هۆشدارییەكان لەبارەی پیسبوونی ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فورات زیادیانكردووە و ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە نیازە رێكاری پێویست بگرێتەبەر.

یوسف كلابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەو پیسبوونەی هەردوو روباری دیجلە و فوراتی گرتووەتەوە، كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر ژینگە و تەندروستی هەیە و بەهۆیەوە گەلی عیراق روبەڕووی كۆمەڵكوژییەكی بێدەنگ بووەتەوە كە سەرنجی نەخراوەتە سەر و هیچ كەسێك باسی ناكات.

وتیشی، هەوڵی هاوبەش هەیە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و وەزارەتەكانی ژینگە و سەرچاوە ئاوییەكان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو كارەساتەی ئەو دوو روبارەی گرتووەتەوە، چونكە بووەتە هۆی زیادبوونی توشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەم هەفتەیەدا بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان رێنمایی رەسمی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەچێت بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتێكی نیشتمانی گەورە بە مەبەستی چارەسەركردنی پیسبوونی ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فورات.