شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەخت لە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری نێوان عیراق و ئێران دەکاتەوە
١ی شوباتی ٢٠٢٥
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، لە بەغداد پێشوازی لە جەمیلە عەلام هودا هاوسەری سەرۆک کۆماری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی و وەفدی یاوەری کرد.
لە کۆبونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی راوێژکاری لە سەرۆکایەتی کۆمار، د. عەلی شوکری و باڵیۆزی ئێران لە عیراق محەمەد کازم سادق بەڕێوەچوو، خانمی یەکەمی عیراق سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆچی دوایی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ئیبراهیم رەئیسی گەیاند بە جەمیلە عەلام هودا.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختیکردەوە لە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات لە بواری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی بە شێوەیەک کە پێشکەوتن بۆ هەردوو گەلی دراوسێ دەستەبەر بکات.
هاوکات ئاماژەیکرد بە گرنگی هاوسەنگبوون لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە جیهان بەخۆیەوە دەبینێت بە تایبەت لە بواری بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و میدیای مۆدێرن و پێویستی بەکارهێنانیان بۆ خزمەتکردنی کەلتوورێکی تۆکمە و پەروەردەیی پێشکەوتوو بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵ.
خانمی یەکەمی عیراق راشیگەیاند، عیراق گرنگییەکی تایبەت بە پەرەپێدان و پاڵپشتیکردنی پارێزگاکان دەدات کە مەزارگە پیرۆزەکان لەخۆدەگرێت، هەروەها ئاسانکاری بۆ سەردانیکەرانی وڵاتانی برا و دۆستدەکات تا مەراسیمی بەسەرکردنەوەی مەرقەدەکان هەروەک عیراقییەکان بەجێ بگەیەنن.
هەر لە دیدارەکەدا بارودۆخی ژنان لە هەردوو وڵات تاوتوێ کرا، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر بەهێزکردن و پێدانی دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە کە ببێتە مایەی پەرەپێدانی رۆڵیان لە بنیاتنانی کۆمەڵ و پێشکەوتن و باشترکردنی ئاستی ژیان بە گشتی.
لە بەرانبەردا جەمیلە عەلام هودا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خانمی یەکەمی عیراق نیشاندا بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە، هەروەها ستایشی ئەو میواندارییەی کرد کە گەلی عیراق پێشکەشی سەردانکەرانی ئێرانی کرد لە کاتی مەراسیمەکاندا.
جەختیکردەوە لە گرنگی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لەسەر ئەو مەسەلانەی کە پەیوەندی نێوان هەردوو گەل بەهێزتر دەکەن و سوودمەند دەبن لە ئەزموونی پسپۆڕی جۆراوجۆری ئێرانی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی عیراق بەتایبەتی لە بوارەکانی پەیوەست بە خێزان و منداڵان.