی بەجێیھێشتن و فرۆشتنی بە دڕندەکانی سەردەم.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، تەوقەیان لەگەڵ نوری مالکی کرد و چونە پاڵ ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، بەڵام ئەوانیش غەدریان لێکردن و پەراوێزیان خستن و لەسەرەتای ڕێگادا مەسیحییەکانیان فرۆشت، ئێستاش بۆ سەپاندنی ھێز و دەسەڵاتی پارتی بەسەر نوێنەرانی مەسیحی و ھەوڵدان بۆ زەوتکردنی دوو کورسی تایبەت بە مەسیحییەکان، لە نیوە شەودا و بە ڕوو قایمییەوە، بەبێ دەنگدان و دوور لە کۆدەنگی، یاسا و ماددەی دووەمی دەستوریان پێشێلکرد و بە ئارەزووی خۆیان کڕین و فرۆشتنیان کرد.
پەرلەمانتارە مەسیحییەکان جەختیشیان کردووەتەوە، زانراوە کە زۆرێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی یاسای ھەڵبژاردنیان ڕەتکردوەتەوە چونکە پێچەوانەی ئیرادەی مەرجەعیەتە، بۆیە رایدەگەیەنین کە یاسا دەکەنە ناوبژیوانی نێوان خۆیان و بارزانی و مالیکی، ئەگەر ئەوانیش پێیانوایە مەسیحیەکان پشتیان نییە و بە ئارەزوی خۆیان دەتوانن یاری بکەن، بە بیریان دەھێننەوە مەسیحییەکان تەنھا ژمارە نین، بەڵکو خاک و مافیان زۆرینەن.
وەزارەتی وزەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەم قوناغەی کەیسی ناوبژیوانیدا چەند ئەندامێکی دەستەی ناوبژیوانی لە کۆی پێنج داوا چوار داوای عێراقیان رەتکردوەتەوە و زۆربەی ھەرە زۆری داواکارییەکانی تورکیا قبوڵ کراون و داوایان لە عێراقیش کردوە لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە تورکیا قەرەبوو بکاتەوە و کێشەکەش پەیوەستە بە ناکۆکییەکی چەندین ساڵەی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەسەر داھاتی نەوت.
راشیگەیاندوە، لەگەڵ عێراق و ھەرێم لە ھەوڵدان بۆئەوەی بە دۆستانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، وەزارەتی وزەی تورکیا ئامادەیی خۆشی دەربڕیووە بۆ پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشکەشکردنی ھەر ھاوکارییەک بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
حەمید رەزا محەمەدی، سەرپەرشیاری مەزارە پیرۆزەکانی لە رێکخراوی حەج و گەشتی ئێران رایگەیاند، سەردانی گەشتیارانی ئێران بۆ مەزارگە و ناوچە پیرۆزەکانی عێراق بە رێژەی ٧٠ زیادیکردووە، لە ١٥ ئەم مانگەوە تائێستا زیاتر لە ٤٥٠ کاروانی گەشتیاریی لە ئێرانەوە گەیشتوونەتە عێراق.
وتیشی، سەرجەم ئەو گەشتیارانە بە وشکانی و لەرێگەی دەروازەکانی میھران و شەلامچە و خەسرەوییەوە گەشتیان بۆ عێراق کردووە.
فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکانی بەغداد بە ھاوکاری ھێزەکانی دەزگای ھەواڵگری و دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەڵگەی پێویست، لەگەڕەکی کەڕادە تۆمەتبارێکیان لە ناو ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکردووە کە بڕی ٣٦٥ ھەزار دۆلار و ٣١ ملیۆن دیناری پێبووە و بەنیازبووە لەناو بازاڕەکانی بەغداد و شارەکانی تری عێراق ساغیان بکاتەوە.
وتیشی، دراوە ساختەکە، ٣٠٠ ھەزاری لە جۆری ١٠٠ دۆلاری و ٦٥ ھەزارەکەشی لە جۆری پەنجا دۆلاری بووە، دینارەکەش ٢٥ ملیۆنی لە جۆری ٢٥ ھەزاری و ٤ ملیۆنی لە جۆری ١٠ ھەزاری و دوو ملیۆنیشی لە جۆری پێنج ھەزار دیناری بووە.
باران بارینەکە زیقار و نەجەف و بابل و دیوانیە و ئەنبار و واست و میسان و سەڵاحەدینی گرتووەتەوە و لە نەجەف لافاو دروست بووە و ئاستی ئاوی باراناو لە شەقامەکان بەرزبووەتەوەو ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و دوکان و خانووەکان ژێرئاو کەوتوون و زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ھاوکات ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە بە راگرتنی دەوام لەسەرجەم پارێزگاکان بەھۆی خراپی کەشوھەواوە، بێجگە لە دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان.
دەستەی کەشناسی عێراقیش بڵاویکردووەتەوە، شەپۆلی باران بارین تا ئێوارەی دووشەممە بەردەوام دەبێت و بارانەکە لەنێوان مامناوەند تا بەخۆڕ دەبێت.
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی ھاوڵاتیانی کردووە دەڵێت، لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق بەگشتی و پارێزگانی ناوەڕاست و باشوو بەتایبەتی بارانێکی زۆر باریووە و جگە لەوەی بووەتە ھۆی دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە ماڵان و ئاستەنگ بۆ ھاتووچۆ، لە زۆربەی پارێزگاکان کێشە و گرفتی بۆ تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەباش دروستکردووە و بەشێکی زۆری ئەو تاوەرانە بە تەزووی کارەبا بارگاوی بوون.
وەزیری کارەبای عێراق، داواشی لە ھاووڵاتیان کردووە لەپێناو پاراستنی ژیان و سەلامەتییان بە ھیچ شێوەیەک لەو تاوەرانە نزیک نەبووە و خۆیانی لێبپارێزن تا ئەو کاتەی تیمەکانی وەزارەتی کارەبا کێشەکان چارەسەر دەکەن.
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگا و قەزاکانی پەسەندکرد، چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ رایانگەیاند، ھەڕەشەی دەرکردنیان لێکراوە لەسەر ئەوەی دژی یاساکە بوون، لە ناسریەش بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھاوڵاتیان رژانە سەر شەقامەکان لە دژی پەسەندکردنی ئەو یاسایەو داوایان دەکرد ھەڵبوەشێنرێتەوە.
کوتلەی ئیمتیداد، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەسەر ھێنانەناوەوەی ھێزی ئەمنی بۆ ناو ھۆڵی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و کردنەدەرەوەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و ناڕازی لە یاسای ھەڵبژاردن، لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵا لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمار دەکەن.
عوسمان غانمی، وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، چەند دۆسێیەکی تایبەت بە گەندەڵی ئاشکراکردووە و باسی لەوەشکردووە کە بەڵگەی راست و دروست و باوەڕپێکراویشی لەلایەن بۆ سەلماندنی ئەو گەندەڵییانە لەبەردەم دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
دوای چاپێکەوتنەکە دەستەی دەستپاکی عێراق، پەیامێکی ئاراستەی عوسمان غانمی، وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق کردووە و داوای لێکردووە بچێتە بەردەم بەڕێوەبەری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی و بەڵگەکانی رادەست بکات، یاخود وەفدێکی دەستەکە دەچنە ماڵەکەی بۆئەوەی بەڵگەکانی لێوەربگرن و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی ئاشکرایکردووە، فرۆکە جەنگییەکانی عێراق چوار ھێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە و بەھۆیانەوە سێ چەکداری داعش کوژراون.
فەرماندەیی ھەڵمەتە ھاوبەشەکانیش ئاشکرای کردووە، ھێرشەکان لەبەر رۆشنایی زانیاریی وردی ھەواڵگری کراون و ناوچەکانی دەوروبەری دەریای حەمرین و شاخی حەمرینیان کردوەتە ئامانج.
ھەروەک ئاماژە کراوە بەوەی کە تیرۆریستانی لە ناوچەیەکی سنووری نێوان پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، کەرکوک، نەینەوا، سەڵاحەدین مەترسی ئەمنییان دروست کردوە.
نوسینەگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، متمانەیان بە رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق نییە و لە رێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیویانە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لێپرسراوی باڵای حکومی پێشوو دەرکراوە، کە ئەوەش لە چوارچێوەی پاکتاوکردنی ھەموو ئەو کەسانەیە کە لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراقدا کاریان کردووە، ھەر بۆیە دەبێت ئەم تۆمەتانە لە لایەن لیژنەیەکی نێودەوڵەتییەوە دوور لە دەمارگیری چارەسەر بکرێن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لە نزیکەوە ئاگادارە کە عێراق بەدەست کەمیی ئاو و نزمیی ئاستی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فوراتەوە دەناڵێنێت کە کاریگەرییان لەسەر ژیان و رەوشی ژینگەیی دروستکردووە، پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی بۆ عێراق و ھەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قەیرانی ئاو و گۆڕانی کەشوھەوا و کاردانەوەکانیان لەسەر ژیانی گشتی دووپاتکردەوە.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بە ھەنگاوی جدی حکومەتی عێراق کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ مەسەلەی ئاو و دووپتی کردەوەـ بۆ ئەو کارانەش چاوەروانی پەسەندکردنی پرۆژەی بودجەی گشتییە.
وتیشی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی کاریگەریان گرتووەتە بەر بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو و شێوازی پاراستنی ئاو بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو لەعێراق.
لە بەرامبەردا وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان ڕێگاخۆشکەر دەبن بۆ چارەسەرکردنی ھەموو گرفتەکانی دۆسیەی ئاوی نێوان ھەردوو وڵات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی عێراق رایگەیاندووە، لەماوەی رابردوودا بە فەرمانی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لیژنەیەک لە چەند لایەنێکی پەیوەندیدار پێکھێنرا بە مەبەستی دیاریکردنی ئەو خانوو، باڵەخانانەی مەترسی روخانیان لەسەرە و دوای تەواوبوونی کارەکانی لیژنەکەش لە بەغداد و پارێزگاکانی تر، بە راپۆرتێک کۆی زانیارییەکان ئاراستەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرا.
راشیگەیاندووە، بە پێی ئەو راپۆرتەی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، لە ئێستا دوو ھەزارو ٥١٧ باڵەخانە لە عێراق کە بەشێکیان یەکەی نیشتەجێبوونن، مەترسی روخانیان لەسەرە ھۆکارەکەشی ئەوەیە بەشێکیان مێژووی دروستکردنیان زۆر کۆنە و بەشێکی تریشیان بەھۆی شەڕەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی نیویۆرک بۆ ئاو بەشداریکرد لە گفتوگۆیەکی راوێژکاری تایبەت بە ھاوکاری نێودەوڵەتی لە بواری ئاو و رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکان لە کۆی ١٥٣ وڵات کە خاوەنی ڕووبار و دەریاچە و ئاوی سەرزەویین، ١٠٧_یان تا ساڵی ٢٠٣٠ بە ئاراستەیەکی ڕاست ھەنگاونانێن بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و تەنھا ٣٢ وڵاتیش ھەن کە ٩٠%_یان ڕێکارەکانی ھاوکاری لەبواری ئاودا پیادە دەکەن.
وتیشی، عێراق رووبەڕووی قەیرانی راستەقینەی ئاو بووەتەوە، بەو پێیەی لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەو ئاوەی لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە دەڕژێت، کە تا ٩٨% ئاوی سەرزەوی بۆ عێراق دابیندەکات، بە ڕێژەی ٣٠%-٤٠% کەمیکردووە و دەبێتە ھۆی وشکەساڵی لە زۆنگاوەکانی باشووری عێراقدا، کە لە لیستی شوێنەواری جیھانیدا ناسێندراون.
سەرۆککۆماری عێراق ھەر لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی نیویۆرک بۆ ئاو، پێشوازیکرد لە شو دونیۆ بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان فاو، لە دیدارەکەشدا سەرۆککۆمار باسی لە گرنگی کاری ھاوبەش کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بە سود وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕێکخراوی فاو لەگەڵ وڵاتانی دیکە.
دادوەر حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، تائێستا لێکۆڵینەوەکان لە دۆسێی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی دەستەی گشتی باجەکان بەردەوامە و چەندین کەسایەتی دیار و گەورەش تێوەگلاون و چەندین تۆمەتباری تریش ماون کە تائێستا دەستگیرنەکراون چونکە دادگا چاوەڕوانی یەکلابوونەوە و ساغبوونەوەی ئەو بەڵگانەیە کە ئاراستەی تۆمەتبارەکان کراوە.
وتیشی، تائێستا ٤٠٠ ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق.
لیژنەی ناوەندی ھەڵبژاردنەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران خۆپیشاندان دەکەن دژی دەنگدان بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و سیستمی سانت لیگۆ و راشیانگەیاند، گەندەڵکاران دەیانەوێت یاسا کۆنەکان بگەڕێننەوە، بۆ ئەوەی زوڵم بکەن و مانەوەی حزبەکانیان مسۆگەربکەن، بەبێ ئەوەی رەچاوی ویستی گەل و مەرجەعیەت بکەن، کە ئەو سیستمە رەتدەکەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، خۆپیشاندانەکە ئێوارە لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەکات و تا دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە لە رۆژی شەممە، بەردەوام دەبێت.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند بڕگە و ماددەیەکی پڕۆژەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرد و رۆژی ٦/١١/٢٠٢٣ی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیاریکرد، بڕیاریشە رۆژی شەممەی داھاتوو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی ماددەکانی دیکەی ھەموارەکە کۆبێتەوە.