مقاومەی ئیسلامی لە عیراق وەڵامی داواكارییەكەی هادی عامری دەداتەوە و بڕیاریدا هێرشەكانی بۆسەر سعودیە و ئەمریكا دوابخات.

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر داوای هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر، بڕیاریانداوە هێرشەكانیان بۆسەر سعودیە و ئەمریكا دوابخەن، كە بڕیاربوو بەمنزیكانە ئەنجامی بدەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، خوێنی شەهیدان بەهیچ جۆرێك نەبووە و نابێتە كاڵا لە ململانێ سیاسییەكاندا و پێویستە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا ئەوە بزانن خوێنی شەهیدان بنەمای خۆڕاگریی مقاوەمەی ئیسلامییە.

مقاوەمەی ئیسلامی داوا لە لێپرسراوانی باڵای عیراقیش دەكات پێداچوونەوە بە سیاسەت و هەڵوێستەكانیاندا بكەن و دەشڵێت، سەروەری وڵات بە راگەیەندراوی شەرمنانە وەرناگیرێتەوە، بەڵكو بە گورزی ئەو نیشتمانپەروەرانە وەردەگیرێتەوە كە سازش لەسەر پیرۆزی خاك و كەرامەتی شەهیدان ناكەن.

ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، هادی عامری ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا داوای لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی كرد هێرشەكانی بەرانبەر ئەمریكا و سعودیە رابگرێت.