عیراق و ئەمریكا ئامادەكارییەكان بۆ كاراكردنی رێككەوتنی ستراتیژیی تاوتوێ دەكەن
٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
عیراق و ئەمریكا ئامادەكارییەكان بۆ كاراكردنی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان و زیادكردنی هەماهەنگییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش تاوتوێ دەكەن.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، لەگەڵ ئەلیزابێس كینیدی ترۆدۆ كاربەرێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كۆبووەتەوە و باسیان لە دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كردووە، جەختیشیانكردووەتەوە لەسەر پێویستی زیادكردنی هەماهەنگییە ئەمنییەكان لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە ناوچەكە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەیاندا باسیان لە ئامادەكاری و چۆنێتی كاراكردنی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان بەغداد و واشنتۆن كردووە بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوكارییەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا.