باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە بەغداد سەنتەری وەرگرتنی ڤیزا دەکاتەوە
رەوەز
٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥
باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە بەغدا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، کردنەوەی سەنتەری وەرگرتنی ڤیزای (BLS) راگەیاند، کە لە 1ـی ئایاری 2025 بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە بەغدا بە خۆشحاڵییەوە کردنەوەی سەنتەری وەرگرتنی ڤیزا (BLS) رادەگەیەنێت، کە لە 1ـی ئایاری ئەمساڵ دەست بە کارەکانی دەکات".
هەروەها باڵیۆزخانەکە جەختی کردۆتەوە کە لە عیراقدا هەموو جۆرەکانی داواکاری ڤیزای ئیسپانیا تەنها لە رێگەی سەنتەری BLS-ەوە پێشکەش دەکرێن.
شایەنی باسە، وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەپێی ژمارەیەک مەرج و ڕێنمایی، ڤیزا دەدەنە هاوڵاتیانی عیراق. بەهۆی خراپی ئاستی پاسپۆرتی عیراقەوە، هەندێکجار وەرگرتنی ڤیزا قورس دەبێت، چونکە پاسپۆرتی عێراقی لە کۆی 106پاسپۆرتی جیهان، لە ڕیزبەندی 104ـەمین پاسپۆرت دێت.
بەگوێرەی ئامارەکان، هەڵگرانی پاسپۆرتی عیراقی دەتوانن بەبێ ڤیزای پێشوەختە گەشتی 31 وڵاتی جیهان بکەن، کە زۆربەیان وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقین، بەڵام بۆ گەشتکردن بۆ 156 وڵاتی دیکە، دەبێت پێشوەختە داواکاری ڤیزا پێشکەش بکەن.
کردنەوەی ئەم سەنتەرە، دەرفەتێکی نوێ بۆ هاوڵاتیانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری ڤیزای ئیسپانیا بە شێوازێکی رێکخراوتر.