سەرۆک کۆمار پێشوازی له بەڕێوەبەری گشتی لیژنەی نێودەڵەتی بۆ کاروباری بێسەروشوێنان کرد
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەری گشتی لیژنەی نێودەوڵەتی تایبەت بە کاروباری بێسەروشوێنەکان کاترین بۆمبەرگەر و وەفدی هاوڕێی .
لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی لایەنەکانی هاوکاری نێوان ICRC و عیراق کرا لە چارەسەرکردنی کێشەی بێسەروشوێنەکان و بەهێزکردنی هەوڵە مرۆییەکان لەم بوارەدا و جەختیان لەسەر پێویستی بنیاتنانی توانا بۆ کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دەستنیشانکردنی روفاتی قوربانیان کردەوە بۆ ئاسانکاری گەیاندنەوەیان بە کەسوکارەکانیان.
سەرۆک کۆمار، تەئکیدی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی عیراق و کۆمیتەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و دروستکردنی کاری هاوبەشی کاریگەر لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە لەم بوارەدا کار دەکەن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هەلومەرجەی عیراق بەهۆی شەڕ و تیرۆرەوە پێیدا تێپەڕیوە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ یارمەتیدانی کەسوکاری قوربانییەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی رۆڵەکانیان و چارەسەرکردنی ئەو دۆسیە مرۆییە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامی کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناساندنی خاوەنەکانیان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ کەسوکارەکانیان و دادپەروەری و قەرەبووکردنەوە بوەتە بابەتێکی بەپەلە بۆ دەستەبەرکردنی رێز و شکۆ بۆ قوربانیان و تەئکیدی لەسەر پێویستی بە دۆکیۆمێنت کردنی ئەو تاوانانە کردەوە کە لە لایەن چەتەکانی تیرۆریستان و رژێمی دیکتاتۆرییەوە ئەنجامدراون بۆ ئاگادارکردنەوەی نەوەکان لە سروشتی ئەو تاوانانە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
لای خۆیەوە بۆمبەرگەر پابەندبوونی لیژنەکەی بۆ پشتیوانیکردنی عیراق لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێسەروشوێنەکان لە رێگەی پاڵپشتی تەکنیکی لە برەودان بە جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی دووپاتکردەوە و پەرۆشی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە گەڕان بەدوای چارەنووسی بێسەروشوێنەکان دووپات کردەوە


