راوێژکارێکی سودانی: لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا دەست بە بەرهەمهێنانی شیری منداڵان دەکەین
هەساو ئەمیر
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
راوێژکاری سودانی بۆ کاروباری بەرهەمهێنان رایگەیاندووە، لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ بەرهەمهێنانی شیری منداڵان.
محەمەد نەجار راوێژکاری سودانی بۆ کاروباری بەرهەمهێنان رایگەیاندووە، ١٢ رێککەوتنیان لە بواری بەرهەمهێناندا ئیمزا دەکەن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان، کە لەنێوانیاندا رێککەوتن دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی شیری منداڵان لە ناوخۆی عیراقدا.
باسی لەوەشکردووە، رێککەوتنەکان تاوەکو مانگی ئازاری داهاتوو ئیمزا دەکەن و کۆمپانیاکانیش ئەمریکی و بەریتانی و فەرەنسین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ١٢ رێککەوتنە لە چەندین بواری جیاوازدا دەبن، لەناویشیاندا پەرەپێدانی کەرتی پاراستنی وزە بۆ پاڵپشتی کەرتی کارەبا.
دەشڵێت، لە گرنگترین خاڵی ناو رێککەوتنەکان بەرهەمهێنانی شیری منداڵانە، کە کەرتێکی ناڕێکخراوە لە عیراقدا، بۆیە دەیانەوێت رێککەوتن بکەن بە مەبەستی ئەوەی دەست بە کاری هاوبەشی بکەن لەگەڵ ئەو کۆمپانیا جیهانییانەدا، بۆ ئەوەی عیراق ببێتە خاوەنی بەرهەمی شیری ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی و ئەو کەرتە رێکبخاتەوە.