بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان، زیاتر لە 500 هەزار منداڵ لە عیراق كاردەكەن و بەشێكیان مەترسییان لەسەرە. 

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكان، پێشنیارێكی پێشكەش كردووە بۆ دانانی چاودێر و سەرپەرشتیاری زیاتر بۆ داخستن یاخود لێپێچینەوە لە ئەو شوێنانەی منداڵ یاخود هەرزەكار دەخەنە سەر كار.

بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان، زیاتر لە 500 هەزار منداڵ لە عیراق كە تەمەنیان لە نێوان پێنج بۆ 17 ساڵاندایە كار دەكەن، نزیكەی 13%شیان مەترسی دەستدرێژی جەستەیی و كێشەی ئابورییان لەسەرە، بە تایبەت دەرۆزەكەران، كە 57%یان نێرن و 33%یان مێن.
هاوكات عیراق لە پلەی چوارەمینی وڵاتانی عەرەبیدایە لەڕووی زۆری ئەو منداڵانەی كار دەكەن، هۆكارەكەشی بۆ كەمی داهاتی خێزان و بێكاری و ئاوارەبوون دەگەڕێندرێتەوە. 

ئەوەش لە كاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو منداڵانەی كار دەكەن بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە و بەشێكی زۆریشیان خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.