وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەنراوێکدا کارپێکردنەوەی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، دۆخی کارەبا لەو پارێزگایانەی کارەبایان لێ بڕدراوە قۆناغ بە قۆناغ ئاسایی دەبێتەوە.

لای خۆیەوە، لیژنەی کارەبا و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لیژنە بۆ بەدواداچوون لە ھۆکاری بڕانی کارەبا لە چەند پارێزگایەکی عێراق پێکھێندراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی تائێستا دەست لیژنەکان گەیشتووە، لە وێستگەیەکی گواستنەوەی پارێزگای بەسڕە ئاگرکەوتووە و ئەوەش لە کارکەوتنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و بڕانی کارەبای لە چەند پارێزگایەک لێکەوتووەتەوە. 

لیژنەی کارەبا و وزە دەڵێت، دوای تەواوبوونی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان لە حاڵەتەکە، سەرجەم ئەو لایەنانەی کەمتەرخەمبوون لە کارەکانیان و بوونەتە ھۆی رووداوەکە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ھەروەھا رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتە.