(سەباح ساعدی) سەرکردە لە رەوتی سەدر رایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت شەڕی گەلە بۆ چاکسازی لە دژی گەندەڵی و شکستخواردوەکان و مەرجەعیەتیش بەھیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئەو شەڕە ناکات و لێی ناکشێتەوە.
وتیشی، تا ئێستا چوارچێوەی ھەماھەنگی دەستپێشخەرییەکی پێشکەش نەکردووە کە ئامانجەکەی چاکسازی و لەناوبردنی گەندەڵی و گەندەڵکاران بێت، بەڵکو حکومەتێکیان دەوێت کە تەنھا بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکانیان بۆ بەدەستبھێنێت.
ئەو سەرکردەیەی رەوتی سەدر ھۆشداریشدا و وتی، دوای کۆتایی ھاتنی ماوە ٧٢ سەعاتیەکەی موقتەدا سەدر بۆ کشانەوەی سەرجەم لایەنەکان لە ھەڵبژاردنی داھاتوو، سەدر ھیچ جۆر دەستوەردانێک ناکات و بڕیار دەکەوێتە دەستی گەل بەوەی خۆپیشاندان دەکەن یا مان دەگرن.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا رایگەیاندوە، پێشتر بڕیاری دابوو چیتر دەست لە کاروباری سیاسی وەرنەدات، ئێستاش بڕیاری وازھێنانی یەکجاری داوە و سەرجەم دامەزراوەکانی سەر بە رەوتی سەدریش دادەخات.
جگە لە مەزارگە و مۆزەخانەی پیرۆز و دەستەی شوێنەواری سەدر، ئاماژەی بەوەشکردوە، نەجەف ھەر بە گەورەترین مەرجەعی عێراق دەمێنێتەوە.
نوسینگەی موقتەدا سەدریش دوای ئەو بڕیارە رونکردنەوەیەکی سێ خاڵی بڵاوکردەوە و لە یەکەمیاندا ئاماژەی بەوە کردوە، چیتر بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادرێت بەناوی رەوتی سەدرەوە ھیچ کارێکی سیاسی و حکومی بکرێت.
لە خاڵی دووەمیشدا ھاتووە، بەھیچ شێوەیەک رێگە نادرێت لە ئێستا بەدواوە بە ناوی رەوتی سەدرەوە دروشم و راگەیەندراوی سیاسی بڵاوبکرێتەوە، خاڵی سێیەمیش دەڵێت بەھیچ شێوەیەک رێگە نادرێت ھەر ھۆکارێکی راگەیاندن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە بەناوی رەوتی سەدرەوە بەکاربھێنرێن.
ھەر دوای ئەو پەیامەی موقتەدا سەدریش، ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە، سەرجەم ھەژمارەکانی لە ھەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخست و لیژنەی ناوەندی خۆپیشاندانەکانی ناوچەی سەوزیش لە بەغداد کارەکانی ھەڵپەسارد.
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە بەغداد کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، دانوستانی بنیاتنەرانە تاکە رێگەیە بۆ کۆتاییھێنان بە ناکۆکییەکان.
جەختیش دەکەنەوە لە پاراستنی سەقامگیری و رێڕەوی دیموکراسی پشتگیری داواکارییەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەکەن بۆ دەستپێکردنی خولی نوێی دیالۆگی نیشتمانی.
راشیانگەیاندوە، پێویستە ھێزە نیشتمانییەکان بەرپرسیارێتی ئەم رەوشە ھەڵبگرن و شەڕی راگەیاندن رابگیرێت، چونکە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی بەژەوەندییەکانی عێراق دروست دەکات.
کازمی لە تویتێکدا ستایشی بانگەوازی موقتەدا سەدر و ھادی عامری کرد بۆ راگرتنی توندوتیژییەکان و ھەموو ئەو کەسانەش دەکات ھەوڵی ھێورکردنەوە و رێگری لە توندوتیژی زیاتر دەدەن.
کازمی داواشی لە ھەموان کردووە بەرپرسیارێتی نیشتمانی ھەڵبگرن بۆ پاراستنی خوێنی عێراقییەکان.
ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دوایین ھەڵبژاردن و کەمی ڕێژەی بەشداربوون، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی دیکە بۆ ڕازیکردنی لایەنێک ڕەنگە ببێتە ھۆی شێواندن و تێکدانی ئەو پڕۆسە دیموکراسییەی کە لەعێراق ماوە.
باسی لەوەشکردووە، ڕێژەی بەشداری لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی عێراق ٤٣.٥٤% بووە و لە بەغدادی پایتەخت ٣٣.٨٨% بوو، ھەربۆیە ھیچ ھۆکار نییە تاوەکو بڵێن ڕەوشی عێراق پێچەوانەی ئێستا دەکاتەوە و ئەگەرێکی لاواز ھەیە ڕەوشەکە بەرەو پێش ببات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەستوری عێراق خشتەیەکی کاتی بۆ پێکھێنانی حکومەت دیاریکردووە و ھیچ ڕێوشوێنێکی دیکە نییە کە پڕۆسەکە شکستیھێنا ھەڵبژاردنی دووبارە بکرێتەوە، ھەربۆیە فشارەکانی فراکسیۆنێکی پەرلەمانی و شوێنکەوتەکانیان بەشێوەیەکی نادەستوری زیان بە پڕۆسەی دیموکراسی دەگەیەنێت.
ئەنجومەنی ئەوروپا داوش لە سیاسییەکانی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە پشتگیری لە ھەڵبژاردنی پێشوەخت لەعێراق، تەنھا لەبەر ئەوەی فراکسیۆنێک لە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکە ڕازی نییە و ھەڕەشە و تووندوتیژ بەکار دەھێنێت.
فازڵ مەوات، سەرکردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالکی سەرۆکایەتیی دەکات، رایگەیاند، ئەوەی وەزیرەکەی سەدر پێشنیازیکردووە جێبەجێناکرێت، بە تایبەت کە ئەو مەرجە دەستووری و یاسایی نییە و ھیچ شتێکیش نییە رێگە لە بەشداریکردنی ھێزە سیاسییەکان، لە قۆناغی داھاتووی پڕۆسەی سیاسی بگرێت.
وتیشی، ئەوەی وەزیرەکەی سەدر پێشنیازیکردووە، قەیرانی سیاسی قووڵتر دەکاتەوە و چارەسەری ناکات و پەسەند نییە کوتلە و حزبە سیاسییەکان، کە پێگەی جەماوەرییان ھەیە پەراوێز بخرێن.
رۆژی شەممە ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر، رایگەیاند، گرنگتر لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردنی پێشوەخت، بەشدارینەکردنی ھەموو ئەو پارت و کەسایەتیانەیە کە لە دوای ٢٠٠٣وە بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسیدا کردووە، بە رەوتی سەدریشەوە، ئامادەیی خۆیشی پیشاندا، لە ماوەی ٧٢ سەعاتدا رێککەوتنێک ئیمزا بکەن کە ئەو داوایە لەخۆبگرێت.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی کۆبووەتەوە و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیشیان ئەو پێشێلکارییانە بووە کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەرامبەر ئەنجومەنی باڵای دادوەری کران.
ئاماژە بەوەش کراوە، کازمی پشتیوانی حکومەتەکەی بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دوپات کردوەتەوە و راشی گەیاندوە، ھیچ جۆرە پێشێلکاری و کارێکی نایاسایی بەرامبەر دادگاکان و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق قبوڵ ناکەن، بەپێچەوانەشەوە سەرپێچیکاران روبەڕوی سزای یاسایی دەبنەوە.
وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاوی کردەوە، پێشتر وەزارەتەکەیان شایستە داراییەکانی کە وەک قەرز لەسەریان کەڵەکە ببوو داوەتەوە بە ئێران، بۆیە لە ئێستادا لایەنی ئێرانی ڕۆژانە بڕی ٤٥ مەتر سێجا گازی سروشتیان بۆ دابین دەکات، بۆ ئەوەی پێداویستی وێستگەکانی کارەبای پێ پڕ بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی دابینکردنی وزەی پێویست، ژمارەی سەعاتەکانی پێدانی کارەبا بە ھاوڵاتیان زیاتر بووە.
ماوەی چەند ساڵێکە عێراق پشت بە ھاوردەی گازی سروشتی ئێران دەبەستێت، بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا بۆ ھاوڵاتیان و بواری پیشەسازی لە وڵاتەکەیدا.
کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک رایگەیاند، دۆسیەی فۆڕمی خۆراک و بەردەوامبوون و پشتیوانیکردنی، یەکێکە لەکارە ھەرە لەپێشینەکانی حکومەت و پشتیوانی بەردەوامبوونی دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەموو ئەو پەرۆشیانەیان لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکەیە.
کۆمپانیای گشتی خۆراک راشیگەیاندووە، ھەموو سەرەتای مانگێک بێ کێشە بابەتەکانی فۆڕمی خۆراک دەگاتە بریکارەکانی خۆراک، بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەش بکرێت.
کازمی لە کۆنفرانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە بەغداد، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیانگد، ناکۆکییە سیاسییەکان بوونەتە ھەڕەشە لەسەر دەستکەوتە ئەمنییەکان و شیاو نیە کێشە سیاسییەکان بەبێ چارەسەر بمێننەوە، وتیشی، ھەموان بەرپرسیارن لە گەیشتن بە چارەسەری پێویست بۆ کێشەکان، تەنھا رێگەش دانیشتنی ھەموانە لەسەر مێزی دیالۆگی نیشتمانی .
جەختیشی کردەوە، عێراق لە ھەمووان گەورەترە و پێویستە ھەموو لایەک سازش بکەن لەپێناو بەردەوامبوونی چاکسازییەکان.
کازمی راشیگەیاند، دوای تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران، وڵات لەبەردەم دەرفەتی گەورەدایە بۆ بەدیھێنانی گۆڕانکاری ئابوری.
محەمەد حەلبوسی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پشتیوانی خۆی بۆ دیالۆگی نیشتمانی دەربڕی و داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد لە سەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە.
وتیشی، ناکرێت رەوشی وڵات بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوەی ئەمرۆ پێی گەیشتوون پاشەکشەیە لەوەی پێشتر تێیدابوون، ئەگەر حکومەت بودجەی نەبێت لە کۆتایی ئەمساڵدا ناتوانێت ھیچ پارەیەک خەرج بکات.
حەلبوسی بەبێ ئەوەی ناوی رەوتی سەدر بھێنێت رایگەیاند، گروپێکی سیاسی بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دامەزراوەکانی دەوڵەتی پەکخستوە، لەکاتێکدا دەستور رێگەنادات بە پەکخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
لای خۆشییەوە جاسم بەیاتی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ھەڵوێستەکەی حەلبوسی بە درەنگ وەخت ناوبرد و رایگەیاند، حەلبوسی خۆی یەکێک بووە لە پایەکانی پەکخستنی پڕۆسەی سیاسی لە رێگەی ھاوپەیمانی سێ قۆڵییەوە.
بڕیارە ڕۆژی یەک شەممە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە بارەی سکاڵای پەرلەمانتارێکی عێراق کۆببێتەوە کە دژی"مستەفا کازمی"سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمارکراوە و پەیوەندی بە ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدادەوە بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە.
ئەو سکاڵایەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەسەری کۆدەبێتەوە، لەلایەن"مستەفا سەنەد" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆکارکراوە.
لە سکاڵاکەدا داوای کردووە ھەموو ئەو بڕیارانە ھەڵبوەشێندرێنەوە کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی پشتی پێ بەستووە بۆ ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان.
ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر، لە تویتێکدا رایگەیاند، گرنگتر لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردنی پێشوەخت، بەشدارینەکردنی ھەموو ئەو پارت و کەسایەتیانەی کە لە دوای ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسیدا کردووە، بە ھەموو سەرکردە و وەزیری و فەرمانبەر و پلە تایبەتەکانی حزبەکان، بە رەوتی سەدریشەوە.
راشیگەیاند، ئەوە لە جێگەی ھەموو ئەو دەستپێشخەریانەیە، کە ھەندێک بەدوای ئەوەن، لەناویاندا نەتەوەیەکگرتووەکان، ئامادەیی خۆیشی پیشاندا، لە ماوەی ٧٢سەعاتدا رێککەوتنێک ئیمزا بکەن کە ئەو داوایە لەخۆبگرێت، وتیشی نابێت بڵێن دوای ھەڵبژاردنی داھاتوو ئەوە بەدی دەھێنن، بەڵکو ئەگەر ئەو داوایە بەدی نەھێنرێت، ئەوا ھیچ بوارێک بۆ چاکسازی نامێنێتەوە و ئەوکات پێویست ناکات ئەو بە تویت یان ھەر شتێکی تر، دەستوەردان لەو شتانەی بکات کە لە داھاتوودا روودەدەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایکرد ، تەقینەوەکە لەسەر رێگای قادسیە بەرەو ناوچەی سەوز رویداوە و لە رێی بۆمبێکی چێندراوەوە کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی سەر بە باڵیۆزخانەی ئوستراڵیا کراوەتە ئامانج ، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە تەقینەوەکە تەنھا زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە .
بە وتەی ڕیاز حلفی، تای خوێنبەربوون وەرزییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایات کە وەرزەکانی دیکە نامێنێت، حلفی وەزارەتی کشتوکاڵیش تۆمەتباردەکات بەوەی وەک ساڵانی پێشتر ئەمساڵ ھەڵمەتی ڕشاندنی دەرمان دژی نەخۆشییەکە ئەنجامنەداوە و ئەوەش ژمارەی تووشبووەکانی زیاتر کردووە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٨٩ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و ٥٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدانیش لە پارێزگای زیقارە.
رووداوەکانی ھاتووچۆ لە عێراق ڕووی لە ھەڵکشان کردووە و لەماوەی ھەفتەیەکەیدا ٤٣ کەس بە رووداوی ھاتووچۆ بونەتە قوربانی، عێراقیش ریزبەندی پێشوەی وڵاتانی لە تۆمارکردنی رووداوەکانی ھاتووچۆ گرتووە.