چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێكردنی رەوشی ناوچەكە و عیراق كۆبووە و تیایدا سودانی دوایین زانیارییەكانی لەوبارەیەوە خستە روو  .

فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، سەركردەكانی چوارچێوەكە بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران كۆبوونەتەوە و گرنگترین دۆسیە ناوخۆییەكان و پێشهاتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەكانیان تاوتوێكردووە و تیایدا سودانی دوایین زانیاریی سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی و سیاسیی ناوچەكە خستووەتە روو.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیان كردەوە لەسەر  گرنگی پەسەندكردنی یاسا گرنگەكان، بەتایبەت هەمواری یاسای باری كەسێتی .

لەکاتێکدا، لە ماوەی رابردوودا بابەتی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی لە عیراق كە لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعەكان پشتگیری دەكرێت، مشتومڕێكی زۆری لێكەوتەوە و رێكخراوە مەدەنییەكان رەخنەی توندیان لە هەمواری یاساكە گرت، چونكە پێیان وایە هەندێك لە بەندەكانی مافەكانی ژنان و منداڵان پێشێل دەكات.

لەئێستادا دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریای هاوسنووری عیراق، مشتومڕ لەبارەی دۆخی ئەمنیی عیراقیشەوە دەکرێت، ئەگەرچی بەرپرسان دڵنیایی دەدەن و باس لەوەدەکەن هیچ مەترسییەک لەسەر خاکی عیراق نییە، بەڵام هێشتا ئەگەری پەلکێشبوونی رووداوەکان لە سوریاوە بۆ وڵاتانی هاوسێی لەلایەن شیکارکارانی سیاسیی باس دەکرێت.