سەرچاوەیەكی ئێرانی خاڵە ناكۆكەكانی نێوان تاران و واشنتۆن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن ئاشكرا دەكات، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش دەڵێت، هەندێك ئاماژەی باش سەبارەت بە گفتوگۆكان لەئارادان.

سەرچاوەیەكی باڵای ئێرانی، بە ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، هێشتا ڕێككەوتن نەكراوە، بەڵام جیاوازییەكانی نێوان هەردوولا كەمكراونەتەوە. 

ئەوەشی زیادكردووە، دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و رادەستكردنی بە ئەمریكا و كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە، هێشتا لەنێوان خاڵە هەڵپەسێردراوەكاندا ماونەتەوە.

هاوكات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، واشنتۆن لە كۆتاییدا دەست بەسەر یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێراندا دەگرێت، هەرچەندە تاران رەتیدەكاتەوە ڕادەستی بكات. 
لای خۆیەوە، ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی كردەوە كە سەپاندنی هەر جۆرە باجێك لە گەرووی هورمزدا نایاساییە و ڕێگر دەبێت لە هەر ڕێككەوتنێكی دیپلۆماسی. 
ڕوبیۆ ئاماژەی بە پێشكەوتنی هەندێك لایەنی گفتوگۆكان كرد بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵام هۆشداری دا لەوەی كە هێشتا ناتوانرێت زۆر گەشبین بن.

لە لایەكی دیكەوە، سەرچاوە ئێرانییەكان ڕایانگەیاندووە كە ڕێبەری وڵاتەكەیان فەرمانی داوە بە هێشتنەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەكە لە ناوخۆی ئێراندا.