د. لەتیف رەشید: قەیرانی ئاو لە عیراق پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت بەپێی ستراتیژی زانستی کاری بۆ بکەین
٢٤ی ئایاری ٢٠٢٥
محەمەد ئەمین فارس راوێژكاری سەرۆكایەتی كۆمار لە پێنجەمین كۆنگرەی نێودەوڵەتی بەغداد بۆ ئاو وتاری د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراقی خوێندەوە و رایگەیاند، بەهۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا و كەمئاوی، كاریگەرییە خراپە مرۆیی و ژینگەییەكان زیاتربوون.
محەمەد ئەمین لە وتاری سەرۆک کۆماردا سڵاوی جەنابیان بۆ ئامادەبووان و بایەخدانی زۆری خۆی بەم کۆنفرانسە گەیاند، کە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە تەحەداکانی پەیوەست بە ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە ئابووری و مرۆیی و ژینگەییەکانیان لە زیادبووندایە.
راوێژکاری سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، قەیرانی ئاو لە عیراق چیتر تەنیا دۆسیەیەکی تاکڕەهەند نییە، بەڵکو مەسەلەیەکی نیشتمانی گشتگیرە کە پێویستی بە یەکخستنی دیدگاکان و هەماهەنگی هەوڵەکانی نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و کارکردن بەپێی ستراتیجی زانستی کە پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانمان بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات، روونیشیکردەوە کە پێگەی عیراق وەک وڵاتێکی خوارووی ئاو لە حەوزی دیجلە و فورات تەحەدایەکی گەورە دروست دەکات بەهۆی پشتبەستنی بە ئاوی دەرەوەی سنوورەکانی، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێرانەوە و تەئکیدیشی لەسەر پێویستی گەیشتن بە رێککەوتنی پتەو و دادپەروەرانە بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا لەسەر پشکی ئاوی عیراق. بەشێوەیەک کە مافە مێژووییەکانی بۆ ئەم سەرچاوە گرنگانە مسۆگەر بکات.
محەمەد ئەمین فارس لە کۆتایی وتاری سەرۆک کۆمار رایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە بە شارەزایان و پسپۆڕان و بەرپرسەکانیەوە خاڵی دەستپێکێک بۆ دیالۆگی زانستی و بەرهەمە پراکتیکی کە یارمەتیدەرە لە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی روون بۆ ئاسایشی ئاوی بەردەوام.
ئەمەی خوارەوە دەقی ووتارەکەیە :
به ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیران
خاوەن پایەکان
خوشک و برایان
سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوداتان لەسەربێت
خۆشحاڵم کە سوپاسگوزاری قووڵی خۆم دەرببڕم بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسە گرنگە، کە لە کاتێکی هەستیاری وەهادا دەبەسترێ تەحەداکانی پەیوەست بە ئاوو گۆڕانی کەش و هەوا لە زیادبووندان و کاریگەرییە ئابووری و مرۆیی و ژینگەییەکانیان دەرکەوتون .
شەرەفمەندم کە سڵاوی بەڕێز سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشیدتان پێ بگەیەنم و هیوای بەڕێزیان بۆ کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو و بەرهەمدار بە ئێوە بگەیەنم ، بەڕێزیان بەپەرۆش بوون بۆ بەشداری کردن لەم کۆڕبەندە گرنگە و بەشداری لە کارەکانیدا بەڵام بەڵێنەکانی پێشووی لە دانانی کات بۆ کاری تر ڕێگری لێکرد.
بەستنی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ تاوتوێکردنی بابەتێکی زۆر گرنگ بۆ وڵات کە ئەمەش پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەمووان هەیە بۆ تاوتوێکردنی ئەم دۆسیە گرنگە و هەنگاوی کرداری لەم بوارەدا بنرێت.
لای هەمووان ئاشکرایە کە دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا ئەمڕۆ قەیرانێکی جیهانییە کە ڕووبەڕووی هەموو وڵاتان و گەلان دەبێتەوە و لە عێراقدا ئەم کێشەیە گرنگییەکی گەورەی هەیە، چونکە یەکێکە لە دیارترین وڵاتان کە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتی قەیرانی ئاو کاریگەری هەیە کە بەدەست کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و زیادبوونی بەبیابان بوون و وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت.
ئەمەش پێویستی بە هاوکاری نزیک لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت و پسپۆڕ و ئەکادیمیستەکان هەیە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابان بوون و وشکەساڵی، لەڕێگەی ستراتیجی کاریگەر بۆ بڵاوکردنەوەی ڕووپۆش و دارستان کردن.
بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە قەیرانی ئاو لەعیراقدا چیتر تەنیا دۆسیەیەکی کەرتێک نییە بەڵکو مەسەلەیەکی نیشتمانی گشتگیرە و پێویستی بەیەکخستنی دیدگاکان و هەماهەنگی هەوڵەکانی نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و کارکردن بەپێی ستراتیجی زانستی هەیە کە پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانمان بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات.
عێراق ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورەتر دەبێتەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و دابەزینی داهاتی ئاو و زیادبونی بەبیابان بوون و وشکەساڵی، کە پێویستی بە هەنگاوی خێرا هەیە لەسەر چەند ڕێبازێک کە لە بەهێزکردنی هاوکاری ناوچەیی لە دۆسیەی ئاو دەستپێدەکات، تا چالاککردنی دیپلۆماسی ئاو بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی عێراق و چاکسازی لە سیاسەتی ناوخۆیی بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی ژیرانەی سەرچاوەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، پێگەی عێراق وەک وڵاتێکی خوارەوە لە حەوزی دیجلە و فورات تەحەدایەکی گەورە دروست دەکات، چونکە پشت بە ئاو دەبەستێت کە لە دەرەوەی سنوورەکانی، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت.
لێرەدا بە ڕوونی جەخت لەسەر پێویستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ناچاری و دادپەروەرانە دەکەینەوە، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا، لەسەر دابەشکردنی ئاوی عێراق لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، بۆ ئەوەی مافە مێژووییەکانی ئەو وڵاتە لەسەر ئەم سەرچاوە گرنگانە مسۆگەر بکرێت.
پێویستە لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی تورکی لەئەولەویاتی سەرەکی ئەجێندای سیاسەتی ئاوی عێراقدا بێت و کاری جددی لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و یاساییەکانەوە بکرێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە پشکی پێویست بۆ عێراق مسۆگەر بکات و بەوەش یارمەتیدەر بێت لەدابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوان و پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و گەشەپێدان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمی ئاو کە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە کەلتووری عەقڵانی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتە جیاوازەکاندا دابمەزرێنرێت، هەروەها خێراترکردنی مۆدێرنکردنی سیستەمی ئاودێری و کشتوکاڵی، هاوتەریب لەگەڵ ئاستەنگە نوێیەکان و کەمکردنەوەی پاشەڕۆ و زیادکردنی کارایی.
لەم چوارچێوەیەدا، داوا لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و دەزگاکانی پاڵپشتی دەکەم کە کارەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ نەهێشتنی زیادەڕەوی بۆ سەر ڕووبارەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو.
خوشک و برایانی بەڕێز ...
ئێمە زۆر پشت بەم کۆنفرانسە دەبەستین، لەگەڵ شارەزایان، پسپۆڕان و بەرپرسەکانی، بۆ ئەوەی ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ دیالۆگی زانستی و بەرهەمی پراکتیکی کە یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ ئاسایشی بەردەوامی ئاو.
لە کۆتاییدا بەناوی بەڕێز سەرۆک کۆمارەوە سڵاو و پێزانینی خۆم بۆ هەموو ئەوانە دووپات دەکەمەوە کە بەشدارییان لە ئامادەکردن و ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسەدا کردووە و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت


