لە میانی مەراسیمەکەدا سەرۆککۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد، کە تیایدا رۆڵی گرنگی شەھیدی میحرابی بەرزنرخاند لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت و کاری ھاوبەش لەگەڵ سەرۆک مام جەلال و سەرکردەکانی ھێزە نیشتمانییەکان بەمەبەستی یەکخستنی ھەوڵەکان لە ئۆپۆزسیۆنی عیراق، کە لە ھەلومەرجێکی مێژوویی زۆر ئاڵۆز و دژواردا بوو.
سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە، "بە گەل و حکومەت و ھێزە سیاسییەکان و ھێزە چەکدارەکانەوە سەرکەوتووبووین لە بەدەستھێنانی سەرکەوتنی سەرسوڕھێنەر لە دژی تیرۆر و گەیشتن بە ژینگەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو، کە بەسەر زۆرێک لە کێشەکاندا سەرکەوت و سەقامگیری ئاسایشی چەسپاند"، ئەمەش پێویستی بە زیادکردنی ھەوڵەکان ھەیە بۆ نەھێشتنی تەواوەتی ئاستەنگەکان، بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و بەردەوامبوونی ھەوڵەکان لەپێناو بونیادنان و پێشکەوتن لە عیراقدا."
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە ئەو ئاڵنگاریانەش کرد، کە ھەڕەشە لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە دەکەن، جەختی لەسەر ھەڵوێست و رۆڵی عێراق کردەوە لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و سەرخستنی زمانی وتوێژ و لێکتێگەیشتنی باش.
د. لەتیف رەشید بە توندی ئیدانەی جەنگی جینۆسایدی دژی گەلی فەلەستین کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە وەستاندنی ئەم شەڕە لەئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و پێویستە ھەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەتری ھەبێت بۆ بەدیھێنانی ئاشتی. ھەروەک سەرۆک کۆمار ھەوڵەکانی فراوانکردنی روبەری جەنگی ئیدانە کرد و دوپاتیکردەوە، کە لەم چوارچێوەیەدا ئاگری سەرکێشی بۆی ھەیە ھەمووان بسوتێنێت.
ئەمەش دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆمارە:
بەناوی خودای گەورە و میھرەبان
خوشکان و برایان، ئامادەبوانی بەڕێز
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
ئەمڕۆ لەم بۆنە ئازاربەخشەی شەھیدبوونی سەماحەتی ئایەتوڵڵا سەید محەمەد باقر ئەلحەکیم بەشداری دەکەین، کە کۆتایی بەمێژوویەکی شەرەفمەندانەی جیھاد و خەباتگێڕیی بوێرانە و پڕ باوەڕی سەماحەتی شەھید ھێنا.
زۆرجار لەماوەی بەرەنگاربونەوەی دیکتاتۆریەت یاخود پاش روخانی رژێمی دیکتاتۆری، چاوم بە سەماحەتی سەید ئەلحەکیم کەوتوە. پێکەوە کارمان دەکرد لەپێناو ئازادیی عیراق و دیموکراسییەت، لە گشت دیدارەکانماندا لە کوردستان یاخود لە دەرەوە، دواتر لە بەغدادیش، سەماحەتی ئەلحەکیم پەرۆشی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی عیراق دەردەبڕی، بایەخی بە بونیادنانی عیراقێکی دیموکراسی فیدراڵی دادپەروەر و ئازاد و سەربەخۆ دەدا.
ناکرێت لەم ساڵیادەدا رۆڵی گرنگی شەھید لە بەرەنگاربونەوەی دیکتاتۆرییەت و کارکردنی ھاوبەشی لەگەڵ خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال و سەرکردەکانی ھێزە نیشتمانییەکان لەپێناو یەکخستنی ھەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لەبیربکرێت، ھەرچەندە لە بارودۆخێکی مێژوویی زۆر ئاڵۆز و دژواردا بون.
ھەروەھا ناتوانین رۆڵی شەرەفمەندانەی سەماحەتی ئەلحەکیم لەبیربکەین دوای روخانی دیکتاتۆریەت و پەرۆشییان بۆ بەشداری ھەموان لە قۆناغی بنیاتناندا. بۆیە لەدەستدانی پێشوەختەی کاریگەری ھەبوو، بەڵام خانەوادە بەڕێزەکەی، خانەوادەی ئال حەکیم، ئەو بۆشاییە گەورەیەی پڕکردەوە، کە شەھید لەدوای خۆی بەجێیھێشت، لەڕێگەی ئەو رۆڵە سەرەکییەی لەلایەن خوالێخۆشبو سەماحەتی سەید عەبدولعەزیز ئەلحەکیمەوە گێڕدرا و ئێستاش سەماحەتی سەید عەممار ئەلحەکیم بە دانایی و لێھاتوییەوە درێژەی پێدەدات.
لەڕاستیدا، پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا ھەمیشە پێویستی بە ھەوڵی ھەمووان ھەیە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی بونیادنان و وێناکردنی ئاسۆی ستراتیژی بۆ عیراق، کە ھیوای بۆ دەخوازین.
بە گەل و حکومەت و ھێزە سیاسییەکان و ھێزە چەکدارەکانەوە سەرکەوتو بوین لە بەدەستھێنانی سەرکەوتنی سەرسوڕھێنەر لە دژی تیرۆر و گەیشتن بە ژینگەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو، کە بەسەر زۆر لەکێشەکاندا سەرکەوت و سەقامگیری ئاسایشی چەسپاند، ئەوەش پێویستی بە زیاترکردنی ھەوڵەکانە بۆ کۆتاییھێنانی یەکجارەکی بە ئاڵنگارییەکان و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و درێژەدان بە ھەوڵەکان لەپێناو بونیادنان و پێشخستنی عیراق.
ھەروەھا لە بواری سیاسی و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، دەتوانین ئەو پێشکەوتنەی بەدەستھاتوە، بیچەسپێنین، کە ئەوەش بە رێزگرتن لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و لەڕێگەی کاری ھاوبەش و راوێژکردن لەبارەی بڕیارە ستراتیژییەکان و داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکانەوە دەبێت، لەپێناو بەدەستھێنانی تێگەیشتنێکی نیشتمانی بەرپرسیار لەڕوبەڕوبونەوەی جیاوازییەکان و نزیککردنەوەی بۆچون و ھەڵوێستەکان.
ھەموو ئەمانە بە ھەماھەنگی نێوان گشت لایەنەکان بەدەستدەھێنرێت، لەپێناو چەسپاندنی کۆڵەکەکانی دەوڵەت و پاراستنی دەستور و رێگریکردن لە تاکڕەوی لە بڕیاردان و رێوشوێنە تاکلایەنەکان.
ھەروەھا عیراق سەرکەوتوو بووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتەکانی ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیھان، ئەوەش بەپیادەکردنی سیاسەتێکی دەرەکی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و رێزگرتن لە بنەماکانی سەروەری و سەقامگیری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ، بەدیھاتوە.
ئێستا پرۆسەی بونیادنان و خزمەتگوزاری لەپارێزگاکاندا بەردەوامە و ھیوادارین ئەم ھەوڵانە زیاتر گەشە بکەن بەتایبەتی دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین ئەم ئەنجومەنە ھەڵبژێردراوانە ھەوڵەکان یەکبخەن بۆ باشترکردنی پرۆسەی بونیادنان و گەشەپێدان.
خوشک و برایان، ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین، کە ئێستا روبەڕوی چەندین ئاڵنگاری بوەتەوە و ھەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتی دەکەن. لەم رووەوە ھەڵوێستی عیراق و رۆڵی لەبارەی پەرۆشی بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەرخستنی زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، دوپاتدەکەینەوە.
ھەروەھا بەتوندی سەرکۆنەی پرۆسەی جینۆسایدکردنی خەڵکی فەلەستین دەکەین، کە زۆرینەی قوربانییەکانی ئەو جەنگەی روبەڕوی بونەتەوە ژن و منداڵ و بەتەمەنن. ھاوکات جەختدەکەینەوە کە راگرتنی ئەم جەنگە بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و پێویستە ھەڵوێستێکی توندتر بگرێتەبەر بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی فەڵەستین کە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە لەسەر خاکی نیشتمانەکەیان و قودسی پیرۆزیش پایتەختی بێت.
ھەروەک بەتوندی سەرکۆنەی ھەوڵەکانی فراوانکردنی روبەری جەنگ دەکەین و جەختدەکەینەوە، کە لەم چوارچێوەیەدا ئاگری سەرکێشی بۆی ھەیە ھەمووان بسوتێنێت.
رەحمەتی فراوانی خودا بۆ شەھید سەید محەمەد باقر ئەلحەکیم.
رەحمەتی خودا بۆ ھەموو شەھیدانی عیراق
دوبارە سڵاوی خوداتان لێ بێت.
موعین کازمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا لەناو ماڵی سوننە رێککەوتنی سیاسی لەسەر کاندیدێکی گشتگیر بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، مەرج نییە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لە حزبی تەقەدوم بێت کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات، راشیگەیاند، ھاوپەیمانی عەزم مەحمود مەشھەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازکردووە و چوارچێوەی ھەماھەنگیش پشتیوانی ئەو کاندیدە دەکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، شەعلان کەریم کاندیدی حزبەکەی حەلبوسییە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و تەڵاڵ زوبێعـیش وەک کاندیدی سەربەخۆ کێبڕکێ بەدەستھێنانی پۆستەکە دەکات.
فادی شەمەری، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ھەوڵدان بۆ قوڵکردنەوەی ململانێکان و فراوانترکردنی بازنەی شەڕ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت لە رێگەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە سەرنجی جیھان لەسەر وێرانکارییەکانی کەرتی غەززە دووربخەنەوە.
ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتێکدا بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا لە ھەوڵی فراوانکردنی شەڕن لە ناوچەکە، بەشێکی دیکەیان داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەکەن و لەگەڵ چارەسەری کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و دانووستان.
چرۆ حەمە شەریف ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھێشتا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر ھەمواری یاسای بودجە نەداوە بۆ ئەوەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات.
وتیشی، ئەگەر بابەتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا نەیەت، ئەوا لە نێوان فراکسیۆنەکان رێکەوتن کراوە، ھەرکاتێک ھەموارەکە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا بەبێ گرفت پەسەند بکرێت و کێشەی مووچە و بودجەی ھەرێم چارەسەر بکرێت.
راشیگەیاند، دوای دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کارەکان خێراتر دەکرێن، بابەتەکان یەکلایی دەکرێنەوە.
د.بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆیانکردووە لەسەر کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم سەبارەت بە پرسی ھەناردەی نەوتی ھەرێم و تێچووی دەرھێنانی نەوت، لەئێستاشدا لەنێوان ھەردوو حکومەتدا لێکتێگەیشتنێک لەسەر ئەو بابەتانە دروستبووە.
ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی فیدراڵ دەیەوێت لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بگاتە رێککەوتن لەسەر پرسی دەرھێنانی نەوت و لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی ھەرێم ڕەزامەندی نیشانداوە سەرجەم گرێبەستەکان پێشکەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بکات.
د.بڕیار ڕەشید راشیگەیاند، حکومەتی عێراق بە پشتبەستن بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەیەوێت خشتەی خەرجی و مووچەکانی بۆ ئەمساڵ دیاریبکات، ھەروەھـا دەیەوێت لە ھەمواری یاسایی بودجە پرسی خەرجی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم چارەسەر بکـات.
خالید شوانی وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، ھەندێک لەلایەن لە رێگەی میدیاکانیانەوە تۆمەتی جیاجیا بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگرتووخانەکان دروست دەکەن تەنھا لەپێناو بەدەستھێنانی بەرژوەندی و خۆباش پیشاندان، وەزارەتی دادیش کە لایەنێکی یاساییە ئەو جۆرە تۆمەتانە لە ھیچ ھێز و لایەنێک قبوڵ ناکات کە ببێتە ھۆی بە ناشرین پیشاندانی چاکسازییەکان لە عێراق، چونکە مەرج نییە ئەو کەسانەی دەخرێنە زیندانەوە، ھەموویان کەسانی خراپ بن لەبەرئەوەی رەنگە بە ھەڵە یان بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە سزادرابێتن، بۆیە رێگە نادەن ناو و ناوبانگی ھیچ کەسێک لەکەدار بکرێت.
وتیشی، بۆ رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانە و رێگرتن لە ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵە کردن لەگەڵ بەندکراوان، لە ھەر ھۆڵێکی چاکسازییەکان چوار کامێری چاودێری جێگیر دەکەن.
فارس ئەلفارس، سەرکردە لە ھاوپەیمانی عەزم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا رێککەوتنی لەناوماڵی سوننە رێککەوتنی سیاسی لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە، بەو پێیەش ھەر ھێزێکی سیاسی سوننی کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە پێشنیاز دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، وەکو ھاوپەیمانی عەزم کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بریتییە لە مەحمود مەشھەدانی.
ھاوکات، فەرمانگەی راگەیاندنی ھاوپەیمانی عەزم رایگەیاندووە، بە ئامادەبوونی موسەنا سامەڕائی سەرۆکی ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانێتییەکە دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامداوە و تیایدا جەختلەوەکراوەتەوە، مەحمود مەشھەدانی کاندیدێکی بە ئەزموونەوە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.ئەوەش لەکاتێکدایە. بڕیارە رۆژی شەممەی داھاتوو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت و تیایدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵببژێرێت
فوئاد حسێن بە کەناڵی "حەدەس"ی راگەیاندووە، دەبێت ھێرشەکان لەلایەن ئەمریکا و گروپە چەکدارەکانەوە رابگیرێن، چونکە ئێران و حزبوڵای عێراق نایانەوێت جەنگ لە غەززە فراوان ببێت.
وتیشی، لەگەڵ گواستنەوەی ناکۆکی ئێران و ئەمریکا نین بۆ گۆڕەپانی عێراق، چونکە باجی ئەوە دەدەن و دەبێت لێکەوتەی جەنگی ئێران و ئەمریکا لە گۆڕەپانی عێراقی دوور بخرێتەوە.
فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لەو کێشانەی عێراق پێوەی دەناڵێنێت ھۆکارەکەی ناکۆکی ئەمریکا و ئێرانە و پێویستیان بە گفتوگۆی دانایانە ھەیە سەبارەت بە سەروەری و ئاسایش.
فوئاد حسێن سەبارەت بە ھێرشەکانیش بۆ سەر بنکەی ھەریر وتی، ھێرشەکان تەنھا بۆ سەر ئەو بنکەیە نییە، بەڵکو شوێنی نیشتەجێبوون و بنکەی گرنگی لە ھەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، دەستدرێژییەکانیش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان بە واتای پێشێلکردنی رەوشی ئەمنی عێراق دێت.
بە وتەی فوئاد حسێن، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوام کاردەکات لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە، بەمنزیکانەش وادەی دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ واشنتۆن بۆ کشانەوەی ھێزەکان رادەگەیەنین، لایەنی ئەمریکیش وتویەتی ناکرێت گفتوگۆ لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی بکرێت کە لە حاڵەتی پێکدادانی چەکدارییدایە.
بەپێی ئەو خشتەی کارەی بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەعات سێی پاش نیوەڕۆ دەستپێدەکات و تەنھا یەک بڕگە لەخۆدەگرێت، کە ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێیە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
بەپێی ئەو زانیارییانەشی میدیاکانی عێراق لە زاری ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڵاویدەکەنەوە، ھێشتا گفتوگۆکان بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە بەردەوامە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، محەمەد حەلبوسی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێک، لە ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران دوورخرایەوە.
بەگوێرەی نوسراوێكی بانكی ناوەندیی كە ئاڕاستەی سەرجەم بانكە مۆڵەت پێدراوەكانی كردووە، داواكاری سەرجەم بانكەكان بۆ پێدانی دۆلار بەشێوەی كاش پەسەندكراوە و پێویستی كڕیاران لە دۆلاری نەختینە دابین دەكات.
هاوكات بانكی ناوەندیی ئیمەیڵێكی بۆ وەرگرتنی داواكارییەكان دیاریكردووە و لەمەولا كڕیارەكان دەتوانن لە ڕێگەیەوە داواكاری پێشكەش بكەن.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک ئاشکرایکرد، لیواکە فەوجەکانی پۆلیسی ئامادە لە کەرکوک لەخۆدەگرێت کە ژمارەیان چوار فەوجن و پەیوەندییان بە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکانیانەوە نامێنێت و دەخرێنە سەر فەرماندەیی ھێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی عیراق.
سەرچاوەکە بە کوردسات نیوزی وت، ئەو چوار فەوجەی پۆلیسی ئامادە لە چوارچێوەی لیواکەدا رێکدەخرێنەوە و دەچنە سەر فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵی عیراق.
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق پێویستە ئەو لیوایە لەماوەیەکی دیاریکراودا دروست بکرێت.
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەکالەت لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لوتکەی پەرلەمانی وڵاتانی ئیسلامی کە تایبەت بوو بە رەشی غەززە و لە تاران بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەشکرد، دژی ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر فەڵەستینییەکان ئەنجامیداوە، داوا لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامی و وڵاتانی ناوچەکە دەکات بایکۆتی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن تا ئەو وڵاتە ناچار بە راگرتنی ئاگربەستی مرۆیی دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەکالەت داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کۆچپێکردنی زۆرەملێی خەڵکی غەززە رەتبکاتەوە و ھاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ خەڵکی شارەکە زیاتر بکات.
عەقیل فەتلاوی، ئەندامی فراکسیۆنی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران پێویست دەکات سەرۆکێکی نوێ ھەڵبژێردرێت، لەم روشەوە ھەرچەندە سوننەکان جوڵەیان دەستپێکردووە بەڵام تائێستا لەسەر کاندیدێک نەگەیشتوون بە رێککەوتن.
باسی لەوەشکردوە، ئەگەر سوننەکان لەسەر سەرۆکی ئەنجومەن نەگەنە رێککەوتن، لە یەکەم دانیشتنی ئەم وەرزە یان دووەم دانیشتندا لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی لایەنەکان، بە دەنگدان پرسەکە یەکلایی دەکەنەوە.
نەوفەل سلێمان، بەڕێوەبەری سەرژمێری لە نەینەوا رایگەیاند، رێژەی ھەژاری لە پارێزگاکە لە بەرزترین ئاستدایە و گەیشتووەتە ٨٥%.
وتیشی، بەردەوام کار دەکەن بۆ ھەڵسەنگاندنی رەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دیاریکردنی رێژەی بێکاری، چونکە بێکارییەکی زۆر گەنجانی پارێزگاکەی بە گشتی گرتووەتەوە، بە تایبەت لە موسڵ.
عامر عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق بڵاویکردەوە، ئەو کەشتییە کە ئاڵای تەنزانیای ھەڵگرتووە، نەوتی تێدابووە و لە ئیماراتەوە بەرەو بەسڕە ھاتووە، کاتێکیش کەشتییەکە لە ئاوە ھەرێمایەتییەکاندا بەرەو عێراق ھاتووە، ھێزی دەریایی ئێران دەستی بەسەرداگرتووە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش ھەواڵەکە پشتڕاستدەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە کەشتییەکە لە ئاوە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا بووە و نەگەیشتووەتە سنوری دەریایی عێراق، جەختیش دەکاتەوە کە نازاندرێت کەشتییەکە چی ھەڵگرتووە.
مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووش سوپای پاسدارانی ئێران لە ئاوەکانی کەنداودا دەستی بەسەر دوو کەشتی نەوتیدا گرت و تۆمەتباریکردن بەوەی ویستویانە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی دەستبەسەرداگیراوی وڵاتەکەی بۆ بازاڕەکانی جیھان بگوازنەوە.