كێشەی دۆسیەی دادوەری لە نێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە
یەحیا
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٦
كێشەی دۆسیەی دادوەری لە نێوان دیمەشق و بەڕێوەبەریی خۆسەر بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و بووەتە هۆی پەككەوتنی مامەڵە یاسایی و كارگێڕییەكانی دانیشتووانی حەسەكە.
بەپێی زانیارییەكانی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، بڕیار بوو 99 دادوەری ئیدارەی خۆسەر سەردانی دیمەشق بكەن بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ وەزیری داد، بە مەبەستی دامەزراندنی 40 دادوەریان لە سیستمی دادوەریی وڵاتەكە، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ چەندین جار دواخراوە.
روانگەی سوری دەشڵێت، حكومەتی سووریا بەنیازی راسپاردنی 20 دادوەری خاوەن ئەزموونی دە ساڵەیە بۆ كاركردنی راستەوخۆ لە دادگاكانی حەسەكە، لەگەڵ ناردنی 20 دادوەری دیكە بۆ خولی راهێنان لە پەیمانگای باڵای دادوەری.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاندووە، بەردەوامیی پەككەوتنی وەزارەتی داد، كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر دۆسیەكانی هەڵبژاردن، پاسپۆرت و تۆماری خانوبەرە و چارەسەركردنی ئەم كێشەیەش كلیلە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی دیكە.



