سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی هاوپەیمانی عومقی وەتەنی کرد
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە سەرۆکی هاوپەیمانی عومقی وەتەنی خالید ئەسەدی و وەفدی هاوڕێی .
لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار ستایشی سەرکەوتنی لووتکەی عەرەبی لەبەغدا کرد و بڕیار و راسپاردە گرنگەکانی بەتایبەتی پەیوەست بەمەسەلەی فەلەستین کە رەنگدانەوەی پێگەی عیراقی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە و رۆڵی گرنگ و بنیاتنەرانەی لەبەرەوپێشبردنی ئاشتی لەناوچەکەدا ئاماژە پێکرد و گرنگی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری کە خاڵی دەستپێکی سەرەکییە بۆ چەندین پرۆگرامی گەشەپێدان و وەبەرهێنان و بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە ڕۆڵی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەبێت لەچارەسەرکردنی کێشەکان و کۆکردنەوەی بیروبۆچوونی وڵاتان.
سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر گرنگی کاری هاوبەش و هاریکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە لەپێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان لەڕێگەی بەدیهێنانی گەشەپێدانێکی گشتگیر.
جەنابیان باسی لەو هەوڵانە کرد کە خراوەتە گەڕ بۆ ئامادەکردنی سەرجەم مەرجەکانی سەرکەوتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان و رەنگدانەوەی خواستەکانی عیراقییەکان لە هەموو پێکهاتەکان و هەڵبژاردنەکان لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بە ئازادی و شەفافییەت.
لای خۆیەوە ئەسەدی پشتیوانی هاوپەیمانێتی بۆ یەکڕیزی و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و باشترکردنی بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان دووپاتکردەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی جەنابی سەرۆک کۆمار دەربڕی لەبرەودان بە یەکڕیزی نیشتمانی و کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان.





