جەنگی عیراق و ئێران لە رۆژی 22ـی9ـی1980 دەستیپێکرد، دوای ئەوەی هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر ئێران، عیراق جەنگەکەی ناونابوو، شەڕی قادسییە و ئێرانیش پێی دەوت شۆڕشی بەرگریی پیرۆز.

جەنگەکە، نزیکەی هەشت ساڵی خایاند، کە بە حەوت ساڵ و 11 مانگ و یەك رۆژ لە دوای جەنگی ڤێتنام  بوو بە درێژترین جەنگی سەدەی بیستەم.

دوای ئەو ماوە زۆرە لە جەنگ، بە رەسمی، 38 ساڵ پێش ئێستا  و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ئێران رازی بو بە راگرتنی جەنگەکە.

ئەمەش بوە هۆی وەستاندنی جەنگەکە و گەرچی بە رەسمی هەردوولا زیانەکانیان نەخستوەتەڕوو، کە نزیکەی هەشت ساڵی خایاند، بەڵام هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ژمارەی ئەوانەی ئەم جەنگە کاریگەری لەسەریان هەبوە یەک ملیۆن و 500هەزار کەس زیاتر بون، سەرەڕای ملیۆنان پەنابەر.

کوردستانیش لە هەردوولاوە، رۆژهەڵات و باشور بەدەر نەبوو لەو جەنگە و یەکێک بوو لەو لایەنانەی زۆرترین زیانی بەرکەوت،چونکە بەشێکی زۆری شەڕەکان لە ناوچە سنورییەكانی كوردستان رویاندا تاڕادەیەكی زۆر گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی دەسەڵاتی هەردوو لابوو.

 کە جگە لە ئاوارەیی، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە گەورەترین کارەسات بوو بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیەدا هات، کە زیاتر لە پێنج هەزار کورد بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە لەلایەن فڕۆکەکانی عیراقەوە شەهید بوون و هەزاران کەسی تریش ئاوارە بوون.