فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەی بڵاوکردەوە، سێ بڕگەیان تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای مافی مرۆڤ و رێککەوتنی عێراق و تونس و رێککەوتنی دەریایی نێوان عێراق و میسر.
بەپێی کارنامەکە، بڕگەی چوارەم تایبەتە بە لێپرسینەوە لە سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی.
لە بڕگەکانی پێنجەم تا یانزەیەم، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی شۆڕشی ھەڵوەشاوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەمواری یاسای ماددە ھۆشبەرەکان و ھەمواری یاسای دەستەی دەریایی ساڵی ٢٠١٨ دەکرێت.
لە نۆی ئەم مانگەدا، کۆبوونەوەی تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، بەڵام کاندیدەکان دەنگی پێویستیان نەھێنا و سکاڵای یاسای لەسەر یەکێک لە کاندیدەکان تۆمارکرا بە تۆمەتی پەیوەندی بە رژێمی بەعسەوە.
ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر سپیکردنەوەی پارە ڕێوشوێنی توندی بەرامبەر بانکی ھودای عێراقی گرتووەبەر و پێشنیازی کردووە رێگری بکرێت لە زیادبوونی ئەو بانکە بۆ سیستمی دارایی ئەمریکا، ھاوکات بە دامەزراوەیەکی دارایی سەرەکی بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ناوی بردووە .
ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی ئێران و گروپە چەکدارەکانی عێراق، سزای بەسەر حەمەد موسەوی سەرۆکی بانکە عێراقییەکەدا سەپاندوو.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، گرتەبەنەری ڕێوشوێنەکان و کارە ھاوبەشەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق، کەرتی دارایی لە وڵاتەکە بەرەو پێش دەبات.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد تا سەعات ١٠ی ئەمشەو گەشتەکانی راگرت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ھۆکاری راگرتنی گەشتەکان چاکردنەوەی شوێنی نیشتەوەی فڕۆکەیە لە فڕۆکەخانەکە.
"عەمید میقداد موسەوی" وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بە پێی بڕگەی ٩ لە ماددەی ٢١ی کارنامەی حکومەتی عێراق، بۆ پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان، ٦٩٧ لیژنە لە ھەموو پارێزگاکان بۆ تۆمارکردنی چەکی ھاووڵاتییان پێکھێنراوە.
راشیگەیاندوە، حکومەت راستەوخۆ لە ڕێگەی ئەو لیژنانەوە چەکی ھاووڵاتیان تۆمار دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەت بڕیاریداوە بە ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی فرۆشتنی چەک.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردنی چەکی ھاووڵاتیان لە ڕێگەی ماڵپەڕی پۆرتاڵی ئۆر لە ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە سێ قۆناغ دەبێت، ئەو پرۆسەیەش لە ھەموو پارێزگا عێراق جێبەجێ دەکرێت، بێجگە لە ھەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیەنراوێکی پۆلیسی کەرکوک، لە دادگای کەرخ سزای لە سێدارەدان بۆ تۆمەتبارەکانی کوشتنی ئەو بازرگانەی لە گوندی سەقزلی لە سنوری کەرکوک ھەشت مانگ لەمەوبەر لە نێو ماڵەکەی خۆیدا کوژرا دەرکراوە.
رۆژی ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٣ بازرگانێکی نەوت بەناوی"ئارام عاسی"لەناو باخەکەی لە ناوچەی سەقزلی لە سنوری کەرکوک کوژرا، دواتر لەلایەن ھێزەکانی پۆلیس لە ناوچەی مولتەقا لە باشوری کەرکوک، سێ پورزای ئارام و خێزانەکەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە دەستگیرکران.
عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لەگەڵ فەرماندەی ھێزەکانی پاراستنی سنوور لە ناوچەی باغۆز کە دەکەوێتە سەر سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا پرۆژەی دروستکردنی دیواری لە نێوان ھەردوو وڵات کردەوە و رایگەیاند، دروستکردنی ئەو دویوارە کۆنکرێتییە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر سەقامگیری ئاسایش و ئارامی عێراق و سوریا.
وتیشی، ئەو بەربەستە کۆنکرێتییە ھۆکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ لاوازکردن و رێگرتن لە ھاتوچۆی تیرۆریستانی پاشماوەی داعش و کارە نایاساییەکانی وەک قاچاخچێتی لەسەر سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا:
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان بەغداد و واشنتۆن خەونێکی گەورەیە بە ئاراستەی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمان لە عێراق، چونکە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی داعش کە لە ساڵی ٢٠١٤ دروستبووە، لە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەرکەکەی تەواوبووە، بەڵام تائێستاش ھەر لە عێراق ماونەتەوە.
وتیشی کاتی ئەوە ھاتووە گفتوگۆ لەسەر داھاتووی ئەو ھاوپەیمانییە بکرێت بۆئەوەی بگەن بە قۆناغێکی تری پەیوەندی وەک جێگرەوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە ناکرێت تا ھەتایە وەک ئێستا بمێنێتەوە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوەشکرد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی داڤۆس بە روونی باسی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان کرد لەپێناو سەقامگیری عێراق و بەڵێنیشیدا لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری حکومەتەکەیدا لەم ماوەی ئەم خولەی کابینەکەیدا کۆتایی بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمان لە عێراق بھێنێت.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، سبەینێ دادگاکە چوار سکاڵا تاوتوێ دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر نادەستوری بوونی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆک و ھەڵوەشاندنەوەی کاندیدکردنی شەعلان کەریم بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و لێکۆڵینەوە لە مەرجەکانی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستەکە.
محەمەد عەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، دوو سیناریۆ ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەن کە یەکێکیان بریتییە لە ھەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکەی ١٣ی ئەم مانگە بۆ دەنگدان لەسەر جێگرەوەی حەلبوسی، بۆئەوەی دەرگا بۆ کاندیدی نوێ بکرێتەوە و جارێکی تر دەنگیان لەسەر بدرێتەوە.
وتیشی، سیناریۆی دووەم ئەوەیە دادگای فیدراڵی ئەو دانیشتنە بە یاسایی دابنێت و دوای ئەوەش دانیشتنێکی تر بەڕێوەبچێت بۆ ئەو دوو کاندیدەی لە قۆناغی یەکەمی دەنگداندا سەرکەوتنیان بەدەستھێنا و بریتین لە شەعلان کەریم بە ١٥٢ و دەنگ و سالم عیساوی بە ٩٧ دەنگ بۆئەوەی یەکێکیان ببێتە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی باسی لەوەشکرد، ئەو پرسە پێویستە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەدا یەکلایی بکرێتەوە.
فالح خەزعەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە ١٠٠ ئیمزایان کۆکردووەتەوە بۆ ئامادەکردنی یاسایەک و پەسەندکردنی بۆ دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، جێگەی قبوڵ نییە زیاتر لە ١٠ ھەزار سەربازی ئەمریکی بە پاساوی راوێژکاری و مەشقپێکردن لە عێراق جێگیرکراون و بوونەتە ھۆی تێوەگلانی وڵاتەکە بە ململانێکانی ناوچەکەوە.
وتیشی، لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەنگییەک ھەیە بۆ دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، لەنێویشیاندا ھێزەکانی ئەمریکا.
بەپێی کارنامەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە ئەمڕۆ ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە بکرێت، بەڵام د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی توندبونەوەی کێشەکان لە نێوان لایەنە سوننی و شیعەکان، ئەو سکاڵایانەی لەسەر سەرۆکی ئەنجومەن لە دادگای فیدراڵی تۆمار کراون، ئەگەری زۆری ھەیە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەنەچێت.
وتیشی، بڕیارە رۆژی دووشەممە دادگا سکاڵاکان یەکلایی بکاتەوە، لەبەرئەوە چاوەڕوان دەکرێت، ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بکەوێتە دوای یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان، تا ئەو کاتەش سەرۆک ھەڵنابژێردرێت.
ناوەڕاستی ئەم مانگە دوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کاندیدکردنی شەعلان کەریم کاندیدی ھاوپەیمانی تەقەدوم بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە، دوای ئەوەی لە خولی یەکەمی دەنگدان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستھێنا.
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕگەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران خرایە دەنگدانەوە و بەزۆرینەی دەنگ دواخرا تا یەکلایکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو پرسە تۆمارکراون.
١٣ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆبووە، شەعلان کەریم ١٥٢ دەنگ و سالم عیساوی ٩٧ دەنگیان بەدەستھێنا، دواتر دوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کاندیدکردنی شەعلان کەریم کاندیدی ھاوپەیمانی تەقەدوم بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە، دوای ئەوەی لە خولی یەکەمی دەنگدان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستھێنا.
دەستەی دەسپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەم مانگەدا، دەسەڵاتی دادوەری عێراق، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی، ٣٧ لێپرسراوی باڵای وڵاتی بانگھێشتی دادگا کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بەرپرسانەی بانگھێشتی دادگا کراون، وەزیری ئێستا و پێشووتر و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانیان تێدایە.
دەستەی گشتی گومرگی عێراق رایگەیاند، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی ھاوکردەکردنی کێک و ھەویرکاری کە پەنیر و مریشک و کەرە و ماسی و سەوزارەتی تێدا بێت، لەگەڵ قەدەغەی ھاوردەکردنی شیرینی و پیتزا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێگە دەدرێت چەند بابەتێک ھاوردەبکرێت لەوانەش، نان بە ھەموو جۆرەکانیەوە، لەگەڵ بۆرەک و ھەموو جۆرەکانی نەستەلە و پسکیت.
دەشڵێت، ئەم بڕیارانە لەپێناو پاراستنی بازاڕەکانە لە چەند ماددەیەکی خۆراکی کە لەگەڵ تایبەتمەندی عێراق یەکناگرنەوە، بۆ پاڵپشتیکردنی بەرھەمی ناوخۆیی و بەرەوپێشبردنی پیشەسازی نیشتیمانی.
بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی ساڵی رابردودا توانراوە زیاتر لە چوار تۆن مادەی ھۆشبەری جۆراو جۆر لەناوبەرن.
ئەوەشھاتووە، زیاتر لە ١٥ تۆن دەرمانی کارتێکەرە عەقڵییەکانیش دەستی بەسەرداگیراوەو سزای لەسێدارەدانیش بەسەر ٤٩ بازرگانی ھۆشبەری نێودەوڵەتیدا سەپێندراوە.
باسی لەوەشکردووە، سزای زیندانی ھەتاھەتایی بەسەر ٣٣٠ بازرگانی نێوخۆیی مادەی ھۆشبەر سەپێنراوە، لە روبەروبونەوەکانیشیان لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان، ١٦ بازرگانی ماددەی ھۆشبەر کوژراون و ٢٢ بازرگانی دیکەش برینداربوون.
بەپێی راپۆرتەکە، چوار ئەندامی ھێزە ئەمنیەکان لە روبەڕوبوونەوەکاندا کوژراون و ٢٤ی دیکەشیان برینداربوون.
بە پێی کارنامەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی شەممە ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە دەکرێت،"سۆزان مەنسور"ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە نێوان کوتلە سیاسیەکان تائێستا رێککەوتن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی بوێ بۆ ئەنجومەنەکە نەکراوە.
وتیشی، ئەو کاندیدانەی لە دانیشتنی رابردو زۆرترین دەنگیان بەدەستھێنا، جارێکی تر ھەڵبژاردنیان بۆ دەکرێتەوە، بەڵام ئەو بابەتەش پێویستی بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان ھەیە.
سەبارەت بەوەی کورد دەنگ بەکێ دەدات وتی، دەنگدان بە کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵام ئەو کەسەی دەنگی پێدەدەن، دەبێت ھاوبەشی نێوان نەتەوە و پێکھاتەکان بپارێزێت، جیاوازی سیاسی نەکات، بەشێوەیەکی باش دانیشتنەکان بەڕێوەببات.
١٣ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران گەڕی یەکەمی دەنگدانی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە رێکخست و تێیدا شەعلان ئەلکرەیم کاندیدی تەقەدووم بە بەدەستھێنانی ١٥٢ دەنگ زۆرترین دەنگی بەدەستھێنا، بەڵام دواتر گەڕی دووەمی دانیشتنەکە دواخرا.